په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١١

چوار پەنجەرە بۆ ئەدەبى گێڕانەوە.

رێبین ئەحمەد خدر  

حیکایەتى ڕەشپۆشەکان - کۆمەڵە چیڕۆک.
جەمشیدخانى مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد - ڕۆمان.
ئەنتیک(Antique)،منارەى ئاوەدانى - چیڕۆک.
پایزەخەون - کورتە ڕۆمان.


لەماوەى ڕابردوودا لە گۆڤارى "مێرگ" لە گۆشەى ڕۆژنە، کە تایبەتە بە ڕاى جۆراو جۆر و جیا لە بارەى ئەدەب و نووسین یان هەر دیاردەیەکى ترى پەیوەست بە نووسین لە بارەى ئەوەوە نووسیبووم : چیڕۆک و ڕۆمانى ئێمە کەمتر ڕویان لە شارو پێکهاتە و بنیاتى شار کردووە، واتە گەر ڕوو لە شاریش کرابێ، شار زیاتر بۆتە ڕووبەرى ڕووداوى سیاسى و نەتەوەیى، گێڕانەوەکان وێنەى شارییان بەشێوەیەکى تایبەت شینەکردۆتەوە و نەچوونەتە نێوى، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر جەختمکردبووە سەر چیڕۆک و ڕۆمانى کوردى لە دواى ڕاپەڕین.هەر لەم گۆڤارەدا چیڕۆکنووس - ڕۆماننووس "عەبدوڵڵا سەڕاج" بەشێوەیەکى توند بەرپەچى ئەوەى دابووەوە کە من لەبارەیەوە نووسیبووم و ئەوەشى وتبوو کە گوایە من گەنجم و هێشتا چاوم بە ڕۆمانى "شار" ى "حسێن عارف" و "هەڵکشان بەرەو لوتکە" ى سەڕاج خۆى نەکەوتووە.دیاربوو "عەبدوڵڵا سەراج" لەمەبەستى من بە تەواوى تێنەگەیشتبوو، چونکە مەبەستى من ئەوە نەبوو، کە شار وەک ناو یان شوێن نەهاتۆتە ناو چیڕۆک و ڕۆمانى کوردى-ئاشکرایە چەندین چیڕۆک و لە ئێستاشدا بە دەیان ڕۆمانى کوردى ڕووداوەکانیان لە شاردا ڕوودەدەن، بابەتێکى تر بوو.


بابەتەکەش ئەوەبوو کە لە چیڕۆک و ڕۆمانى کوردیدا شار بە جەستە ئالۆزەکەیەوە بەم هەموو باڵەخانە و ئۆتۆمبێل و دوکەڵ و..ناواخنى پەیوەندى مرۆڤ لەگەڵ سروشتى شاردا..هتد ( کورتیەکەى : ژینگەى شار) نیشان نەدراوە، واتە ناسنامەیەک بۆ مرۆڤى شارنشینى نەدراوە بەدەستەوە. بۆ ئەمەش پاساوى زۆر هەن، نموونە..تاوەکو ئێستا شارەکانى ئێمە ڕووێکى تەواوى شارییان لە بوونى دەزگا تایبەت و بنەڕەتییەکان یان وێستگەى شەمەندەفەر و چى و چى نییە، دەتوانین باشتر ڕونى بکەینەوە :وەک چۆن لەو چیڕۆک و ڕۆمانانەى لە بارەى مرۆڤى گوندنشین و ژیانى ناو سروشت دەدوێن..چۆن پەیوەندى شوان بە ئاژەڵەکانەوە..مام حاجى بە بەفرماڵەکەیەوە دەبینین یان ڕەوشى ژیانى ژنى کورد دەبینین (ئەمەش زۆرجار بەهۆى چیڕۆکێکى خۆشەویستییەوە نیشان دراوە) ئاوا و بەمجۆرە هەنگاونانى مرۆڤى کۆمەڵگاى کوردى لەناو ژینگە ئاڵۆز و زەبەلاحەکەى شار دەرنەکەوتووە.


لە کۆمەڵە چیڕۆکى "حیکایەتى ڕەشپۆشەکان" ى "دانا فایەق" یش هەرچەندە ڕووداوەکانى چیڕۆکەکان لە شاردا ڕوودەدەن، بەڵام شار وەک شوێن وەک ژینگەیەک کە کاریگەرى هەبێت لەسەرپاڵەوانەکان بوونى نییە. لەم کۆمەڵە چیڕۆکەدا ئەوەى ڕوودەدات زیاتر لە زماندا یان لە سروشت و خەیاڵى مرۆڤەکان ناچێتەدەر، تەلە دڕکاوییەکان لە چیڕۆکى "تەرمێک لەوبەر تەلە دڕکاوییەکانەوە" ئەوەندەى بوونەتە قوربانى ئەو دەربڕینە لە کۆتایى چیڕۆکەکەدا هەیە (چاوەڕوان بە..هەرکاتێک تەلە دڕکاوییەکان پیرۆزییان لە دەست دا، ئەوسا بە ئاسانى دەتوانى براکەت لەگەڵ خۆتدا ببەیتەوە) وەک سنوورێک دەرنەکەوتوون.واتە پیرۆزى و دەربڕین لە بارەى پیرۆزیى سنوورەکەوە زاڵبووە بەسەر ئەوەدا کە سنوورەکە وەک خۆى دەرکەوێت و خوێنەر بەبێ ئەم دەڕبڕینەش هەست بە پیرۆزى سنوورەکە بکات.ئەوە لە چیڕۆکەکانى تریشدا دەردەکەوێت ئەوەندەى پاڵەوانەکان لەبارەى ڕووداوەکان دەدوێن و دەیانگێڕنەوە خۆیان لەناو ڕووداوەکان نین.چیڕۆکەکان لە لایەن ناونیشانەکانییانەوە ڕادەکێشرێن و هەردەم ڕەمزێک هەیە کە چیڕۆکەکە وا دەردەکەوێت لەپێناو ڕەمزەکە نووسرابێت..گێڕانەوەش بە ئاراستەى ڕەمزەکەدا دەڕوات. بۆ نموونە لە چیڕۆکەکاندا تەلە دڕکاوییەکان، قەفەزە بچکۆلەکان،وێنەکەى ژەنەڕاڵ، حیکایەتەکان، ئاو...هەریەک لە مانە بوونەتە دەروازە و ڕەمزێک و ڕووداوەکانیش ناچنە ناو ڕەمزەکان و ڕووداو دروست ناکەن، بەڵکو دەبنە بابەتى قسە لەسەرکردن و لێدوان.لەبەر ئەمەش زۆرجار لەچیڕۆکەکاندا شێوازى راپۆرتى دەبینین نەوەک لایەنى چیرۆکى هونەرى.


زۆرجار ئەوەى وا دەکات بەشێک لەخوێنەران چاوپۆشى بکەن لە تەکنیک و شێوازى گێڕانەوە ، بەشێوەیەکى ساکار بیڵێین بابەتە.لەم کۆمەڵە چیڕۆکەشدا بابەت ئەم کارە دەکات، واتە جۆرى بابەتى حیکایەتەکانى ئەنفال و دەسەڵاتى باوک و سێبەرى وێنەکەى ژەنەڕاڵ...هتد. لە زۆربەى چیڕۆکەکانیشدا ڕووداو کەم دەبینین، ئەوەى هەیە زیاتر وەسفکردن و درێژکردنەوەى ناونیشانى چیڕۆکەکانە.لەلایەکیترەوە زمانى کەسایەتى ناو چیڕۆکەکان زمانێکى شیعریى و یان وەک دەوترێت ڕۆحانییە، ئەم شێوەى زمانە کە زیاتر لەسەر وەسف دەژى لاى "بەختیار عەلى" زۆر بەدى دەکرێت..لە چیڕۆکى "تەرمێک لەوبەرى تەلە دڕکاوییەکانەوە" باوکێک لە بارەى وەرزەکانەوە دەڵێت (ئێمە تەنانەت دەبێت پابەندبین بەو سنوورانەشەوە،کە وەرزەکانى ساڵ دیارییان کردووە بۆمان.من حەزدەکەم لە چلەى زستانیشدا دوور لە چوارچێوەى ژوورەکان بخەوم، چونکە مرۆڤ لە دەرەوەى ژوورەکان کەمتر هەست بە بوونى ئەو چوارچێوانە دەکات کە بۆى دەسنیشان کراوە....).نەبوونى دیالۆگ و شێوازێک بۆ هێنانەناوەوەى دیالۆگ وایکردووە زمانى پاڵەوانەکان زمانێکى وەسفى یان دووربکەوێتەوە لە زمانى کەسایەتیەکانى تر ، هەروەک لە باسى وەرزەکاندا لە زمانى باوکەکە دەیبینین، زیاتر لە داڕشتنێک دەچێت لەبارەى وەرزەکانەوە.لە چیڕۆکى "بەرەو ماڵێک لە ئاو" هەمان شت دەبینین. ( گرینگترین شت ئەوەیە فێرى زمانى ئاوبین، کە لە زمانیمان زانى، ئەوجا شارەزاى سروشتى دەبین، دواى ئەوەش بە سانایى دەتوانین تێکەڵاوى بین....).پێدەچێت ئەو لێشاوى ئاوەى زۆر شیعرى کوردى لەخۆیدا خنکاندووە پەڕیبێتەوە بۆ چیڕۆکیش..ئاو لەم چیڕۆکەشدا هەر لە ئاوى ناو شیعرەکان دەچێت..ئەو ئاوەى ڕوناکە و مەزنە و میهرەبانە-کە زۆربەیان بە کاریگەرى شیعرەکەى "سوهراب" نووسراون.


کۆمەڵەچیڕۆکى "حیکایەتى ڕەشپۆشەکان" بە زمانێکى ئاوێتە بە وەسف و دوور لە ڕووداو هەوڵدەدەن بە دواى مانادا بگەڕێن، ماناگەلێک لەسەرخوانى بابەت و پرس و کارەساتەکانى وەک سنوور و پیرۆزیى، ئەنفال، باوکسالاری و..هتد، بەڵام ئەوەى وادەکات چیڕۆک مانایەکى تر بدات بە ژیان و پرسەکان شیبکاتەوە، خستەڕووى پرس و کارەساتەکان نییە بەیارمەتى زمانێکى بارگاوى بە خەیاڵى شیعریى، بەڵکو بە رووداوکردنى پرسەکانە بە ڕادەیەک کە خوێنەر وا لێبکات ڕووداو بخوێنێتەوە و لە ڕووداوەکانى ژیانى ڕۆژانەى خۆیشى تێبگات، نەوەک تەنها وەسفى ڕووداوەکان بکات و هەوڵبدات سێبەرەکەیان درێژبکاتەوە،چیڕۆک دەبێ خوێنەر لە ڕوووداو بئاڵێنێ، بەجۆرێک خوێنەر هەستبکات ئەوەى دەیخوێنێتەوە و لەناویدا ونبووە ژیانە، یان ژیانێکى ترە-یان دەکرێ جۆرێک بێ لە ژیان.

سپایدەرمان لەسەر شێوازى جاڵجاڵۆکە و بە یارمەتى تەونەکەى خۆى بە ئاسمان و نێو باڵەخانە و کوچەکاندا دەفڕێت-ئەوەمان پێشتر لە سوپەرمانیش بینى-بیرۆکەى فڕین لەمێژە خەیاڵى مرۆڤى داگیرکردووە و جا بەهەر هۆیەک بێت.لە دوا ڕۆمانى بەختیار عەلى دا "جەمشیدخانى مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد" جەمشیدخان بەهۆى ئازار و ئەشکەنجەیەکى زۆر لە زیندان دا کێشى ئەوەندە سووک دەبێت با لەگەڵ خۆیدا دەیبات و دەفڕێت.بەختیار عەلى ئەوەندەى دەیەوێ لە ڕۆمانەکانیدا تایبەت ئەم ڕۆمانەى سەرنجى خوێنەر بۆ ئەوە ڕابکێشێت بیر لە هۆکارى کارە موعجیزەئاساکانى پاڵەوانەکان بکاتەوە، ئەوەندە بایەخ بەوە نادات چۆن خوێنەر تووشى گوومان نابێت لەو پاڵەوان و کارە عەنتیکانە. بۆ نموونە ئەوەى وادەکات خوێنەر چاوپۆشى لەوەها فڕین و پاڵەوانێک بکات ڕەنگە بوونى بابەتى زیندانى بەعس و زوڵم و زۆرى بەعسییەکان بێت- بەڵام لە ڕووى هونەرییەوە هیچ گرینگ نییە تۆ باس لەچى دەکەیت و لە چ دکتاتۆر و دەسەڵاتێک دەدوێیت، گرینگ ئەوەیە چۆن لەمانە ڕۆمانێک دروست دەکەیت.


خەیاڵى دروستکردنى پاڵەوانێک، کە بەیارمەتى دووکەس لە ئاسماندا دەفڕێت و لە جەنگەکاندا بەکاردێت، ئەوکاتە دەبێتە خەیاڵێکى ئاسایى و جوان کە توانى خۆى بگونجێنیت لەگەڵ ڕووداو و خەیاڵى خوێنەر، بەڵام ئەمە لەم ڕۆمانەدا بەدى ناکەین..ئەوە بەتەنها پاساو نییە کە لە ئەدەبیاتى گەلانى تر و لاى ڕۆماننووسانیتریش پاڵەوانى لەمشێوەیە هەن، گرفتەکە ئەوەنییە پاڵەوانێکى وا ئاسایى نەبێت هەبێت، بەڵکو ئەوەیە "جەمشیدخان" بە کارەکتەرە خەیاڵییەکەى خۆى لەگەڵ بەشەکان و ڕووداوەکانى ترى ڕۆمانەکە نەگونجێنراوە-واتە کەسایەتى "جەمشیدخان" بە دیوە خەیاڵییەکەى..ئێمە لە واقیعدا جێدەهیڵێت و خۆیشى بۆ مەلەکوتى خەیاڵ دەفڕێت- واتە لەبەرامبەر جۆرە خەیاڵێکى وا خوێنەر هەردەم لە واقیعدا دەمێنێتەوە و خەیاڵ لە دەرەوەى خۆى دەبینێت، بەم جۆرە خەیاڵەش ناتوانێت باوەڕبکات. هەر ئەمەشە وا دەکات کەسایەتى "جەمشیدخان" نەبێتە کارەکتەرێکى خەیاڵى.


لەمیانى ڕۆمانەکە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت "بەختیار عەلى" زۆر لە بەشەکانى بۆ ئەوە تەرخان کردوون وا لەخوێنەر بکات بە پاڵەوانێکى وا ڕازیبێت و قەناعەتى پێ بکات.چۆن؟ بۆ نموونە ئەو بەشەى بە ناوى " جەمشیدخان و خوا" یە گەر لە ناو ڕۆمانەکە هەڵبگرین هیچ کار لە ڕووداوەکان ناکات، تەنها بەشێکى زیادەیە و بەیاریدەى ئەمەوە مەسەلەى ئیسلامییەکان دێنێتە ناوەوە.واتە بۆ دروستکردنى پاڵەوانى ڕۆمانەکە ڕووداوى زیاتر دروست دەکرێت-لەبرى ئەوەى پاڵەوان بکەوێتە ناو ڕووداوەوە بە پێچەوانەوە ڕووداو دەبێتەپاشکۆ و تەواوکەرى وێنەى پاڵەوان.ئەوەى جێگاى سەرنجە ئەوەیە کەس نازانێت بۆچى "جەمشیدخان" لەپڕ ئاوا بووە ئیماندار و هەستى کرد وێنەى خوا دەبینێت.ئەم لەپڕ گۆڕینانە لە ڕۆمانەکەدا زۆرن، بۆ ئەمەش پاساوێکى سەیر هەیە، گوایە دواى هەر نیشتنەوەیەک پاڵەوان شتەکانى پێشووترى خۆى لەبیردەکات.ئەمە گەر هێمابێت بۆ ئەوەى کە مرۆڤ یان تایبەت تاکى کورد یادەوەرییەکى لاوازى هەیە و ڕابردووى خۆى لەبیردەکات یان هەر شتێکى تر، بەمشێوەیە لە ڕۆماندا جێگاى خۆى ناگرێت و لە وتار و لێکۆڵێنەوە بە ڕوونکردنەوەى زیاتر دەکرێ بخرێتەڕوو.


بەمشێوەیە کارکردن لەسەر دەسەڵات چەند جارێکە لە ڕۆمانەکانى بەختیار عەلى دووپات دەبێتەوە، "غەزەلنووس و باغەکانى خەیاڵ" و " کۆشکى باڵندە غەمگینەکان" یش بەهەمان شێوە ململانێ لەگەڵ دەسەڵات وێنە دەکێشن.چیڕۆک و ڕۆمانى کوردى کەمتر کارییان لەسەر تاک کردووە، ڕۆمانەکانى "بەختیار عەلى" یش بەردەوام تاکێک دەهێننە ناوەوە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدا کەوتوونەتە ململانێ، واتە وێنەى ئەو کارەکتەرانە لە ڕۆمانەکانیدا زۆر کەمن کە لەناو سیسیتەمەکەدا بە ڕادەیەک ونبوون..دوورتر لەوەى بتوانن لەگەڵ دەسەڵاتدا ڕاستەوخۆ بکەونە ململانێ..بەڵکو لەگەڵ ژیانى خۆیاندا لە ململانێدان و لە نێو سیستەمى خێزاندارى و دەسەڵات و سەرمایەدا تواونەتەوە.


چیڕۆک و ڕۆمانى کوردى لە ئێستادا دوور دەکەونەوە لەوەى بچنە ناواخنى کۆمەڵگا وشیکردنەوەى بازنە و قەفەسەکانى تاکى کورد-بۆ نموونە دەزگایەکى وەکو خێزان کە تاکەکان لەیەکتر دەشارێتەوە و موڵکدارى پێشدەخات- هەرچەندە ئەمە لەچەند ڕۆمان و ژمارەیەک چیڕۆک کارى بۆ کراوە، بەڵام بەشێوەیەکى تایبەت نا کە ڕۆمانێک بە تەواوى لەخۆ بگرێت بێ ئەوەى ڕۆمانەکە تێکەڵى پرسەکانى تر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین ئاماژە بە "حەسار و سەگەکانى باوکم" ى "شێرزاد حەسەن" بکەین..یان کارکردن لەسەر ئایین لە ئەدەبیاتى گێڕانەوەدا..لەچیڕۆکەکانى ئێستاى ئێمەدا تەنانەت لەهەندێ ڕۆمانیشدا ئایین تەنها لە کارەکتەرى سۆفى و دەروێش و مەلاکاندا ڕەنگدەداتەوە و وەک سێبەرێک بەسەر تاکێک بۆ نموونە بەرگدوورێک خۆى نیشان نادات. ڕۆمانى "جەمشید خانى مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد" هەر بەهۆى نەبوونى ئەو وردەکارى و نەچوونەیە بۆ ناو کۆمەڵگاى کوردى لەسەر ئاستى تاک دەبێتە ڕۆمانى دروستکردنى پاڵەوانێک بەچەند سیفەتێکى سەمەرەوە کە هەریەک لەو سیفەت و ئاکارانە ئاماژەن بۆ شتێکى تر لە واقیعەکەدا، هەروەک وتمان بەمجۆرە کارکردن لەگەڵ ڕۆماندا ناتەواوە، چونکە بە تەنها دروستکردنى پاڵەوانێکى وەک دەڵێن سووریالى گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە چۆن ئەو پاڵەوانە لەگەڵ ڕووداو و پێکهاتەکانى ترى ڕۆمان دا هاوسەنگ دەکەیت.گەر نهێنى نووسینى ڕۆمان هەر تەنها دروستکردنى پاڵەوانێکى عەنتیکەبێت، هیچ لە نووسینى ڕۆمان ئاسانتر نابێت.وەک (پاڵەوانێکى کوێر کە تەنها خۆشەویستەکەى دەبینێت- کچێکى کەڕ کە تواناى بیستنى دەنگە دوورەکانى هەیە- پیرەپیاوێک دوژمنایەتى لەگەڵ ئاسمان هەیە و هەرگیز نەبینیوە-منداڵێک کە هەر لە زگماکەوە خواردن ناخوا و دەتوانێت تاریکى بخوا..بۆ نموونە تاریکى ژوورێک....هتد).


دەتوانین بڵێین سەرەڕاى ئەوەى جەمشیدخان وەک پاڵەوانى ڕۆمانەکە کەم و کوڕییەکى زۆرى هەیە.. و دروستکردنى ڕووداو و سەردەمى بەعس و دەسەڵاتى کوردى نەچوونەتە ناو جۆرێکى نوێى گێڕانەوە، بەڵکو ئەمجۆرى گێڕانەوەیە کۆنبووەو شتێکى نوێمان لەبارەى بەعس و دواى ڕاپەڕین و دەسەڵاتى کوردى پێناڵێت.لێرەشدا تووشى کێشەى بێ رووداوى دێین، وا دەردەکەوێت باسکردن لە ڕێگاى قاچاخ و چوون بەرەو یۆنان یان سەفەرەکانى جەمشیدخان دووبارە هەر بۆ ئەوەبن زیاتر وەسفکردنى کارەکتەرەکە درێژبکەنەوە.جەمشیدخان هاوشێوەى سوپەرمان یان سپایدەرمان بە ئاسماندا دەفڕێت و سەفەرى دوور و درێژدەکات-وەک پیاوى جاڵجاڵۆکە دەتوانێت بفرێت و یەکەم کەسیش نییە کە لە ئاسماندا بانگى عەشقى خۆى ڕادەگەیەنێت و قسە لەگەڵ مەعشووقەکەى خۆى دەکات- گەر پاساوى ئەوەشمان هەبێت کە جەمشیدخان وێنەى پیاوێکى کوردى غەمگینەو لە ژێر ئەشکەنجەدا کێشى سووک بووە یان وەک هەر تاکێک لە ئێمە کە با لەگەڵ خۆمان دەمانبا هێشتا ناتوانین چاوپۆشى لە لایەنى هونەرى ڕۆمانەکە بکەین کە تاوەکو کۆتایش ڕۆمانەکە هەر خەریکە وەسفى فڕینەکانى جەمشیدخان دەکات.


باشترە ئەوەش بڵێین کە ئەم ڕۆمانە کارکردن نییە لە ڕووبەرێکى بچووک و دروستکردنى بەرمیلێک شەڕاب نییە لە دەنکەترێیەک، من پێموایە وەک هەموو ڕۆمانەکانیترى بەختیار عەلى ڕۆمانێکى دوور و درێژو وەسف ئامێزە، بە هەڵەدادەچین کە وامانزانى هەرکاتێک کتێبێک ژمارەى لاپەڕەکانى کەمتربوو، ئەو کتێبە کارى لە ڕووبەرێکى بچووکى زماندا کردووە. بەهیچ جۆرێک ژمارەى لاپەڕە پەیوەندى بە کارکردن نییە لە مەودایەکى کورتردا."جەمشیدخانى مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد" گەر بە ژمارەى لاپەڕەکانى کەمتربێت لە ڕۆمانەکانیترى بەختیار عەلى خاوەنى هەمان هەناسە و درێژکردنەوەى وەسفییە-لەچاو خۆیدا درێژتریشە لە ڕۆمانەکانیتر.با لەوەش بگەڕێین باس لە درێژى ناونیشانى ڕۆمانەکە بکەین کە قەرەبووى ژمارەى لاپەڕەکانى کردۆتەوە:
(جەمشیدخانى مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد).

ئەنتیک(Antique) و منارە ئاوەدانى دوو چیرۆکى "کاروان عومەر کاکەسوور"ن کە لەم دوواییانەدا بڵاوکراونەتەوە.ئەنتیک چیڕۆکى کوڕێکە بە ناوى سامان کە بە پێشنیارى هاوڕێکەى " شێرە- شێرزاد حەسەنى چیڕۆکنووس" دووکانێکى ئەنتیک لە چەقى شار دادەنێت و لەڕێیەوە هاوڕێ ونبووەکانى خۆى دەدۆزێتەوە.هەروەک دیارە کە ئەو ناوانەى لە چیڕۆکەکەدا هاتوون ڕاستەقینەن و چیڕۆکنووس چیڕۆکەکەى پێشکەشى ئەوان کردووە.سامان دواى ئەوەى لە کارەکەى دەردەکرێت تووشى نامۆیى و نیگەرانییەکى زۆر دەبێت..تایبەت ئەوەى کە ناتوانێت چیتر کتێب بخوێنێتەوە و لەکتێب بێ ئومێد دەبێت، چاوەڕوان و خەمبار لە دووکانى ئەنتیک دا چاوى بڕیوەتە ئەوەى هاوڕێکانى دەرکەونەوە.ئەوەى جێگاى سەرنجە ئەوەیە کە لەم چیڕۆکەدا هیچ هۆکارێک دیارنییە بۆ تۆرانى سامان لە کتێب و خوێندنەوە وەک ئەوەى حاڵەتێک بێت لەپڕ و بێ هۆکاربێت-ئەوە ڕاستە کە بێکارى کار لە پاڵەوان دەکات، بەڵام هێشتا ئەم بێ ئومێدبوونە لە خوێندنەوە و خۆدزینەوە لە ناوهێنانى کتێب جێگاى گوومان و سەرنجن.(بەڵام هەر زوو زانیم تواناى خوێندنەوەم نەماوە...دە دوانزدە جار دێرێکم دەخوێندەوە و لێى تێنەدەگەیشتم...هەرکە کتێبم بە دەستەوە دەگرت، باوێشکم دەدا و خەوى قورسم لێ دەکەوت.....) لە چیڕۆکى "منارەى ئاوەدانى"یشدا حاڵەتێکى هاوشێوە دەبینین کە خوێنەر حەقى خۆیەتى بپرسێت بۆ؟ کاتێ باس لە پاڵەوانى چیڕۆکەکە دەکرێت نازانرێت بۆچى تەنها ئەو منارەى چۆلى لە نزیکەوە نەدیوە ( بە منداڵى چیڕۆکى سەیر سەیرت لە بارەى منارەى چۆلییەوە بیستووە...هەمووشیان ترسناک ، بەڵام چێژبەخش...تۆ تاکەکەسى گەڕەکیت، ئەگەر نەڵێم تاکەکەسى شاریت، کە هەر لە دوورەوە منارەى چۆڵیت دیوە...هیچ لەوە تێنەگەیشتوویت ئەو شتە چییە بەدەوام ڕێى لێ گرتوویت، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە تەنیابێت، یان لەگەڵ هاوڕێکانتدا بە پیاسە هەتا ئەوێ بچیت و چاوێ بە بەرزى و بە تاق و بە نەخشونیگارەکانیدا بگێڕیت....) چیڕۆکنووس تەنها لەڕێى تێنەگەیشتنى پاڵەوانەکە حاڵەتى نەبینینی منارەى چۆڵى نیشان دەدا ( هیچ لەوە تێنەگەیشتوویت ئەو شتە چییە...) وەک ئەوەى ئەو شتە لەهەردوو چیڕۆکەکەدا-واتە ئەو شتە نەزانراوەى کە هەم یەکێک لە کتێب دەتۆرێنێ و هەم ناهێڵێت یەکێکى تریش منارەى چۆڵى لەنزیکەوە ببینێ دەستێکى میتافیزیکى و شاراوەبێت.جارێکى تریش چیڕۆکنووس هەر لە "ئەنتیک" دا ئەو "نازانم"ەیە دووبارە دەکاتەوە لەو کاتەى سامان پێشنیارى هاوڕێکەى پەسەند دەکات (ئێستاش نازانم بۆچى ئەو بیرۆکەیەم پەسەند کردو لە ماوەیەکى کەمدا دووکانێکى ئەنتیکم لەناو جەرگەى شار دامەزراند) لە هەردوو چیڕۆکەکەشدا شتى لە ناکاو و لەپڕ دێنە ناوەوە و تواناى ئەوەشیان هەیە ئاراستەى ڕووداوەکان بگۆڕن لە چیڕۆکى ئەنتیک دا زۆر لە ناکاو وەک دیمەنگۆڕیى ناو حیکایەت فۆلکلۆرییەکان سامان بیرى بۆ ئەوە دەچێت ئەو خانووە بفرۆشێت کە لە دایک و باوکییەوە بۆى ماوەتەوە یان یان دەرکەوتنى ڤیان لە چیڕۆکى منارەى ئاوەدانى داو ئاوێتەبوونى بە بابەتەکانیتر،ئاڕاستەى گێڕانەوە دەباتە شوێنێکى تر.


دووکانى ئەنتیک بۆ سامان دەبێتە چەقى چاوەڕوانى، هەر ئەم چاوەڕوانییەش وادەکات درێژە بە ژیان بدات و لە شوێنێکەوە ببەسترێتەوە بە ئەوانیتر، تایبەت چاوەڕوانیکردنى ئومێد فەهدى هاوڕێى.مرۆڤ بەردەوام تاسەى چاوەڕوانى دەکات، ئەوە زۆر جار سروشتى مرۆڤە کە حەزدەکا لە ناوەڕاستى چیادا بێت نەوەک لە لوتکە یان لە دامێنى. کاتێ ئومێد فەهدیش دەگەڕێتەوە ئەو دومیەى لە سەر شێوەى سامان دروستکراوە لەگەڵیدا دەکەوێتە گفتوگۆ، لێرەدا دیمەنێکى جوان و تەماویى دەبینین، چونکە دومیەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ناوى ئومێدە و سامانى باوکیشى چەند مانگێک دەبێت مردووە.ئەوەى زیاتر لە چاوەڕوانى دەردەکەوێت کێشەى ونبوونى مرۆڤە، ئەم ونبوونەش بەوە لە ونبوونى ئاسایى و ڕەسمى ژیاندا دەگوازرێتەوە بۆ ونبوونێکى وجوودى کاتێ "ئومێد فەهدى" لەگەڵ دومیەکەدا باسى ونبوونى خۆى دەکات و لە کۆتایى چیڕۆکەکەشدا وەک ئامۆژگارییەک هەر بە دومیەکە دەڵێت ( - ئومێد گیان، ئاگات لە دوو شت بێت لە دووکانەکەى باوکت و لە خۆت، ون نەبێت...!!) لێرەوە ونبوون هەر لە قالبى ئەوە دا نامێنێت کە ژیان و ئاوارەیى و بارى کۆمەڵایەتى دروستى بکەن، بەڵکو دەبێت بە ونبوونى خوودى مرۆڤ لەناو بوون دا. ئامۆژگارییەکەش ئەوە دەردەخات کە چەقى چاوەڕوانى نابێت ون ببێت و نەمێنێت واتە دووکانى ئەنتیکەکە لەگەڵ بونیات و بوونى مرۆڤ.


لە چیڕۆکەکەدا وەک خوازەیەک ئومێد(هیوا) ون دەبێت (ئومێد فەهمى) دواجار دومییەکەش دەبێتەوە بە ئومێد دەکرێت ئەم "ئومێد"انە وەک ئومێدى مرۆڤ سەیربکەین.ئەو کاتەى خوودى ئومێد ون دەبێت و لە خانەى چاوەڕوانیدا و لەمردن و خۆڵەمیشى ئێمەدا ئومێدێکیتر سەر دەردێنێ.


لە"منارەى ئاوەدانى" دا ڕووبەڕوى کوڕێک دەبینەوە کە هیچکات لە نزیکەوە منارەى چۆڵى نەبینیوە.ئەم چیڕۆکە بەشێوەیەکى چڕوپڕو جوان لایەنى کۆمەڵایەتى و پەیوەندییەکان و وێنەى ژن لە کۆمەڵگاى کوردیدا نیشان دەدات.پاڵەوانى چیڕۆکەکە لە تیمێکى تۆپى پێدا لەگەڵ هاوڕێیەکى بە ناوى سامان یاریکردووە، دایکى هاوڕێکەیشى(سامان) هاتۆتە سەیرى یارییەکانیان و لەگەڵ زۆربەى ئەندامانى تیمەکە ڕایبواردووە، جگە لەمە پاڵەوانەکە یاریکەرێکى سەرەکى نییەو هەردەم لەدەرەوەى یاریدا خۆى دەبینێتەوە.چیڕۆکەکە لەوەدا گەشە دەکات و بەرەو پێش دەچێت کاتێک منارەى چۆڵى دەبێتە شوێنى هێنانەوەى مردووەکان. منارە دەبێتە ئەو شوێنەى کە هەموو کەسێک دەتوانێت مردووێکى خۆى لەوێوە بگەڕێنێتەوە لاى خۆى.ئەم شتانەش لە لایەن سامانەوە بەو کوڕە دەوترێن کەهیچکاتێک منارەى چۆڵى نەدیوە و لە تیمەکەشدا بەهۆى ئەوەى یاریزانى سەرەکى نەبووە ناوبانگى "ڕیزێرڤ" ى وەرگرتووە.


"ڕیزێرڤ" باوکى نەماوە و دایکیشى بەرەو شوێنێکى نادیار سەرى هەڵگرتووە، هەردەم لە خەمى ئەوەدایە کێ لەلاى منارەى چۆڵى لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە، لە کاتێکدا سامانى هاوڕێى ست ساماڵى دایکى هەیە بۆ هێنانەوە و دلاوەریش ڤیانى خوشکى دەهێنێتەوە..ڤیان ئەو کچەى بەهۆى ئەوەوە خوێنى ڕژا .لەو دەمەى بە منداڵى بەیەکەوە لەگەڵ یەکدا یارییان بە هێلکە شەیتانۆکەکان دەکرد و دواتر ڤیان ئارەزووى بۆنى ئەوى دەکرد.ڕِیزێرڤ لە دەلاقەیەکى گونجاودا وێنەى مرۆڤێکمان بۆ دەکێشێت کە کۆمەڵگا هەموو ڕێگاکانى لێدەگرێت و نائومێدى دەکات، لەناو بازنەى خێزاندا بەردەوام لەگەڵ مشتومڕو شەڕەکانى دایک و باوکى ئاشنایە و دواتر هەر لە سنوورى ئەو بازنەیەدا باوکى لەباوەشى سۆزانییەکان و بەڕووداوى ئۆتۆمبێل دەمرێ و دایکیشى سەر هەڵدەگرێ..سەرەڕاى گومانەکانى خۆى لە دایکى گەڕان بۆ شێوەى ئەو پیاوەى کە لەخەیاڵى خۆیدا لەگەڵ دایکى دا ڕایبوواردووە.لەم شوێنەوە دەکرێت لە سیستەمى خێزان لەکۆمەڵگاى کوردى بڕوانین و کەمێک لەو گوومان و بێ متمانەییە وردببینەوە کە بەهۆى نیازى موڵکدارانە لەلایەن نێرەوە سەر هەڵدەدەن و ژن دەکەن بە بەشێک لە جەستەى پیاو یان یەکێک لەو شتانەى وەک هەر شتوومەکێکى تر پیاو خاوەنیانە.


ریزێرڤ لەگەڵ ئەوەشدا کە قوربانى وەها خێزانێکى تەوقکراوە لە ڕووبەرە فراوانەکەشدا دووبارە لەگەڵ کۆمەڵگادا تووشى گرفت دەبێت، کۆمەڵگا فڕێیدەداتە دەرەوەى خۆى و ناویشى بۆ دادەنێت، ناوبردن وەک ڕیزێرڤ یەکێک لەو هێمایانەى کە کۆمەڵگا بەهۆى سنوور و دەستوورە زۆر و زەوەندەکانى خۆى و لە بەرژەوەندى خۆیدا ناو دەدا بە کەسەکان و وەرییان دەگرێت و دەریشیان دەکات، مەبەستمان لە کۆمەڵگا ئەو کۆمەڵگایەیە کە ئێمە لەم مەملەکەتە تیایدا دەژین و لەناو چوارچێوە و قەفەسەکانیدا دەژین، هەرکات توانیمان خۆى لەگەڵ بگونجێنین و بەخواست و بەرژەوەندى ئەو جوڵاینەوە..دەمانکات بە دۆست و پشتیوانى خۆى هەرکاتێکیش بەهەر هۆیەکەوە بەچاوى ئەو نەمانبینى دەمانکات بە ڕیزێرڤێک و فەرامۆشمان دەکات،تەنانەت بوارى ئەوەشمان پێنادات ببینە هاودەمى خەیاڵ و تەنانەت مردووەکانیش.


دەکرێ لە چیڕۆکى "منارەى ئاوەدانى" ییەوە کەمێک سەرنجى بوونى پەیوەندى و دەمامکەکانى ناو کۆمەڵگا بدەین..لەمەسەلەى کوشتن لەسەر پەیوەندى یان پەیوەندییە ڕوکەشەکان..لە نەبوونى خۆشەویستى و دابڕانى تاک لە دنیاى خۆى و نەبوونى پردیش بۆ گەیشتن بە ئەوانى تر.


لە دواییدا ئەوەى دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە هەردوو چیڕۆکى "ئەنتیک" و "منارەى ئاوەدانى" لە زۆر ڕووەوە لەیەکترى دەچن و کەمێک لە ڕەنگى یەکتر بە ڕێگادا دەڕۆن.دەتوانین بەراوردى دووکانى ئەنتیک بە منارەى چۆڵى بکەین، دووکانى ئەنتیک دەبێتە شوێنێک کە لەوێوە پاڵەوانەکە چاوەڕوانى هاوڕێیە ونبووەکانى خۆى دەکات و مۆڵگەى چاوەڕوانیکردنى ونبووەکانە، منارەى چۆڵى ئەو شوێنەیە کە خەڵک مردووەکانى خۆیان لەوێوە دەهێننەوە و شوێنى هێنانەوەى مردووەکانە.لە ئەنتیک دا چیڕۆکى کوڕێک دەبینین کە نامۆ و نائومێد بەدیار هاتنەوەى هاوڕێیەکانییەوە دانیشتووە و لە دووکانەکەیدا چاوەڕێى هاتنەوەى ئومێدە کاتێ ئومێدیش دێتەوە ، دومییەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو مردووە و وێنەى ونبوون دەکێشرێت. لە منارەى ئاوەدانى دا چیڕۆکى کوڕێک دەبیسین کە منارەى چۆڵى لەنزیکەوە نەدیوە و دواتر خەمى ئەوەى دەبێت کێ لەگەڵ خۆى (واتە لەمردووەکانى) لە منارەى چۆڵى بهێنێتەوە.کاتێکیش دەگاتە لاى منارە ئەو هەر نائومێد و سەرگەردانە و گوومان دەکات کەسێک هەبێت ئەو لەگەڵ خۆى بیباتەوە.

لە ئێستاى جیهاندا وێڕاى جەنگ و هەنگاونانى داگیرکارانە، وێڕای سێبەرى ترسناکى ونبوونى سروشت و ئاویلکەدانى ژینگە،لە ناو مرۆڤەکاندا لە دام و دەزگا و کۆڵانەکاندا-تایبەت لە کۆمەڵگاى ئێمەدا کە بەهۆى بوونى بۆشایى زۆر هەموو لافاوەکان ئامادەن ڕایبماڵن..لە ناو مرۆڤەکاندا دێو و درنجى عەنتیکە دەژین و زۆربەى تاکەکانیش لێى بێ ئاگان- تەنانەت بەخێویشیان دەکەن، ڕونتر بیڵێین هەریەک لە تاکەکان لە باخەڵیدا تیمساحێک دەژى، کاتێ خۆى برسى دەبێت خواردنەکە دەدا بە تیمساحەکە..کاتێ خۆى تووشى مەترسى دەبێت تەنها لە خەمى ئەوەدایە تیمساحەکە هیچى بەسەر نەیەت..کاتێکیش ڕووبەڕوى مەرگ دەبێتەوە ڕازییە خۆى بمرێت تەنهابۆ ئەوەى تیمساحەکە بژى..هەڵبەتە تیمساحێک نا کە هەر ئاژەڵێکى ددادن بڕەڕو بەهێزبێت و بەس، بەڵکو تیمساحێکى ئاگرین کە ڕۆدەچێتە ناو خوود و ناخى مرۆڤ.


وتمان تیمساحێک ڕاستییەکەى چەندەها تیمساح..شەیدابوون و ئامێزکردنەوە بۆ دەسەڵات..ڕووچوون بە لمى سەرمایەداریداو..کۆنتڕۆڵکردنى بوون و سروشتى مرۆڤ..سروشتى ژیان..بە موڵککردنى مرۆڤەکان تایبەت ژن..هێنانەدنیاى منداڵان بۆ ئەوەى لە خۆمان بچن و درێژە بە وێنەى ئێمە بدەن، وێڕاى دەسگرتنى ئایین بەسەر خەونە بچووک و گەورەکان و ڕادەستکردنى مرۆڤ بۆ ئەوەى پشت بکاتە ژیان و هەستى واى لا دروستبکات-چونکە ئەو ژیانە سەفەرێکى کورتە ئەوەندە ناهێنێت مرۆڤ ئاوا بە توندى دەستى پێوەبگرێت و خۆى بۆ ماندوو بکات یان خۆى بۆ بخاتە مەترسییەوە.هەموو ئەوانە تاکێکیان لە کۆمەڵگاى ئێمە دروستکردووە سەرگەردان بەخۆى، کە نائومێدە بەرامبەر شرۆڤەکردنى نائومێدى و بێزارە لەوەى باسى بێزارى خۆیشى بکات..هەر شتێکیش کە پەیوەندى بە خوودى خۆیەوە هەیە دەیباتە دەرەوەى خۆى و یان دەست بۆ چارەنووس درێژدەکات یان بەرۆکى ڕۆژگار و ئەم و ئەو دەگرێت..لە ڕاستیدا ئەو خۆى ناژیت، بەڵکو خۆى دەکاتە قوربانى ژیانى تیمساحەکان.


هەموو ئەو داو و بەربەستانەش دواجار وا کاریان لە تاکى کورد کردووە و چوونەتە ناویەوە تووشى سەرگەردانى و نامۆییەکى گەورەو کوشندەیان کردووە.سەرگەردانییەک کە لە وەهم و خەونى سەمەرە و ئاڵۆز ئاڵاوە، تەنانەت ئەو خەونانەش کە بەچاوى کراوەوە دەبینرێن و مرۆڤ لێیان دەترسێت، تایبەت لەو بەشەیان دەترسێت کە وێنەى ئەویان تێدایە، واتە خەونێک کە دەرئەنجامى ئەو نائومێدییە و کەڵەکەبوونى خەمى مرۆڤە لە داخى ئەو سیستەم و ماشێنانەى بە ئارەزووى خۆیان دەیهاڕن و مامەڵە بە مردن و ژینى ئەو دەکەن، پێدەچێت خەونى ئاوا لە ڕادەبەدەر ترسناک بێت.


کورتەڕۆمانى "پایزەخەون" ى محەمەد مەولود -مەم- سەروکارى لەگەڵ خەونێکى ئاوایە کە مرۆڤ لەنێوان واقیع و خەیاڵدا دەکاتە دوو پارچە و لە هیچیشیاندا ئارامى نابێت." پایزەخەون" بۆ سەردەمى ئێستامان و ئەمڕۆش هەر پایزەخەونێکى نوێ یە و دانەبڕاوە لە خوودى تاکى کورد و خەمى مرۆڤ بە گشتى.لەسەر ئەم کورتە ڕۆمانە کۆمەڵێک وتارى جوان نووسراون، بەڵام هێشتا پێویستە کارو لیکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت و خەون و ژیانى ڕەشیدجەردەى پاڵەوان لەچەندین لایەنى ترەوە بخرێتەبەر سەرنج و شرۆڤەکردن.هەر چەندە وەک نووسەر خۆیشى ئاماژە بەوە دەکات ڕووداوەکانى ڕۆمانەکە دەچنەوە سەر سەردەمى عوسمانییەکان و داگیرکەرە ئینگلیزییەکان..بەڵام "پایزەخەون" ناکرێت بخرێتە خانەى سەردەمێکى تایبەت و ببەسترێتەوە بە ژیانى قۆناغێکى تایبەتى کورد.ڕەشیدى پاڵەوانى ڕۆمانەکە یان ڕەشید جەردە ئەم ناوبانگى جەردەییەى هى باوکییەتى کە لە دژى زۆردارى و دوژمن ڕاپەڕیوە لەبرى ئەوە ناوییان ناوە جەردە..وێنەى پاڵەوانەکە کە هاوشێوەى تاکى ئەمڕۆ چەپۆکى سەرمایەدارى و دەسەڵات لە پەلوپۆیان خستووە و زەمینێکیان بۆ نەهێشتووەتەوە تێیدا هەست بە ژیان بکات.


ڕەشید کە دووبارە ئەویش کۆمەڵگاى داڕماو لەژێر سیستەمە وێران و مرۆڤخۆرەکان ناوێکى لە ڕەنگى خۆى بۆ هەڵبژاردووە داویەتى پاڵى : جەردە.ئەوەى وادەکات ڕەشید ئەوەندە نائومێدبێت و بەردەمى خۆى نەبینێت..لە گەڕانەوەى بۆ ماڵەوە بەناو دونیایەک قسەى سەیر و هەستى ترسناکدا بڕوات هەر تارمایى ئەو ماشێنە زەبەلاحەى ئەمڕۆمانە "سەرمایە-سەرمایەدارى" کە هاوشانى دەسەڵات و هاوڕێ لەگەڵ ئایین و خوڕافییاتدا مرۆڤ دەخاتە دۆزەخێکى نەبیننراو و بازنەیى.(-باوکم، ئەتۆ لە ئێمە گران و ماقووڵ ترى! ئەتۆ پیاوێک و نیوى، ڕۆژانەى یەک تاکە گوێ درێژى بەڕێز وەردەگرى!!) دەبینین چۆن مرۆڤ دەخرێتە تەرازووى سەرمایە و نەبوونى سەرمایەش لە کۆمەڵگادا نەخۆشى دەکات، نەخۆشییەک کە لەئێستادا زیاتر و زیاتر پەرەى سەندووە و ڕەشیدەکان بەرە بەرە زیاتر دەبن و بە نیازى نەبوونى سەرمایە و نەبوونى باڵى دەسەڵات و بەرژەوەندى ناسناوى جەردە و لات و بێ توانا و تێنەگەیشتوو وەردەگرن، کۆمەڵگاى شێوە قەفەسى شوناس دەدا بە کەسەکان، شوناسێک بەدڵى خۆى، چونکە نەیانتوانیوە بە پەرداخى ئەو ئاو بخۆنەوە، چونکە تێَنوێکى سەرگەردانن.


لەو وتارو نووسینانەش کە لەبارەى "پایزەخەون" نووسراون جوان ئاماژە کراوە بەو گیسکەى دەبێتە تەوقى ملى ڕەشید و باسى ئەو درەختەش کراوە کە لوتکەى خەونەکەیە..ئەم درەختە تەواوى ئەو ئاڵۆزى و ڕاکردن و نەبوونى زەمینەو کۆتەکانى ڕەشید دەردەخات، درەختەکە تەواوى پێکهاتەى ئاینى و دەسەڵاتدارى و سەرمایە ڕون دەکاتەوە و نیشانیان دەدا (..پۆلیس و شەبانەکان..باڵیان تێک هەڵکێشابوو، بەدوو ڕیز.. لەسەر ملى یەکترى کۆببوونەوەو وەستابوون..قوچکەیێکى خڕى بڵندیان دروست کردبوو..مودیر بەگ و قومیسێر..لەسەرى سەرەوەى قوچکەکە وەستابوون،لەسەر یەک لاق..سەمایان دەکرد..).


خەونى ڕەشید جەردە خەونێکى تازەیەو لەخەوى هەمووماندا بوونى هەیە.وشیاربوونەوە لەم خەونە دەمانبات بەرەو شیکارى ئەو دەزگاو شەمەندەفەرانەى درێژتر و درێژتر دەبنەوە بۆ دەستەمۆکردنى مرۆڤەکان و کردنیان بە بەشێک لە ئامێر و هێز و ئەفیونەکان.ئەم لافاوە بەوە ناوەستێ مرۆڤ تەنها لە لایەکەوە نامۆ بکات بە کۆمەڵگاو خوودى خۆى و دوورى بکاتەوە لە ئەوانیتر، بەڵکو ئەوەتا دەیبینین لە لایەنى کۆمەڵایەتى و پەیوەندییەکان شوناسێکى تر دەدا بە ڕەشید و دەیکا بە جەردە..لە لایەکیترەوە روت و برسى وتەنها جێى دەهیڵێ..لە لایەکیتریشەوە ڕێى ئەوەى بۆ خۆشدەکات رووبکاتە مەسەلەى دەسگرتن بە چارەنووس و هاوارکردن بۆ هێزە میتافیزیکى و خودایی و ڕۆحانییەکان، واتە دەرگایەکى بۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەى لەوێوە بچێتە ماڵى قەدەرگەرایى و دابڕان لە دنیا..هەروەک چۆن لە دەرکەوتنى خدرى زیندە لە"پایزەخەون" دا بەدى دەکەین، خدرى زیندە کاتێ لە شوێنێکدا دەبێتە پشت و پەناى ڕەشید و هاوارى بۆ دەبات ڕاستەوخۆ هاوارەکەى دەیبا بەرەو قەدەرو ڕوو وەڕگێڕان لە بینینى نائومێدییەکەى خۆى (بەبێ ویستى خۆى سەرى هەڵبڕى..ڕووى کردە گوندەکەى..چاوى لە چنارە گەورەکەى مزگەوت..چەقین..پاڕانەوەو ترس لە چاوەکانى دەبارین..-هۆ..خدرى زیندە، دەهانام وەرە./هاوارێکى ڕاهێشت..). لێرەدا ڕەشید ڕوودەکاتە ئەو شوێنەى کە دەزگاو ماشێنەکە یان ڕونتر بڵێن تیمساحەکە مەبەستیەتى.


تارمایى گیسک و درەختەکە یان تاریکى و وێنەى گۆڕستانەکە، دیمەنى هاوشَیوەى تاریکایى ناو "کوندەپەپۆى کوێر"ى "سادق هیدایەت" دروست دەکەن..وێنەى ئەویش پاڵەوان کەسێکى ئاڵۆز و پارچە پارچەیە..ڕەشید جەردە لە ڕێگاى چوون بەرەو ماڵەوە و گەیشتن بە گیسک و دواتر ئەم درەختە و نەبوونى شوێنێک وا دەردەکەوێت ئەم ڕێگۆڕینە بۆ ناوخەونێکى ترسناک..نیشاندانى نەبوونى سەرزەمینێکى بچکۆلەش بێت بۆ وەها مرۆڤێک کە کەوتۆتە دەرەوەى هێزو دەسەڵاتى سەرمایەدار و دەسەڵاتداران..دواتریش هێزى ئایینى کە بەردەوام خۆى لەبەردەم پاڵەوان قووت دەکاتەوە و دەیبا بەرەو خۆى."پایزە خەون" ڕۆمانێکە وەک ئەوەى لە ئێستادا نووسرابێت و نووسەر بەبەرچاوى ئەو نەهامەتى و نامۆییەى تاک و کەوتنى بۆ ناو تیمساحە ڕۆحخۆرەکان دانێشتبێت و بیرى کردبێتەوە، ڕەشید جەردەش هاوشێوەى ئێمەى تاکى ئەم مەملەکەتە کەوتبێتە بەر تەڵە و داودانانەوەى باڵەخانە و ئۆتۆمبێل و کار و زەمین و پارە و نیشتیمانى ...سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و ئاینداران و...هتد..ئەوەى ماوەتەوە دووبارە ئەوەیە پایزەخەون : خەونێکە نوێ.
______________________________________________________
سەرچاوە:
1. حیکایەتى ڕەشپۆشەکان. کۆمەڵەچیڕۆک. دانا فایەق. بڵاوکراوەى پاشکۆى ڕەخنەى چاودێر. 2008.
2. جەمشیدخانى مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد. بەختیار عەلى .ڕۆمان. بڵاوکراوەى ئەندێشە. 2010.
3. ئەنتیک(Antique). کاروان عومەر کاکەسوور. گۆڤارى هەنار. ژمارە 53. لاپەڕە 83-92. 2010.
4. منارەى ئاوەدانى. کاروان عومەر کاکەسوور. گۆڤارى ئایندە. ژمارە91. لاپەڕە140-152. 2010.
5. پایزەخەون.محەمەد مەولوود-مەم-.1987. بەغدا
6. (محەمەد مەولوود مەم)ى شاکارنووس. د. ئازاد حەمەشەریف. بڵاوکراوەى موکریان. چاپخانەى خانى. 2009.
 

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک