په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٥

چیتر گوندەکانى کوردستان چۆل مەکەن!!

عەبدولڕەحمان رەسول  


چۆلکردن و وێران کردنى گوندەکان بۆتە شتێکى باو ناشایەستە بە جوانى یەکانى سروشتى کوردستان کە بەمەش دەگوترێ کۆچکردن.

 

کۆچکردن بە هۆى چەوسانەوەى چینایەتى کە دەوڵەت و دەسەڵات لەبەرامبەر خەڵکى جوتیار و زەحمەتکێشى لادێ کان و گوندەکان و ئاواییەکان، بەڕێوەى دەبا. لە ئەنجامى زوڵم و زۆرى و چەوسانەوە و سەپاندنى باجى زۆرى ساڵانە و فەرامۆشکردنی ئاواییەکان و گوندەکان و لادێ کان لە ڕوانگەى خزمەتگوزاریی و ئاوادانکردنەوە و دابین نەکردنى پێداویستییەکانى وەکو (رێگاوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانە و... هتد).

 

ئەم جۆرە کۆچکردنە لە گوندەکانى باشوورى کوردستان دەستیپێکرد کە خەڵکى لە دوای رووخانى حیزبى بەعس و ساڵى ١٩٩١ دەستى بە ئاوەودانکردنەوەى گوند و لادێیەکانی باشوورى کوردستان کرد بەڵام بە هۆى نەبوونى بەرنامە و پلانى حکومەتى هەرێم و چارەسەرنەکردنى کێشەکانى زەویوزار کە چەندین کەس لەسەر زەوییەکانیان کوژران و برینداربوون، کێشەى زەویوزار هەتا ئێستا هەر ماوە، حوکمەت و پەرلەمان نەیانتوانیوە چارەسەرى کێشەى زەویوزار لە باشوورى کوردستان بکەن.

 

پاش ٢٤ ساڵ لە دەسڵاتدارێتى و حکومەتداریی حێزبەکانى یەکێتیی نشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان و لە سەردەمى ئێستاشدا کە حیزبە ئیسلامییەکان و بزووتنەوەى گۆڕان لە ناو هەمان حکومەت دان بەڵام بە بێ چارەسەر کێشەى زەویوزار ماوەتەوە، زۆرترین گوندەکانى باشوور بە کەمینەیەکى زۆر کەمەوە خەڵکى تێدا دەگوزەرێ و بەشێکیش لە لادێیەکان بە تەواویی چۆل کراون. بۆیە دەتوانین بڵێین خەڵکى گوندەکان بە بێ ویستى خۆیان و بە زۆرەملێ گوندەکانیان بەجێهێشت بەرەو شارەکان لەبەرئەوەى خێزان هەیە منداڵەکانى خوێندکارى ئامادەیی و بنەرەتییە بەڵام لەو گوندەدا خوێندنگەى نییە کە خوێندنەکەى تەواو بکا یاخود خانەوادەکەى هیچ کارێک نییە بیکا، یان ئەگەر کاریش بکا بەرهەمى کارەکەى نافرۆشێ ئەگەر بشفرۆشێ باى ئەو خەرجییە ناکا کە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکەى یان بەرهەمەکانى مەڕوماڵاتى کە خەرجى کردوە.

 

کێشەیەکى تر ئەوەیە کە زۆرینەى زەویی گوندەکان لە لایەن کەسانى خاوەن پلە و پایەى حیزبیی و حکومییەوە بە نرخێکى کەم لە جوتیارەکان دەکڕدرێ، لەبەرئەوەى بۆ جوتیار و خەڵکى زەحمەتکێشى گوندەکان سوودى زۆرى نابێ بە ناچاریی دەیفرۆشن تا لەگەڵ ئەندامانى خێزانەکانیان بۆ ماوەیەک پێداویستییەکانیان دابین بکەن و کەمێک ئاسوودە بن لە رووى ئابوورییەوە، هەرچى قەراخ جادە و رێگایەکان هەیە کە پێشتر ئەو زەوییانە بۆ بەرهەمى کشتوکاڵیی بەکاردەها بەڵام ئێستا لە لایەن سەرمادار و لێپرسراوانى حیزبیی و حکومییەوە شوورە کراوە یان تەلبەندکراوە بە حیساب کراوەتە باغ و خانوو یان فێلایەکى زۆر جوانى تێدا کراوە.

 

بۆیە دەبینین لە جیاتى ئاوەدانکردنەوە، گوندەکانى باشوورى کوردستان بەرەو چۆلبوون دەچێ. کەواتە چۆن دەکرێ خەڵکى لادێ و گوندنشین پشت بە بەرهەمى ناوخۆیى خۆیان ببەستن بۆ گەشەدان بە ئابووریی خۆیان و دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکانى خۆیان؟؟!!

 

ئەرکى حکومەتە بۆ ئاوەدانکردنەوەى گوندەکان بەرنامە و پلانى درێژخایانى هەبێ، بە تایبەت لە بوارى گەشەکردنى بەرهەمى ناوخۆیى وەک بەرهەمى کشتوکاڵیی و بەرهەمى مەڕوماڵات و بەرهەمى سپیایى و... هتد ئەرکى حکومەتە پێداویستییەکانى خەڵکى جوتیار و زەحمەتکێشى لادیەکان دابین بکا، ئەو گوندانەى کە کارەبا و ئاو و جادە و نەخۆشخانە و... هتدێی نییە حکومەت بە شێوازێکى شارستانیی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ دابین بکا بە بێ جیاوازییکردن لە نێوان گوندەکان، بۆ ئەوەى جوتیارەکان و خەڵکى گوندەکان دڵیان بە گوندەکان خۆشبێ و لە هەوڵى ئاوەدانکردنەوەى گوندەکاندا بن.

 

 

Abdulrehman.rasul@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک