په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٦

چیڕۆک بۆ منداڵان:

جوانوویەکی بچووک.

رەزا ساڵح      


لە سەردەمێکی کۆندا، جوانوویەکی بچووک لە گەڵ دایکیدا، لە کێڵگەیەکی جواندا بە خۆشی و، بە هێمنی دەژیـان.. رۆژانە تاوێک کێبڕکێیان دەکرد و چەند تاوێکیش دەلەوەڕان.. لە یەکتری دانەدەبڕان.. کە تاریکیش دادەهات.. دەچوونەوە بۆ ناو گەوەڕەکەی خۆیان، تا بە ئارامی و بە ئاشتی بنوون.


رۆژێکیان لە پڕێکدا، جوانووە بچووکەکە ، ژیانی لێ تەسک بۆوە.. هەستی بە بێـزاری کرد.. وا هەستی کرد ژیـان لە کێڵگەکەیاندا بەرتـەسک بۆتەوە و تـامو خۆشیینەمـاوە .. ویستی شوێنێکی کە بدۆزێتـەوە، کە لە شوێنـەکەی خۆیان خۆشتر و جـوانتر بێت.


دایکی وتی: "رۆڵە گیـان، پێم ناڵێـیت بۆ کـوێ بـڕۆین..؟ کێڵگەکەمان بۆ کێ بە جێ بهێـڵین..؟ ئەمـە زەوی باوباپـیرانمـانە..".

 
جوانووەکە گوێی بە قسەکانی دایکی نەدا و، سووربوو لەسەر رۆیشـتن.. ماڵئاوایی لە دایکی کرد.. بەڵام دایکی لێی نەگەڕا بە تەنیا بڕوات، لەگەڵیـدا رۆیشت و، چاوەکانیشیی پڕببون لە فرمێسک.. سەر لە بەیانی ئەو رۆژە بە رێکەوتـن.. بە زەوی پـان و بەریندا رۆیشـتن.. لە هەچ زەوی و کێڵگەیەک نزیک دەبوونەوە، کە ئـاژەڵانی تر لەسەریان دەژیـان.. بۆ ئەوەی کەمێـک بلەوەڕێن.. ئاژەڵەکان رێیان پێنادان کە لەسەر زەوییەکانیاندا بلەوەڕێـن.. لە هەر کـانی و، کۆلێک نزیک دەبوونەوە، کە ئاوبخۆنەوە، رێیانلێدەگرتن و نەیان دەهێشت ئاو بخۆنەوە.. ئەو رۆژە بە برسێتی و بە توونییەتی مانەوە .شەویان بەسەردا هات.. شوێنی حەوانەوە و نووستنیان نەبوو.. بە برسێتی و بە ترس و بە نائارامی تا بەیانی لە دەرەوەدا مانەوە و خەویان لێنەکەوت.


لە دوای ئەم تاقیکردنەوە تاڵەدا.. جوانووەبچووکەکە زۆر پەشیمان بۆوە.. داوای لێبووردنی لە دایکی کرد.. بڕیاری دا کە بگەڕێنەوە بۆ کێڵگە جوان و خۆشەکەی خۆیـان ،کە زەوی باوباپیرانیانە.. پـڕە لە خواردن و بە ئەوپەڕی ئازادی و ئارامی ودڵنیاییەوە لێی دەژین.

 
جـوانووەکە ئەو راستییەشی بۆ دەرکـەوت.. ئەوەی زەوی خۆی جێبهێڵێت.. بە نامۆیی و بە نائارامی دەژیت.

______________________________
* جوانوو: جوانەمایین: (بێچووی مایین).
منداڵە جوانکیلەکانی کوردستان.. ئەو مەبەستەی کە لەم چیرۆکەدایە .. ئەوەیە کە هەرکەسێک نیشتمانەکەی خۆی لە هەموو شوێنی لا خۆشتر و شیرینترە.. ئەگەر جێشی بهێڵێت.. هەست بە نامۆیی دەکات.. چونکە ئەو ئازادییەی کە لە نیشتمانەکەی خۆیدا هەیەتی، لە شوێنانی تردا بەو رادەیە نییە و.. وەکو بێگانەیەک لێی دەڕوانـن.

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک