په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٢

چوار ھەزار زیندانکراو لە ھەرێمی کوردستان ھەن..


ئامادەکردنی: شوان سدیق

خاچی سوور: رەوشی زیندانەکان باش بووە.
پەرلەمانتارێک: زیندانەکان خراپن و کەس ھەیە لەسەر سۆندە گیراوە.

رێکخەری کاروباری خاچی سوور ئاشکرای دەکات، چوار ھەزار زیندانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەوەش دەخاتەڕوو کە رەوشی زیندانیان و بەندکراوەکان، لە ئێستادا ھەنگاوی باشی ناوە. ئەندامێکی مافی مرۆڤیش لە پەرلەمانی کوردستان، رەتی دەکاتەوە رەوشی زیندانیان باش بن.


خاتوو کۆرەڵی رێکخەری کاروباری کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق، رایگەیاند بەگوێرەی بەدواداچوون و روونکارییەکان، لە ھەرێمی کوردستان "٤٠٠٠" چوار ھەزار زیندانی کراو لە زیندانە جیاجیاکاندا ھەن"، رێکخەری کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، وتیشی "ھەموو زیندانیەک مافی ئەوەی ھەیە کە داکۆکی لەخۆی بکات، پێویستە ئەو دەرفەتەشیان بۆ بڕەخسێت".

ڤیان عەبدولڕەحیم ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت ئەو ئامارە ئەگەر بەراورد بکرێت، بەڕێژەی دانیشتوان و داھاتی کوردستان ئامارێکی زۆرە، چونکە بەھۆی ناداد پەروەری خەڵک پەنا بۆ کاری نەخوازراو دەبات، ئەوەش وای کردووە، تاوان و دزیکردن زۆربن، خەڵک لەسەر شتی زۆر سانا بگیرێن، بۆنموونە بردنی سۆندە. بێگومان وەک سێ ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤی ئۆپۆزسیۆن، تەنیا ئاماری زیندانی شەڕی ناوخۆمان لایە، ئەوانیش دوو جۆرن "یەکەم لە شەڕی ناوخۆدا ھەم دیلی پارتی لای یەکێتی بووە، ھەم دیلی یەکێتی لای پارتی بووە، ئەوانەی کەلای ئێمەن، تەنھا یەکێتییەکانن، پارتی بێ سەروشوێنی کردوون، نزیکەی ٢٠٠ کەس، ھەرچەندە زیندانی پارتیش لای یەکێتی ھەیە چەندین جاریش بانگمان کردوون، بەڵام کەسوکاریان نەھاتوون بەدەم بانگھێشتەکەوە".

ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی "زیندانی و بێ سەروشێنکردنی تریش ھەیە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن دەزگای پاراستن و زانیاری بەبێ بڕیاری دادگا براون. نزیکەی ٤٠ بۆ ٤١ کەسن، لەو رێژەیەش پێموایە ٤ کادیری بزووتنەوە و ٧ ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی تێدایە باقی ئەوانی تریش کادیری یەکێتی و پارتین".

سەبارەت بەڕەوشی زیندانیان و بەندیخانەکان لە ھەرێمی کوردستان، (خاتوو کۆرەڵی) رێکخەری کارەبارەکانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، دەڵێت لە ئێستادا رەوشی "زیندانیان و بەندیخانەکان لە کوردستان باشتر بووە".

قسەکانی کۆرەڵی چوار شەممەی رابردوو بوو لە میانەی خولێکی سێ رۆژی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ١٢٥ ئەفسەر و پلەدار. سەبارەت بە رەوشی زیندانیان لە کوردستان، بەرپرسەکەی کۆمیتەی خاچی سوور کە سیمینارەکەی تایبەت بوو بە شیکردنەوەی یاسا مرۆییەکان، وتیشی "لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەری و لایەنەکانی تر قسەمان کردووە".

لەلای خۆیەوە (ڤیان عەبدولڕەحیم) ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان، رەتی دەکاتەوە رەوشی زیندانەکان باش بن، ئەو بەپشت بەستن بە زانیارییەکانی خۆی دەڵێت لە سێ زیندانی ئاشکرای چاکسازی ژیان تێدا زۆر خراپە جارێکی کە ئەو زیندانیانەش موئەھەلەن بۆ ئەو کەسانەی کە تێدا زیندانی کراون، کە بە دوو تاوان بگەڕێنەوە، بۆنموونە لە زیندانیانی چاکسازی ھەولێر و سلێمانی، ھیچ مەرجێکی چاکسازی بوونیان تێدا فەراھەم نەکراوە، لەڕووری بینایە و پەروەردەیەوە".

ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤی ئۆپۆزسیۆن، وتیشی "لە ناو بەندیخانەکاندا، تەنیا کۆمەڵێک ھۆڵ کراوە چەندین کەسی تێدا بەندە، ئەو کەسانەش ھەر یەکەیان بە تاوانی جۆراو جۆر سزا دراون، ئەم جۆرە تێکەڵ کردنەش دەبێتە ھۆی وەرگرتنی رەفتاری یەکتر بەپێچەوانەوە ئەگەر رەوشی زیندانی باش بێت، دەبوایە ئەو زیندانی کراوانە، بەپێی خانە بەندی و مادە یاساییەکان لەیەک جیا بکرێنەوە، نەک تاوانی قەتڵ و شەڕکردن و موخەدەرات. یان بەند کراوی ھەتا ھەتایی و چەند ساڵی تێکەڵ بە یەک بکرێن".
 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک