٢٠\٩\٢٠٢٥
چوار هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود
تەرازی باڵندەکان.
ئاسمانەکانی ئەمڕۆ
لە چنگ وەرەسەکاندا،
شە قی ان - بر د، فەنا بوون.
باڵندەکان پۆل پۆل بەسەر
ئەو تەرمە ئاویانەدا دەفڕن،
کە هێشتا شین و مۆر
دەچنەوە لە ڕوانیندا.
هەر جارێک
لە شەقەی باڵ دەدەن،
چینێکی نوێی درزبردو
بە دەمدا بەردەبێتەوە.
وەک پەڕەیەکی سووتاو،
وەک خوێنی هەورێک
کە بریندارە ڕوون
ڕوون
لە سنوورێکی نەبینراودا،
ئەو سنوورە سوورانەی
لە تیغی بینراو و بڕندەن
لە گەرووی هەر چرکەیەکدا!
زەوی ئەمڕۆ،
ماڵی فرۆشتنە.
نرخەکان بە لقی
درەختەکانەوە،
هەڵواسراون.
گیاکان ناسنامەی
خاوەندارێتییان پێیە،
ڕووبارەکان کرێچین،
دەریاکان تونچین،
ئاسمانەکان سەقفی
سەفەقاتی هەوایی و باجن،
هەناسەکانیش حەواڵەنامە.
باڵندەکان بیریان نەماوە -
کام لقە بۆ کرێیە،
کام هێللانە بۆ قیستە،
کام تەبەقە بۆ فڕینە،
کام ئاسۆیە بۆ خەونە
کام هەورە بۆ سێبەرە،
کام گەواڵە بۆ
بارینە،
کام با بۆ گەشتە درۆیە،
کام مەرگ بۆ ژیانە
کام ژیان بۆ مەرگە.
نازانن بیریان نەماوە!
بیریان نەماوە نازانن!
درەختەکان گۆڕاون
بۆ ستوونی کۆنکرێتی.
لقەکان بوون بە تێل.
گەڵاکان بوون بە کامێرای چاودێری.
ڕەگەکان بوون بە زنجیری دڕێژ.
سێبەرەکان بوون بە تۆڕی
ئاڵۆز.
باڵندەکان زارەترەک،
پەڕاگەندە،
بوون بە
نیشانە.
نیشانەی شکست،
نیشانەی یاخیبوون،
نیشانەی مەرگ
لە ژیاندا،
مەرگ
لە فڕیندا!
باران دەبارێت.
نمە نم خوێنی
یادەوەرییەکان
دەشواتەوە.
مێژوو دەبێتە قوڕاو،
قوڕاو دەبێتە بازاڕ،
بازاڕ دەبێتە
گۆڕستان،
گۆڕستان دەبێتە
یادەوەری تاریک،
تاریکی دەبێتە
بارانی ڕەش،
ڕەش دەبارێت!
تـ
ـک
تـ
ـک
تـ
ـک
سڕینەوەی
ناوەکان،
سڕینەوەی ڕێگەکان،
سڕینەوەی ماڵەکان،
سڕینەوەی خەونەکان،
سڕینەوەی باڵندەکان،
سڕینەوەی ئاسمانەکان،
سڕینەوەی سڕدراوەکان.
هەر دڵۆپێک
پۆلیسێکی گەڕۆکە ئاوی
وێڵ بەدوای یاخیبوواندا.
لە مێشکی هەورە ڕەشە
درۆبازە سپییەکاندا،
ئەوانەی باڵیان هەیە
ترسناکن تاوانبارن،
ئەوانەی دەفڕن،
مەترسیدارن یاخین،
ئەوانەی خەون دەبینن،
ساتیرن ساحیرن،
دەبێت بمرن!
گەنجێک
بەرەو دەریا دەڕوات،
شوێنپێیەکانی پڕ پڕن
لە پرسیار - پرسیارە سادەکان.
بەڵام دەریا لەبری وڵام چەند جارێک
لە خۆیدا غەرقیان دەکات،
بۆ هەر پرسیارێک کە
نەکراوە،
لە نێوان دوو شەپۆلدا..
هەزاران خەون دەخنکێنێت.
ملیۆنان خەیاڵ سەرەونگوم دەکات.
جیهانێک نقووم دەکات.
کۆچێک لە کۆچ دەخات.
سەفەرێک لە سفر دەسڕێتەوە،
باگژە گەڵاکان دەبات.
دەریاکان
کتێبخانەن،
تەرمەکان وشەن،
شەپۆلەکان ڕستەن،
مردن خاڵە خەیاڵە
سکوت بۆشە بۆشایی،
نێوان دوو وشەیە،
نێوان دوو مەرگە،
نێوان دوو نەبوونە،
نێوان هیچ و
هیچ!
باڵندەکان
دەگەنە ئەوپەڕی فڕین،
فڕین - ڤیزایە، VIP
ئاسمان - دیوارە PVI
دیوار - نەبینراوێکە
چین چین بەرز بەرز،
دیواری مەرگ.
دەگەنە قووڵایی -
قووڵایی نیشتنەوە،
زەوی- ناوە داگیرکراوە،
تیرە پیرە بیرە بێ بن،
بیری تەریک، بیری تاریک،
بیری تەنک، سەرچیخ، قووڵ
بیری نەمان!
لە نێوان دیوار و
پیرە بیردا..
باڵەکان یەکتر دەشکێنن.
خەونەکان یەکتر دەنووسنەوە:
من باڵندەیەک بووم
پێش ئەوەی ئاسمان بفرۆشرێت.
پێش ئەوەی زەوی ببێتە گومرگ.
پێش ئەوەی باران ببێتە پۆلیس.
پێش ئەوەی باڵ ببێتە پاسپۆرت.
پێش ئەوەی فڕین ببێتە تاوان.
پێش ئەوەی کپی بگاتە ترۆپک.
پێش ئەوەی بێدەنگی لەدایکبێت!
کرۆنۆلۆژیای مەرگ
∞ مەرگی یەکەم ∞
کاتێک ئاسمان بوو بە نەخشە.
∞ مەرگی دووەم ∞
کاتێک زەوی بوو بە سنوور.
∞ مەرگی سێیەم ∞
کاتێک دەریا بوو بە گۆڕ.
∞ مەرگی چوارەم ∞
کاتێک باڵندە فێرە ملکەچی کرا.
∞ مەرگی پێنجەم ∞
کاتێک خەون بوو بە تاوان.
∞ مەرگی شەشەم ∞
کاتێک هەناسە بوو بە حەواڵە.
∞ مەرگی حەوتەم ∞
کاتێک ژیان بوو بە بەڵگەنامە.
∞ مەرگی هەشتەم ∞
کاتێک مەرگ بوو بە ژیان.
∞ مەرگی نۆیەم ∞
کاتێک ژیان بوو بە مەرگ!
لەم نێوانەدا،
لە نێوان ئەو هەموو مەرگانەدا،
باڵندەیەک هەیە لەبیری کردوە باڵندەیە،
خۆی نازانێت کە مردووە،
زیندوو دەفڕێت!
لە ئاسمانێکدا کە نەماوە،
بەرەو زەویەک کە
نییە،
بە باڵی شکاوەوە،
بە خەونی سووتاوەوە،
بە هیوای نەمردوو،
دەفڕێت..
دەفڕێت..
ئەمە دەقی
سەردەمی ئێمەیە:
فڕین لە نێو هیچدا!
بۆ هیچ!
بە هیچ!
لە پێناو هیچ!
بەرەو هیچ!
دەربارەی هیچ!
سەبارەت بە هیچ!
هیچ!
هیچ!
هیچ!
سیستەم،
دەڵێت: ڕێگە چارەم،
تەنها منم چارەسەر،
بەڵام خۆی نەخۆشییە!
دوا ڕێگەکان هەر منم،
بەڵام خۆی بنبەستە!
هەر منم ئازادی،
بەڵام خۆی زیندانە!
ژیان هەر منم،
بەڵام خۆی مەرگە!
تەنها منم حەقیقەت،
بەڵام درۆیەکە شاخدار.
باڵندەکان
وڵام نادەنەوە،
ئاوڕ نادەنەوە،
تەنها دەفڕن.
سڵناکەنەوە،
تەنها دەمرن.
دەمرن و دەفڕن!
دەفڕن و دەمرن!
لە هەمان کاتدا،
لە هەمان شوێندا،
لە هەمان ئاندا،
وەک هەمیشە.
سیستەم،
دەنووسێت:
ئەم باڵندەیە یاخییە،
چونکە فێر بووە دەفڕێت.
ئەم باڵندەیە مەترسیدارە،
چونکە خەون دەبینێت.
ئەم باڵندەیە دەبێ
بمرێ،
چونکە ئازادە.
ئەم باڵندەیە...
(نەماوە)
(مردووە)
بەڵام هێشتا دەفڕێ!
بۆ قەفەسەکان،
چیتر پێویستیان بە شیش نییە،
چونکە باڵندەکان فێربوون،
قەفەس لە ناخی خۆیاندا،
هەڵبگرن!
لە دڵیاندا،
لە مێشکیاندا،
لە خەونەکانیاندا،
لە باڵەکانیاندا،
لە چاوەکانیاندا،
لە هەناسەکانیاندا،
لە مەرگیاندا.
هەر باڵندەیەک
پۆلیسی خۆیەتی!
زیندانەوانی خۆیەتی!
دادوەری خۆیەتی!
جەللادی خۆیەتی!
قوربانی خۆیەتی!
شاهیدی خۆیەتی!
گۆڕی خۆیەتی!
مەرگی خۆیەتی!
ژیانی خۆیەتی!
خۆیەتی!
نییە!
فڕین:
گەشتێکە
لە قەفەسێکەوە
بۆ قەفەسێکی تر.
بە ناو قەفەسێکی گەورەتردا
تا دەگاتە قەفەسی مەرگ،
کە خۆی قەفەسی ژیانە،
کە خۆی قەفەسی فڕینە،
کە خۆی قەفەسی خەونە،
کە خۆی قەفەسە..
جارێکیان
باڵندەیەک هەبوو
باوەڕی وابوو دەفڕێت،
بەڵام تەنها
بەردەبۆوە.
بەردەبۆوە بەرەو قووڵایی،
بەرەو تاریکی،
بەرەو نەبوون،
بەرەو...
·
·
·
جارێکیان
ئاسمانێک هەبوو
باوەڕی وابوو شینە،
بەڵام تەنها
بۆشاییەکی ڕەش بوو،
پڕ لە ئەستێرەی مردوو،
پڕ لە خەونی
شکستخواردوو،
پڕ لە باڵندەی ونبوو،
پڕ لە...
◦
◦
◦
جارێکیان
زەویەک هەبوو
باوەڕی وابوو زیندووە،
بەڵام تەنها
گۆڕستانێکی بۆر بوو،
بە گوڵی زەردوە،
بە نیشانەی خوێنەوە،
بە یادەوەری مەرگەوە،
بە...
∘
∘
∘
باڵندە
نەیدەزانی خۆیەتی،
ئاسمانی نەدەناسی،
زەوی نەدەناسی،
ئەوەی دەیناسی زنجیر بوو.
زنجیری نەبینراو،
کە لە هەموو شوێنێکە.
لە هەموو کاتێکدا،
لە هەموو خەونێکدا،
لە هەموو مەرگێکدا،
لە هەموو...
.
ئەمە
دەقی ئێمەیە:
ئازادی نووسین،
بە زمانی بەندیخانە!
خەونی فڕین،
بە باڵی بڕاو!
گۆرانی ژیان،
بە دەنگی مەرگ!
حیکایەتی بوون،
بە وشەی نەبوون!
دەقی بۆش - بۆش
لە بۆشاییدا!
--------------------------------------------------------------------------------------------------
کارێزی
ڕۆح.
دڵم
لە زێی بچووکە،
کارێز و کانیاوەکان
باش دەناسم
ئەو ڕێچکە نهێنییانەی ئاو
کە لە ژێر خاکدا
مەعریفە دەگوازنەوە
هەر دڵۆپەیەک
حیکایەتی سەدەیەک
دەگێڕێتەوە
دەگەڕێتەوە
دەدۆڕێتەوە
خوویەکی خراپ
کە میراتی نەوەکانە
خستوومییەتە بیابانی چاوەڕوانییەوە،
کات تێیدا گەردەلوولی شینە
یادەوەری خەرابەی غوبارە
غوبار خۆرکەی یادەوەرییە
کات، کات دەکوژێت
کات لە ناکاتدا دەمرێ
لێرەی دەلالدا
بیر لە زۆر شت دەکەمەوە:
زریانێک کە شارەکان دەکات بەژێرەوە
تەمتومانێک کە چاوەکان دادەخات
نەبوونێک کە لە هەبووندا ڕادەقەنێت
هەبوونێک کە لە نەبووندا دەدوێت
خەیاڵ ئایییی تاکە حەقیقەت
فیرعەونەکان
لێرەن - نەمردوون
تەنها جلوبەرگیان گۆڕیوە
براندی بارکۆدیان لەبەرە
موبایلیان بەدەستەوەیە
لە هەڕەمی کریستاڵیدا
سات
ڕۆژی ڕەشبردنەوەیە
لە شەقامەکاندا
ئەو شەقامە شومانەی
ژمارەکانی تێیدا نێژران
مرۆڤەکانی تێدا کۆد کران
ئەستێرەکانی فەنا
کردن
دەزانی بۆ؟
ڕووناکی
کوێریان
دەکات
ئەی –
هاوڕێی غەریبی
مەغریبی ناو سینگم
ئەی میوانی خۆنەناسراوی
خودان خۆکارم
ئەی دەنگی
بێدەنگی ڕەشەبا
ئێستا بیر
لە ترپەکانت دەکەمەوە
چەند دوور بوون لە خۆشەویستی:
یەک... دوو... دە
(بێدەنگی - قووڵ)
دە... دوو... زیڕۆ
(دووری- بەرین)
فلاشباکی...
قەڕنێک
(تەنیایی - ڕێسمانی)
هەزار بە
هەزار...
(نەبوون)
ئەو هەستانەی
ئاویان خنکاند
خۆریان ئاوا کرد
بیابانەکان ونیان کردن
تۆفان یادیانی شۆردنەوە
لە کوێ دەژین ئێستا؟
لە کام نێوان –
کام جیهان؟
کام بەرزەخ؟
کام نەبوون؟
لە کام خەوندا؟
زۆرجار
قسە بۆ دڵم دەکەم
دەزانم لە یادەوەریدا
کاڵبوومەوە و
نا ئاشنایەتی لەگەڵ بۆنی هەناسەمدا
نەماوە
بۆنی مەستی
بۆنی بێماڵی
بۆنی
بێحاڵی نەگەڕانەوە....
بۆنی
دڵتەنگییە
کۆنەکان
لە دوا نامەدا
(ئەو نامەیەی بە پشتی هەورەکاندا
ناردی
بە پۆستەچییەکدا کە هەرگیز ناگەڕێتەوە)
نووسیبووی:
لەبیرم بکە
بەڵام
دەریا کوا دەتوانێ کەنار
لەبیر بکات
کارێز لە کوێ بکارێ ئاو
لەبیر بکات
ئەی من چۆن
چی
لەبیر بکەم
چەندە زیاتر
بمەوێ لە بیری بکەم
قووڵتر دەبێتەوە
قووڵتر دەچێتەوە
قووڵتر لە یاددا
لە مندا دەچەسپێت
وەک ڕەگی دار لە
خاکدا
وەک ئاو لە کارێزدا
بۆ پیاسەیەک
هات و چوو
پیاسەیەک لە شوێندا نا –
لە کاتدا
لە ساتێکدا کە سەدەیەک
درێژ بوو
لە چرکەیەکدا کە هەتاهەتایی
بوو
لە نەفەسێکدا کە
هێشتا
تەواو نەبووە
لێوم
وشک بوو
لە وشەی ناکام
وشەی نەگەیوو
وشەی نەگوتراو
وشەی لە گەروودا گیرخواردوو
وشەی...
ترپەکان
لێرەن
بەڵام غەریبن
وەک میوانێک لە ماڵی خۆدا
وەک خۆت لە ئاوێنەدا کە نایناسیتەوە
وەک منداڵێک کە پیر بووە
بەڵام هێشتان
ژیرنەبووبێتەوە
خەمی زەمانە
بە زمانی بێگانە
بۆ یەکتری دەگێڕنەوە
کەس تێناگات
کەس گوێ ناگرێت
ئێمە
تەرجەمەی خەمەکانی خۆمان
بۆ خۆمان
بۆ کەس نا
بۆ نەبوون
بۆ کارێزێک دەکەین وشک بووە
من
لێرەم و
لێرە نیم
هەم خۆمم
هەم سێبەری خۆم
هەم سێبەری سێبەرەکەم
هەم یادەوەری کەسێک
کە ڕەنگە هەر
نەبووبێت
دڵ
کۆسمۆسێکی بچووکە
کە تێیدا کەشتییەکانی یادەوەری
بە دەریای لەبیرچووندا دەگەڕێن
بەدوای کەنارێکدا
کە هەرگیز
هەرگیز
ناگاتە
ئارامی
---
کارێز
ئێستا دەنگە
دەنگێکی نووسراو لە بۆشاییدا
نووسراو لە ڕوونی ئاودا
کە ناگاتە دەریا
دەریایەک کە نییە
تەنها لە کارێزدا
هەیە
نییە
هەیە
--------------------------------------------------------------------------------------------------
کۆدە
هاودەنگەکان.
پێش تۆ،
وامدەزانی هەموو شتێک لەرەلەرە -
ئەتۆم، ئەستێرە، دڵ
تۆ هاتی
و بوون
بە ئاواز
```
چاوەکانت
ئەو شوێنەن کە تێیدا
فیزیا یاساکانی خۆی لەبیردەکا
ڕووناکی دەبێتە دەنگ
دەنگ دەبێتە هەست
وەک ئەو ساتەی
یەکەم وشە
لە مێشکی منداڵێکدا
دڕژیتە ڕووناکی
دەستەکانت
نەخشەی نوێی بوونی منن
هەر پەنجەیەک
کرۆمۆسۆمێک دەنووسێتەوە
لەوەتەی خۆم دەناسم
بیست و سێ جووت بووم
ئێستا ژمارەیەکی نوێم
ژمارەیەک تەنها
لە زمانی ئێمەدا
مانای هەیە:
یەک لەناو تۆ-لەناو-مندا
```
دەڵێن خانەکان
حەوت ساڵ دەخایەنێت
تا خۆیان نوێ بکەنەوە
لەگەڵ تۆ
هەموو بەیانییەک
سیستەمێکی نوێم
نە ویندۆز
نە ئەپڵ
نە لینوکس
سیستەمێک
کە هەر ڕۆژە
ئەپدەیتی خۆشەویستی
دادەگرێت
```
کاتێک یەکەمجار
دەستت بەر دەستم کەوت
دوو ئەتۆمی سادە بووین
کە یەکدەگرن
و دەبنە شتێکی نوێ
نە من مامەوە
نە تۆ
ئێمە
کیمیایەکی تازە
فۆرمۆلێکی نەبینراو
کاتێک قسە دەکەیت
وشەکانت بارکۆدی ناخن
من سکانەرم
تۆ کۆدەکەی
هەر وشەیەک
دەرگەیەک دەکاتەوە
لە دوکانی مانادا
کە تەنها بۆ ئێمە
کراوەیە
چوار وەرزە
هەندێکجار لە بێدەنگیشدا
کاتێک تەنها هەناسەکان دەدوێن
دەزانم دووان نین
یەکین
ژمارەیەک
کە هێشتا ماتماتیک
نایناسێت
نەیدۆزیوەتەوە
```
ئێستا
کە زانستەکان بێدەنگ دەبنەوە
کە وشەکان لە خاڵێکدا دەوەستن
کە ڕەنگەکان تێکەڵ دەبن
و سپی دەبنەوە
تەنها شتێک دەمێنێتەوە:
ئەو بێدەنگییەی نێوانمان
کە لە هەموو دەنگێک
قووڵترە
من و تۆ
دوو کۆدی سەربەخۆ
کاتێک پێکەوە ڕەن دەکەین
پرۆگرامێک دروستدەکەین
کە پێش هەموو زمانەکان هەبووە
دوای هەموو زمانەکانیش دەمێنێتەوە:
جاویدانی
```
---
--------------------------------------------------------------------------------------------------
باڵنامە.
١
کەسێک
لە ناشوێنیدا دەوەستێت،
شوێنێک کە مانای شوێن ون بووە ،
دەپرسێت: چەند پەنجەرە پێویستە
بۆ ئەوەی ڕووناکیی بگاتە
تاریکی؟!
پەنجەرە نا،
بەڵکوو کونێک لە هیچدا،
کونێک کە دەکرێتەوە، دەروا بەرەو هیچ،
وەک چاوێکی ڕوون کە خۆی دەبینێتەوە
لە ئاوێنەیەکی درزبردوی
شکاودا.
٢
دەسـتـەکـان
بەرەو شتێک دەڕۆن کە نییە و نابێت،
بەرەو سێبەری سێبەر، بـەرەو دەنـگی
بێدەنگەکان.
ڕیشاڵەکانی کات
ئەو تارانەی لە نەبوونەوە دەچنن،
درێژن، وەک ڕۆژە بێ کـۆتاییەکان،
پانن وەک ساتێک کە دەوەستێت
بۆ ئەوەی سوێن خۆی بناسێتەوە
ئاوێنەی مردندا.
٣
جووڵان لە پەیکەرە بزۆکەکاندا:
بزۆک - ئەوەی نییە و بەڵام هەیە،
پەیکەر - ئەوەی هەیە بەڵام نییە،
جووڵە - پردی نێوان دوو نەبوون.
کاتی وەستاوی نێوان دوو کات،
کەسێک دەڵێت:
با جیهان بە کونی دەرزییەکدا بڕوات"
بەڵام کونەکە خۆی جیهانە، جیهانێک
لە ناو جیهانێکی تـردا، وەک خەونێک،
لە ناو خەوندا.
٤
شووشەی سەر چاوەکان
بۆ بینین نا، بەڵکوو بۆ نەبینینن.
فرمێسک و ڕووناکی تێکەڵ دەبن
لە ناو گۆمێکدا کە ئاوی تێدا نییە،
لە ناو دڵێکدا کە لێدانی نەماوە.
لە دەروونێکدا نا ئاوەدان.
٥
یووسف...
نا، ئەمە ناو نییە،
حاڵەتێکە، دۆخێکە، ساتێکە
کە کەسێک لە ناو خۆیدا دەژی
وەک کرمێک لە ناو سێودا.
وەک ئۆکسجین،
لە ئاودا.
لە جیاتی
شەڕ لەگەڵ تاریکیدا،
مرواری دروست دەکات!
مرواری - جوانییەک لە ناو
ئازاردا، ڕووناکییەک لە ناو
تاریکیدا، فەنایەک لە
نا فەنادا.
٦
پیرێک -
پیری کات، نەک ساڵ -
لە جێگەی خۆیدا دەچەقێت،
دەبێت بە درەختێکی بێ گەڵا،
بێڕەگ، بێلق، تەنها وەستانێک
لە ناو هیچ، لە بۆشایی
نا شاددا.
کلیل و کون،
کون و کلیل-هەردووکیان
یەک شتن: دەروازەیەک بە
ناو خۆیاندا.
٧
ئاو هەڵدەقوڵێت،
قوڵان-مردنێکە هێمن،
هەڵقوڵان - ژیانەوەی
وەهمێکە بێ بن.
ئاو بەرەو من دێت
یان من بەرەو ئاو؟
کەسێک دەپرسێت
کە هەر خۆی ئاوە،
هەر خۆی پرسیارە.
ماسییەکان،
ئەو بوونەوەرانەی کە دەریای خۆیان دەخۆن،
لە خەونەکانی خۆیاندا، نوقمی خۆیان دەبن،
شەپۆلبەرن.
٨
من
زیندووم،
کەسێک بێدەنگ دەڵێت:
گوێچکەکانمان بێدەنگن،
بێدەنگییەکان وەڵامێکن،
بۆ ئەو پرسیارە زۆرانەی -
هیچ کات
نامرن.
٩
کەسێک -
هەمان کەس -
هێشتان چاوەڕوانە
کە پەنجەرەکان
بکرێنەوە.
بەڵام
کرانەوە یانی داخران،
داخران یـانی کرانەوە -
لە شوێنیک-شوێن نییە،
بۆ کەسێک کە نایزانێت
چەند پەنجەرە پێویستە
بۆ خۆ دیتن لە ئاوێنەی
نەبوودا؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|