|
٧\١٠\٢٠٢٦
چوار هۆنراوە
.

فەرهاد ئەحمەد
لانەی
چۆلەکەکان.
بەیانیان کە پەنجەرەی
ژوورەکەم دەکەمەوە
چەندە جوانە تیشکی خۆر!
کاتێک دێتە ژوورەوە..
چۆلەکەکان دەبینم
بانگم دەکەن بە جریوە
بە شەونمی بەربەیان
دەم و چاویان شۆریوە.
لە ناو هێلانەی شادیی و
بۆنی گوڵ و جریوە
بە نەغمەی پڕ لە ئاواز
باخچەکەمان خەمڵیوە.
بە جوانیی ئەم باخچەیە
ماڵمان زۆر ئاوەدانە
جێی ئاسوودەیی ئێمە و
لانەی چۆلەکەکانە..
گوندەکەم.
ئای چەند جوانە گوندەکەم؟!
دیمەنی باخ و شاخی
کەشوهەوای بەهاری
بەرهەمی ڕەز و باخی ..
باڵندەی سەر درەخت و
گیانداری ماڵی و کێوی
ماسی و سۆنە و مراوی
سامانی زەوی و ئاوی..
گوندم پڕ فەڕ و جوانیی
جێگای وەرزش و یاری
تینوو بوم، دەیخۆمەوە
ئاوی کانیی سازگاری.
زەوی گوندم پڕ بەرهەم
لە سەوزە و لە میوەی جوان
بەرهەمی بەخشیوە بە
خەڵکی گوند و هەم میوان..
گوندەکەم ئاوەدانە
ماڵی ئاشتی و خەندەیە
خاوەن خەڵکی دڵسۆز و
هەمیشە بەخشندەیە.
وەرزشی
جەستە.
جەستەم بە جووڵە و وەرزش
ڕاهێناوە بەیانیان
تا بەهێزبم، بە یاریی و
ڕاکردنی گۆڕەپان.
ڕۆژانە وەرزش دەکەم
زووش دەخەوم شەوانە
هەمیشە گورجوگۆڵم
دڵخۆشم بەم ژیانە.
دەچمەناو باخ و گوڵزار
هەڵدەمژم بەرامەی گوڵ
چاوانم پێی گەشدەبن
ئارامیی دەدات بە دڵ
لە ناو دەشت و سەوزایی و
هەوای سروشتێکی پاک
دەبینە دۆست و هاوڕێی
نیشتمان و ژینگە و خاک
دەی زو وەرن بۆ وەرزش
با لە سستیی بەدووربین
وەرزش بکەین ڕۆژانە
بۆ ئەوەی تەندروستبین..
فڕۆکەکەم.
یەک فڕۆکەم کڕیوە
لەمە پێشتر نەمدیوە
زۆر جوان دروستکراوە
دوو تایەی بۆ دانراوە
وێنەی ئاڵای کوردستان
لە لای ڕاستی نەخشاوە
کاتێک دەینێرمە ئاسمان
وەک مەل و باڵندەی جوان
کۆنتڕۆڵی بەدەستمە
لە هەر شوێنێک، مەبەستمە
بۆ سەر زەوی دەهێنم
خۆشمدەوێ نایشکێنم
ئۆخەی فڕۆکە جوانەکەم
شادم یاریت پێدەکەم
هەرچەند بەرز بی، نەنەوی
خۆم دەتهێنمە سەر زەوی.
rahanddrwd@gmail.com
|