چوارشەممەى رەش ..
دەرەنجامێکى ململانێ ئیقلیمییەکان.
فەریق حەبیب
سەربارى ئەوەى لە هەشت مانگى رابردوودا چەند وەفدێکى باڵاى ئەمریکا
سەردانى دیمەشق-یان کرد، بەمەبەستى وتووێژکردن لەگەڵ سەرۆک و
لێپرسراوانى سوریاو هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان
واشنتۆن و دیمەشق و چارەسەرکردنى ئەو کێشەو گرفتانەى پەیوەندییان بە
هەردوولاوە هەیەو وێڕاى ئەو کرانەوەیەی ئیدارەکەى سەرۆک باراک ئوباما
بەڕووى سوریادا ئەنجامیدا، بەڵام تائێستا نێوانى ئەو دوو وڵاتە ئاسایی
نەبووەتەوەو سوریا سورە لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانى، لەکاتێکدا ئەمریکا
داوا لە دیمەشق دەکات سیاسەتەکانى لەمەڕ دۆسیە ئیقلیمییەکان بگۆڕێت،
بەڵام سوریا داواى گێڕانەوەى بەرزاییەکانى جۆلان دەکات بەپێى بڕیارە
نێودەوڵەتییەکان و مەرجەعیەتى کۆنگرەى ئاشتى مەدرید، سەبارەت بە کێشەى
فەلەستین-یش داواى پێکهێنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆى فەلەستین بەگوێرەى
سنوورەکانى ساڵى 1967 دەکات، بەجۆرێک، کە پایتەختەکەى قودس بێت،
هەروەها تائێستا دەستبەردارى پشتیوانیکردنى هەردوو گروپى (حەماس) لە
فەلەستین و (حزبوڵڵا) لە لوبنان نەبووە.
سەرجەم ئەو هەڵوێست و رەفتارانەى دەسەڵاتدارانى دیمەشق لەدژى
بەرژەوەندیی و تێروانینەکانى واشنتۆن و تەلئەبیب-ن، هەربۆیە هێشتا
کاروانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى ئەمریکا-سوریا دوورە، ئەمەش
وادەکات هاوپەیمانى نێوان تاران و دیمەشق بە پتەوى بمێنێتەوە، بەهۆى
بوونى بەرژەوەندى هاوبەش لە عیراق و لوبنان و فەلەستین و نەبوونى
رۆڵێکى ئیقلیمى عەرەبى بەهێزو کایگەر لە ناوچەکەدا.
لەڕاستیدا لەگەڵ هاتنى هێزەکانى ئەمریکا بۆ عیراق و هاتنەکایەى
پرۆسەیەکى سیاسى ئەوتۆ، کە لەڕووى میتۆدو تێڕوانینەوە نزیکە لە
ئەمریکاو وڵاتانى خۆرئاوا، رۆڵى ئیقلیمى سوریا بەرەو لاوازى دەچێت و
دەسەڵاتدارانى دیمەشق هەست بەنیگەرانییەکى زۆر دەکەن سەبارەت بە
پاشەڕۆژى دەسەڵاتەکەیان و چارەنووسى سیاسى خۆیان، بۆیە لەدواى پرۆسەى
ئازادى عیراقەوە سەرجەم هەوڵەکانى خۆیان خستوەتەکار بۆ بەهێزکردنى
تەوەرەکەى خۆیان، تەوەرى سوریا-ئێران-حەماس-حیزبوڵڵاو بەرنگاربوونەوەو
لاوازکردنى تەوەرى ئەمریکا-عیراق و ئەو وڵاتە ئیقلیمیانەى
بەرژەوندییەکانیان وابەستەى ئەمریکایە.
لەوڕوانگەیەوە رەنگە کۆششە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆکانى سوریا بۆ تێکدانى
بارى ئاسایش و جێگیریى عیراق، هەوڵگەلێکبن بۆ زیاتر گوشارخستنەسەر
واشنتۆن، بۆ ئەوەى لە وتووێژەکاندا زۆرترین سازش لە مەسەلەکانى پەیوەست
بە ململانێى عەرەب-ئیسرایلدا بنوێنێت، لەبابەتى سازشکردنى ئیسرایل لە
کێشەى جۆلاندا، هەربۆیە پێدەچێت گوشارەکانى ئەمدواییەى سوریا، کە لەڕێى
دابینکردنى سەربازگەى مەشق و راهێنان بۆ تیرۆریستان و پاشماوەکانى بەعس
بەگوێرەى لێدوانەکانى وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عیراق و چاوپۆشین لە
خۆڕێکخستنەوەو جموجۆڵەکانى ئەو تیرۆریست و بەعسیانە لەو وڵاتەدا، دواین
کارتى گوشارى دیمەشق بێت، کە لەدژى واشنتۆن بەکارى دەهێنێت، بەئامانجى
بەدەستهێنانى دەستکەوتى سیاسى زیاتر، بەتایبەت لەم کاتەدا هێزەکانى
ئەمریکا لە شارەکان کشاونەتەوەو خۆیان بۆ کشانەوە لە سەرانسەرى عیراق
ئامادە دەکەن و ئەمریکا ئامادەیە بەهەر نرخێک بێت سەربەرزانە بکشێتەوەو
عیراقێکى ئارام و بێ کێشە لە پاش خۆى جێبهێڵێت، سوریاش دەیەوێت ئەم
هەلە و ئەم رەوشە هەستیارە بقۆزێتەوەو بەو گوشارانەى خوازیارە ئەوە
بسەلمێنێت، کە دەتوانێت بە هاوبەشى لەگەڵ ئێران، بەرژەوەندییەکانى
ئەمریکاو خۆرئاوا بخاتە مەترسییەوە، رەنگە رێکەوتیش نەبێت،کە
سەردانەکەى رۆژى چوارشەمە(19/8)ى بەشار ئەلئەسد بۆ ئێران، هاوکات بوو
لەگەڵ زنجیرە تەقینەوەکانى بەغدا، کە زیاتر لە(700) شەهیدو برینداریان
لێکەوتەوە، بەڵکو دوور نییە پەیامێکى ناڕاستەوخۆ بوبێت بۆ ئەمریکاو
هاوپەیمانەکانى.
Fariq_habib@yahoo.com
|