په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٤

    جوانیی خۆڕسک و سروشتیی!

دارا خونچە


پێشکەشە بەو ژنانەی بوونی خۆیان لە زێڕ و زیو و پۆشاک و تیفتیفەدانی جەستەیان دەبیننەوە!

ئەزیش نێرم و
حەز و ئارەزوو و رامانی پیاوانەشم
                    زۆر سەرڕێژە..
لێ ئەو دەمەی کە دەتبینم
       گوارە و خەزێم و خەناوکە و گەردەنلغان
                سەرپۆشی زێڕ و پرپرە و تیتلە و بیتلان
       سەر و ملانت داگیر دەکەن؛
                یەک گەردی رۆشن لە مەژییت نادۆزمەوە..
               ئیدی پیاوەتییم دادەمرێ و
                             بێ بڕست و خاو دەبمەوە!
    *     *     *
ئەزیش نێرم و
حەز و ئارەزوو و رامانی پیاوانەشم
                    زۆر سەرڕێژە..
لێ ئەو دەمەی کە دەتبینم
گوڵ و گۆبەرە و ئەشقبەند.. دوگمە و دۆراب و کەمەربەند
زیو و زەنگیانە و ئەڵماس و مۆری و مەرجان و مێخەکبەند
      چەفتە و سوخمە و بەرهەڵبێنە و لەچک و پشتبەند
      بەر و پشتت.. تا سەر ران و بەر دامەنت دادەپۆشن؛
               یەک ''نا'' وە رووی نێرەوزان
                             لە هەڵوێستت نادۆزمەوە..
               ئیدی پیاوەتییم دادەمرێ و
                            دادەکەوم و سست دەبمەوە!
    *     *     *
ئەزیش نێرم و
حەز و ئارەزوو و رامانی پیاوانەشم
                    زۆر سەرڕێژە..

لێ ئەو دەمەی کە دەتبینم

          چەپک و ئەڵقە و ئەنگوستیلە
             بازن و قەف و قوفل و خڕخاڵ
دەست و پەنجە و مەچەکانت.. شان و باسک و پێ و پلانت
       سندم دەکەن؛
            ئەوەی ناوی ئازادییە لە بوونتدا نایدۆزمەوە..
               ئیدی پیاوەتییم دادەمرێ و
                            بێ هومێد و سارد دەبمەوە!
    *     *     *
ئەزیش نێرم و
حەز و ئارەزوو و رامانی پیاوانەشم
                    زۆر سەرڕێژە..
لێ ئەو دەمەی کە دەتبینم
پاژنەکانت یەک بستی رێک بەرزترن
       لە نووکی پەنجەی پێیانت؛
               هێندە لە کنم چووک دەبیەوە
                            لە چووکییاندا ناتدۆزمەوە..
               ئیدی پیاوەتییم دادەمرێ و
                             خۆم ناگرم و لار دەبمەوە!
    *     *     *
ئەزیش نێرم و
حەز و ئارەزوو و رامانی پیاوانەشم
                    زۆر سەرڕێژە..
لێ ئەو دەمەی کە دەتبینم
   مەمکۆڵانت
   لە نێو دوو جۆڕکی تەسک و تەنگ
       نیوە رووت و روو لە ئاسمان لە شەڕ دانە؛
               بێجگە لە ستەم و زۆرداریی
                     هیچی دیکە لە گیانتدا نادۆزمەوە..
               ئیدی پیاوەتییم دادەمرێ و
                            دادەڕژێم و پووچ دەبمەوە!
    *     *     *
ئەزیش نێرم و
حەز و ئارەزوو و رامانی پیاوانەشم
                    زۆر سەرڕێژە..
لێ ئەو دەمەی کە دەتبینم
             چاو و ئەبرۆ و قژ و زولفت
                              گۆنا و گەردەن و لێوانت
             قوڕگ و لاجانگ و لاملانت
                            تا سەر سینگ و مەمکۆڵانت
      لە بن رەنگ و توێژ و قڕێژی دەرماناندا بزر دەبن؛
                نەوەک تەنێ مێینەییت
                               خودی خۆشت نادۆزمەوە..
               ئیدی پیاوەتییم دادەمرێ و
                         سیس و پووت و کاڵ دەبمەوە!
    *     *     *
ئەمن لەمێژە وەک مرۆڤ لێت دەڕۆنم
      ئیدی بەسە و
     چیدی جەستەی پڕ لە جوانییت
                       
- جوانیی خۆڕسک و سروشتییت -
                             مەشێوێنە و
                             چیدی ئەمنیش مەڕەنجێنە!

 

سەرەتای ئابی ٢٠١٤ - دۆڤەر

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک