په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١٠

چیڕۆکى ئەو قوتابییه‌ى بڕیاریداربوو قوتابخانە بەجێبهێڵت!!

هێمن عومەر*   


(ێ.ح) رۆژانە بەبەردەوام دەهاتە ئیدارى قوتابخانەو داواى مۆڵەتى دەکرد هەر رۆژەو بەبیانویەک رۆژێکیان دایکى نەخۆشەو رۆژێک سەرى دەهێشێت و رۆژێک دەڕۆنە فڵان شوێن....ئەگەر سەیرى سیماو روخسارت بکردبوایە تەواو لەوە دەگەیشتى ئەو کوڕە کێشەیەکى هەیە بەڵام نایدرکێنێت تاوەکو رۆژێک دڵتەنگیەکەى گەیشتە ترۆپک و بە گریانەوە خۆى بە ئیدارەى قوتابخانەدا کرد داواى کرد مۆڵەتى بدەینێ سەرەتا بە تەواوى لە فرمێسکەکانى دڵنیانەبووین چونکە زۆر جارى دیکە بۆ مۆڵەت هاتبوو بەڵام ئیدارەى قوتابخانە داواى بەرپرسى لێدەکرد تاوەکو مۆڵەتى پێبدات ئەو فرمێسکانەشى گومانى ئەوەى لێدەکرا بۆ وەرگرتنى مۆڵەت بێت بەڵام دواى ئەوەى بردرایە ژوورێکى تەنهاو لەگەڵیدا دەستمان بە گفتووگۆکرد تەواو لەوە تێگەیشتین کە ئەو کوڕە بەهۆى گرفتى خێزانى زۆر لەماڵەوە دووچارى گرفتى دڵتەنگى هاتووە بەردەوامیش لەبەر نەبوونى و هەژارى خۆى بە قوتابیانى هاوپۆلى بەراورد کردووە تاوەکو دەرئەنجام قوتابخانە بۆ ئەو نەبووەتە شوێنێک تاوەکو لێوەى ئاراستەى ژیانى بگۆڕێت بەڵکو بووەتە شوێنێک بۆ زیندانکردنى دڵ و دەروونى ئەو، ئەو رۆژە لەگەڵیدا کەوتینە گفتوو گۆ !!!


توێژەرى کۆمەڵایەتى : (ێ) بۆ دەگرى ؟


(ێ): مامۆستا بێزارم زۆر بێزارم!!


توێژەرى کۆمەڵایەتى : لە چى بێزارى ؟


(ێ): لە هەموو شتێک!!


توێژەرى کۆمەڵایەتى : چۆن مرۆڤ لە هەموو شتێک بێزار دەبێت لە کاتێکدا چارەسەر بۆ زۆرێک لە شتەکان مرۆڤەکە خودى خۆیەتى نەک شتەکان.


(ێ) لە گەڵ ئەو قسەیەدا کەمێک هاتەوە سەرخۆى و فرمێسکەکانى سڕى.


توێژەرى کۆمەڵایەتى "(ێ) گیان ژیان ئەوە نییە هەموو شتێک بە دڵى ئێمە بێت، بەڵام دەکرێت خۆمان لەگەڵیدا بگونجێنین و تام لە شتەکان بکەین، هیچ مرۆڤێک نییە لەسەر ئەو گۆى زەوییە هەموو ژیانى بە خۆشى بردبێتە سەر ئەگەر خۆشى هەبێت ناخۆشیش هەیە، خۆ ناکرێت هەموو رۆژێک شایی و پێکەنین بێت، مرۆڤى گەورە ئەوکاتە دەردەکەوێت کاتێک دەکەوێتە تەنگژەوەو خۆڕاگرانە بڕیار دەدات بەرگەى بگرێت خۆ ئەگەر مرۆڤ لەگەڵ کێشەکاندا چۆک دابدات ئەوە ئەوان رەحمیان نییە و بە ویستى خۆیان مرۆڤى بێئیرادە داگیر دەکەن.


(ێ) : راستە مامۆستا بەڵام من زۆر بێزارم نازانم چى بکەم، کێشەى من باوکمە باوکم .


توێژەرى کۆمەڵایەتى : کێشەى تۆ باوکتە و کێشەى ئێمەش دایکمە .


(ێ) : مامۆستا دایک چییە، بۆ کێشەت هەیە لە گەڵى ؟


توێژەرى کۆمەڵایەتى : دایکم نەخۆشە و ماوەى دوو ساڵە جەڵتە لێیداوە خۆزگە یەک جارى تر (ێ) گیان دەمبینیەوە وەکو جاران بەڵام بە داخەوە پزیشکەکان دەڵێن باشتر دەبێت بەڵام هەرگیز چاکنابێتەوە.


توێژەرى کۆمەڵایەتى : باوکى تۆش نەخۆشە .


(ێ) نا مامۆستا باوکم نەخۆش نییە باوکم بووەتە بەڵا بۆ ماڵەوە بەردەوام شەڕمان پێدەفرۆشێک کێشەمان بۆ دروستدەکات لەگەڵ ئەوەش کارەکەى دەیکات خزمەتگوزارى بەردەرگاى ماڵانەو قوتابیەکان زۆرجار وا هەست دەکەم بە ئیهمالییەوە قسەم لەگەڵ دەکەن، جگە لەوەش جگەرە زۆر دەخوات و بۆنى ژوورەوە زۆر ناخۆش دەکات.


توێژەرى کۆمەڵایەتى : (ێ) گیان ئەوانەى باستکردن هیچیان گرفت نین خۆت بۆ خۆت گەورەت کردوون، ئەگەر نا کەسایەتى زۆر گەورە هەیە پێشووتر باوکى کەمئەقڵ و کارى زۆر خراپترى کردووە تەنانەت سواڵیشى کردووە بەڵام ئێستا ئەو زۆر کەسێکى گەورەیە .


بەهەر حاڵ ئەوە گفتووگۆیانە بەردەوام بوون ئەو رۆژە (ێ) بڕیاریدا بەسەر خۆیدا بچێتەوە و بەردەوام بێت لە خوێندن.


بەیانى ئەورۆژە ناوى (ێ) بە نەهاتوو لەلایەن مامۆستاکانەوە بۆ ئیدارەى قوتابخانە هێنرا، دەرکەوت (ێ) بڕیاریداوە خوێندن بەجێ بهێڵێت، ئەوەى گرفتى گەورەى بەجێهێشتنەکەشى بوو (ێ) لە کۆتاییەکانى ساڵى خوێندنى (2008_2009) دا بوو، هەر ئەو رۆژە سەردانى ماڵى (ێ) مان کرد دایکى بە دڵێکى پڕو چاوى پڕفرمێسکەوە وتى "لە ماڵەوەیە بەڵام زۆر دڵى تەنگە و دەڵێت چیتر ناڕۆمەوە خوێندن، رێگەمان لە دایکى وەرگت تاوەکو بڕۆینە ژوورەوە بینیمان (ێ) خۆى لە ژێر جێگایەک ناوە، راستیەکەى خەوى لێنەکەوتبوو، بەڵام نەمانویست زیاتر لەوە سەربخەینە سەرى لە ژوورەکەدا بە دایکمان وت "مادام خەوتووە کاتێکێکى تر دێینەوە ".


سبەینێى ئەو رۆژە پەیوەندیمان بە پۆلەکەى (ێ) کرد بەڵام دووبارە نەهاتبوو، ئێوارەى هەمان رۆژ سەردانى ماڵیانمان کرد، دواى سڵاوو چوونە ژوورەوە (ێ) لە ژوورەوە بە دڵێکى تەنگەوە دانیشتبوو چوینە ژوورەوە و لەگەڵیدا کەتینە گفتووگۆ باسى ئەوەمان نەکرد کە بۆ نە هاتووە پرسیارى چەند شتێکمان لێکرد کە پەیوەندى بەخوێندنەوە نەبوو بەڵام (ێ) خۆى دواى ئەوە وتى "مامۆستا تاقەتى خوێندنم نیە زۆر بێزارم، نازانم بە مەکتەب زۆر دڵ تەنگ دەبم لە ماڵەوەش هەر دڵم تەنگە ".


توێژەرەرى کۆمەڵایەتى : دەکرێت (ێ) گیان بە بێ پێچ و پەنا پێمان بڵێت گرفتت چییە؟


(ێ) : راستیەکەى مامۆستا باوکم زۆر سەردەخاتە سەرم جگە لەوەش هیچ شوێنێک نییە دەرسى لێبخوێنم ماڵەوەمان بچوکە خۆت دەبینى دوو ژوورى بچوکە ئێمەش زۆرین، ئەو شەوانەى ئیمتحانم هەبێت ئەگەر سەرماش بێت لەبەر دەنگە دەنگى ماڵەوە دەرۆیشتمە سەربان دەمخوێند،...زۆر شتى تریشى باسکرد.


ئەو رۆژە گفتووگۆکانمان لەگەڵ (ێ) بەردەوام بوو بەڵام بەڵێنى ئەوەى پێنەداین بگەڕێتەوە قوتابخانە .


لەرێگەى قوتابیەکى نزیکى (ێ) کە ناوى (ز) بوو ئامۆزاى بوو داوامان لە باوکى (ز) کرد پەیوەندى بە باوکى (ێ) بکات و لەو گرفتانەى کوڕەکەى ئاگاداربکاتەوە بۆ ئەوەى تێبگات کوڕەکەى بۆ وازى لە خوێندن هێناوە، چونکە بۆ (ێ) سەخت بوو ئەو شتانە بە باوکى بڵێت بۆ ئێمەش خۆش نەبوو لەبارەى شەڕوئاژاوەکانى لە ماڵەوە قسەبکەین یان لەبارەى زۆرى جگەرە خواردن و سەرنانەسەر کوڕەکەى، ئەوەبوو باوکى (ز) ئەو ئەرکەى پێى سپێردرابوو بە باشى جێبەجێى کرد تەنانەت بەڵێنى لە باوکى (ێ) وەرگرت کە زەویەکیان هەیە بیفرۆشێت و خانوویەکى رێک لەشوێنى ئەو خانووە دووژووریە بچوکە دروستبکات بە مەرجێک (ێ) بخوێنێ .


دواى ئەو بەڵینە پەیوەندیمان بە (ێ) کرد گفتووگۆکان دەستیان پێکردەوە ئەو رۆژە کە ئەو بەڵێنانەمان بە (ێ) دا کە باوکى بە براکەى خۆیدابوو (ێ) شێوەو روخسارى گۆڕاو بەدڵێکى خۆشەوە بەڵێنى پێداین بگەڕێتەوە خوێندن، بەڵێنى ئەوەشى دا تەحەمولى ئەو ژیانەى بکات و بەهەر شێوەیەک بێت ئەمساڵى خوێندن بەرێبکات.


(ێ) ئەوساڵى خوێندنى بە پلەیەکى کەم بەرێکرد بۆ ساڵى دواتر هاتەوە قوتابخانە خۆى سەردانى کردین و لەگەڵیدا کەوتینە قسە پرسیارمان لێکرد چۆنیت و باوکت چۆنە ؟ وەڵامەکانى بۆمان خۆشبوو وتى زۆر باشم و باوکم وەعدەکانى جێبەجێکردووە وتى "وا خەریکە خانوەکەمان تەواو دەبێت و ژوورێکیان بۆ خۆمان دادەنێم، ئێستا زۆر باشم".


ئێستا (ێ) پۆلى پێنجەمى ئامادەییە و لە قوتابیە باشەکانى قوتابخانەکەمانە.


بەهیواى سەرکەوتن بۆ هەموو قوتابیەک.

___________________________________
* هێمن عومەر: توێژەرى کۆمەڵایەتى لە ئامادەیی ئەحمەدى خانى.
 

 

hemin@rwber.net