١٢\١\٢٠٢١
جوانییەکانی
تۆ.

خولیا
حوسێن
لە کاتی قاشکردنی سێوێکی سوور
لە ئێوارەی پایزێکی زەرددا
لەگەڵ سپیکردنی پرتاقاڵێکی تەڕ
لە شەوە درێژەکانی تەنیاییدا
لەگەڵ هەڵوەراندنی هەر دەنکە هەنارێکی مزری
شەرابی، سوور
کە هەر دانەیەکیان لە نەقێمی ئەنگوستیلەکانی تۆ دەچن
تۆم بیر دێتەوە
کە رادەمێنم لە گەڵالەبوونی کڵۆبەفرەکانی
سەرچڵی درەختە رووتەکانی نیشتمانی غەریبی
تۆم بیر دێتەوە
کە دەبینم ژنێکی عاشقی
چاو زەردی
دەم بەپێکەنین
باسکی لە قۆڵی هاوژینەکەی هەڵکێشاوە و
بەیەکەوە چاوەڕوانی پاسی شار دەکەن
هەر قسە دەکەن و
لە گفتوگۆی یەکتری تێر نابن
تۆم بیر دێتەوە
کە مەرکانەکانم ئاو دەدەم
کە یاری لەگەڵ پشیلەکەم دەکەم
کە منداڵەکانم لەباوەش دەگرم و
ماچیان دەکەم
تۆم بیر دێتەوە
جاران تۆ شتە جوانەکانی من بوویت
ئێستاش شتە جوانەکانی من تۆیت
باکم نییە ژیان رووتیش بێتەوە لە جوانیی
من هەر بیری تۆ دەکەم
جوانییەکانت هیندە زۆرن
لەگەڵ دنیا بەشیان دەکەم.
ماڵپهڕی خولیا حوسێن
|