١٣\١٠\٢٠١٨
جوانترین راژە!

جەلال قادر
لەسەر خۆ تاکسییەکەم لێدەخووڕی... لەبەردەم پارکێک ژن و مێردێکی
پیروپەککەوتەم بینی ، لەسەر کورسییەک دانیشتبوون و بە شادییەوە سەیری
کۆمەڵی منداڵیان دەکرد کە لەناو پارکەکە جۆلانێیان دەکرد!
لە دلێ خۆم وتم: لە کۆتاییدا دەبێت ژیان بە سادەیی وەرگرین...بۆچی دڵی
یەکتر بشکێنین.
لەو ئەندێشە و بیرکردنەوانەدا بووم. ژن و مێردێکیتر کە تەمەنیان نزیک
پەنجا ساڵێک دەبوو. دەستیان بۆ بەرزکردمەوە.
کاتێ ماشێنەکەم وەستان...پیاوەکە بەتەنیشتمەوە دانیشت. ژنەکەش لە دواوە
دانیشت.
پێم بە بەنزین ناو وتم : بۆ کوێ؟
پیاوەکە وتی: شەقامی پێنج لە (گلیب)!
ژنەکە وتی: وا باشترە من دابەزم.
پیاوەکە ئاوڕێکی دواوەی دا و وتی : چیبوە دیسان؟
- چیبووە...تۆ لەمن دەپرسیت...بۆ لە پێشەوە دانشتووی؟ بۆ نەهاتی بە
تەنیشتمەوە دانیشی.
+ بمبوورە... حەزدەکەیەت تاکسییەکە رادەگرم و دێمە دواوە.
- نەخێر نامەوێت بێیتە تەنیشتم دانیشت... دەبوایە یەکەمین جار ئەو
کارەت بکردایە...نازانم بۆ پیاوان درەنگ بیردەکەنەوە.
لە شەقامی یەکەم کە تێپەڕین کچێکی شۆخ و جوانمان بینی لەگەل سەگەکەی
ڕێی دەکرد.
لە ناکاو ژنەکە دەستی خستە سەرشانی مێردەکەی و وتی : ئەوە چاوت ژانی
نەکرد... ژنت نەبینیوە؟
+ من سەیری سەگەکەم کرد..
- بەلێ .. بەڵێ.. چەند جوانش قایش و کەمەرت بەستووە...ئەی بۆ بە منت
نەوت قایش ببەستم.
+ خۆ تۆ منداڵ نیت تا پێت بلێم خۆت ببەستیتەوە.
- تۆ هەمیشە بیر لەخۆت دەکەیتەوە...لەنان خواردن وگەڕان و سەیران..
+ ئێستا تۆ چیت لەمن دەوێت؟
- من چیم لەتۆ دەوێت؟ تۆ خۆت چیت لەمن دەوێت...هەرکات دەلێم ئەوە مەکە
دەیکەی...
لەم کاتە هەستمکرد شەڕو دەمەقالێکەیان بێ واتایە و خەریکە گەرمتر دەبێت.
بۆ هێورکردنەوەیان، وتم : ژیان ئەوە ناهێنیت دڵ یەکتر بشکێنن...
کەسەکەی تەنیشتم بە تووڕەییەوە ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی : تۆ بۆت نییە
قسە بکەیت!.
پێکەنیم و وتم : بە خوا ئەمەش لەوەیتر بێ هۆشترە...
کە گەیشتمە بەردەم ماڵیان کرێیەکەیان داو خێرا دابەزین و لە ئاوێنەی
ماشێنەکەوە بینیم ژنەکە چەند هەنگاوێک لەپێش پیاوەکەوە ڕێیدەکرد و
بۆڵەبۆلی بوو.
ئەم دووەیان بێزاریان کردم.. لە داخان بەرەو شەقامی (کۆلینەید ) بەدەم
کەناڵەکەوە ڕۆیشتم... تا سەیری دیمەنی جوانی پارک و جۆگەلە و رووبار
بکەم.
لە پشتی زانکۆی ( کارڵتۆن) کچ و کوڕێکی لاوی جوان دەست لەناو دەست ...هێمایان
بۆ کردم.. چرای چوارییەکەم داگیرساند و راوەستام. هەردووکیان لە پشتەوە
دانیشتن.
لە ناو پارچە کاغەزێک ناونیشانی موتێڵێکی لەسەر بوو دایانە دەستم.
لە پاشان کەوتنە ماچکردنی یەکتر و گاڵتە وگەپ و پێکەنین.
ئینجا کچەکە خۆی هەڵدایە باوەشی کوڕەکە، کوڕەکەش دەستی بە قژیا دەهێنا
و ناوناوە ماچی دەکرد.
شادمان بووم بەم دوو کەسە جوانە، بەلام لە خۆشم دەپرسی: ئەگەر لەوە پتر
لەیەکتر بئاڵێن بە پێی یاسا بۆم هەیە ڕێگەیان لێبگرم.
لەم بیرکردنەوەیەدا بووم... گوێم لە هەناسەکانیان بوو... ئاوڕمدایەوە
بینیم گەنجەکە بەسەر کچەکەوەیە.
لەترسی ئەوەی مۆڵەتی شوفێرییەکەم لەدەست نەدەم و جوانترین راژەیان
پێشکەش بکەم.. پێم بە بەنزین نا و.. تا گەیشتمە بەردەم موتێڵەکە ئاوڕی
دوای خۆم نەدایەوە!
ماڵپهڕی جهلال قادر
|