٢٣\٩\٢٠١٥
چیڕۆکی
تانيا.*
لیدۆف |

وەرگێڕانی:
جەلال دەباغ |
چیڕۆکێکی راستيی تۆمارکراوە، لە نووسينی
نووسەری سۆڤێتی ليدۆڤ. لە٩/٦/١٩٧٠دا ئەم چیڕۆکە، کە لە
سەرەتای ئەو
ساڵەدا کردبوومە کوردی، لە چاپخانەی راپەڕين بە تيراژی ١٠٠٠
دانە چاپکراو بڵاوکرايەوە.
نمونەی گيانبەختکاريی کيژێکی دڵسۆزو تێکۆشەربوو بەناوی زۆيا
کۆسمۆديميانسکايا (تانيا)، لە خەباتی سەختدا دژی فاشيزمی هێتلەری، کە
لەناوبردنی لەسەرگەلانی شۆرەوی و دنيا نرخێکی زۆر گرانکەوت.
ئەم چیڕۆکە، کاتی خۆی، لەلايەن خوێنەرانی کوردەوە پێشوازييەکی گەرمی
لێکراو، لەوساڵەو لەساڵانی دواييدا بە دەيان و
سەدان کچ ناوی (تانيا) يان لێنرا، وەک نيشانەی پێزانينی ئەو
قوربانيە گرانبەهايەی ئەم کيژە.
دوای تێپەڕبوونی ٤٣ ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم چیڕۆکەدا بە زمانی
شيرينی کوردی، وا بۆ جاری دووەم، چاپ و بڵاوی دەکەينەوە، بەو
هيوايەی لای خوێنەرانی ئێستای کوردستان پەسندبێ.
جەلال دەباغ
٥\٤\٢٠١٣

پەيکەری پاڵەوانی يەکێتيی
سۆڤيەت
زۆيا کۆسمۆديميانسکايا
سەرۆکايەتی بەرزی شۆرای یەکێتی سۆڤيەت
فەرمانی دا ناونيشانی "قارەمانی يەکێتيي سۆڤيەت" بدرێ بەم هاوڕێيانەی
خوارەوە:
- گۆريانيێڤ م.ا
- کۆسمۆديميانسکايا زۆيا
- کۆزين ی.ن
کە ئەمانە لە پاشەوەی دوژمنانی داگيرکاری ئەڵمانی لە شەڕی پێشمەرگەييدا
ئەوپەڕی ئازاييان پيشان داوە.
ناونيشانی" قارەمانی يەکێتی سۆڤيەت و مەداليای لێنين و ئەستێڕەی
ئاڵتونی" دەدرێ بەم هاوڕێيانەی خوارەوە بەرانبەر بە ئازايی و
قارەمانيان لە خەباتی پێشمەرگەکاندا، لە پاشەوەی دوژمنانی داگيرکار:
- گۆريانۆڤ ميخائيل ئەلکسيڤيچ
- کۆسمۆديميانسکايا زۆيا ئەناتۆلييڤنا
- کۆزين ئيليا نيکۆڵاێڤيچ
مۆسکۆ- کرملين١٦/ شوباتی/ ١٩٤٢
سەرۆکی ديوانی سەرۆکايەتی شۆرای
بەرزی يەکێتيی سۆڤيەت:
م. کالينين
سکرتێری ديوانی سەرۆکايەتی
ا. گۆرلين
لە سەرەتای کانونی يەکەمی ١٩٤١دا ئەڵمانەکان کچێکی نەناسراوی
پێشمەرگەيان لە گوندی "پێتریشێڤا" لە نزيک شاری "ڤێريا" لە سێدارە دا.
ئەو کاتە کەس نەيزانی ئەم کچە کێيەو لە کوێوە هاتووە، چونکە باسی
ناونيشان و بەسەرهاتی خۆی نەکرد. کەمێک پێش قەوماوەکە پێشمەرگەيەکی
ڤێريا لە بێشەڵانەکەدا تووشی هات و هەردوکيان لە ژێرزەمينە نهێنيەکەدا
پێکەوە خۆيان گەرم کردبۆوەو لەکاتی گفتوگۆدا پێیگوتبو ناوی تانيايە. جا
هەرچەندە لەوەوپاش کەسێک لە پێشمەرگەکان تووشی نەهاتبوون، بەڵام هەموو
دەيانزانی لە نزيک ئەوانەوە کيژێکی پێشمەرگەی قارەمان هەيە بە ناوی
تانيا، وەک ئەوان خەبات دەکات. بۆ خۆپاراستن خۆی ناونابوو "تانيا"و تا
پاش مردنی و سەندنەوەی گوندی"پێتریشێڤا" لە ئەڵمانەکان لەلايەن سوپای
سوورەوە، ناوەڕاستيەکەی نەزانرا.
ئەم کيژە قوتابی پۆلی دەيەمبوو لە قوتابخانەی ژمارە "٢٠١" لە گەڕەکی
ئۆکتۆبەر لە شاری مۆسکۆ، ناوەڕاستيەکەی "زۆيا کۆسمۆديميانسکايا" بوو.
کە باوکی کۆچی دوايی کرد تەمەنی ١٨ ساڵان بوو، لەگەڵ شورای برايدا لە
باوەشی" تيمۆفيێڤنا"ی دايکيدا پەروەردەبوو.
لە خانوی ژمارە"٧"دا، لە نزيک باخی"تيمرێزێڤا" دەژيان. وەک دۆستەکانی
باسيان دەکرد کيژێکی باڵابەرزی شۆخ و شەنگی ناوقەد باریک و ناوشان پاني
قژبڕدراوبوو. لە دوو چاوە رەشەکانيدا ئازايی و چالاکی پرشنگی دەداو
زۆريش شەرمنبوو، بە جۆرێک زۆرجار رووی گەنمڕەنگی لە شەرماندا
سووردەبۆوە، هەردوو کوڵمی دەبوونە گوڵی ئاڵ.
جارێک نەبووە ئەگەر نيازی کردنی ئيشێکی بووبێت، لێی لادابێت، بەڵکو
هەردەم بە گەرمی و پڕئارەزوو هەموو ئيش و کارێکی بەجێدەگەياند.
کاتێک لە قوتابخانە هەڵيانبژارد کە ببێتە رێکخەری دەستەيەکی لاوانی
کۆمونيست بڕياری دا ئافرەتان فێربکات و کۆمەڵێکی هەڵبژاردو زۆر بە باشی
هەوڵی فێرکردنيانی دەدا. زۆر بە پەرۆشەوە دەستيانکرد بە ئيشکردن، بەڵام
هێندەی پێنەچوو هەندێکيان پشتساردبوون و کەمتەرخەم، چونکە پێويستبوو
دوای دەرسەکانيان بڕۆن بۆ ماڵی ئەو ئافرەتانەی فێردەبوون و، زۆر لە ماڵ
دووربکەونەوەو ئەمەش کاتێکی زۆری دەويست، بەڵام زۆيا سووربوو لەسەر
بەجێگەياندنی فەرمانەکەی. جارەهایجار بيری هاوڕێکانی دەخستەوە کە
پێويستە لەسەر فێرکردن بەردەوامبن و زۆرجاريش سەرزەنشتی تەمەڵەکانی
دەکرد. هەرگيز لەوە نەدەگەيشت کە چۆن مرۆڤ دەتوانێ لە نێوەی رێگادا
بووەستێت، ياخود لە قسەو ئەرک وفەرمانی خۆی لابدات.
لە هەموو شتێکدا رێبازی بەمجۆرەبوو، لە فێربوونی دەرسەکانيشيدا
هەروابوو، زۆر بە پەرۆش و ئارەزوو کتێبی دەخوێندەوەو هەردەم خەريکی
فێربوونی دەرسی وێژەبوو، هەموو بيرێکی جوانی بوێژانی لە دەفتەرەکەی
خۆیدا دەنووسيەوە. زانستەکانی ماتماتيک و بەتايبەتی جەبری بە گران
دەهاتە پێشچاو! لەبەر ئەوە زۆرجار خۆی ماندودەکرد بۆ
فێربووبی"موعادەلەکانی جەبر"و بە ئارام و بێکۆڵدان لەسە فێربوونیان
درێژەی دەدا. زۆر حەزی لە وێژەو مێژوی رووسبوو، لەناو دەفتەرەکەيدا
چەندان پەڕەی لە چیڕۆکی" شەڕو ئاشتی" ی تۆلستۆی نووسيبوو. لە
نووسينەکانی قوتابخانەيدا بيروڕای ئيليا مۆرمتس و کۆتۆزۆف دەکەوتنە
بەرچاو.
ئەوەی لە هەموو شتێک زۆرتر بيروهۆشی داگيرکردبوو قارەمانيی رابوردووی
نيشتيمانە مەزنەکەمان و هێزو بەرزی و پاکیی مرۆڤايەتی و گيانی بڵندی
دانراوەکانی پوشکين و تۆلستۆی و بيڵێنسکی وترژنێڤ و گێرتسن و نيکراسێف
و هەروەها ژيانی پڕ لە قوربانی و لێقەومانی چێڕنيشێڤسکی بوو.
ئەمەش هەندێکە لە نووسراوەکانی ناو دەفتەرەکەی:
*دەبێ هەموو شتێکی مرۆڤ جوانبێ: روخسارو قەدو باڵاوبيرو گيانی. (چێخەڤ)
* کە شيوعی بیت دەبێ ئازابيت و بيربکەيتەوەو بتەوێت و هانبدەيت. (ماياکۆفسکی)
* بمرەو ماچێک مەدە بێ خۆشەويستی. (چێرنيشێفسکی)
* ئاخ، خۆزگە قەڵغانێک و خودەێکم دەستدەکەوت، ئەوکاتە پارێزگاریی
نيشتيمانم دەکرد... وا دوژمن لەپێش لەشکرەکەمان هەڵدێ..ئای چەند خۆشە
سەرباز ئازابێت!. (هيۆتی)
لەو بيروباوەڕانەوە کە لە دەفتەرەکەيدا نووسرابوون بۆمان دەردەکەوێت
چەند رق و کينەی لە درۆو، ترس و، خراپەکاری بووە. هەميشە هەوڵی دەدا کە
لە ژياندا دوو پێوانەی نەبێت: يەکێکيان بۆ "خەياڵ" و ئەويتر بۆ "راستی".
گەورەترين بەختياريەک کە بە هيوای بوو ئەوەبوو بچێتە ريزی ئەو
تێکۆشەرانەی لە پێناوی گەلەکەياندا خەبات دەکەن و، کە خزمەتی گەل و
بەرژەوەندە پيرۆزەکانی بکات و هەوڵی بەرزێتی بدات.
لە حوزەيرانی ١٩٤١دا تاقيکردنەوەی قوتابخانەی کۆتايیهات. زۆيا پۆلی
نۆيەمی تەواوکردو چووە پۆلی دەيەم، پاش چەند رۆژێک شەڕ دەستی پێکرد.
ئەوا کاتی ئەوەيە هيواکەی بێنێتەدی و بەکردەوە بيرو باوەڕەکانی
پەيڕەوبکات. لەناو تيپەکەيدا کە تيپی لاوان بوو، وتاری داو گوێگرانی
هاندا بۆ قوربانيدان و کۆشش لە پێناوی نيشتيماندا. زۆيا رۆيشت بۆ
ئيشکردن لە دروستکردنی سپێرداو بەتەواوی چووە کۆڕی ئيشکردن بۆ
تەواوکردنی فەرمانەکەی، نەک وەکو ئافرەت، بەڵکو وەک پياوێکی بەکار ئيشی
دەکردو، زۆرجار داوا لە لاوان دەکرا کە بە وێنەی ئەوبن.
دوژمن زۆر بە توندی هێرشی دەهێناو زۆياش پەرۆشی ئەوەبوو بچێتە ناو ريزی
شەڕکەران و لە تيپی" تێکدەرانی خەتی پاشەوەی دوژمن" دا خۆی ناونووسکردو
وا ئێستا لەناو ژورێکی گەورەدايەو لەبەردەم سەرۆکی لەشکرەکەدا کە
سەرنجی درێژو وردی لە روخساری داو لێیپرسی:-
- ناترسيت؟
- نەخێر ناترسم..
- ناترسيت لەوەی لەناو بێشەڵاندابيت و شەو بە تەنيا؟
- ناترسم..
- - ئەی ئەگەر کەوتيتە بەردەستی دوژمن؟ ئەگەر تێکيان شکانديت و
ئازاريان دايت؟
- خۆڕادەگرم و کۆڵنادەم..
ئينجا لە لەشکرەکەدا وەرگيرا.. ئەوە قەڵغان و ئەوەش خودە، کە زۆيا لە
دەمێکەوە خەوی پێوەدەبينی..
لە رۆژی ١٧ی تشرينی دووەمدا زۆيا دواهەمين نامەی بۆ دايکی نارد:
"دايکی خۆشەويستم! ئێستا چۆنيت.. تەندروستيت چۆنە؟ ...ئايا باشيت؟
ئەگەر توانيت نامەم بۆ بنووسە ئەگەرچی دوو دێڕيش بێت، کاتی گەڕانەوەم
بە ميوانی دێم بۆ لات.."
کچی خۆت
زۆيا
بەڵام لە دەفتەرەکەيدا دێڕێکی لە هاملێت نووسيبوو: "ماڵئاوا، لە يادم
نەکەی.."
زۆيا بۆ رۆژی دوايی لەگەڵ دەستەيەک پێشمەرگەی لاودا لە هێڵی جەبهە
تێپەڕبوو بۆ ناوچەی دوژمن. ماوەی دوو هەفتە لەناو بێشەڵانەکاندا
مانەوەو بە شەو فەرمانيان هەڵدەسوڕاند، بەرۆژيش بە دانيشتنەوە لەسەر
بەفر پاڵيان دەدا بە قەدی دارەکانەوەو دەنووستن. بۆ خۆگەرمکردنەوە
ئاگريان دەکردەوە. تەنيا ئازوقەی پێنج رۆژيان لەگەڵ خۆيان بردبوو،
بەڵام بەسەر پانزە رۆژدا دابەشيانکرد. وا ئێستا دوا پارچەی نانەوشکەيان
پێماوە. هەندێکيان لەمجۆرە ژيانە زۆر ماندو وەڕسبوون، بەڵام زۆيا
نەماندوبووەو نەوەرس، لە کاتی گەڕانەوەدا زۆيا تەماشای کرد هیشتا
فەرمانەکەی تەواونەکردووەو ئەوەش کە کراوە زۆر کەمە، لەبەر ئەوە ويستی
بە تەنيا بمێنێتەوە تا بڕوات بۆ گوندی پێتريشێڤا کە ئەڵمانەکانی
تێدايەو لەوێ کاروباری وێرانی و تێکدان تەواوبکات. ئەوەی لەبەرچاوبوو
کە تووشی ئازارو مەترسی دێت و بيری دەکردەوە کە دوور نيە لەو رێگايەدا
بمرێت.
لە کاتی بەجێهێشتندا بە هاوڕێکانی گوت:- " لەوێ تا دە ئەڵمانی
لەناونەبەم نامرم..".
لەم کاتەدا مۆسکۆ لەبەردەم گەورەترين مەترسيدا بوو، دوژمن گەيشتبووە
سەر روباری مۆسکۆ. ڤۆڵگاو ياخرۆمای داگيرکردبوو. سوبۆخۆف-ی دابووە بەر
گولەتۆپ و پەيوەنديی گەياندبووە دەوروپشتی مۆسکۆو دەنگی تۆپەکان لەناو
مۆسکۆ دەبيستران.
گوندی پێتريشێڤا پڕبوو لە سەربازی ئەڵمانی:- تيپی سوارە لەوێ
نيشتەجێبوون و کەتيبەی ژمارە"٣٣٢" لە ليوای پيادەی فيرقەی ١٩٧ لەوێ
پشويان دەدا. هەر کوختەيەک نزيکەی "٢٠" سەربازی تێدابوو، جوتياران و
خەڵکی ئەو ناوەيان تاڵانکردبوو کە زۆريان هەڵهاتبوون و ئەوانەش کە
دەربازنەبوون فڕێدرابوونە سەر شەقامەکان. زۆيا بەرەو ئەم گوندە هەنگاوی
نا، يەکەم شەو توانی چەند کوختەيەک کە سەربازانی ئەڵمانی تێدابوون
وێران بکات، تەويلەيەکی وێرانکردن کە ١٧ ئەسپی تێدابوو.
يەکێک لە ديلەکان بەناوی کارل بيێرلين- نائب زابتی کەتيبەی(١٠) لە
ليوای (٣٣٢) لە ئيعترافەکانيدا گوتی:- " ئەمەلەجەبهەی رووسی رووی دا،
لە تشرينی دووەمی ١٩٤١دا کە بەفر کێڵگەو مێرگ و دەوەنەکانی داپۆشيبوو.
ئەو شەوە کەتيبەکەمان گەيشتە گوندی پێتريشێڤا بۆ حەسانەوە، لەبەرئەوە
زۆر دڵشادبووين، چوينە ناو کوختەيەک، تەماشامانکرد جێگەمان نابێتەوە،
شەو رووسەکانمان لێکردنەدەرێ. هێشتا چاومان نەچووبووە خەو کە گوێمان لە
ئينزاری پاسەوانەکان بوو. لە نزيک ئێمە چوار کوختە ئاگریان گرتبوو،
کوختەکەی ئێمە پڕبوو لە سەربازەکانی ئەڵمان کە لەو کوختانەوە
دەربازبوون.
شيوعيە لاوەکانی هاوڕێی زويا بێهوودە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەويان دەکرد.
دواجار بە مردوويان دانا. بەڵام لە راستيدا نەمردبوو، بەڵکو پاش
ئينزاری پاسەوانەکان لەناو بێشەڵانەکاندا خۆی حەشاردابوو، نەگەڕابۆوە
ماڵەوە چونکە وايدانابوو کە فەرمانی خۆی تەواونەکردووە، نازانين زۆيا
ئەم دووشەوو دوورۆژەی لەکوێ بەسەربردووە، چونکە بێشەو دارستانە پڕ لە
سەهۆڵەکان ئەوەيان دەرنەخست، پاش تێپەڕبووبی دوو رۆژ زۆيا شەو بە
تاريکی گەڕايەوە بۆ تەواوکردنی فەرمانەکەی.
ئەمجارە بەرەو تەويلەکە رۆيشت کە زياتر لە دووسەد ئەسپی سوارەکانی
ئەڵمانی تێدابوو. پاڵتۆيەکی فەروی لەبەرو کلێتەيەکی لەسەرکردبوو،
جووتێک جزمەشی کردبووە پێ. شەرواڵێکی لەپێ کردبوو کە ديوی ناوەوەی
لۆکەبوو، جانتاکەشی کردبووە هەردوو شانی. کاتێک گەيشتە تەويلەکە
دەمانچەکەی دەستی لەناو باخەڵيدا شاردەوەو شوشەيەک بەنزينی لە جانتاکەی
دەرهێناو هەندێکی لێڕشت و دانەوی تا ئاگری بدات.
لەم کاتەدا ئەو پاسەوانەی دوايکەوتبوو پەلاماری دا. زۆيا دەستیدايە
دەمانچەکەی، بەڵام تەقەی بۆنەکرا، چونکە پاسەوانەکە دەمانچەکەی لە
دەستی بەرداو هاواریکرد.. بەمجۆرە زۆيا گيراو برايە ناو خانويەکی
قەراغی گوندەکەو لەوێ زانرا کە ئافرەتە. ماريا سيدۆڤا کە خاوەنی
ماڵەکەبوو دەگێڕێتەوە، دەڵێت:- " ماڵەکەمان پڕبوو لە فاشيستەکان و
هەموو دەيانگوت: ئافرەتێکی پێشمەرگەيە! ئافرەتێکی پێشمەرگەيە! ئينجا
رووتيانکردەوەو دەستيانکرد بە لێدانی و پاش بيست خولەک بەپێی پەتی و
جلی ژێرەوە برديان بۆ ماڵی فۆرۆنين کە لەوپەڕی گوندبوو، کرابووە
بارەگای سەرکردايەتيی ئەڵمان.
پێشبردنی لەوێ هەواڵی گرتنی زانرابوو، هێشتا زۆيا نەگەيشتبوو،
وەرگێڕەکە بە خۆشيەوە بە فۆرۆنينی گوت: سبەينێ بەبەرچاوی گەلەوە کچێکی
پێشمەرگە لە سێدارەدەدەن.
زۆيا هێنرايە ژوورەوە.. بەرانبەر تەلەفونەکە دانيشت و چاپێک و هەندێ
کاغەزی فەرماندەی لەبەردەمدابوو. ئەفسەرەکان هەموو لەوێ کۆبوونەوەو
خاوەن ماڵەکەيان لەو ژوورە کردە دەرەوەو، پيرەژنێک ويستی خۆی دوابخات
بەڵام لەناکاو ئەفسەرێک پاڵێکی پێوەناو بەڕوويا قيژاندی: "بۆ دەرەوە..!"
هەموويان کردنە چێشتخانەکەو لەوێ گوێيان لە هەموو قسەکانيانبوو.
(ريۆديڕ) کە فەرماندەی ليوای پيادەی ژمارە(٣٣٢)ی تيپی ١٩٧بوو پرسياری
لە کچەکە کرد.. کابرای ئەفسەر دەيپرسيی و زۆياش کە خۆی ناونابوو (تانيا)
– بەدەنگێکی دلێرو ئازايانەو بێ دوودڵی وەڵامی دەدايەوە. ئەفسەرەکە
لێیپرسی:-
- تۆ کێيت؟..
- پێتناڵێم.
- ئايا تۆبوويت دوێنێ تەويلەی وڵاخەکانت سووتاند؟
- بەڵێ من بووم.
- لەوکارە مەبەستت چي بوو؟
- لەناوبردنی ئێوە.
فاشيستەکان تانيا بەرەو سێدارە دەبەن..
تانياش بێ پەروا هەنگاودەنێ بەرەو سێدارەی شەرەف
لە پێناوی نيشتيماندا..
** ** **
پاش بێدەنگبوونێکی قووڵ.. ئەفسەرەکە پرسی:-
- کەی لە خەتی جەبهە تێپەڕبوويت؟
- رۆژی هەينی.
- کەوابێ زۆرزوو گەيشتيتە ئێرە؟
- بەڵێ تەمەڵی پێناوێ.
ئينجا هەندێ پرسياریتريان لێکرد تا بزانن کێ ناردويەو برادەرانی کێن؟
دەنگی وەڵامدانەوەی گەيشتە ئەوديو دەرگاکەو هەر دەيگوت.. نەء.. نازانم،
ناڵێم، نەء...
پاشان دەستيانکرد بە لێدانی و لەدەرەوە دەنگی قەمچی دەبيسترا..
ئەفسەرێکی ئەڵمانيی لاوکە ئەوەی دی خۆی پێنەگيراو بازێکی داو دەستەکانی
خستەسەر دەم و چاوی، بە رادەيەک ئازاری ئەو کيژە تێکۆشەرە دەدرا کە
تەنانەت فاشيستەکانيش خۆيان پێڕانەدەگيرا.
چوار پياوی بەهێز بە قايشەکانی پشتيان بەربوونە گيانی کيژەکەو دەنگی
لێدانی ئاوازێکی زۆر ناسازی هەبوو. خاوەنی ماڵەکە تا سەدجار لێدانی
قايشيان ژمارد بێ ئەوەی کيژەکە وشەی لەدەم دەرچێت.
پاش ئەوە هەر وەک يەکەمجار وەڵامی دەدايەوەو دەيگوت:-
نەء... ناڵێم..... بەڵام دەنگی ئەمجارەی وەک جاران نەبوو.
زۆيا جارێکيان لەناو دەفتەری قوتابخانەيدا لە نووسينەکانی ئێليا
مۆرمێتس ئەمەی نووسيبوو:-
" کاتێک کە لووتبەرزە شەڕفرۆشەکە بەگژيا دەچوو خاکی رووسيا هێزی دەکرد
بەبەردا". هەر وەک لەم خولەکەشدا خاکی رووسيا هێزو توانا بدات بە زۆيا،
چونکە ئەوکاتە هێزی ئەو هەروەک هێزی کيژێک نەبوو، بەڵکو هێزی کەسێکی
مەزنی بەتوانابوو، جۆرە هێزێک بوو دوژمنيش دانی پێدانابوو.
نائب زابت کارڵ بيێرلين کە ئازاردانی زۆيای بەچاوی خۆی ديبوو
لەسەردەستی نائيبەکەی ريۆدێڕ- ی فەرماندە نووسيويەتی دەڵێت:-
" قارەمانە بچوکەکەی گەلەکەتان تا دوايی خۆی راگرت و نەبەزی و خيانەتی
نەکرد.. لەسەرماندا رەش هەڵگەڕابوو، خوێن لە برينەکانی دەچۆڕاو لەگەڵ
ئەوەشدا وشەيەکی لەدەم دەرنەهات..".
** ** **
زۆيا دوو سەعات لەماڵی فورۆنين مايەوە ئينجا برديان بۆ ماڵی باسيلا
کۆليک و هەروەک جاری پێشوو تەنيا جلی ژێرەوەی لەبەردابوو، بەپێی پەتی
بەسەر ئەو بەفرەدا دەيانبرد، کە گەيشتە ماڵی کۆليک و چووە ژوورەوە
پەڵەيەکی رەش وشين لەسەر ناوچەوانی بوو، خوێن لە برينەکانی دەست و قاچی
دەهات و قژە رەشەکەی پەرش و بڵاوبوو، ئەگريجەی نووسابووە سەر ناوچەوانی
بڵندی کە بە دڵۆپی ئارەق داپۆشرابوو. زۆر بە زەحمەت هەناسەی دەدا.
هەردو دەستی لە دواوە بەپەت بەسترابوون، هەردو لێوە گەزراوەکانی
ئاوسابوون. دوورنيە خۆی لەکاتی ئازاردانيدا لێوەکانی گەزيبێت تا
نهێنيەکانی نەدرکێنێت.
بەهێمنی و بێ سروە لەسەر کورسييەک دانيشت و پاسەوانی ئەڵمانی
لەبەردەرگا راوەستان. باسيلا کۆلێک بەرەو بەرميلەکە هەنگاوی نا تا ئاوی
بۆ بێنێت، بەڵام پیش ئەو پاسەوانەکە پەلاماری دايە قاپە نەوتێک و
لەدەمی کيژەکەی نزيک خستەوە.
ئينجا کۆليک داوای بەزەيی و تکای لێکرد کە رێگەی ئاوخواردنەوەی بدات.
يەکەمجار پاسەوانەکە ئاوەکەی لەدەست رشت، بەڵام دواجار پاش
پاڕانەوەيەکی زۆر رێگای دا، ئەوکاتە کۆليک ئاوی بۆ بردو، دوو پەرداخ
ئاوی خواردەوە.
دەستەيەک سەرباز کە لەماڵەکەبوون دەوری کيژەکەيان داو گاڵتەيان پێدەکرد.
هەندێکيان مستەکۆڵەيان لێدەداو هەندێکيان دەنکەشقارتەی داگيرساويان لە
چەناگەی نزیک دەخستەوەو يەکێکيان مشاری بەسەر پشتيدا دەهێنا. هێندەيان
گاڵتەپێکرد تا ماندوبوون، ئينجا رۆيشتن بۆ نووستن.
پاسەوانەکە تفەنگەکەی لە زۆيا راستکردەوەو داوای لێکرد بچێتەدەرەوەو
لەدوايەوە تفەنگەکەی ئاڕاستەی سەرپشتی کردبوو، ئينجا پاسەوانەکە
هاواریکرد:-
" بۆ دواوە وەرگەرێ..!" بەرەودوا بردی. زۆيا بەپێی پەتی بەسەر
بەفرەکەدا دەڕۆيشت و هيچی لەبەردا نەبوو جگە لە سپيەکانی ژێرەوەی.
هەروەها دەهات و دەرۆيشت تا پاسەوانەکەی ماندوبوو، ئينجا گێڕايەوە بۆ
ماڵەوە تا خۆی بحەسێتەوە.
بەمجۆرە ئەم پاسەوانە لە سەعات دەی ئیوارەوە تا سەعات دووی پاش نيوەشەو
ئاگاداری زۆيابوو. هەموو کاتژمێرێک پانزە تا بيست خولەک لەسەر بەفرەکە
رايدەگرت. ئێمە نازانين زۆيا لەکاتی ئەم "سەيران" کردنە سامناکەی شەودا
لەبەر چ جۆرە گاڵتەپێکردنێک و ئازارێکدا ئارامی گرتووە.
ئينجا پاسەوانەکەيان گۆڕی و پاسەوانی تازە ماوەی دا پاڵ بکەوێت. لە
هەلێکدا برۆسکۆڤيا کۆليک توانی قسەی لەگەڵ بکات:
- تۆ کێيت؟
- بۆچی دەتەوێ بزانيت؟
- خەڵکی کوێيت؟
- مۆسکۆ.
- دايک و باوکت ماون؟
کيژەکە وەڵامی نەدايەوەو بە راکشاوی و بێ جوڵە تا بەيانی وشەی لەدەم
دەرنەهات و نەيدەناڵاند، هەرچەندە لەسەرماندا قاچەکانی بەستبوويان و
زۆر ئازاريان دەدا.
بۆ بەيانی سەربازەکان لە ناوەڕاستی گوندەکەدا سێدارەيەکيان دروستکرد.
بروسکۆڤيا سەرلە نوێ قسەی لەگەڵ کيژەکە کردەوە:-
- ئەوی پێرێ تۆبوويت؟
- بەڵی.. ئايا ئەڵمانەکان سووتان؟
- نەء...
- بەداخەوە، ئەی چی سووتا؟
- ئەسپەکان سووتان... هەروەها دەڵێن هەندێک کەل و پەلی شەڕيان سووتاون.
کاتژمێر دەی بەيانی ئەفسەرانی ئەڵمانی هاتنە لای و يەکێکيان لێی پرسی:
- پێمانبڵێ تۆ کێيت؟
زۆيا وەڵامی نەدانەوە.
- بڵێ ستالين لەکوێيە؟
- ستالين وا لەبارەگای خۆی.
ئيتر خاوەن ماڵەکە لەمە زياتريان لێنەبيستن... جل وکەل و پەلەکەيان بۆ
هێناو لەناو تورەکەکەيدا شەکرو خۆێ و شقارتەی تێدابوو. بەڵام لە
جلەکانی تەنيا شەرواڵ و کراس و گۆرەويەکانيان بۆ برد، چونکە جلە
خوريەکانی و جزمەکانی لەلايەن نائب زابتەکانەوە بەشکرابوون. دەستکێشە
خورييەکانی درابوون بە چێشتکەری ئەفسەرەکان. جلەکانيان کردەبەر تانياو
بۆ لەپێکردنی گۆرەويەکانی، خاوەن ماڵەکە ياريدەيان دا چونکە قاچی بە
سەهۆڵ رەش هەڵگەڕابوو.
ئينجا شوشەی بەنزينەکەو تابلۆيەکيان بەسەر سنگيدا هەڵواسی کەلەسەری
نووسرابوو: " ماڵسووتێن"،.
قارەمانی ئازادی گيانی دەردەچێ و بڵێسەی مەردانەو بەسامی تۆڵەسەندن
دەخاتە دڵ و دەروونی مليۆنەها کەسەوەو راياندەپەڕینێ بۆ خاوێنکردنەوەی
خاکێ وڵات لەدوا فاشيستی دڕندە..
پاشان برديان بۆ ئەو گٶڕەپانەی سێدارەی لێ ئامادەکرابوو.
دە سوارەی ئەڵمانی گەمارۆی مەيدانەکەيان دابوو، شمشێرەکانيان
هەڵکێشابوو، پتر لە سەد ئەفسەرو سەربازيش لەوێ راوەستابوون.
فەرماندرابوو کە هەموو خەڵکی گوندەکانيش ئامادەبن. کەمکەس لەو فەرمانە
لايان دابوو، هەندێکيش پاش ئامادەبوون خۆيان دەدزيەوەو دەڕۆيشتنەوە ماڵ
تا ئەو ديمەنە سامناکە نەبينن.
لە ژێر پەتی سێدارەدا دوو سندوقيان لەسەر يەک دانابوو، ئينجا کيژەکەيان
خستە سەر سندوقەکەی سەرەوەو پەتەکەيان کردە مل.. لەم کاتەدا ئەفسەرێک
رووی کامێرای وێنەگرتنی کردە سێدارەکەی زۆيا..
(تانيای قارەمان لەبەردەمی مردندا بە هێتلەريە فاشيستەکان دەڵێ: "
ئەگەرچی دەتوانن من لە سێدارەبدەن، بەڵام ناتوانن دووسەد مليۆن کەس لە
سێدارە بدەن..").
فەرماندەکە داوای لە جەلادەکەکرد کە بۆ ماوەيەکی کەم خنکاندنی کيژەکە
دوابخات. زۆيا ئەمەی بەهەل زانی و بەدەنگی بەرز هاواری کردە لادێييەکان
و گوتی:-
" ئەی هاوڕێيان.! بۆچی وا مات و خەمبارن؟ ئازابن! خەباتکەن! فاشيستەکان
بکوژن.. بيانسوتێنن و ژاريان بکەن بە گەرودا!".
پاسەوانەکە دەستی بەرزکردەوە بۆ لێدانی، ياخود دەمگرتنی، بەڵام زۆيا بە
توندی دەستی لاداو لەسەر قسەکردن بەردەوامبوو:
" لە مردن ناترسم، ئەی هاوڕێيان..! ئەوە بەختياريەکی زۆر مەزنە مرۆڤ لە
پێناو گەلەکەيدا بمرێت.."
لەم کاتەدا ئەفسەرەکە وێنەی سێدارەکەو کيژەکەی لە دوورو نزيکەوە کێشاو
خۆی ئامادەکرد تا لە تەنيشتەوە وێنەيەک بکێشێت و جەلادەکەش بە
نيگەرانيەوە تەماشای فەرماندەکەی دەکردو، فەرماندەش داوای لە
ئەفسەرەکەکرد کە زوو وێنەگرتن تەواوبکات. لەم کاتەدا زۆيا رووی وەرگێرا
بەلای فەرماندەو سوپای ئەڵمانيداو، هاواريکرد:-
" بەڵێ پاش ماوەيەکی کەم لە سێدارە دەدرێم، بەڵام بزانن تەنيانيم. ئێمە
دووسەد مليۆنين و ئێوە ناتوانن هەموومان لە سێدارە بدەن. هەردەبێ تۆڵەی
منتان لێبکرێتەوە. ئەی ئەفسەران! پێش لەدەستچوونی هەل خۆتان بدەن
بەدەستەوە، چونکە سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەيە..!".
ئينجا جەلادەکە پەتەکەی لە گەردنی زۆيا قايمکرد، بەڵام زۆيا ئەڵقەی
پەتەکەی گەورەکردو لەسەر پەنجەی پێ وەستاو بە هەموو هێزی هاواری کرد:-
" ماڵئاوا ئەی هاوڕێيان..خەباتکەن! مەترسن..! ستالين لەگەڵمانە، ستالين
دێت..!".
جەلادەکە شەقێکی لە سندوقەکە هەڵدا تا بەسەر سەهۆڵەکەدا خزاو ئەوی
سەرەوە بەتەقەتەق کەوتەخوارێ و خەڵکەکە بەرەوپاش کشانەوە. لەدەوروپشتی
دارستانەکەوە هاوارێکی بەرز دەنگیدايەوەو دەم ودەس کپبوو.
خەڵکەکە زوو بڵاوەيان لێکردو کەس لەماڵ نەدەهاتەدەر بۆ کارێکی زۆر
پێويست نەبوايە، بە جۆرێک پاش ئەوە کەست نەدەدی لەسەر جادەو ئەو کەسەش
کە بۆ کارێکی پێويست ناچار بەلای سێدارەکەدا تێپەڕبووايە سەری نەوی
دەکردو بەخێرايی دەڕۆيشت.
تەرمی زۆيا مانگێکی تەواو بەسەر سێدارەکەوە مايەوەو بايەکە
دەيلەراندەوەو بەفر دايدەپۆشی، هەر کەتيبەيەکی فاشيست، بەوێدا
تێپەڕبوايە دەوری سێدارەکەيان دەداو دەکەوتنە رابواردن و پێکەنين بە
دەنگی بەرزو لێدان و راوەشاندنی تەرمەکەی، لەوێ تێپەڕ دەبوون لە
خەستەخانەکەش رابواردنێکیتريان دەدۆزيەوە. لەوێ لاشەی دوو لاو
هەڵواسرابوون کە ئەڵمانەکان لە سێدارەيان دابوون. بەمجۆرە ئەڵمانەکان
بە خاکێکدا تێپەڕبوون کە بە سێدارە تەنيبويان و لە خوێندا
نوقميانکردبوو، خاکێک داوای تۆڵەسەندنەوە دەکات.
جەژنی سەری ساڵ، فاشيستەکان دەوری سێدارەکەيان دا، هەموو سەرخۆشبوون،
جلەکانيان لە تەرمی زۆيا داکەندو بەوپەڕی ناپياوی و تاوانبارييەوە
گاڵتە يان پێدەکرد... لاشەکە رۆژێکیتريش بە سێدارەکەوە مايەوەو ئەنجن
ئەنجن کرابوو، بە قەمەو سوننی قاشکرابوو، ئێوارەی يەکەمين رۆژی کانونی
دووەم وەرگێڕەکە فەرمانی دا سێدارەکە هەڵگيرێت، بۆ ئەو مەبەستە موختار
چەندکەسێکی بانگکردو لە زەويەکی چۆڵی بەسەهۆڵ بەستووی قەراغی گوندەکەدا
چاڵێکيان هەڵکەند.
ئەو شوێنە جێگای قوتابخانەی سەرەتايی گوندەکەبوو کە ئەڵمانەکان
وێرانيانکردبوو، کورسييەکانيان سوتاندبوو، تەختەی مێزەکانيان
دەرهێنابوو. لەناو ئەم قوتابخانە وێرانەداو لە نزيک دارستانەکەوەو لە
ميانەی چەند درەختێکدا گۆڕيان بۆ زۆيا هەڵکەند. ئينجا لاشەکەيان هێنا
کە پەتێکی لەملدابوو. بەسەر بەفرەکەدا راياندەکێشاو رووی جوانی ئەو
کيژە رووسە پاکی و بێگەرديی خۆی پاراستبوو.
پاش مانگێک لە خنکاندنی تانيا فاشيستەکان بەسەر بەفردا راياندەکێشاو
مەمکەکانيان دەپچڕی بۆ رابواردن..!!
** ** **
يەکێک لەوانەی گۆڕەکەيان هەڵکەند گوتی:"
پێويستبوو لاشەکە کفن بکەين". وەرگێرەکە هاواری لێکرد: " چيە دەتەوێ
بەڕێزو حورمەتەوە بينێژيت؟!".
ئەو ماوەيە درێژەی نەکێشا کە پێی گڵاوی دوژمن لەسەر ئەو خاکەبوو کە
زۆيای گرتەباوەش. سوپای سوور بەرەوپێش کشاو ئەڵمانەکان بەزين و گوندی
پێتريشێڤايان چۆڵکرد و بەرەو (دوروخۆفۆ) راونران. کە گەيشتنە گوندی
کريستۆڤا سوتانديان و دانيشتوانی بێبەختی پەنايان بردەبەر گوندی
پێتريشێڤا وەک دانيشتوانی ئەو گوندانەی ماڵەکانيان لەلايەن
ئەڵمانەکانەوە سوتێنرابوون. منداڵەکانيان و ئەو شتومەکانەی بۆيان
دەربازبووبوون خستبوياننە ناو تەختەخليسکەوەو بەسەر بەفردا
راياندەکێشاو هاتنە گوندەکە.
بۆ رۆژی دوايی هاتەوە يادی ئەڵمانەکان کە گوندی پێتريشێڤايان
نەسووتاندووە، بۆيە تاقمێکی بيست و چوارکەسييان نارد. تارمايی سوپای
سووری سەرفراز بەبەرچاوی ئەمانەدا دەهات و لەبەرچاويان ئەو سوپايە
گەيشتبووە سنووری گوندەکە، لەبەر ئەوە بەترس و لەرزەوەو بە داروبەرد
شوشەی پەنجەرەی ماڵەکانيان شکان و هەڵاتن تا بگەنەوە بە لەشکری
بەزيويان. بەمجۆرە گوندی پێتريشێڤا لە سوتاندن رزگاری بوو. ئەو کەسانەش
رزگاريان بوو کە بەسەرهاتی کچە پێشمەرگەی قارەمان" زۆيا
کۆسمۆديميانسکايا" يان بە چاوی خۆيان دی و ئەو گۆڕەش مايەوە کە تەرمی
زۆيای تێدا نێژراو بووە مەزارێکی پيرۆزی گەلی رووس.
دوژمنی چارەگران لە خاکماندا بەزی و لەشکری ژەنراڵ غەفورۆڤ پێش هەمووان
بە گوندی پێتريشێڤادا تێپەڕبوو، دوابەدوای دوژمنی هەڵاتوو بەرەو
موجايسک.
هەر جەنگاوەرێکی سۆڤێتی کە بەرەو خۆرئاوا بۆ تێکشکاندنی چەتەکانی
هێتلەر بڕۆيشتايەو بە گوندی پێتريشێڤادا تێپیەڕبوايە شەفقەکەی
دادەکەندو لەبەرگۆڕی زۆيادا سەری رێزو حورمەتی نەوی دەکرد.
ئەفسەريش بە جەنگاوەر دەڵێت:- " ئەی برادەر..! کاتێک رووی چەکت دەکەيتە
سنگی فاشيستەکان، يادی زۆيا بکەرەوەو با گولەکەت نيشان بپێکێ بۆ تۆڵەی
زۆيا. کە هێرش دەبەيتە سەر دوژمن، زۆيا بخەرەوەبيرت و بە نوکی سوننی
ورگی فاشيست هەڵدڕە بۆ تۆڵەی زۆيا.! بە تفەنگەکەت سەری فاشيست بشکێنە
بۆ تۆڵەی زۆيا! ئەوان چييانکردتۆش وا بەرەنگاريان بەو، رێگەنەدەيت روحم
و بەزەيی دڵت داگير بکات!".
ئەم سوێندە سامناکە دەخۆن و دەڕۆن بۆ کوشتارو زۆيا لەناو دڵی هەموو
يەکێکياندايە.
سەربەرزی و قارەمانێتی زۆيا بەهەموو وڵاتی سۆڤيەتدا بڵاودەبێتەوەو
مليۆنەها کەس لە دنيادا بەخۆشەويستی و رێزەوە ئەو مەزارە بيرەوەری
دەکەن کە بە بەفر داپۆشراوە.....
وتاری دايکی (تانيا) کۆسمۆديميانسکايا کە بە
راديۆ بڵاوکرايەوە:
هاوڕێيانی خۆشەويست..!
ئێوە، ئەی برادەران و هاوڕێيانی تانيای کچم! دەمەوێ چەند وشەيەکتان
پێبڵێم.
ئەی خۆشەويستەکانم دەمەوێ لە قوڵايی دڵی دايکێکەوە داواتان لێبکەم کە
تۆڵە لەو دڕندە خوێنڕێژە فاشيستانە بکەنەوە، تۆڵەی مردنی کچەکەم لە
پياوکوژانی ئەڵمانی بستێنن.!
هاوڕێيان.! زۆر بەلا مەوە گرانە باسی زۆيا بکەم. ئێوە خۆتان زۆرباش
ئەمە دەزانن، چونکە بە مردنی ئەو نزيکترين و خۆشەويستترين کەسێکم
لەدەستچوو، ئەو کەسەی کە بە پەردەی سک هەڵمگرت و پەروەردەمکرد...
هيوادارم هيچ کەسێک لە ئێوە، کە دەبنە باوک و دايک دڵگيريی وا نەبينن
کە ئێستا من لەژێر باريدا دەناڵێنم، سەرەڕای ئەوەش دەبێ باسی زۆياتان
بۆ بکەم. دەبێ بە هەمووتان و هەموو لاوان بڵێم: من شانازی بە کچەکەمەوە
دەکەم! دەمەوێ لێرەدا لەبەردەم هەمووتاندا بە کچەکەم بڵێم، هەرچەندە
گوێشی لە قسەکانم نييە، "ئەی کچی خۆم من شانازيت پێوەدەکەم.!".
هاوڕێيان! زويا بيرێکی تيژو دڵێکی گەرم و خاوێن و ئازای هەبوو. دڵی
کەسێکی جەنگاوەر.
هاوڕێيان! لەگەڵ زۆيا زۆر نزيک و هاوپەيوەنديی بەهێزبووين. تەنيا دايک
و کچ نەبووين، بەڵکو هەروەها هاوڕێ و دۆستی يەکتربووين. هاوبەشی خەم و
خۆشيی يەکتربووين. لەبەر ئەوە دەزانم زۆيا هەست و شعوری چۆن بوو لە
ژيانداو بەرانبەربە وڵاتەکەی و کۆمەڵانی لاوانی شيوعی. من زۆر دڵم بە
کچەکەم خۆشبوو، هەرکاتێک پەست و دڵگيربوومايە دەهات بۆلام و تەماشای
دەکردم و دەيگوت:
"دايە ئەوە چيە، بۆ وا بێدەنگی؟ گوێ مەدەرێ هەموو شتێک دەڕوات و
دەبڕێتەوە".
کچەکەم زۆر ئازاو بەجەرگ بوو، بە جۆرێکی سەرسوڕمێن چالاک و
بيرفراوانبوو. هەرچەندە من زۆر لەو گەورەترو دنيا ديدەبووم بەڵام ئەو
ياريدەدەرم بوو بۆ ئەوەی ئازايانە کۆسپ و تەگەرە ببڕم..
هاوڕێيان! زۆيا ئاگاداری کردم کە دەڕوات بۆ جەبهە ، پێی گوتم:- " دايە،
دەڕۆم بۆ جەبهه بۆ ئەوەی ببمە پیشمەرگەيەکی جەنگاوەر. راست و رەوان
ئەوەت پێدەڵێم. چونکە دايە خۆت دەزانيت کە ناتوانم دەستەوسانبم لە
کاتێکدا فاشيستەکان بۆ داگيرکردنی مۆسکۆ بەڕێوەن..".
لێرەدا دەبێ بەڕاستی بڵێم کە خۆم پێنەگيراو فرمێسک لە چاوەکانمەوە تکا.
چونکە چاوەڕوانی هيچ شتێکی وام نەدەکرد، بەلامەوە گرانبوو دەمودەس
تێبگەم کەوا کچە بچکۆلە تاقانەکەم دەڕوات بۆ شەڕ.. زۆيا کە تەماشای کرد
ماتم گوتی:-
" دايەگيان بۆ دەگريت؟ تۆ خۆت پێت نەگوتم کە پێويستە ئازاو دڵسۆزبم؟
دايە من شانازی دەکەم بەوەی کە دەڕۆم بۆ کوشتنی فاشيستەکان، تۆش دەبێ
شانازی بکەيت کەوا من دەڕۆم بۆ جەبهە.. بە فرمێسک رشتن رەوانەم مەکە".
فرمێسکەکانم سڕی.. تەماشايەکم کردو شەرمم بەخۆهات- زۆر شادو دڵخۆش و
خێرابوو.. ئەو شەوە بە جۆرێکی تايبەتی و لە قوڵايی دڵەوە قسەمانکرد...
زۆيا رێگەی دام تا وێستگەی ترام بەڕێی بکەم. جانتايەکی بچکۆلەی کردبووە
کۆڵی، کە خۆم بۆم کڕيبوو..
لە وێستگەی ترام يەکمان بەجێهێشت. ئێستاش دەنگە پڕ لە شانازيە
بەسۆزەکەيم لە گوێدا دەزرنگێتەوە کە لە کاتی جيابوونەوەدا پێیگوتم:-
"يان بە قارەمانێتی دەگەڕێمەوە، يان بە قارەمانێتی دەمرم، دايە، تکايە
پەست و دڵگرانمەبە"..
ئينجا زەردەخەنەيەک هاتە سەر لێوەکانی و ئيتر جارێکیتر نەمديەوە..
هاوڕێيان! زامێکی زۆر ترسناک لە دڵم بوو، زەمانە هەرگيز ئەم زامەم
ساڕێژناکات. بەڵام من فەخرو شانازی دەکەم کە کچەکەم وا بە ئازايی رۆيشت
و بووە قوربانيی مەسەلەيەکی مەزن، هەر بەهێزو شانازمايەوە تا دوا
هەناسەی دا. زۆيا وەک کەسێکی رەوشت پاک و جەنگاوەرو شيوعی پێشوازيی
مردنی کرد.
هاوڕێيان! من دڵخۆشی يەک شتم:- ئەوەش ئەوەيە کە زۆيا لەبيرناچێتەوە.
لەناو دڵمدا دەژی، لە دڵی دايکيدا دەژی تا لە چرکە دەکەوێت. پاش مردنی
منيش لە دڵی ئێوەدا دەژی. منداڵەکانتان بە وشەی پڕ لە خۆشەويستی يادی
دەکەن...
ئەو رۆژەی کە رۆژنامەی (پڕاڤدا) وتارێکی بڵاوکردەوە بەناونيشانی (تانيا)
من لەناو پاسێکی گواستنەوەدابووم و هێشتا رۆژنامەکەم نەخوێندبۆوە،
بەڵام گوێم لێبوو خەڵکەکانی دەوروپشتم دەيانگوت"تانيا"... "تانيا"..
چیڕۆکی مردنی ئازايانەو پاڵەوانانەی ئەويان دەگێڕايەوەو، باسی ئيرادەی
پۆڵاييان دەکردو، منيش هيچ بە دڵمدا نەدەهات کە ئەم تانيايە زۆيای کچی
منبێت... زۆيام هاتەوە يادو لە دڵی خۆمدا دەمگوت دەبێ ئێستا لە جەبهە
حاڵی چۆنبێت و بيرم لەوە دەکردەوەو خۆزگەی ئەوەمبوو کە ئەگەر کەوتەبەر
مەترسی، وەک ئەم کچە جوانە تانياناوە بڕوای بەهێز بمێنێتەوە.
لە پاشدا بۆم دەرکەوت کە ئەم تانيايە زۆيای کچی منە!.
هاوڕێيان! تا هەتايە لەعنەتی ئەو خوێنڕێژە نازييانە بکەن کە تينوی
خۆێنن!
با ترس و زامی کردەوەی ناهەمواری کوشتنی زۆيای کچم هەميشە بکەوێتە شوێن
دايک و کچانيان!.
خوێنڕێژانی جەللاد پاداشی تاوانەکەيان وەردەگرنەوە! من دڵنيام کە
فاشيزم تەفرو تونا دەبێت و تا هەتايە لە رەگ و ريشە دەردەکێشرێت.
هاوڕێيان! من لەمە دڵنيام! بەڵام داواتان لێدەکەم، داوای دايکێک کە
منداڵە خۆشەويستەکەی لەدەستچووە، بە زويی تۆڵەبستێنن. هەروەها تۆڵەی
زۆيای کچم!.
ئەی لاوان!.. تۆڵەمان لەو جانەوەرانە بکەنەوە کە کچەکەميان ئازارداو
کوشت! ئەو پرسيارەتان لێدەکەم و هەردەم دووبارەشی دەکەمەوە تا زۆيام
لەيادەو هەرگيز لەبيرم ناچێتەوەو دەڵێم:- پاڵەوانبن! بجەنگن و زەبرێکی
گران لە ئەڵمانەکان بووەشێنن! مردن بۆ جەللادەکانی ئەڵمان!".
نامەيەک لە جەبهەوە:
بۆ - ليوبۆڤ کۆسمۆديميانسکايا
- دايکی زۆيا کۆسمۆديميانسکايا(تانيا) قارەمانی يەکێتيی سۆڤيەت.
ئێستا ئێوارەيەکی تاريکی هەورە، ئێمە پینچ هاوڕێين لە سوپای سوور،
لەناو خەندەقێکدا دانيشتووين.
لەدەمێکەوە کۆشتار هێمن بۆتەوەو لەگەڵ بەرەبەياندا سەرلەنوێ
دەستپێدەکاتەوە. بەهيوای ئەوەين بتوانين کەمێک بنوين، بەڵام خەو لە
چاومان تۆراوەو نوستن مەحاڵە.
وتارەکەتمان خوێندەوە کە بۆ ئێمەی لاوانی سوپای سوور ئاڕاستەکراوە.
ئێمە لەمەوبەر وتارێکی وامان نەخوێندۆتەوە کە بەمجۆرە لە قوڵايی دڵەوە
دەرچووبێت و واهەست بزوێنبێت.
لەم شەڕەدا گوندو شارمان ديوە سووتاون، ئافرەتانی جوتيارمان ديوە
شێتبوون و، منداڵان لەسەرمان رەقبوونەتەوەو لەناوباوەشياندا مردوون،
کچان زەوتکراون و ئينجا کوژراون، بەسەدانمان لەوانە ديوە کە سەربڕدراون
يان لە سێدارەدراون.
بەچاوی خۆمان هەموو ئەوەمان ديوە کە هێتلەرييەکانی تينوی خوێن لەپاش
خۆيان بەجێيانهێشتووە. سەرەڕای ئەوەش ئێستاو بە درێژايی رۆژانی شەڕ
فرمێسک لە چاومان نەهاتووە. بەڵام وتارەکەی تۆ ئەمڕۆ دڵی دەتواندەوە،
فرمێسکی لە چاومان هێنا، ئەو فرمێسکەمان سڕی و سوێندمانخوارد، کە تانيا
لە يادنەکەين، کە تۆڵەی لە ئەڵمانەکان بستێنين. رووی پيرۆزی ئەو
راماندەکێشێت و دەمانسووتێنێت و بانگماندەکات و دەمانبات بۆ جەنگ. بۆ
تۆش دايەگيان کە ئەو کچە قارەمانەت بۆ خستوينەوە سڵاومان پێشکەش دەکەين،
سڵاوی کوڕان بۆ دايکی خۆيان.
سەربازان لە کاتی مەترسيدا هاواردەکەن و دەڵێن: "تانيا".
گيانی (تانيا) هێزو ورەو جورئەتيان دەکات بەبەردا.
ناوی تانيا بۆتە نيشانەی نيشتيمانپەروەريی..
ئێمە لە يادمانە چۆن ئەڵمانەکان لە شەڕێکدا لە نزيک (ليباڤا) بەکۆمەڵ
بەرەو خەندەقەکانمان دەهاتن و پاش يەک خولەک دەگەيشتنە سەرمان، بەڵام
کيژێک لەوانەی دەستەی ئاماژەدان لەوبەرمانەوە هەستايە سەرپێ و قيژاندی:-
"هاوڕێيان، ئەوە بۆ نوستوون؟؟ دەی بۆ پێشەوە..!" بەوجۆرە گيانێکی
مەزنیکرد بە بەرمانداو لە خەندەقەکانمان دەرپەڕين بەرەو پێشەوە.
دەم بە هاواری بەرزی "هوڕا.. هوڕا.." سەربازەکانمان بە چەکی سپی
هێرشيان برد.
ئەوکيژە کوژرا، بەڵام دوژمنيش تێکشکێندراو بەسەريدا زاڵبووين..
ناوی ئەو کيژەمان نەزانی.. ئێستا ئيتر ناوی لێدەنێين (تانيا).
نەخێر دايەگيان، تانيامان لەبيرناچێت، تۆڵەی دەستێنين.
مردنێکی قارەمانانە مرد، بەڵام تاهەتايە زيندووە..
تانيا نەمردووە،
تانيا هێشتا زيندووە،
ئۆقرەبگرە، دايەگيان،
سەرکەوتن بۆ ئێمەيە..!
لەگەڵ سڵاوی جەنگاوەران:-
- ملازمی دووەم گۆرياکين
- ملازمی دووەم کورتاشێڤ
- ملازمی دووەم ميتۆگۆڤ
- ملازم بارسۆميان
- بەرپرسی سياسيی يەکەم ديسياتنيک
جەبهەی سەرووی رۆژئاوا..
پێنچ وێنەي فۆتۆگرافیی ئەڵمانی.
لە جەنگەکانی نزيک سمۆلينسکدا لە تەنيشت گوندی پيتاپۆڤا ئەفسەرێکی
ئەڵمانی کوژرا، ئەو پێنچ وێنەيەی لا دۆزرايەوە کە لەگەڵ ئەم چیڕۆکەدا
بڵاوکراونەتەوەو دواکاتی ژيانی زۆيا کۆسمۆديميانسکايا (تانيا)
پيشاندەدەن کە چۆن لە رۆژی ٢٩ی تشرينی دووەمی ١٩٤١دا لە سێدارەدرا..
بەمجۆرە پەردەلادرا لەسەر نهێنيەکانی دواکاتی ژيانی ئەم قارەمانە دلێرە..
_____________________________
*
چاپی يەکەم: ١٩٧٠ زايينی،
چاپی دووەم: ٢٠١٣.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|