په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٢

١٣\٤\٢٠٢٤ نوێکرایەوە.

١٤\٤ کێ کردی بە ڕۆژی ئەنفال؟ 


عەلی مەحمود محەمەد   


ئەنفال مەرگی خێراو لەسەرخۆی بە ئازاری گەلێک بوو, مەرگێک پرۆسەی روح کێشانەکەی ١٩٧ ڕۆژی خایاند, ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیکردنی لادێنشیینەکان کوردستان و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانییەکانی و نەهێشتنی مرۆڤێک بە ناوی کوردەوە, لە سەرەتا لە دەرەوەی شارەکان جاڕی کۆمەڵکوژی دا, دوایی ناو شارەکانیشی گرتەوە, سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەکانەوە وەک حەزییایەک لە هەرچوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێکانی کوردستانیان دا, ئەوەی ڕزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە ببڕیای ببڕای نەیانمان بینییەوە. هەموو ڕۆژەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنی مەرگە, مەرگەساتێکی پڕ لە وەیل بوو, ڕۆژگارەکانی دواشی ژیانی ناو مەرگەساتەکانی تۆپزاو و نگرەسەلمان, چاڵ و پەناگای گولەبارانکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان هەموو مێژووییەکی دانەبڕاون لە یەکتر, بە ئەڵقەیەکی هەتا هەتایی پێکەوە گرێدراون, مێژووییەک بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان, جێی خۆیەتی یادی هەموو ئەو تاوان و کارەسات و قوربانیانە بکرێتەوە کە لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام دران بە ناوی ئەنفال. ئەوەی لە ناوییدا نەژییا بێت, ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی تاوان و کارەساتە جەرگ بڕەکانی نەبینیبێت, ئەوەی ئێش و ئازارەکانی بە جەستە و روح نەچەشتبێت, ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەکانی, گەڕان بە دوای پارچە جگەرەکانی , ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت و لەو جەهەنەمە نەگەڕابێتەوە, ناتوانێت وینای چیرۆکەکانی ئەو مەرگە ساتە بکێشێت, ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر دوورترە, ئەمە ئەو جیهانەیە لە وێنای جەهەنەمی ئاینەکان و دۆزەخی عاشقان گەورەترە, ئەمە جیهانێکی تایبەتە کورد ناوی ناوە ئەنفال و مرۆڤایەتیش ناوی ناوە جینۆساید.
خۆ ناشتوانرێت هەموو ڕۆژەکانی ئەنفال, بکرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەکانی قوربانیان, چونکە فەزایەک بۆ ژیان, کاتێک بۆ بیرکردنەوە و هەنگاو نان بۆ ئایندە, چرکە ساتێک بۆ بۆ ژیانی دوا ڕۆژ نامێنێتەوە .
لە بیرکردنەوەی یاداوەرییەکانیش مانای لە بیرکردنی تاوان, لە یاد کردنی خیانەت, لە بیر کردنی مێژووی تاڵ و شکستەکانی ڕابردوو دێت, گەلێکیش ڕابردووی غەدر و کارەساتەکانی لە بیر بکات, مانای ڕازییە بە کوشت و بڕەکانی داهاتووش, مانای ملکەچ دەکات بۆ زەلالەت و قەسابییەکان کەوا چاوەڕوانین, لەبیرکردنی یاداوەرییەکان یانی دەست ئاواڵە کردنی داهاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی کارەساتە ترسناکەکان. بۆ ئەوەی لە داهاتوو مەرگە سات و قەسابی کردنەکانی رابردووی خۆمان لە یاد نەچێت, بۆ ئەوەی ئێسکەکانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەکان دەرکەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجییەکان بکەین, پێویستمان بەوە هەیە لە ڕێگەی یاد کردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەک گەلێکی بەردەوام لە پرسە و خەبات کەر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن دانێین, گەلێک ئامادەیی ئەوەی هەیە ڕابردووەکان خۆی وەک ئەوەی هەبووە بخوێنێتەوە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو, ئێمە چاومان لە داهاتووە, بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داهاتوییەکی ڕون و گەش دابین بکەین و هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە, هەرچەندە بوونی تاوانبارانی کورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەکات و یادکردنەوەکانمان تاڵە کەن , بەردەوام ئازارمان دەدەن.

بۆ بەرواری ١٤-٤

شێخ وەسانان و بادینان و سەردەشت یەکەم شارو ناوچە بوون, بەر لێدانی چەکی کیمییاوی کەوتن لە کوردستان, بەڵام هەڵەبجە کرا بە ڕۆژی شەرمەزارکردنی چەکی کیمیاوی لە کوردستان وە چووە لیستی گینزەوە وەک خاوەند زۆرترین قوربانی چەکی کیمیاوی لە جیهان, چونکە قەبارەی زیانەکانی گەورەتر بوو لە هەمووان و تاوانەکە ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر و دواتر کە هاتن. بر بەرز راگرتنی یادگە, هەموو تاوانێک پێویستە ڕۆژێک هەبێت بۆ یادکردنەوەی, بوونی ڕۆژێکی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەکە لە لایەن نەتەوەوە بۆ لەبیر نەکردنەوەو سزا دانی بکەرانی, هەروەها گرنگیشە بۆ بەردەوام هێشتنەوەی لە زەینی نەوەکانی داهاتوو و باشتر کردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە, ئەمە لە پاڵ ئەوەی بەرز راگرتنی یاداوەری بەشێکە لە قەرەبوو کردنەوەی مەعنەوی قوربانیان.

کام رۆژ بۆ ئەنفال؟

ئەنفالیش بەهەمان شێوە دەبێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە ١٩٧ رۆژییەی کە لە جەرگەیدا نزیک بە ١٠% گەلەکەمانی تێدا کوشت و بڕ کرا, نە یەکەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی ئەو تاوانە لە رویی مرۆییەوە ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بکرێن بە ناوەندی ڕۆژی یاداوەری, گەورەترین قەبارەی تاوانەکە لەپرۆسەکە ئەنفالی سێی گەرمیانە (دیاری کردنی ئەو ژمارانەی ڕژێم بۆ شەش پرۆسەی ئەنفالی ٢ و ٣ و ٤ و ٥ و ٦ و ٧ی ئەنفالەکانی دیاریکردووە بە کارێکی باش نازانم, بەڵکە ئەنفالەکان پێویستە بە ناوی ناوچەکانیانەوە ناو زەد بکرێن لە داهاتوودا, هەرچەندە لەوەشدا گرفتێک هەیە چونکە ئەو پرۆسانە هەموو ناوچەیەک زیاتریات گرتۆتەوە).
ئەنفالی گەرمیان کە لە ڕۆژی ڕەشی ٧ نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێکرد و لە ٢٠-٤ کۆتایی پێهات, وەک بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەکان بوو, هەرچەندە لەم شاڵاوەیان چەکی کیمیاوی بەکار نەهات جگە لە گوندی تازە شار وەک شیمانە دەکرێت, بە پێچەوانەی ئەنفالەکانی دیکە, کە سەرجەمیان بە لێدانی چەکی کیمیاوی دەستیان پێکرد, وەلێ پێدەشتەکانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس بۆیە زیانەکان گەورە بوون , ئەمە لە پاڵ لە خشتەبردنی خەڵک لە لایەن جاشەکانەوە بە بوونی لێبوردنی گشتی, هەندێک جار مەلای مزگەوتەکانیش کەوتوونەتە ئەو تەڵەیەوە, لەگوندی تازە شار پێشمەرگەکانی (( یەکێتی نیشتمانی کوردستان , حیزبی شیوعی عێراقی)) قوربانی گەورەیان دا, بەڵام نەتوانرا پێش بە هێرشەکان بگیرێت, قەبارەی سوپای هێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە و جەماوەر, کە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی کاریگەریان بەر کەوتبوو و تواناکانیانیان لاواز کردبوو, زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەکانی ١٣-١٤-١٥٤-١٩٨٨دا بوو , بە تایبەتیش ڕۆژی ١٤-٤ , زیانەکانی ئەو ڕۆژانەی تاوانەکە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون کە بە سێیەک بۆ نیوەی کۆی قوربانیەکانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت, شەوی ١٣لەسەر ١٤ ی ٤ بازنەی ئابلوقەدانی خەڵک تەسککرایەوە, کە رۆژی دواتر لە گوندی ملە سوورە زۆربەی خەڵکەکە لە لایەن جاشەکانەوە تەسلیمکرانەوە, لەو رۆژانە لە قادر کەرەم و سەنگاو لەیلانیش زیانەکان زۆر بوون, لە ڕۆژی ١٤ نیساندا لەهەردوو گوندی ملەسورەو کوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پاش تەنگکردنەوەی بازنەی ئابلوقە لە سەریان هەموویانیان کۆکردەوە و ئەنفالیانیان کردن , جاشەکان ڕۆڵی کارایان هەبوو لە ئەنفالکردنی ئەو خەڵکە. لەو ڕۆژەدا هەزاران کەس خەڵکی ناوچەکە کە بەشی زۆرییان ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بوون کۆکرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆرو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتییانی ئەنفالکراو گواسترانەوە بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەکەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی شاری خانەقینەوە, ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی ١٩٧٤ ەوە تەعریب کراوە).
پاشماوەی جل وبەرگەکانیان تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش مابوون.
بەم هۆیەوە رێکەوتی ١٤-٤ وەک ڕۆژێک تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال گەیشتە ترۆپکی تاوان هەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال, ڕۆژێک دەیان هەزار هاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسکردنەوەیان لە ناو بازنەیەکی تەسک لە لایەن جاشەکانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف تەسلیم بە بەعس کرانەوە, بۆیە کاتێک ١٤-٤ دێتە پێشەوە دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییکردن, ئەگەر تا ئێستاش و دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکان بەشێکیانی وەک تۆمەتبار بۆ دادگاییکردن ناساند.


حکومەت لە خەو هەڵسا.

دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال هەنگاوێکی گرنگ بوو لە سەر دیاریکردنی ڕاستە ڕێگایەکی درووست بۆ بە گەلی کردنی یاداوەری تاوانی ئەنفال و جینۆسایدناسینی و بە مێژووکردنی و هەوڵدان بۆ باشتر کردنی باری ژیای بەجێماوەکانی قوربانیان .
هەموو کات زیان هەتیوەو قازانج باوکی زۆرە, کە بۆ یەکمجار داواکرا ١٤-٤ بکرێت بە ڕۆژی ئەنفال, دەستەبژێرێکی کەم لە دەوری بانگەوازەکەی کۆبوونەوە, تەلەفزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا, ڤیستیڤاڵ لە رێکخەرانی تێکدرا, لافیتەی بانگەوازی پێچرایەوە و بڕیاری گرتن بۆ چالاکڤانانی دەرکرا, کەسێک خۆی ناکرد بە خاوەندی, وەلێ کە هەوڵی بێپسانەوە و بەردەوامی دەیان کەس کە ناویان هاتووە دەگات بە ئەنجام, لە هەموو لایەکەوە دەڵێن منم, هەموو کات خەڵکانی بەرژەوەند خواست لە دوای هەوڵەکانەوە ئامادەن بۆ دورینەوەی رەنجی خەڵکانی خۆنەویست .
دوای ١٩ ساڵ لە تاوانی ئەنفال , دوای ١٦ ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان , دوای ١٢ ساڵ لە نووسینەوەی یەکەم بەیانی فەرمی کە تیایدا داواکراوە ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت لە کوردستان , هەمان بەیاننامە لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوکراوەتەوە و ئەرشیفکراوە , دوای ئەوەی ترسی هەڕەشەی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نە هێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی کەس و کارەکانمان تۆقاندیانی, لە بەرواری ٤-٤ -٢٠٠٧ بڕیار لەسەر ئەوە درا ١٤-٤ بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت, با پێکەوە سەیری ئەم هەواڵە بکەین, رۆژی ١٤ی ٤ بە رۆژی ئەنفال ناسێنراوە :
" پیشنیوهـ‌رۆی دوینی ٤/٤/٢٠٠٧، ئهـ‌نجومهـ‌نی وهـ‌زیرانی کوردستان بهـ‌سهـ‌رۆکایهـ‌تیی نیچیرڤان بارزانی سهـ‌رۆکی ئهـ‌نجومهـ‌نی وهـ‌زیران و عومهـ‌ر فهـ‌تاح جیگری سهـ‌رۆکی ئهـ‌نجومهـ‌ن، لهـ‌ تهـ‌لاری ئهـ‌نجومهـ‌نی وهـ‌زیراندا کۆبوونهـ‌وهـ‌ی ئاسایی خۆی کرد. لهـ‌کۆبوونهـ‌وهـ‌کهـ‌دا رهـ‌زامهـ‌ندیی لهـ‌سهـ‌ر پرۆژهـ‌ی بریاری دانانی رۆژی ١٤/٤ی ههـ‌موو ساڵیک بهـ‌رۆژی ئهـ‌نفالکراوهـ‌کان وهـ‌رگیرا ".
بۆ نەپرسین دوای ١٦ ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان, زوو نەبوو رۆژێکتان دیاریکرد بە رۆژی ئەنفال؟

هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی ١٤-٤ بە رۆژی ئەنفال.

ئەو أۆژانەی دۆزی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی لایەنەکان نەبوو نووسەران و چالاکڤانانی ئەم بوارەش لە ژمارەی پەنجەکانی دەست کەمتر بوون, دۆسیەیەکی بص خاوەند بوو, کەمتر لە راگەیەناندنەکان باسی لێوە دەکرا ئەوەی هەشبوو پەرتوبڵاو بوو, هوشیاری لە بواری دۆزەکە زۆر لە خوار بوو. لەو ڕۆژانەدا کۆمەلصک چالاکوان و أۆشنبیر و هونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە, بە سکی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە, لە پاڵ نەبوونی و هەژاری خەمی ئەنفالەکانیان لە کۆل نا و شەویان دایە دەم أۆژەوە بۆ بە مصژوو کردنی ئەم تاوانە و دیاری کردنی أۆژصک بۆ یادکردنەوەی دەستەجەمعی, تاکو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە تاوانەکە و ساڵانە لە کات و ساتی خۆیدا یاد بکرێتەوە, ئەو یاداوەرییە نەمرێنرێت, لە بیری تاکەکانی گەلەکەمان بە زیندویی بمێنێتەوەو ببێتە ڕچەی ناساندنی لەئاستی جیهانیدا .
پصویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە هەوڵەکانیان بەری گرت بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال, ناویان بچصتە مصژووی بەگژدا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچییەکان, منیش وەک ئاگادارصکی زۆرتر لە هەر کەسصکی دیکە لە بەشێکی زۆری ئەو چالاکیانە, چەند دصرصک لەم یادە دەخەمە سەر کاغەز, بە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو ناوانەی بە بێ هیچ هۆکارێک لە یادیانم کردووە, ناڕەوایە ڕەنجی کەسانێک بۆ بەمێژوو کردنی ئەنفال هەوڵیان داوە لە یاد بکرێن, بەری ڕەنجی کەسانی دی, هەوڵ و ماندوبوونی کەسانی دی ئەگەر لەگەڵیانیشدا نەبیت لە یاد بکەیت, ئەوانەی بازرگانی بە تاوانەکانەوە دەکەن کاریان ئەوەیە.

کێن ئەوانە؟

پاش گەڕانێکی وورد بە ناو ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین , ئەوەی کەوتە بەر سەرنجم, یەکەم وتار لە سەر ئەو أۆژە نووسرابێت بە أصز أ خ لە کوردستانی نوصی ژمارە ٦٦ نووسیویەتی, کە دوایی بە پرسیار بۆم دەر کەوت ئەو کەسایەتیە ئازیزە ناوی بەأصزی کاک أەحمان خانییە لە دەربەندیخان, ئەمە وەک یەکەم ئاماژە دان بە رۆژی ١٤-٤.
ڕۆژنامەکان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگەنامەن بۆ ئەوەی بزانیین ئەم هەوڵانەی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال چەند کاریگەر بونەو لەو رۆژگارەو جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست و توانیویانە ئەو داواکارییە بسەپێنن لە ئاستی گەل و کەناڵەکانی راگەیاندنی ئەوکات.
ڕۆژنامەکانی کوردستان تاکو ساڵی ١٩٩٥ ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووە, با چاوێک بە چەپکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەو کاتانە بخشێنیین لە رۆژی ١٤ی چواردا .
کوردستانی نوێی ژمارە ٦٦ی رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٢یدا لە مانشێتەکەی هاتووە: (سەرکەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەهای ئەو کاغەزەی نابێت کە لە سەری مۆر دەکرێت ).
کوردستانی نوێ ژمارە٦٦٠ ی رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٤, لە مانشێتەکەیدا هاتووە(بەییانامەی م س ینک بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ), لێ ئیتحادی ژمارە ٧٥ ی رێکەوتی ١٦-٤-١٩٩٤ یش هەمان بابەتە .
الاتحادی ژمارە ١٢٧ رێکەوتی ١٥-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی هاتووە , (امریکا قلقە علی حقوق الانسان خصوصا فی اقلیم الکردی بترکیا).
بەڵام کوردستانی نوێ ژمارە ٩٦٢ رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٥ مانشێتەکەی بریتی بوو لە: (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکەی ئەکیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراق پەسەند دەکات) (هەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەکانی ناوەوە بڵاو کراوەتەوە , لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان لەسەر ١٤-٤ رۆژی ئەنفال, کە یەکەم بەیاننامەیە بە بۆنەی رۆژی ئەنفالەوە دەرچووبێت, هەروەها چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان)ی تێدا بلاوکراوەتەوە, رۆژانی دواتریش لەسەر هەمان ڤیستیڤاڵ هەواڵ بڵاو کراوەتەوە, هەموو ئەوانەش لەسەر داواکاری ئێمە بوو.
هەرچی کوردستانی نوێی ژمارە ١٢٦٢ ی ڕۆژی یەک شەممەی رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٦ە, لە مانشێتەکەیدا هاتووە (تەنها بە دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان ڕوحی شەهیدانمان شاد دەبێت), ئەمەش دووای هەفتەیەک چالاکی ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان لە هەولێرو شەقڵاوە, "لەوکاتە کۆمەڵەی روناکبیری کۆمەلایەتی کەرکووک ویستیان هەبوو ١٧-٤ وەک رۆژی ئەنفال دیاریبکەن, بەلام هەوڵەکانیان شکستی هێنا " .
هەرچی ڕۆژنامەی برایەتییە ژمارە ١٩٢٠ رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٤ ە, لە مانشێتەکەی هاتووە: (هێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت ), هەرچەندە پەیامی برایەتی هەمان ژمارە لەسەر تاوانی ئەنفالە, وەلێ هیچ ئاماژەیەک بە رێکەوتی ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال نەکراوە.
ڕۆژنامەی یەکگرتوو ژمارە ٨٦ ی رێککەوتی ١٢-٤- ١٩٩٦ لە مانشێتەکەیدا هاتووە:( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن, ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ کران )" بەهۆی بەشداری کا عەبدالڕەحمان سدیق لە رێکخستنی ڤیستیڤالی یەک و دوو کاریگەری لەسەر یەکگرتوو هەبوو لەو رۆژگارە".
هەرچی رۆژنامەی ئاڵای ئازادی زمانحاڵی ئەوکاتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو, لە ژمارە ٦٨ ی رێکەوتی ١١-٤-١٩٩٣ یدا لە مانشێتەکەی هاتووە: بە سەرخستنی دەست پَی شخەری pkk, بەرنامەی هاوبەش و هاوکاری سیاسی, ئەرکێکی نەتەوایەتییە.
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە ١٦٦ ی رێکەوتی ١٦-٤-١٩٩٥ دا هاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەکەمان و دڕندەیی دوژمنانە), ئارمی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان لە لاپەڕە یەکدا بڵاو کراوەتەوە.
لە مانشێتی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانی ژمارە ٢ی ساڵی ٤٨ ی ساڵی ١٩٩٢ هاتووە:(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..), بەڵام لە ژمارە ٩٤ی رێکەوتی ١٢-٤-١٩٩٣ هاتووە:(هەلومەرجی کوردستان وا دەخوازێ کە بە پەلە هەوڵی بەستنی کۆبونەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی بدرێ). وەلێ ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٠٤ی رێکەوتی ١٩-٤-١٩٩٤دا هاتووە:(بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەکان پێویستە بایەخێکی زیاد بە ١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراوو کەس و کارەکانییان بدەین ), سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان کە سەروتاری رۆژنامەکەیە لەسەر ئەنفالە. بەڵام ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٥٢ ی بەرواری ١١-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی هاتووە(١٤ ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەکان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەکەمان )(ڕۆژی ١٤ نیسان ڕۆژێکی هەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو هزری َڕۆڵەکانی گەلەکەمان. ئەم ڕۆژە هێمایەکە بۆ گەورەترین تاوان کە ڕژێمە شۆفینیستیەکەی سەدام دژ بە گەلەکەمان ئەنجامی دا).
بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال کراوە, بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە جەخت لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال کراوەتەوە, ئەوەش بە هەوڵی ئێمە بووە, راستەوخۆ پەیوەندی بە رۆژنامەکانەوە کراوە.
ڕۆژنامەی ووڵاتی رێکەوتی ١٥-٤-١٩٩٦ ژمارە ١٥١ دا هاتووە:(یادی ئەنفالەکان هاندەرێکە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات), بەرنامەی ڤیستیڤاڵەکەش لە هەمان ژمارە لە دوا لاپەڕە بلاو کراوەتەوە.
لە رۆ ژنامەی بۆ پێشەوەی ژمارە ١٨ ی رێکەوتی نیسانی دا, لە سەروتارەکەی هاتووە١٩٩٥ :(با یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی بەرپاکردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ و برسێتی), هاوکات لە هەمان ژمارەدا بابەتێک بڵاوکراوەتەوە بە ناوی (کارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
ساڵی ١٩٩٦ و لە یادی ئەنفالدا ڕۆژنامەکانی وڵات, ئاڵای ئازادی, یەکگرتوو, پاڵە...... مانشێتەکەیان لەسەر ئەنفال بوو, رۆژنامەی ڕێگای کوردستانیش ئەو ژمارەیەی سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەکەشی لەسەر ئەنفال بوو.

هەوڵە پراتیکییە سەرەتاییەکان.

لە پەرتووکی تونی مەرگ کە بەڕێز کاک زیاد عەبدڕەحمان " نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا" نووسیوییەتی هاتووە (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی ١٩٩٣ هەمان ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی یادکردنەوەی هەڕەشەکانی ئەنفال داناوە ویادی کردەوە. هەروەها دەنووسێت لە هەمان ڕۆژی ساڵی ١٩٩٤ یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە گەرمییان کرایەوە, پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داهاتوودا ببێتە یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد( پەرتووکی تونی مەرگ ل٩). لێرەدا نووسەر ئەگەرێک دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد, نەک بە کردنی بە ڕۆژی ئەنفال .
ساڵی ١٩٩٤ لە ژێر درووشمی (دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان ) کۆمیتەی باڵای یادکردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی ٦ ەمین ساڵەی کارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەکانی بەعس. لە ڕۆژانی ١٤-١٥-٤-١٩٩٤ زنجیرە چالاکییەکی لە کەلار و سمود ئەنجامدا, لیژنەی سەرپەرشتی یادەکە لە لایەن مەڵبەندی کەرکوکی ینک و هاوڕێیانی شیوعی-حشکع- محەلی کەرکووک و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان سازدرا بوو (ک ن ١٨-٤-١٩٩٤ ژمارە ٦٦٣).
لە دەڤەری گەرمیان بەرصزان رەحمان خانی, تەها سولێمان, سەردار عەبدللە, دڵشاد تالەبانی, گولاڵە عەزیزو ........ چالاکانە کاریان لەسەر دۆزی ئەنفال کردووە لەو رۆژانە. کاک سەردار عەبدللە بە منی أاگەیاند بۆ ساڵی دواتر مەبەستی ١٩٩٦ ە, کە بینیمان لە ١٤-٤-١٩٩٥ لە هەولصر یادی ئەنفال بە بەر فراوانی کرایەوە, ئصمەش لەوە بە دواوە سور بوین لەسەر دیاریکردنی ١٤-٤ وەک أۆژی ئەنفال.
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە ئایاری ساڵی ١٩٩٤ شانۆگەری وەرزێکی شووم لە هەولێر پێشکەشکرا کە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی و خاڵە حەمرین و لالۆ ڕەنجە و حەسەن گەرمیانی و ........ کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە ڕۆڵیان تێیدا هەبوو, گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەکرد, وەلێ بە ئامانجی دیاریکردنی ١٤-٤ نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال, لێ رۆڵی پۆزەتیفی هەبوو لە ناساندن و وەبیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال و گرنگیدان پێی.

ڤیسیتیڤاڵی ئەنفالەکان بۆ دیاریکردنی ١٤-٤ بە رۆژی ئەنفال.

پێشتر بە پەرتەوازەیی یادی تاوانی ئەنفالمان دەکردەوە, وەلێ جێگای ناگرت بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەنفال, بانگەوازی ڤیستیڤالی یەکەمی ئەنفالەکان لە ١٢-٣-١٩٩٥ بۆ ئەنجام دانی یەکەم ڤیستیڤال لە هەولصر بڵاو کرایەوە, لە ١٤-٤ ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە هۆلی میدیا بەردەوام بوو,ئەم بەأصزانە أۆلیان لە ئامادە کردن و سەرکەوتنی گصأا ((محمد ملا سدیق لالۆ أەنجدەر سەدرەدین خۆشناو-فاتیح شەیدا-کەریم غەفور " کەریمۆک" کەماڵ غەمبار, قادر نادر-فریاد هیرانی-ئاشتییە سور " دارا و پایزە" -هاوار مستەفا-سۆزان مامە-بدرالدین ساڵح-نیهاد دزەیی-کەریم سەرکەش-هەردی سەردەم دەشتی بەرزەواری -مامۆستا أەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی خەتم ) -أزگار مام بۆرە- مامۆستا فرهاد خالید-نیهاد جامی تەحسین فایەق-ئاوارە خان-کەریم مەلا-مامۆستا کمال غەمبار- هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن-ئەندازیار عەبداڵەحمان سدیق- ئازاد سلصمان و هاوکار و هصمن حەساری و شەفیق حاجی خدری و کنێر و شەوقی دارەتوو و جەماڵ شوشە و عەدنان کۆچەر و خالید کاوێز و ئازاد و محەمەد مشیر و ........هتد .هەروەها بەأصزان أزگار شوانی و أزگار حەساری و فواد سدیق لە أصگای کوردستان و کاک ستران عبدللە و کاک دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالکەریم لە کوردستانی نوص و کاک غازی حەسەن و ئیدریس شەیداهۆ و کاک بصکەس حەمەد قادر لە ئاڵای ئازادی بەشداری کاریگەریان کرد لە ڕێگەی پشتیوانی و بەشداری و ڕۆژنامەکانیانەوە, تەنانەت کاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دانا بۆ ئەوەی ١٤-٤ وەکو ڕۆژی ئەنفال بناسن.
بۆ سالی دواتر ١٩٩٦ جگە لەو بەأصزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەکەمدا هاتووە, بەأصزان سەرهەد تۆفیق شوان داودی غازی حەسەن- گرفتار کاکەیی- هەردوو مامۆستای هصژاو تصکۆشەر خالید دلصر و سەعید ناکام و پاڵەی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئەسکەندەر جەلال و فەرحان و خالید کاوێس و ئازاد و ,,,, هتد بەشداری چالاکانەیان کرد.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا لە سەروە, کەسانی تێدا بوو وەک مامۆستا خالید دلێر و مامۆستا بەدرەدین حەمەساڵەح و کاک نیهاد دزەیی و سەرهە تۆفیق و ئەرخەوانی کچی لە ڤیستیڤاڵی دووەم زۆر ماندوو بوون, کەسانی دیکەش بەشدارییەکی ڕەمزییان کرد بەڵام ناکرێت ناویان لە یاد بکرێت, پشتیوانییەکی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەکە .
ئەو ساڵە بە داواکاری ئصمەو بە هاوکاری بەأصز کاوە نادر پارت و أصکخراوە سیاسی و أۆشنبیرییەکان دەیان بەیاننامەیان لە رێکەوتی ٧-٤ ەوە دەرکرد بە بۆنەی ١٤-٤ و ناساندنی وەک ڕۆژی ئەنفال, لەوە بە دواوە ئیتر ١٤-٤ وەک أۆژی ئەنفال بو زبە ئەمری واقیع, ڕۆژێکیش بۆ ئەنفال دیاریکرا, ئیتر نەتوانرا خۆ لە یادکردنەوەی بدزنەوەو وەڵام بە داواکاری قوربانییەکانی نەدەنەوە, وە بیر لە دیاریکردنی رۆژێکی دیکە بکرێتەوە.
بەشێک لە بەشداربوونی چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەم جگە لە بەشداربووانی پێشانگای کاریکاتێر "کاک گرفتار کاکەیی" و بەشە هونەرییەکە: عەبدالڕەزاق سافی, سەلاح مەزن, سەدرەدین خۆشناو, فاتیح شەیدا, فریاد هیرانی, کەریم غەفور, عەلی مەحمود, عەبدالڕەحمان سدیق, ناڵە حەسەن, بەهرە موفتی, ئیدریس شەیداهۆ, خالید عوسمان, سۆزان مامە, بەختیار مامە, سەرهەنگ ئیسماعیل, زانا خالید.

بەیاننامەکان.


ساڵی ١٩٩٥ یەکەم بەیاننامە بە بۆنەی ١٤-٤ ڕۆژی ئەنفال, ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان و دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەریان کرد, هەرچەندە لە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا هاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێکدا کە یادی ئەو کارەساتە بێ دینی یە دەکەینەوە ,داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان دەکەین, کە وەک تاوانە جینۆسایدییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و, جەنگە جیهانییەکان و , کارە بە کۆمەڵ کوژییەکانی ستالین و هیتلەر, لە قەڵەمی بدەن و ,گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەکارهێنانی وشەی (ئەنفال) ڕسوا بکەن و, وشەو زاراوەیەکی بۆ بەکار بێنن کە ڕێسی پیلانی هەڵوەشێنێتەوە ) ئەمە بەشێک بوو لە بەیاننامەی مەکتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی کارەساتی بەناو ئەنفالەوە یەکگرتوو ژمارە ٣٧ ), دیارە ئەم هەوڵەش لە لایەکەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەکە, لە لایەکی دیکەوە بەشێک بوو لە نەخشەکانی پارت و لایەنە ئیسلامییەکان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال, نە چەسپینی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا, کە لەگەڵ بۆچوونەکانیان ناهاتەوە سەبارەت بە دەستەواژەی ئەنفال.

چیتر کرا.

ساڵی ١٩٩٦ بەهۆی سەرکەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان هەوڵەکان گەورەترەوە بوون, بە هەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکان لیژنەی سەرپەرشتی لە شارەکانی هەولێر و شەقڵاوە پێکهێنرا, هەروەها داوا لە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەکان کوردستان کرا, بەیاننامە بەبۆنەی ١٤-٤ دەربکەن و لافیتە لەو یادەدا بنووسن و لە شوێنە گشتییەکان بە تایبەتیش دەوروبەری هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر هەڵیواسن, تاکو شاری هەولێر سیمای ئازییەت باری گشتی بە خۆوە بگرێت.
لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنەی کاری هاوبەشی حیزبە کوردستانیەکان لە ١-٤ ەوە بەیاننامەی هاوبەشیان دەرکرد لەسەر ١٤-٤ و ناساندنی وەکو ڕۆژی ئەنفال, کە لە ٧ حیزبی کوردستانی پێک هاتبوون, سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە: بزوتنەوی موسڵمانانی کوردی فەیلی سەرکردایەتی شۆڕگێڕ -حزبی اتحادی تورکمانی--کۆمەڵەی جوێلۆجی کوردستان-یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان-یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-دەستەیەک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی گەرمەسێر.
سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواکاری ئێمە لەناو ڤیستیڤاڵەکەو شەقامەکانی هەولێر و بەردەم بنکەو بارەگاکانییان هەڵواسی کە تا ئەوکاتە کوردستان و شاری هەولێر دیاردەی راگەیاندنی گەورەی وای بۆ تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی بەخۆوە نەبینیبوو , ئەو بایاننامانەش هەموو بە سوپاسەوە بە داواکاری ئێمە دەرکراون.
ئەم بروسکەی پشتگیرییانەش گەیشتنە بەڕێوەبەرانی ڤیستیڤاڵەکە: ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مکتب سیاسیی-- تیپی شانۆی نیشتمان-مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخا‌و تورکمانی مکتب سیاسی- بزاڤی خوێندکارو لاوانی کوردستان-سکرتارییەتی باڵا- حیزبی ڕزگاری کوردستان-مەکتەبی سیاسی -مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەکێتی پێشەنگانی کوردستان-کۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی کوردستان-کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان-یەکێتی بێکارانی کوردستان-کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان-ڕێکخراوی جیهانی بۆ داکۆکی کردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هەولێرکۆمەڵەی نەتەوەیی کورد-مەڵبەندی چوارکۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقکۆمەڵەی فەرهەنگ و ئاوەدان کردنەوەی باڵەکەیاتییەکێتی ژنانی کوردستان-مەکتەبی سکرتاریەتئەنجومەنی پارێزەرانی کوردستانتیپی شانۆی ڕۆژی نوێبزووتنەوی دیموکراتی گەلی کوردستانکۆمەڵەی زیندانیە سیاسییەکانمەکتەبی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستانخوێندکارانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانکۆمیتەی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی کوردستانکۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی شاری هەولێرکۆمیتەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی ی ن کخوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستانلەشکری ١٦ دەشتی هەولێر ینکتیپی شانۆی حەمرینکۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستانڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کوردستان (کوردستان ۆچ)ناوەندی هەولێری پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان ڕادیۆی ڕێگای کوردستانڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستانڕێکخراوی ڕەوتی بەلشەفیکیەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان هاتووە, زۆربەشیان بە هەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی هۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشدارییان کرد.
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنها لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا هەبوو : ( بیرۆی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنەی پارێزگای کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان-یەکێتی ئافرەتانی زەحمەتکێشان-لقی هەولێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان مەکتەبی سیاسی-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک- کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر مەکتەبی مافی مرۆڤی ی ن ک-یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان).

پێشانگای کورد قڕان.

هەروەها ئەم هونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان کرد لە پیشانگای کورد قڕان: (جوهەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریفسلێمان شاکرسەربەست عومەرسۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-کامران ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار کاکەیی)(چارەنووس ژمارە ٢ حوزەیرانی ١٩٩٦)*.

شانۆگەری ئەنفالستان.

شانۆگەری (ئەنفالستان) ئامادەکردن و دەرهێنانی: کەریمۆک غەفور نواندنی: هاوار مستەفا خان، کەریم مەلا، سۆزان مامە، جەلال ئەنوەر، عەلی سیاسی، کەریمۆک غەفور، بەرهەم محەمەد، هەردی حسێن، کامەران عەبدولوەهاب، شیلان سەدرەدین، عەبدولقادر محەمەد، گوڵالە عوسمان، گۆران حسێن، رزگار ئیسماعیل، ڕەوا دڵشاد وەسانی، ئازاد ئەنوەر، ئەحمەد عەدۆ.
لەرێکەوتی ١٩-٤-١٩٩٥ لە چوارچێوەی چالاکییە هەفتەییەکەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان نمایش کرا, لە هۆڵی میدیا-هەولێر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالە بەدناوەکان.
ڤیستیڤاڵی یەکەم بە شانۆگەری شەقام لە ناوەندی رۆشنبیری سەردەم لە قەلاوە بۆ هۆڵی میدیا بەناو بازاڕدا دەستی پێکرد, هەردوو پەرلەمانتار عیدۆ بابا شێخ و نەهلە خان بەشدار بوون تیایدا.
شانۆگەرییەکە لالۆ رەنجدەر, تەحسین فایەق, نیهاد جامی, کەریمۆک, ئاوارە خان ئامادەیان کرد و زۆری دیکە بشداربوون تیایدا.

بەشداربووانی ڤیستیڤاڵی دووەم: عەزیز وەهاب محەمەد, کەماڵ غەمبار, محەمەد ساڵەح ئامێدی, د.ئاسۆ عەبدوڵا, ئارام, شەفیق حاجی خدری, مامۆستا ئەحمەد چاوشین, د.رەشاد میران, مامۆستا بهائالدینی جوتیاران, حەسەن جاف, عەبدالڕەزاق مەرزنگ, غازی حەسەن, عەلی مەحمود محەمەد, جەلیل کاکە وەیس, سەرفراز نەقشبەندی, سەدرەدین خۆشناو, ئارام سەلیم, کەریم غەفور, مامۆستا عەبدالڕەحمان سدیق.

چەسپینی رۆژەکە.

هەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەم یاساغکرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری هەولێر, منیش تۆمەتبار کرام, وەلێ کە مەممنوع کرا زیاتر مەرغوب بوو, گرنگ ئەوەیە پەیامەکانی چەسپی و لە کۆتاییدا ڕۆژێک دیاریکرا بە ڕۆژی ئەنفالکراوەکانمان, لەو ڕۆژەدا خەم و داواکارییەکانمان یەک دەخەین, خامەکانمان دابەش دەکەین, بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین, بە بیر ڕێگایەک دەدۆزینەوە بۆ بە یاساییکردن بە مێژووکردنی و بە جیهان ناساندنی وەک تاوانی جینۆساید, بە دەست و دەنگێکی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانکاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا.

تێکدانی ڤیستیڤاڵی دووەم.

کە ڤیستیڤاڵی یەکەم دەنگ و سەدای گەورەی دایەوە لە ناو خەڵک و کەناڵی راگەیاندنەکان, کۆمەڵەیەک لە هەولێر لقێکی هەبوو بە ناوی کۆمەڵەی روناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکوک کە بەڕێز جەلال جەوهەر ئەو کات بەرپرسیان بوو لەو بەشە, لە لایەکەوە دەیانویست رۆژی ١٧-٤ بسپێنن وەک رۆژی ئەنفال, لە لایەکی دیکەوە کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ یادکردنەوەی ئەنفال و دەیانەویست هەوڵەکە لە ئێمە بسێننەوەو خۆیان پێی هەڵبستن, هەروەها سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کرد مۆڵەتی رێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان وەربگرنەوە و بۆ خۆیان رێکخراوێک تۆمار بکەن بەناوی ئەنفالەکان, هەروەها داوایان لە قوربانیان و هونەرمەندان کرد بەشداری چالاکییەکانمان نەکەن.
لە کاتێک ئێمە هۆڵی میدیاشمان لە چەند مانگ زووترەوە گرتبوو, ئامادە بووین هۆڵەکە بۆ ئەوان بەجێ بهێڵین و مەراسیمەکەی خۆمان لە ٧ی نیسانەوە ئەنجام بدەین, هێشتا لە گێچەڵ کردنی خۆیان نەکەوتن , کە بینییان سەدان لافیتە بۆ پشتیوانی ڤیستیڤاڵەکەمان لە ناو هۆڵی میدیاو دەوروبەری هەڵواسراوەو دەیان بەیاننامە بۆ پشتیوانیمان دەرکراوەو بەشداری بەرفراوانی نووسەران و هونەرمەندان لە ڤیستیڤاڵەکەی ئێمە وە پەراوێز کەوتنەوەی ئەوان, تەنانەت مەکتەبی سیاسی ینک بە ١٠٠٠٠ دینار پاڵپشتی ئێمەیان کرد, ئەوجا بە پشتیوانی خوالێخۆشبوو جەبار فەرمان مۆڵەتی گرتنی هۆڵی میدیا و گەلەرییەکەیان لێمان سەندەوە دایان بە سەوڵەی بەدری سەر بە مەجلس ئەعلای ئیسلامی, بۆ شەوەکەی لافیتەکانیان بە پیسایی تێکدراو تۆمەتەکەیان خستە سەر من, لە لایەکی دیکەوە کاریگەرییان لەسەر یەکێک لە رزگاربووانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دانا لەسەر مینبەر لە کاتی سمیناردا بێدەنگی لێکرد و وەلامی پرسیاری کۆڕگێڕی نەدایەوە, بەڵام شکستیان هێنا.

 

 

چالاکییه‌کانی ڤیستیڤاڵی یەک و دوو بە سکانەر وەک خۆی:

 

 

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د