٢١\۴\٢٠١٠
چرپه
شیعره‌کان.
به‌ندی عه‌لی
-1-
گوێم له‌چرپه‌ی
نێوان په‌نجه و
په‌له‌پیتکه‌ی تفه‌نگێ بوو
باسی ڕاوی
په‌ڕه‌نده‌ی روحێکیان ئه‌کرد
ووتم ئاخۆ ، ئه‌مجاره‌یان
په‌ڕه‌نده‌ی ئه‌و
روحه مه‌ئیوسه هی کێ بێ
گوێم له‌لووره‌ی باڕه‌شێ بوو
ووتم ئاخۆ ، ئه‌مجاره‌یان
ئه‌و گورگه بۆره ، ڕوفاتی
چه‌نده‌هه‌م ئه‌نفالی پێ بێ
ئه‌م گێژاوه
به‌ره‌و ده‌لاقی ده‌یجوری عه‌ده‌م ئه‌چێ
تامی ئه‌م خه‌مه زۆر تاڵه
ئه‌مه خه‌زانی حورمه‌ته‌و
که‌ی له‌وه‌رزی گه‌رده‌لولا
ژوانی عیشق به‌رکه‌ماڵه.
-2-
په‌ڕه ڕه‌شکراوه‌کان زۆرن
زیاتر له‌جۆره‌کانی مه‌ی
سیگارو پول
ئه‌کرێ بڵێین ، هه‌ندێک له‌وان
هه‌مان کاریگه‌ریان هه‌یه
ئه‌مانیش وه‌ک گێژه‌ڵۆکه‌و
خۆڵه‌مێش و گه‌رده‌لول
په‌ڕه ڕه‌شکراوه‌کان زۆرن
زیاتر له‌جۆره‌های چه‌ک و سه‌ربازه‌کان
ئه‌کرێ بڵێین ، هه‌ندێ له‌وان
هه‌مان فه‌رمان به‌جێدێنن
ئه‌مانیش وه‌ک
خاڵه‌کانی پشکنین و به‌ندیخانه‌و
قوفڵی گه‌وره‌ی ده‌روازه‌کان
په‌ڕه ڕه‌شکراوه‌کان زۆرن.
-3-
ئه‌گه‌ر بێده‌نگی
بۆ وه‌لادانی ده‌مامک له‌سه‌ر
ڕوخساری درۆ ، ڕێگه‌چاره بێ
زمانم ئه‌بڕم
ئه‌گه‌ر ووشه‌کان
بێ پرسی په‌نجه‌م ، خۆیان بنووسن
نه‌ک ته‌نیا نوکی خامه ئه‌شکێنم
لاپه‌ڕه‌کانی ده‌فته‌ری بوونم
یه‌ک به‌یه‌ک ئه‌دڕم.
-4-
بادڕک لافی جوانی لێ دات
وه‌رزی ڕووت و قووت
به‌رگه ناگرێ
کاتێ چرۆیه‌ک
ده‌می بۆ ماچی خۆر ئه‌کاته‌وه
کاتێ په‌پووله‌ش خۆی ئه‌داته ده‌ست
عیشقی ئاگرێ.
-5-
ڕێکه‌وتن نامه‌ی
نێوان دڕک و گوڵ ته‌مه‌نی کورته
کێ باوه‌ڕ ئه‌کا
به‌تۆبه‌ی گورگ و به‌ڵێنی ڕێوی
کێ خۆشخه‌یاڵه
به‌جۆگه‌ی ئه‌شکی چاوی ئه‌هریمه‌ن
ئه‌ی کێ ئه‌توانێ
ده‌روازه‌ی ده‌شتی مێژوو کڵۆمدا
تا پوش له‌گه‌نم جیا نه‌بێته‌وه
به‌شه‌ماڵی شه‌ن.
-6-
گوێ بگرن له‌درۆی ئاشتی
ئه‌ڵێن ، گوایه
گورگ و به‌رخ
پێکه‌وه ئاو ئه‌خۆنه‌وه‌و
شێر‌و پڵنگ
له‌گه‌ڵ ئاسک ده‌ست له‌ملن
ئه‌م جیهانه‌ش ، به‌هه‌شتێکه
بۆ ئه‌وینێکی ئه‌به‌دی
گوێ بگرن له‌درۆی ئاشتی
ئه‌ڵێن گوایه ، به‌خشنده‌یه‌ک
چاره‌نووسمان دیاری ئه‌کاو
خێر‌و شه‌ڕیش
به‌خت و به‌شی له‌سه‌ر ته‌ختی
ته‌وێڵ نوسراوه‌و دێته‌دی
گوێ بگرن له‌درۆی ئاشتی.
-7-
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بژین
وه‌ژیانێ شایسته بێ به‌ناوی خۆی
له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌یانێکا
خه‌نده بگرێ ، لێوی چرۆی
ئه‌بێ به‌ژنی ئاره‌زوومان
به‌رزتر بێ له‌ئه‌ستێره‌و
ئاسۆی سه‌نج ، به‌رین تر بێ
له‌که‌ناری ئه‌فسانه‌یی تراویلکه‌و
چاوی هیواش جلیوه‌دارتر له‌مانگه‌شه‌و
ده‌نا ده‌شتی گه‌نمی ئاوات
هه‌ر به‌که‌سکی هه‌راج ده‌کرێ
پێش هاتنی وه‌رزی دره‌و.
-8-
ناونیشانی ئه‌و هه‌واره‌ی
گوێی له‌یه‌که‌م زریکه‌م بوو
په‌ڵه هه‌ورێکی پاییزه‌ی گرژ‌و مۆنه
کێ ئه‌توانێ ، وه‌رزێکی تر
پاش سه‌فه‌رێکی ناچاری
ڕوخساری بناسێته‌وه‌و
پێمان بڵێ .. حاڵی چۆنه.
-9-
ده‌با خه‌نده
ڕزگار بکه‌ین له‌مه‌رگه‌سات
ئه‌وینیش له‌کڕێوه‌ی زه‌مه‌ن
نه‌وه‌ک هیوا دواهه‌ناسه‌ی فرسه‌ت بدات
به‌ر له‌دوا گاپێڵی ته‌مه‌ن.
|