٢٠\١\٢٠٢٠
چیڕۆكی دەرماڵەی
پەرلەمانتاران و سوتاندنی بێوەژنە ژنە هندییەكان.

عەلی مەحمود محەمەد
تا ساڵی ١٨٢٨ لە وڵاتی ھیندستان ئەگەر پیاو بمردبایا ئەوە ژنەکەشیان بە
زیندویی بە زۆر بە دەم شیوەن و گریانەوە لە گەڵ پیاوەکەدا دەسوتاند، لە
میسری کۆنیشدا ئەگەر فیرعەون کە پۆستی سەرۆک بوو نەک ناوی کەس بمردبایا
ئەوا لەگەڵ خۆیدا زێڕ و زیو و شتە بە نرخەکانیان لە گۆڕەکەی دادەن، تا
لە جیھانی داھاتوودا بەکاریان بھێنێت، ئەم جۆرە نەرێتانە باو بوونە تا
ماوەیەکی زۆر، ئێستا پەرلەمان و وەزیرەکانی ئێمەش ھەروا دەکەن، لە گەڵ
خۆیاندا نەسریەکان و حیمایەکانیشیان کە کور و زاوا و خەزور و برا و
برازای خۆیانن لە گوڵ خۆیاندا دوای خانەنشینیەکەیان دەیبەن، من باسی
سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان ناکەم ئەوانە ماڵی
قارونیان ھەیەو منەتیان بەو موچە و نەسریە و شتانە نییە.
لە ھەموو دنیا بەم وڵاتەشەوە دادپەروەری و ئەزموون وایە خانەنشین لەسەر
بنچینەی موچەی بنەڕەتی خۆی خانەنشین دەبێت، کە ئەوەی ھەیە لە کوردستان
زیاترە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆکەکانی جیھان، ھەرچی دەرماڵەی
میوان و لیژنەو ھاتوچۆیە " سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری ٤،٥
ملیۆن دینارە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری ٤ ملیۆن
دینارە، سکرتێری پەرلەمان ٣،٣٥٠ ملیۆن دینارە، دەرماڵەی میوانداری پەر\لەمانتاران
یەک ١،٥ ملیۆن دینارە، دەرماڵەی ھاتووچۆیان ١ ملیۆن دینارە، دەرماڵەی
لیژنە ٥٠٠ھەزار دینارە" ، ئەم دەرماڵانە پەیوەندیان بە کاتی
کارکردنیانەوە ھەیە لەو شوێنە، کە کار نەما ئەو نەسریەو مەترسی و
موخەسەساتانە پێویستە ببڕدرێت، لەبەر ئەوەی لەبەرامبەر کارەکە بۆیان
دابینکراوە، بەڵام بۆ پەرلەمانتارو وەزیر و ئەنجومەنی دادوەری لە
کوردستان دوای خانەنشینین بۆنیان بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت ،
میوانانەو لیژنانەو ھاتوچۆیانەی خۆیان ھەر وەردەگرن، ھەقی وایە بۆ
ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستانن لەوێش سۆسیال وەردەگرن، خارجیانەشیان
بدەنێ بۆ ئەوەی ھاوکێشەکە تەواو بێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئەم بەڕێزانەی پەرلەمان خۆیان لە باسکردنی لادەدەن
موچە زەبلاحەکانی ئێستایانە، کە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆکەکانی
جیھان زیاترە نەک ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتانە، ئامادەم بە فاکت
بیسەلمێنم، پێویستە ئەو موچەیەش بکەوێتە چوارچێوەی چاکسازییەوەو
کەمبکرێتەوە بۆ نیوە ، ئەگەر موچە بەرزەکان لە شوێن خۆیان بمێنن کەواتە
ھیچمان نەکردووە، چونکە جیاوازی بەرزترین و کەمترین لە شوێن خۆیان ماون،
با ھەر قەد ببڕین، گرنگ پۆپەی سەرەوەو رەگی خوارەوەیە، دوریان لە یەکتر
کەمبکرێتەوە، کە قیاسی نا دادپەروەرریەکەیە، گرنگ کەمکردنەوەی جیاوازی
زۆرترین و کەمترینە، ناوەند قورسایی لەسەر بودجەو نەھێشتنی دیاردەیەکی
شاز ھەیە، وەلێ بۆ عەدالەت گرنگترین شت کەمکردنەوەی جیاوازی کەمترین و
زۆرترینە کە موچەی سەرۆکایەتی و پلە باڵاکانە لە گەڵ کەمترین موچە لە
ھەرێمی کوردستان کە چاودێری خێزانییە، دەبێت ئەو جیاوازییە
کەمبکررێتەوە ، بۆ ئەوەی نەڵێن لە کوردستان جیاوازی موچەی
پەرلەمانتارێک و کەم ئەندامێک ١١٦ جارە.
لە کۆتادا دەڵێم لە دوای سوێندی ١٢ پەرلەمانتارەکەی خولی پێشوەوە کە
سیانیان ئێستا سەرۆکی لیستن، باوەڕم بە ھیچ کەس نەماوە، بۆیە بۆ ھیچ
لێدوان و گفتێک ناکەومە سەما.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|