په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠٢٣

چی تازە لە نێوان یەکێتی و پارتی هەیە؟
ئاسۆی بزووتنەوەیەکی رادیکاڵی تر.


جەمال کۆشش      


هەرێمێک هەیە و کۆمەڵێ حیزبی کوردایەتی - ئیسلامی، و ئیسلامی - کوردایەتی، و لیبراڵ - ئیسلامی - کوردایەتی هەیە و پێکەوە حکومەتیان دامەزراندووە.

ماوەی (٣١) ساڵە دانیشتوانەکەی، لەنێو شەڕ و تیرۆر و قۆرخکاری نێو ئەم ڕژێمە بەبارمتە گیراون. ئەم حیزبانە باڵیان لێدەبێتەوە و یەکدەگرنەوە و نوێ دروستدەکەن و هەڵبژاردن دەکەن و هیچ دەریچەیەکی باشتربوون ناکەنەوە و لە بازنەیەکی نائومێدی ئەبەدیدا خەڵکیان بەگیر هێناوە.

تێهەڵچون و شەڕ لەسەر بودجە، لەسەر سەرۆک کۆمار و جێگرەکانیان، سەرۆکایەتیەکان، سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکانیان، بەڕێوەبەرایەتیەکان، قائمقام و شارەوانیەکان،.. شەڕە قۆچە لە ڕمبازێنی مەیدانەکەدا، خودی پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوە دەبرێت.

لە هەندێ جێگا پێویستی بە بایکۆتە، لە هەندێ شوێن تیرۆر، لە هەندێ کات، نێوەندگیری و دانیشتن و زنجیرە کۆبونەوە، لە دوورمەوداشدا بلۆکبەندی دەوڵەتان و لە هەندێ دەوران داگیرکردنی ناڕەزایەتی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆت و بەکارهێنانی بۆ ئامانجی حیزبی و پێگەت لە پەیکەرەی دەسەڵات.

بونیادی ئابوری ئەم ڕژێمە بەجۆرێک تێکەڵ بە دەسەڵاتی سیاسی و میکانیزمە نێوخۆییەکانی بووە، ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی سەرخانی سیاسیدا، یەکسەر و ناچاری سەر بۆ شۆڕش بەسەر ئەم بونیادەدا دەکێشێت.

(یەکێتی) لەنێو خۆی چ باڵ و کوتلەیەکی هەیە، ئیسلامی توندەڕەو میانڕەوی هەیە، دوو باڵەکەی نێو (پارتی) چەند ئاڵوگۆڕ لەنێو پۆستە حیزبی و حکومیـیەکان دەکەن، ئەمانە کاریگەرییان لەنێو جوگرافیای هێزی خۆیاندایە. ئەوان شەڕ و ئاشتی بۆ خۆیان دەکەن. ژیان و ماف و شکۆ و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی ئەم زۆنانەوەن، یانەکو، هەروا بمێنن باشترە، لە سەردەمی حکومەتی هاوبەشی (مەسرور و قوباد)دا پاشەکەوت فەڕزکرا.

یەکبوونی ماڵی کوردی، یەکبوونی ماڵە بازرگانە سیاسیـیەکان و سەرمایەدارە ناکۆکەکانە. ڕاپرسیـیەکانی نێو خەڵک، نەفرەت و توڕەیی هەموو چین و توێژەکان لە دەسەڵاتی خۆماڵی کورد نیشان دەدات. سەدا (٥١) خەڵک گەڕانەوەیان بۆ بەغدا و هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمیان پێباشترە. (سایتی درەو-ڕاپۆرتی شیکاری).

ئایا لەم بۆچوون و ڕەد کردنەوەیە ڕوونتر هەیە کە خەڵک بە دەسەڵاتدارانی بگەیەنێت؟ ئەم ڕاپرسیە وەک هەندێک لە دەزگاکان بە شۆکهێنەر بڵاویان کردەوە و ئاماژەن بۆ ئەزمەیەکی کۆمەڵایەتی قووڵ.

لەبەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و هەڵئاوسان و گرانی، (حکومەتی هەرێم)، بۆ ڕیکلام و خۆبادانیش، یەک قسەی لە زار نەهاتە دەر، وەک ئەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر بڕینی (٢٠٠) ملیارەکە، هەموو هاتنە خەت و هەڕەشەی بێ ناوەڕۆک و هیستریکی میدیاییان بەڕێخست.

شتێکی تازە ئەگەر هەبێت لەو نێوەدا، خەریکە (زۆنی سەوز) خۆی هاوتا بە (زۆنی زەرد) لە گرتن و ڕاونان و سەرکوت و زیندانیدا دەکات. گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان قەهراوی سەرکوت دەکات. هەرچەند ئەوە زۆر تازە نیـیە و ماوەی چەند ساڵێکە ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، بەڵام لەوەتەی (یەکێتی) یەکدەستتر بووە، ئەم دەزگایەش سەرکوتگەرتر بووە. تازە تر لەوانە نزیکبونەوەی تەواوی حیزبەکان و بزووتنەوەکان لە پێکداچوون و تێهەڵکێشی نەتەوەگەری و ئیسلامگەری و هاوستراتیژیی ئابووری و سیاسیان.

خەڵکی (پێنجوێن) سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، دەربەندیخان لە مانگرتنی گشتیدان. سەرەتای بزووتنەوەیەکی تری جەماوەری بۆ پێداویستیە بنچینییەکان بەدەر لە ئەجیندای حیزبەکانی نێومان هێنان، بەڕێوەیە. ئەم ناڕەزایەتیـیانە دەریچەیەک بۆ ڕزگاری و ئاسۆی ئاڵوگۆریـیان هەڵگرتووە.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک