په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

چوار بابه‌ت:

١- نەفرەت لەو دەسەڵاتەى زیندانى سیاسى هەیە.


هیوا رەش   


ئەوەى ناکرا و نە ئەبوو بکرێت کرا ، شەڕى ناوخۆ هیچى بۆ مافى مرۆڤ نەهێشتەوە و هەمان تاڵاوى بەعسییەکانیان بە گەرووى هاونیشتمانیان دا بردە خوارێ ، ( تەرحیل - تەحزیب - بەرائە - سجن - خەتف - قەتل - نەهب - حیجز ) ئەمانە دەسکە گوڵەکەى یەکتر قڕ کردنى دەسەڵاتدارانى کوردستان بوون ، بە چەشە و بە هەڕەشە هەرچى کارى نەشیاو هەبوو بەرامبەر یەکتر بێ سڵەمینەوە ئەنجامیان دا ، ووتمان لێ گەڕێ با ڕێککەوتن نامەى ستراتیژى ئیمزا بکەن بەڵکو ئەمە خوایە ئەو کارە دزێوانانەیان بیر بچێتەوە ، نەخێر وا دیارە موعجیب و مودمینن بەو کارە ، ڕۆژ نیە گوێ بیستى هەواڵى سەیر و سەمەرەى دژ بە بنەماکانى ماڤى مرۆڤ نەبین و دیموکراتیەتە دێزەکە لە بەر چاومان ناشرینتر نەکەن ، لە لایەک بە ئەستێرە و داڵى سەر شانەوە ئیغتیساب ئەکەن و لە لایەکى ترەوە لە تاریکى دا تەقە لە نەیار ئەکەن ، لە هەمووى دڵگووشێن تر ئەوە بوو لە سایتى ئاوێنە دا باس لە مانگرتنى زیندانییانى سیاسى پارتى کرێکارانى کوردستان ئەکرێت ، ڕەنگە ئەو هەواڵە ئاراستەى بەرپرسان بکەیت یان نکوڵى لێ ئەکەن وە یان ئەڵێن ئەوانە ( موخەریب و غەوغائى و زددى سەورە ) ن ئەگینا بۆ ئەبێت زیندانى بکرێن ، جا لەوانەشە بڵێن ئەمانە غەوارەن و ( تەجەسوس و تەجاوز حدود ) یان کردووە ، بە هەر حاڵ هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم دەسەڵاتداران لە ئاستى داتاشینى توهمە هێندە دەسەپاچە بن و وەڵامیان پێ نەبێت ، وەڵام زۆرن و دوور نیە ئەوەى سۆراغى هەواڵەکەش بکات توهمەى مووەجەه ئیلیهی بۆ نەهۆننەوە ، باشتر وایە بێدەنگى لێ بکەین ، ئەگێڕنەوە ئەڵێن لە ئێرانى ئاخوندەکان دا ئەگەر یەکێکیان زیندانى بکردایە و بیپرسیبایە کە بۆ زیندانى کراوە تێریان تێ هەڵ ئەدا و ئەیان ووت : ( ئاقا تۆ میبانیت ) و جارێکى دیکە بڵێى زیندانى زمانت ئەبڕین ، ئێمەش کە لە ئەبو غرێب گیرا بووین بەندیخانەکەمان ناوى ( دائیرەى ئیسڵاحى کیبار ) بوو ، ئێمەش ناومان نرا بوو ( نەزیل ) .

ئەڵێن قسە قسە ڕائەکێشێت ، لە ڕاپەڕینە مەزنەکەى 1991 ى گەلەکەمان کە بە گۆڕینەوە لە لایەن بەرەى کوردستانى ئەو دەمەوە ئێمە ئازاد کراین ، پەلەم بوو بگەمەوە کەرکوک و دواى مانەوەى شەوێک لە ناو کەس و کار بەرگەى دوورى هاوڕێکانم نەگرت و خۆم گەیاندە هەولێر و دواى چەند ڕۆژێک نوێنەرى حیزب هات بۆ لام دواى بەخێر هێنانەوەم یەکەم پرسیارى بەوە دەست پێ کرد کە لە سەر چى گیرا بووم ؟ منیش شوێنى فیشەک و تەقەڵەکانى سکم و نەشتەرگەرى کۆلۆستمییەکەم بیر چووەوە بۆیە ووتم : لە سەر دزى گیرا بووم ، برادەرەکەش ووتى : نا نا بە جددى ، ووتم بەخوا دووبارە بمبەنەوە بۆ تەعزیب ئیفادەکەم ناگۆڕم ، بە هەر حاڵ هاتم بۆ سلێمانى و دواى چەند ڕۆژێک لە سەر داواى پێشمەرگەکانى چەمچەماڵ بە تەکسییەک چووم بۆ چەمچەماڵ و لە سەیتەرەکەى تاسڵوجە ئیتر نازانم هۆى چى بوو ؟ هى ئەوە بوو ماوەیەک لە ناو عەرەب دا ژیابووم و ڕەنگ و بۆنى ئەوانم لێ نیشتبوو ! یەکسەر گەنجێکى تازە هەڵچووى کڵاشنکۆف بە دەست بە مۆڕەیەکەوە تەماشاى کردم و ووتى : هەویەکەت ، منیش جگە لە عەدەم تەعەڕوزى مودیریەى ئەمنى عامە کە لە کاتى بەربوونەکەمان دا بۆیان کردبووین هیچى ترم پێ نەبوو ، هەر ئەوەندەم خۆش بوو دامە دەستیەوە ئیتر لە هەموو لایەکەوە دابارینە سەرم و پێیان وا بوو ئەمنیان گرتووە ، سەیارەیان دایە لاوە و دەورەى منیان دا بەڵام باش بوو گەنجێک بە شێوە ناسیمیەوە و پرسى تۆ فڵانى براى فڵان نیت ووتم : با ، ووتى ئاخر ئەو کەسەى من باسى ئەکەم سجنە ، ووتم : بەڵێ منم ، ئیتر جەماعەتى تێ گەیاند ، بەڵام دوو سێیەکیان هەر دەسبەردارم نەئەبوون و هاواریان ئەکرد درۆ ئەکات ، لە وەرەقەکەى کەلیمەى سجنى هەر تیا نیە ، دواى مشت و مڕێکى زۆر تێم گەیاندن کاکە گیان : بەعس سجنى نیە و نەزیلى هەیە ، باسى سجن مەکەن و بوختانى بۆ هەڵمەبەستن .

پێم وایە ئێستا لە کوردستانى ئازاد دا ( هل من المعقول ) زیندانى سیاسى هەبێت ؟ ! هەرگیز بڕوا ناکەم و ئەمە بوختانە و ئەوانەى لە زیندانن ( موخەریب و غەوغائین ) و مەترسییان بۆ سەر سەورە و ئەمنى دەولە هەیە و هەر کەسێک باسیشیان بکات عەمیلە و دیعایە زددى حیزب و سەورە ئەکات .

بە داواى لێبووردنەوە لە خوێنەران کە ئەو ووشە عەرەبییانەى بە کارم هێناوە ، ئەوە ( پیرۆزیەکانى ) زمانى گفت و گۆى بەعسییەکانە و لە فەرهەنگى کوردى دا جوانییان تێدا نیە ئەگەر لە سایەى دەسەڵاتى کوردى دا تیفتیفە نەکرێن و زیندوو نەکرێنەوە ، حەز ئەکەم ئەوەش ڕا بگەیەنم کە ئەوانەى مەترسى بۆ سەر ژیانى هاووڵاتییان دروست ئەکەن و پەنا وەبەر تیرۆر ئەبەن ئەوانە لە دەرەوەى چێوەى زیندانى سیاسى دا ئەبینم .

 


٢- خانووەکانى ڕاپەڕین قنچک قنچک خزمەتگوزارى بێ تاپۆ.

 


ئەوەى لە یادم بێت لە مانگى 11 ى 2002 نزیکەى 450 خانوو کە ( هابیتات ) ئەرکى دروست کردنى لە ئەستۆ گرتبوون بە ناوەى نیشتەجێ کردنى ئاوارەکانى کەرکوکەوە دابەش کران ، لەوە ئەگەڕێین کە چۆن و بە سەر کێ دا دابەش کرا ، وەلێ ئەوەى جێگەى نیگەرانى دانیشتوانى ئەم گەڕەکە تەمەن 7 ساڵەیەیە هەر جارەى بە لا چاوێکەوە ئاووڕیان لێ ئەدرێتەوە ، ئەگەر چى پڕ لە کەم و کوڕیش بێت ، قنچک قنچک خزمەتگوزارییەکانى مەیسەر کرا و ئێستا خەریکى قیرتا و کۆنکرێتى شەقام و شۆستەى کۆڵانەکانن و زۆربەى خانووەکان کەوتوونەتە نێو چاڵییەوە و شۆستە و شەقامەکان دروست کران بە بێ ڕەچاو کردنى ئاستى بەرزى و نزمى خانووەکان لە ڕووى زەوى یەوە ، بەڵام ئەوە ماوەى 7 ساڵە ئەو خەڵکەى لەم گەڕەکە چاوە چاوى تاپۆ کردنى خانووەکانیانن و بڕیارى لە سەر دراوە کە چى تا ئێستاش نەچۆتە وارى جێبەجێ کردنەوە ، بە مەرجێک هەندێک لەو خانووانە چەندین کڕین و فرۆشتنى پێوە کراوە و خاوەنەکانیان لە دڵە ڕاوکێ و گومان دا بە ئومێدى تاپۆ کردنیان لە چاوەڕوانى دان ، تۆ بڵێى حکومەتى کابینەى شەشەم چ پەیامێکى پێ بێت سەبارەت بەم کێشەیە ؟ بۆ زانیارى زیاترى خوێنەران ئەم خانووانە کڕین و فرۆشتنى لە سەرە لە لایەن هەر هاووڵاتییەکى عێراقییەوە ئەگەر خەڵکى ( عۆجە ) ش بێت بەڵام یاساغە و ( من المحرمات ) ە کەرکوکییەکى پێشمەرگەى بابەلبابى عەیارە 24 یش بیکڕێت و لە شارەوانى ڕاپەڕین ناکرێتە ناویانەوە ، چونکە هاووڵاتییانى شارەکەى ( قودس و دڵ ) هاووڵاتى پلە یەکن لە قوربانى دان دا و هەتا هەتایە هەر ئەبێت ئەوە بەشیان بێت .
 


٣- تێنه‌گەییشتن لە کۆستکه‌وتن خراپترە.

 


ئەمەوێ سەرەتاى نووسینەکەم بە ووتەیەکى زاناى گەورەى ئیسلامى ( احمد الخلیل )دەست پێ بکەم کە مرۆڤى بە چوار بەش پۆلین کردووە ، بەم شێوەیە :

1 – ئەو کەسەى شت ئەزانێت و خۆشى ئەزانێت کە شت ئەزانێت ، ئەوە زانایە و لێوەى فێر بن .
2 – ئەو کەسەى شت ئەزانێت و نازانێت کە شت ئەزانێت ، ئەوە یادى بخەنەوە با سوودى لێ وەر بگرن .
3 – ئەو کەسەى شت نازانێت وئەزانێت کە شت نازانێت ، ئەوە قوتابى یە و فێرى بکەن .
4 – ئەو کەسەى کە شت نازانیت و نازانێت کە شت نازانێت ، ئەوە گەمژەیە و وێڵى بکەن .


بە حوکمى تێکەڵ بوونم بە سیاسەتەوە تۆڕێکى فراوانى پەیوەندى کۆمەڵایەتیم بۆ دروست بووە و هەندێکیان تەنانەت نەمبینیون بەڵکو لە ڕێى مۆبایل و ئەنتەرنێتەوە لە ئاکامى ئاخافتنەکانى نێوانمان هاوڕێیەتییەکى هەمیشەیى لە نێوانمان دا هاتۆتە کایەوە وەکو ئەوەى لێ هاتووە دەمێک ساڵە یەکتر ئەناسین و زۆرێک لەوانە لە گەلێک باس دا بیر و ڕاى جیاوازیشمان هەیە و پەیوەندییەکەشمان هەر بەردەوامە و ئاگادارى یەکترین و ڕێز لە یەکتر ئەگرین ، هەن زۆر شتم لێ وەر گرتوون و لێیانەوە فێرى زۆر شتیش بووم ، هەن بە پێچەوانەوە من سوودم پێ گەیاندوون ، بەڵام لە هەمووى گرفت تر ئەوەیە تووشى کەمۆکەیەک کەس هاتووم هێندە نا حاڵین بەیانى تا ئێوارە پێیان یڵێى نێرە ئەوان ئەڵێن هەر ئەبێت بیدۆشى ، ئەم ناحاڵییانە هەمان پلەن لە گەڵ ئەوانەى لە ژێر دروشمى ( ئەگەر بشفڕێ هەر بزنە ) دێنە گۆ و تەنانەت لە ئەلف و بێى ئاخاوتن نازانن و ئەدەبى قسە کردن نامۆیە لە لایان ، ئەمانە کۆمەڵێک دەست بەتاڵى مووچە خۆرى جێگر و ڕێگرى حیزبن و ئەستەمە بتوانیت نە تێیان بگەیەنیت و نە بیانەوێ بە لۆژیکانە تێت بگەیەنن .


من زیاتر قسەم لە سەر جۆرى چوارەمى کەسەکانى ( احمد الخلیل ) ى زانایە ، ئەم جۆرە کەسانە دەروونێکى نەخۆش و شێواویان هەیە و ڕەنگە لە ئاکامى نوشوستى لە کەسایەتییان دا ، جا ئەخلاقى و کۆمەڵایەتى بێت ، یا ڕۆشنبیرى و ئەدەبى وە یاخود فکرى و سیاسى کە لە ژیانیان دا ئاسەوارى خۆى جێ هێشتووە تووشى ( گرێى خود کەمى – عوقدەى نەقس ) ى کردوون و بەردەوام لە هەڵپەدان بۆ داپۆشینى ئەو کەلێنەى کە هەست ئەکەن بۆشاییەکى گەورەى خستۆتە نێو کەسایەتییانەوە هێرش بۆ سەر ئەم و ئەو بکەن یا پەلامار بدەن هەتا بە هەجووى پڕ لە جنێوى بازاڕیش ئەو کەمییەى لە خۆیان دا بوونى هەیە و هەستى پێ ئەکەن بە بەرامبەرەکەیانى بفرۆشنەوە ، جا هەر وەکو ( احمد الخلیل ) ئەلًَێت : گەمژە هەر ئەوەى شایستەیە وێڵى بکەیت .من لەو بڕوایەدام ئەم کەرە لەو قوڕاوە دەر ناچێت و ئەحمەد شەماڵى هونەرمەندى گۆرانى بێژ ئەڵێت :
کەرێک بارى زێڕ و تەڵا بێت
قامیشى شەکرى لە باتى گیا بێت
جبرەئیل بێنە بیکات مەیتەرى
قەت تەرکى ناکات ڕەووشتى کەرى

بەندە لەو ڕوانگەیەوە ئەمەم نووسیوە تا ئەو تەرزە کەسانەى لە ئاکامى خود کەمیى خۆیانەوە ئەیانەوێ کەسایەتى بەرامبەرەکەیان لەکەدار بکەن، پێویستە بەرامبەرەکەیان هەروەکو ئەحمەد خەلیل فەرموویەتى : وێڵیان بکەن ، چونکە ئەم خۆ بە خود کەم زانانە زۆریان مەبەستە کەسایەتى بەرز وا لێ بکەن بیهێننە ئاستى خۆیان و لە گەڵیان دا بکەونە چەلەحانێ و دەسە پیسەکانى خۆیانیان پێ بسڕن .

 


۴- بە ئارەزووى خۆت قسە بکە و بە ئارەزووى حیزب برسى ببە.

 


ئەگەر لە بار و دۆخى ئەمڕۆى کوردستان وورد ببینەوە ئەبێت وێستەیەکى جددى لە سەر وەزعى چەپەکان بکرێت و بپرسین فرە کوێخایى چەپەکان خزمەت بە کێ ئەکات ؟ لاى کەس شاراوە نییە کە تا دێت ژیان سەخت تر و گوزەرانى هاوڵاتییان دژوار تر ئەبێت ، بێکارى و گرانى هەموو خانەوادەکانى ناچار کردووە بیر لە سەرچاوەیەکى زیاترى بژێوى ژیان بکەنەوە ئەگینا ناتوانن بچووکترین ئاسودەیى بۆ خۆیان دابین بکەن و ڕِۆزیى ماڵ و مناڵەکانیان مسۆگەر بکەن ، ڕۆژانە لە تەلەفزیۆنە ڕەنگینەکانەوە ڕیکلام بۆ ستى و گوندى ئەندازیاریى هاوچەرخ ئەکرێت کەچى لەولاشەوە لەشکرى کرێنشینى بە کوچە و کۆڵانەکان دا بڵاو بوونەتەوە و بە دووى داڵدەیەکى کرێ کەم دا عەوداڵن ، نیشتمانەکەمان لێوان لێوە لە کرێکارى بیانى و لاوانیشمان لە بەر نەدارى ناتوانن بچنە کەژاوەى هاوسەرگیرییەوە ، ئەپارتمانەکان باڵایان بەرز تر ئەبێت و ئاستى بژێوى خەڵکیش نزمتر ! خوێندنگاکان و قوتابخانەکان پرۆگرامى خوێندنى ئەوروپییان بە سەر دا ئەسەپێنرێت و مناڵە چاوگەشەکانیش سڕەى ئاودەسیان بەر ناکەوێت و لە ناو پۆڵ دا میز بە خۆیان دا ئەکەن ، تا ژمارەى مۆنیکاى کەژاوەى بەرپرسەکان ڕوو لە زیاد بوون بکەن هەژارانیش هەزار بەرامبەر زیاد ئەکەن ، دەزگاى دوو ڕەنگیى نهێنى و پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە تا پڕ چەک تر بکرێن لە شکرى نوێژکەرى پشتى مەلاکان قەبە تر و دەستیان بڵاو تر ئەبن بۆ پاڕانەوە ، سەد ئەوەندەى قەبارەى خوێندنگە و قوتابخانە نمونەییە پڕا و پڕەکان لە مناڵە دەوڵەمەند مناڵى تەمەن لە ئیش قەدەغە کراوى دەسگێڕ شەقامەکانیان تەنیوە ، ژن ئەکوژرێ ژن سواڵ ئەکات ژن ناچارى لەشفرۆشى ئەکرێ ، کە چى حیزب بۆتە مۆتەکە و بەردەوام دەستى لە بیناقاقاى خەڵک دایە . حیزب پەرلەمانە ، حیزب حکومەتە ، حیزب گەورەى یاسایە و خانەى دادوەرییە ، حیزب باوکە ، حیزب لانکە ، حیزب سێبەرە و لێمان نابێتەوە ، حیزب بووە بە ناومان و لێمان جیا نابێتەوە ، حیزب کۆمپانیایە ، حیزب داینەمۆى ژیانە ، حیزب پێشمەرگەیە پۆلیسە ئاساییشە ، حیزب دار و بەردى نیشتمانە ، حیزب شوناسى دڵسۆزییە ، حیزب ئینتیماى نیشتمانییە ، حیزب خوایە و ڕق لە کێ بدات برسى ئەکات و ووشکى ئەکاتەوە ، حیزب خوایە و بە سەر کەسێک دا بیبارێنى ناپرسێت لە جاشى و باشى ، حیزب هەموو شتێکە و حیزب ئەموستیلەى پەنجە نەرم و نیانەکانى سەرۆکیشە - - - - - - - - - ژیانى خەڵکیش بە خەون و خەیاڵ و ئارەزووى سەرۆکەوە ڕایەڵە بووە .

لەم ووڵاتى دیموکراتیەت بارانە دا لە ژێر دروشمى (( بە ئارەزووى خۆت قسە بکە و بە ئارەزووى حیزبیش برسى ببە )) سیستمێک پیادە ئەکرێت کە بۆتە مایەى نەهامەتى بۆ خەڵکى زەحمەتکێشى کوردستان ، ئەمەش وا ئەخوازێت چەپەکان بە هەست کردن بە لێپرسراوێتى مێژوویى بە خۆیان دا بچنەوە و بە بەرنامە ڕێژییەوە بێنە مەیدان و چى تر وەکو ئاردى ناو دڕک خۆیان نماییش نەکەن و دەسبەردارى سیاسەتى فرە کوێخایى ببن و لە ژێر دروشمى (( ئەى چەپەکانى کوردستان یەکگگرن )) کۆ ببنەوە ، ئەگینا ئەوانیش هاوکار و هاوبەشى بەرپرسیارێتى نەهامەتى خەڵک ئەکەوێتە ئەستۆیان .

 


07701309524 
Hewarash1@yahoo.com