٦\٢\٢٠٢٠
جوانترین
شیعری نەزار قەبانی لەسەر خۆشەویستی.

نەزار
قەبانی |

و: جەلال
دەباغ |
نەزار قەبانی یەکێکە لە بەناوبانگترین شاعیرەکانی سەدەی نوێ، شاعیرێکی
عەرەبی سوریایە و ژمارەیەکی زۆر شیعر و دیوانی شیعریی نووسیوە کە زۆر
بەناوبانگن.. نەزار قەبانی نازناوی شاعیری ئافرەت و شاعیری رۆمانسیی
لێنراوە، چونکە نەزار داهێنەربوو لە شیعردا لەسەر ئافرەت و خۆشەویستی.
نەزار قەبانی ساڵی ١٩٢٣ لە بیست و یەکی ئاداردا لە شامی پایتەختی سوریا
لە دایکبووە، لە رۆژی ٣٠ نیسانی ١٩٩٨دا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا،
کۆچی دوایی کردووە. بەناوبانگترین دیوانی نەزار ئەمانەن: وێنە بە وشە،
منداڵی نەهد، خۆشمدەوێی .. خۆشمدەوێی، ئەوەی ماوە دێت، ئایا گوێت لە
حیلکەی خەمەکانمە و زۆر دیوانیتر کە ناوبانگیان دەرکردووەو زۆر لە
گۆرانیبێژانی عەرەب چەندان شیعری نەزاریان بە گۆرانی گوتووە و
بەو بۆنەیەوە زۆر بەناوبانگتر بوون، لێرەدا یەکێک لە جوانترین شیعری
نەزار قەبانی لەسەر خۆشەویستیی ئافرەت دەگۆڕینە سەر زمانی شیرینی کوردی
و بڵاوی دەکەینەوە:
جوانترین شیعری نەزار قەبانی لەسەر خۆشەویستی.
لەبەر دەمی خەڵکا دەڵێم تۆ خۆشەویستی من نیت
لە قوڵایی دڵیشمەوە خۆم دەزانم درۆم کردووە
لاف لێدەدەم کەهیچ شتێک، هەردوکمان کۆناکاتەوە
تا سەریەشە لە خۆم و خۆت دووربخەمەوە..
قاوە قاوی خۆشەویستی بدەمە دواوە..
کە خۆشیشە، مێژوی جوانم بخەمە کەلاوە
لە شێوازی گەمژەیەکدا، پاکانەکەم ڕابگەیەنم
ئارەزووەکانم سەربڕم..ببمە "ڕاهیب"(١)
بەمەبەست.. بۆنە خۆشەکەم بکوژم
لە بەهەشتی چاوەکانت دەرچم .. ڕاکەم
رؤڵێکی پێکەنیناوی بگێڕم.. ئەی خۆشەویستم..!
لە نمایندەکردنی ڕۆڵم بێ هیوا بگەڕێمەوە.
شەو – ئەگەر بیەوێ- ئەستێرەکانی ناشارێتەوە
دەریا- ئەگەر بیەوێ- پاپۆڕەکانی ناشارێتەوە
من سەرپشکم کردوویت، خۆت هەڵیبژێرە:
مردن لەسەر سنگم..
یان لەسەر دەفتەری شیعرەکانم..
هەڵبژێرە، خۆشەویستی.. یان خۆشنەویستی؟
ترسنۆکییە هەڵنەبژێری..
لە نێوان بەهەشت و ئاگردا
ناوچەیەکی ناوەند نییە..
بەتەواوی کاغەزەکانت فڕێدە
دەستت دەرخە..
هەربڕیارێک بدەی قایلم
بڵێ. هەڵچۆ. بتەقێرەوە..
وەکو بزمار ڕامەوەستە
من ناتوانم تا هەتایە
وەک کا لەژێر وەشتا(٢) بمێنمەوە
چارەنووسێک لەم دووە هەڵبژێرەوە
سەختترین چارەنووسم..
تۆ ماندویت و.. تۆ ترساویت..
رێگە پیاسەم زۆر درێژە
وەرە نوقمی دەریاکەبە.. یان دوورکەوە
دەریای بێ گێژبوون هەرنییە
خۆشەویستی.. رووبەڕووبوونەوەی مەزنە
دژی تەوژم.. دەریا بڕینە..
پتەوە.. ئازارچەشتنە..فرمێسک ڕشتنە
کۆچی نێوان مانگەکانە
ترسنۆکیت من دەکوژێ ئافرەتەکە
لە پشت پەردە.. ڕادەبوێریت
من باوەڕم بە خۆشەویستییەک نییە
بازدانی شۆڕشگێڕان هەڵنەگرێ
هەموو دیوارەکان نەشکێنێ..
وەک گەردەلوول تێنەسرەوێنێ..
ئاخ.. خۆزگە خۆشەویستیت قوتمبدا
هەڵمکەنێ.. وەک گەردەلوول..لوولمبدا..
من سەرپشکم کردیت..کە خۆت هەڵیبژێری
لەنێوان مردن لەسەر سنگمدا
یان لەسەر دەفتەرەکانی شیعرمدا
لە نێوانی بەهەشت و ئاگردا
شوێنێکی ناوەندنییە..
زۆرم خۆشدەوێیت
دەشزانم رێگا بۆ مەحاڵ درێژە
هەروا دەشزانم تۆ خانمی خانمانی
جێگرەوەی تۆشمنییە
دەشزانم ڕۆژگاری سۆزو تاسە.. کۆتایی هات
پەیڤینی جوانیش مردن و، نەمان..
دەبێ چی بڵێین.. بۆخانمی خانمانی ژنان
زۆرم خۆشدەوێیت..
زۆرم خۆشدەوێیت و، دەزانم
من لە تاراوگەیەک دەژیم
تۆش لە تاراوگەیەک دەژیت
لەنێوانی هەردووکماندا
ڕەشەباو
هەورو
تریشقەو
بروسکەو
بەفرو ئاگرە..
دەشزانم گەیشتنە چاوەکانت خەیاڵێکی خاوە
دەشزانم کە گەیشتنەلات خۆکوشتنە..
بەختەوەرم گرانبەها..! لەپێناوتا خۆمبەختکەم
ئەگەر سەرپشکم بکەن
دیسان خۆشەویستیت دووبارە هەڵدەبژێرمەوە
ئەی ئەوەی کراسەکەتم لەگەڵای دار بۆ چنیویت
ئەی ئەوەی بەئارام لە دڵۆپەکانی باران پاراستومیت
زۆرم خۆشدەوێیت..گیانەکەم
دەشزانم من لە ناو دەریای چاوەکانتدا سەفەردەکەم
بێ دڵنیایی.. ژیریم لەدوامەوە جێدەهێڵم و ڕادەکەم
ڕادەکەم.. بە دوای شەیداییمدا.. ڕادەکەم
ئەی ئەوئافرەتەی لەنێوان هەردوو دەستیدا
دڵەکەی گرتووە..
لە خودا دەخوازم جێمنەهێڵیت..
جێممەهێڵە..
ئەگەر تۆنەبی من چێم؟
زۆرم خۆشدەوێی
زۆر زۆر..
شتیوا ناکەم لە ئاگری خۆشەویستیت دەستبکێشمەوە
ئاخۆ شەیدای ئەشق دەتوانی دەستبکێشێتەوە
چ شتێک نیگەرانم دەکات
ئەگەر بە زیندویی لە ئەشق دەرچووم
چ شتێک نیگەرانم دەکات
ئەگەر بە کوژراوی لە ئەشق دەرچووم
ئایا گومانت هەیە کە تۆ جوانترین ئافرەتیت لە دنیادا؟
گرنگترین ئافرەتیت لە دنیادا؟
ئایا گومانت هەیە کە تۆم دۆزییەوە..
هەموو کلیلەکانی دنیا بوون بەموڵکی خۆم؟
گومانت هەیە لەوەی کە کاتێک دەستەکانم گرتیت
هەموو پێکهاتەی دنیا گۆڕدرا؟
گومانت لەوەیە کە هاتنت بۆ ناو دڵم
مەزنترین رۆژە لە مێژودا
جوانترین هەواڵە لە دنیادا؟
ئایا گومانت هەیە لەوەی کە تۆ کێیت؟
ئەی ئەوەی بە چاوەکانت.. بەشەکانی کات داگیردەکەیت؟
ئەی ئەو ئافرەتەی کاتێک تێپەڕدەبیت
دیواری دەنگ دەشکێنیت..
نازانم چیم لێ روودەدا؟
وەک تۆ مێینەی یەکەممبیت..
وەک من پێش تۆ کەسم خۆشنەویستبێت
وەک من خۆشەویستیم نەکردبێ..
ماچم نەکردبێ و، ماچ نەکرابم..
هاتنەدنیام تۆیت..لەبیرم نییە پێش تۆ هەبووبم
داپۆشەرم تۆیت..لە بیرم نییە پێش تاسەو سۆزی تۆ ژیابم
هەر وەکو من ئەی شاژن..
وەک چۆلەکە لە باوەشی تۆ دەرچووبم
ئایا گومانت هەیە کە تۆ بەشێکیت لە خودی خۆم؟
کە من لە چاوەکانی تۆوە ئاگرم دزیوە..
مەترسیدارترینی شۆڕشەکانم بەرپاکردووە
ئەی گوڵ..ئەی یاقووت..ئەی ڕێحانە..!
ئەی سان..
ئەی گەلێر..
ئەی شاژنی ڕەوا لەناو هەموو شاژنەکاندا.!.
ئەی ئەو ماسییەی لەناو ئاوی ژیانمدا مەلەدەکەی
ئەی ئەو مانگەی گشت ئێواران
لە پەنجەرەی وشەکانەوە دەردەکەوی..
مەزنترین داگیرکردن.. لەنێوان گشت داگیرکردنەکانمدا(٣)
ئەی دوا نیشتیمان کەتێیدا لەدایکدەبم..
هەر لەوێشدا دەنێژدرێم..
نووسینەکانمی تێدا پەخشدەکەم..
ئەی ژنی سەرسوڕمان..هاوسەرەکەم
نازانم چۆن شەپۆلەکە منی هاویشتە سەرپێیەکانت
نازانم چۆن هاتی بۆلام..
نازانم چۆن هاتم بۆلات..
ئەی ئەوەی پێشبڕکێی گشت مەلەکانی دەریا دەکەیت..
کەلەسەر مەمکۆڵەکانت هێلانە بکەن..
چەند بەختم گەورەبوو کە تۆم دۆزییەوە..
ئەی ئەو ئافرەتەی دەچیتە ناو پێکهاتەی شیعر..
گەرمیت تۆ.. وەک لمي دەریا..
قەشەنگیت تۆ وەک شەوی قەدر..(٤)
لەو رۆژەوە لەدەرگاتدام..تەمەنی من دەستی پێکرد
شیعرم چەند جوانبوو..
کاتێک لە نێوانی دەستەکانتدا پەروەردەبوو
چەند دەوڵەمەندو..بەهێزبووم..
کاتێک یەزدان تۆی پێبەخشیم
گۆمانت هەیە کە تۆ تروسکەی چاوەکانمیت..
دەستەکانت بەردەوامیی رۆشنایی هەردوو دەستمە..
ئایا گومانت هەیە کە..
پەیڤت لە لێوی منەوە دەردەچێت؟
گومانت هەیە کە..
من لە تۆدام ..تۆ لەمندای؟؟
ئەی ئەو ئاگرەی بەگیانمدا دێیت و دەچیت
ئەی ئەو میوە خۆشەی، لقەکانمت پڕکردووە
ئەی ئەو جەستەیەی وەک شمشێر دەبڕێ،
وەک گڕکان(٥) لێدەدا..
ئەی ئەو گۆی مەمکۆڵەیەی..
بۆنی دێ وەک کێڵگەی توتن
بەرەورووم غاردەدا وەک ئەسپ..
پێمبڵێ:
لە شەپۆلەکانی لافاو چۆن خۆم رزگارکەم؟
پێمبڵێ:
چیت لێ بکەم؟ من لە بارودۆخی ئاڵودەکاردام
بڵێ چار چییە؟ تاسەکان و تامەزرۆییم پێم
گەیشتونەتە سنووری وڕێنە...
ئەی خاوەن کەپووی(٦) وەک گرێک
خاوەن پرچی وەک ئیسپانی
ئەی ئەو ئافرەتەی لە هەزاران رۆژگاردا دووبارە نابێتەوە..
ئەی ئەو ئافرەتەی بەپای پەتی..
لەدەروازەی خوێنبەرمدا سەمادەکا..
لەکوێوەهاتی؟ چۆن هاتی؟
چۆن ویژدانمت ڕاماڵی؟
ئەی یەکێک لە خۆشییەکانی ژیانم..
ئەی هەوری خۆشەویستی و تاسەم..
ئەی بەنرخترین مرواریی دەستەکانم..
ئاخ.. یەزدانم چەند بەخششی پێداوم..
__________________________________________
واتای هەندێ وشە (ج.د):
١- (راهب): لە ئاینی مەسیحیدا بەو ژن یان پیاوە دەڵێن کە لە زۆر شتدا
تەرکی دنیادەکەن و، شووکردن و ژنهێنان ناکەن.
٢- وەشت: باران.
٣- داگیرکردنەکان:
(فتوحات).
٤- شەوی قەدر: بە شەوێکی پیرۆز ناسراوە، لە دە شەوی تاک، لە دەیەی دوایی
مانگی ڕەمەزاندا کە قورئانی تێدا هاتووە.
٥- گڕکان: بورکان.
٦- کەپوو: لووت.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|