په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠٢٣

 جیاوازیی نێوان ئایەتۆڵڵا عەلی خامنەیی،

لەگەڵ دوکتۆر فەرهەنگ هۆلاکوویی دەروونناس و کۆمەڵناسی بەناوبانگی فارس و،

رەزا پەهلەویی (کوڕەکەی حەمەڕەزاشا!).


سیروان کاوسی      

 

بەرفرەبوونی رووداوەکانی چەند مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەر لە هەر شتێک ئاماژەی روون بوون بۆ زانینی ئەم راستینەیە کە گەلانی ئێران بە گەلی فارسی خاوەنکیان و باندەستیشەوە بڕیاری یەکجارەکییان داوە بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی و، پەیامێکی ئاشکرا و روونیاندا بە گوێی رژێمی مەلافەرمانیی تاران کە لای کۆمەڵگەی ئێران بە گشتیی رەوایەتیی لە دەسداوە. ئاستی خۆپێشاندان و درۆشمی جەماوەری راپەڕیوی سەرتاسەریی گەلانی ئێران و شێوازی دڕندانەتری هێزەکانی رژێمی ئیسلامیی بەرامبەر بە خەڵک، هەردوولا، واتە رژێمی ئیسلامی و حەشیمەتی بندەسەڵاتی دڵنیا کرد شەڕی مان و نەمان لە گەڵ یەکدەکەن.


پشتیوانیی ئاشکرای دنیای ئازاد لەگەڵ بزاڤی جەماوەریی گەلانی ئێران و نێوناسکردنی رژێمی ئێران بە ''دڕندە'' (وەحشی) و ''کردار دڕندە'' لە لایەن سەرۆکوەزیری دەوڵەتی ئینگلیز و کەنادا، پشتگیریکردنی ئێران لە رووسیا لە جەنگی بەرامبەر ئۆکراین، گاڵتەپێکردن بە UN و دەولەتانی ئۆرووپا لەبارەی وتووێژی چەندین ساڵەی بێئەنجامی بەناو ''برجام''، (بەرنامەی گشتگر بۆ کردەی هاوبەش''، Join Comprehnsive Plan of Action)، هەروەها بڕیاری هاوپەیمانێتیی لەگەڵ چین و رووسیا و دژایەتیکردنی رۆژاڤا، هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل و سازکردنی کێشە بۆ هاوپەیمانانی رۆژاڤا لە خۆرهەڵاتی ناڤین، بارمتەگرتن و زیندانیکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکا و ئۆرووپا بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری و باجوەرگرتن، هۆکارن لە پێکهێنانی هەڵوێستی وەکیەکی وڵاتانی رۆژاڤا و، کۆی ئەو کێشانەی ئێران بەرامبەر دنیای دەرەوەی خولقاندوویەتی ئاماژەن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی و ئابووری و سەربازیی هاوبەش لە وێنەی هێرش بۆ سەر یووگسلاڤیا و عێراقی سەردەمی سەددام حسێن! لەبەر ئەوە رژێمی کۆماری ئیسلامیی لە رۆژانی کۆتایی تەمەنی نێزیک بووەتەوە.


نەیارانی سیاسیی دژ بە کۆماری ئیسلامیی بە تایبەتی بەرەی لایەنگرانی رژیمی پاشایەتیی کە کوڕەکەی حەمەڕەزاشا (رەزا پەهلەوی) گوتەبێژ و دەمڕاستیانە، بە شێوازێکی چاوەڕواننەکراو و بەرفرە دەسیانداوەتە چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسی و خۆپێشاندان لە زۆرینەی پێتەخت و شارە گەورەکانی وڵاتانی رۆژاڤا، هاوکاتیش لە رێگەی چەندین راگەیەندنی فارسزمانی سەر بە دەوڵەتانی دێمۆکرات لە ئۆرووپا و ئەمریکا تێدەکۆشن، دەولەتەکانی ئەمریکا و دنیای ئازاد بەگشتیی وەک جێگرەوەی سیاسیی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامیی لە قەڵەمیان بدەن.


هەر لەم پێوەندەدا رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەڵگیرساندنی شۆرشی ژینا، دوو کاری مەزن و لەبیرنەکراوی ئەنجامدا، لە لایەک بوو بە پێشەنگی خەباتێکی هاوچەرخانە و پێشکەوتوو لە هەموو ئێران، لە لایەکی دیکەشەوە هوتافدان و دۆرشمی نەتەوەیی و بوێرانەی لاوان و چینی خوێندکار و نیشتمانپەروەرانی ژن و پیاوی کورد لە شارەکان کە جێێ خۆیەتی ناوی لێبنرێت ''ژیانەوەی نەتەوەیی رۆژهەلاتی کوردستان''، هەر زوو سەرنجی میدیای گەلی فارسی خاوەنکیان (بە دەسەلاتدار و بێدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە) راکێشا و بوو بە باس و بابەتی سەرەکیی هەموو لایەنەکانی ئاینی و ئەکادمی و رۆناکبیری و سیاسیی فارس و، گەلێک دیمانە و گۆتار و لێکدانەوەی لێکەوتەوە کە لە دێڕەکانی خوارەوەدا ئاماژە بە سەرەکیترینیان دەکەین.


وێنەی ئەو سێ کەسەی لە ژێر سەردێڕێ ئەم وتارە دانراون، نوێنەرێتیی هزری سیاسیی سێ بەش و چینی ئاینی و سیاسی و ئەکادمی و رۆشنبیریی نێو کۆمەڵگەی فارس دەکەن. خوێندنەوەی بیروبۆچوونی ئەو سێ کەسایەتییە جیاوازە یارمەتی کورد دەدات بە زانیاریی تەواو لە بارەی بیرکردنەوەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی فارس بەرامبەر چەمکی ئازادی و دێمۆکراسی، بڕیار لە چارەنووسی داهاتووی خۆیبدات، چۆنکە بۆ گەلێکی بندەستی وەک کورد، بێ ناسینی فەرهەنگی سیاسی و کۆمەلایەتی گەلی باندەست و رژێمەکەی، لە دەسنیشانکردنی رێگەی گەیشتن بە ئازادیی تووشی هەڵە و لادان دەبێ.


بۆ چوونە نێو کاکڵی بابەتەکەمان لە پێشدا لە ئایەتۆڵڵا سەید عەلی خامنەیی یەوە دەسپێدەکەین: ئەم کابرایە خەڵکی شاری ''خامنە''ی سەر بە ئازەربایجانە، دوو ساڵی سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی و دوای فتوا بەدناوەکەی رۆحۆڵلا خومەینیی بۆ سەر کوردستان، عەلی خامنەیی فەرماندەی ''قرارگاهـ مرکزی خاتم الانبیا''ی سەر بە سوپای پاسداران بوو، لە گەڵ فەرماندەیەکیتری سوپای پاسداران (مستەفا چەمران) و مەلا سادق خەڵخاڵی (قەساوی ناسراو و گۆپاڵی دەستی خومەینیی)، لە هەموو تاوانەکانی بەرامبەر نەتەوەی کورد ئەنجامدران بەشدار بوو. دوای مردنی رۆحۆڵڵا خومەینیی لە ساڵی ١٩٨٩ خامنەیی بوو بە وەلی فەقیە و رێبەری کۆماری ئیسلامیی، لە ماوەی ٣٤ ساڵ تەمەنی سەرۆکایەتیدا ناوی خۆی لە ریزی دڕندەترین و خوێنڕێژترین رێبەرانی مێژووی مرۆڤایەتیی تۆمار کردووە. دڕندەیەتی و بێڕەوشتیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سایی ئامۆژگاری و پەروەردەی هزریی عەلی خامنەیی لە دنیا دەنگیداوەتەوە. شکەنجە و سێدارە و پێشێلکردنی هەموو مافیکی مرۆڤی و سیاسی و نەتەوەیی کورد بەرهەمی ریبەری ئێرانی ئیسلامیی بووە بۆ کوردستان. هەر چەشنە داخوازییەکی کوردی بە ناوی ''تجزیەطلبی'' (جیابوونەوەخوازی) سەرکوتکردووە و وەک رابردوو بزاڤی تازەی رۆژهەلاتی کوردستان (شۆرشی ژینا)ی بە پیلانی زایۆنیزم و ئەمریکا و بیری جیاوبوونەوەخوازی نێوناسکرد. هێزەکانی رژێمی خامنەیی بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ئێران، دڕندانەترین شێوازی سەرکوتیان بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەکار هێنا.


بە کورتی خامنەیی و رژێمەکەی بەرامبەر بە کورد و کوردستان وەک رژێمێکی داگیرکەر، سیاسەتی کوشتن و شەوەزەنگ و تالانکردنی سامانی کوردستان و کردنی کوردستان بە هەماری چەک و جبەخانە و سەربازگە و زیندان و کوشتن و گرتنی بە کۆمەڵی پێڕەو کردووە. لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامیی، بە واتای لەنێوچوونی یەکێک لە دڕندەترین رژێمەکانی داگیرکەری کوردستان دەبێت.


دوکتۆر فەرهەنگ هۆلاکوویی: خەڵکی شاری شیرازە لە خوارووی ئێران و تەمەنی (٨٠) ساڵە، کۆمەڵناس و دەروونناس و ئابووریناسێکی بە ناوبانگی کۆمەڵگەی فارسە. سالانێک لە سەردەمی رژێمی حەمەڕەزاشا مامۆستای زانستگە بووە لە تاران، سالانێکی زۆریشە لە ئەمریکا دەژی. هۆلاکوویی بە مرۆڤێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و دادپەروەر ناسراوە و، رێز و خۆشەویستیی زۆری لەنێو کۆڕوکۆمەڵەی ئەکادمی و گەلانی ئێران و فارسزمانەکانی ئەفغانستان هەیە و، بۆ پێوەندیی راستەوخۆی لە گەڵ خەڵک رادیۆیەکی بەناوی ''همراە'' (لە گەڵ) دامەزراندووە و، زۆربەی بەرنامەکانیشی لە کەناڵەکانی فارسزمانی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا بلڵاودەبێتەوە. بە کورتی، دوکتۆر هۆلاکوویی لە رێگەی بەرنامەکانییەوە توانیوێتی خزمەتیکی زۆر بکات بە چارەسەرکردنی کێشەی خێزانی و گەیاندنی زانیاریی بۆ پەروەردەی منداڵ و، راستەوخۆ لە رێگەی رادیۆکەیەوە وەرامی هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە پێوەندییان بە کێشەی سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیی نێو کۆمەڵگەی ئێرانەوە هەیە.


وەک لە دێڕەکانی سەرووتر ئاماژەمکردپێی، لە گەڵ بڵاوبوونەوەی درۆشمی رزگاریخوازانەی جەماوەری کورستان لە شارەکانی رۆژهەلات، دوکتۆر هۆلاکووییش بە ئاشکرا بۆچوونی خۆی بۆ ئاگاداریی گەلی فارس و نەتەوەی کورد و گەلانی ئێران بە گشتیی لە چەند دیمانەیەکیدا دەربڕی، لە نێویاندا چەند بەشێکی دوو دیمانەی دەنووسمەوە کە پێوەندییان بە بابەتەکەمانەوە هەیە. (بۆ دەقی تەواوی هەر دوو دیمانەکە بڕوانە بۆ دوو لینکی خوارەوە لەسەر یووتۆب بڵاوکراونەتەوە!).
رادیۆی همراە (لە گەڵ) بەرنامەی رازها و نیازها-
بابەتی بەرنامە: آیا خطر جنگ داخلی و تجزیە ایران وجود دارد!؟
(ئایە مەترسیی شەڕی نێوخۆیی و دابەشبوونی ئێران هەیە!؟)
(رەڤۆلوتۆنن ئران ٢٠٢٣)

رادیۆی همراە (لە گەڵ) بەرنامەی رازها و نیازها-
بابەتی بەرنامە: آیا خطر جنگ داخلی و تجزیە ایران وجود دارد!؟
(ئایە مەترسیی شەڕی نێوخۆیی و دابەشبوونی ئێران هەیە!؟)
(Revolution in Iran 2023)

کابرایەکی فارس پێوەندیی دەگرێ و، دەڵێ: لە بارەی بابەتێکەوە پرسیار دەکەم، لەم ماوەیەدا چەند جارێک لە بارەی ئێرانەوە لێدوانتاندا، لە بابەتی سەربەخۆییخوازیی هێندێک نێوچەی ئێران، یان دابەشبوونی ئێران، ئێوە فەرمووتان ترس و دڵەراوکێتان نییە و مەترسییەک نابینن! بەڵام پڕۆپاگەندەیەکی بەربڵاو لەلایەن میدیای رژێمی ئیسلامییەوە دەکرێ و، دەڵێ: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی نەمێنێ، ئێران وەک خۆی نامێنێ، لێکدانەوەتان چییە، پێم باشە روونتر لەم بابەتە تێبگەم!


دوکتۆر هولاکوویی: '' وەک لە بەرنامەکانی پێشتریش گوتوومە، من هیچ هۆیەک بۆ ئەم ترسەی ئێوە نابینم. ئەوەی کە من لە هاوڕێیان و لە هاونیشتمانیانی خۆشەویستی دەبیسم و دەیبینم، دڵەراوکێی دابەشبوونی ئێران، یان دەستەودایرەیەک بیانهەوێت لە ئێران جیا ببنەوە، ئەوە نابینم. ئەوەی کە کەسانێکی لەخۆبایی، کەسانێکی خۆشباوەڕ، کەسانێک بە هۆی تایبەتمەندیی نەخۆشینی دەروونی کە هەیانە، بە شوێن هەراوهۆریایەکی لەم چەشنە بن، ئەوەی کە کەسانێک، یان دەوڵەتگەلێک، تێبکۆشن ئاگرێکی وا هەڵگیرسێنن و، هەوڵبدەن پشتگیری کەسانێک بکەن لەوە تێدەگەم... خۆشەویستانی دلێر و شەڕڤان و ئازای وەک کورد، یان هاوڕێیانی ترک، یان عەرەبەکانی باشووری ئێران، یان خۆشەویستانی بەلووچ کە لە درۆشمەکانیان نەک بە قسە بەڵکوو بە خوێن و گیانبەختکردنیان بەلووچستان و کوردستان بە یەک دەزانن ... ئێمە گومانمان لە راستی و لە هاواریان نییە لە زاهدانەوە تا دەگاتە مەشهەد، شیراز، ئەسفەهان و سنە و سەقز و تەورێز، یان راگەیەندراوەی لاوانی ئەم نێوچانە بڵاویدەکەنەوە، جگە لە ئێران. بابەتی سەرەکیی بۆ هەموویان ئێرانە. وەک گوتم، ئەوە راستە لەنێو ئەم چالاکییە سیاسییانەدا دەستەیەک لەوانەیە بۆچوونێکی وایان هەبێت، بۆ ئەوەی بە وتەکانیان بە پەیامەکانیان تێکی بدەن، چۆنکە ئەمە روویداوە، ئالایەک بهێنن جگە لە ئاڵای ئێران، وای پێشانبدەن کە ئێمە ئاڵایەکی دیکەشمان هەیە، بەڵام ئەم کەسانە لەوانەیە نەزان بن، دەتوانن لەخۆبایی بن کە ئەم کردەوەیە بنوێنن! لەبەر ئەوە ئەمانە دەبێ تێبگەیەندرێن کە ئاڵاکەیان لابەرن، بەڵام هاوکات کاری ئەمانە لەوانەیە پیلانیش بێت، من ئەگەر بڕیار بدەم بزووتنەوەیەک تێکبدەم، هەوڵدەدەم هێندێک کار بکەم بۆ تێکدانی، یەکێک لەم پیانگێڕییانە بۆ نموونە ئەوەیە دەتوانن بڵێن ئێمە لەگەڵ یەک ناکۆک و ناتەباین، لەگەڵ یەک دوژمنین، بە شوێن جیابوونەوەین (تجزیە)، ئەم ترسە بڵاوبکەنەوە، کە وەک ئێوەش ئاماژەتان پێکرد رژێمی ئیسلامیی دەڵێ: ئەگەر ئێمە نەبین، کۆمەڵێک لە رێگەی ئەم خۆپێشاندانانەوە بە شوێن دابەشکردنی ئێرانن... ئامانجی رژێم لەوانەیە بۆ شێواندن و چەواشەکردنی بیرورای خەڵک بێت. سەرەرای ئەمانە من هیچ مەترسییەک بۆ سەر داهاتووی ئێران نابینم...!
https://www.youtube.com/watch?v=UPRpTiv8RL0


دوکتۆر هۆلاکوویی لە دیمانەیەکی دیکەی لەگەڵ عەلیڕەزا مەیبۆدی شاعیر و میدیاکاری ناسراوی فارس لە رادیۆ-تەویزیۆنی ''همراە'' (لەگەڵ) بڵاوکراوەتەوە.


بابەتی بەرنامە: ''نگران آیندە ایران'' (پەژارەی داهاتووی ئێران!).


مەیبۆدی پرسیارەکە بەم شێوازە دەسپێدەکات: لەنێو ئەم رووداوانەدا دەنگەلێکمان گوێلێدەبێ کە ئامانجیان جیابوونەوەیە، هەموو هەوڵێکدەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر. بەشێکی وا بەرچاودەکەوێ، لەم پێوەندەدا رژێمی ئیسلامییش پەرە بەم پرۆپاگەندانە دەدات، بڵاوکردنەوەی ترسە لەنیو خەڵک، ترس، واتە ترسان لە بزووتنەوە، ئەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم بزووتنەوە لەوانەیە ئێمە بەرەو ئەو ئاقارە بەرێت، کە سووریا تووشی بووە، واتە دۆخی سووریا لە ئێران دووپات بێتەوە. بڵاوکردنەوەی ترس هەگەر ئێمە بڕۆین ئێران وای بەسەر دێت...!


دوکتۆر هۆلاکوویی: ''پێشووتریش لەو دەرفەتانەی بوومانە، یان بیسەرانی باش و خۆشەویست بابەتگەلێتان خستووەتە بەر باس و پرسیاریان کردووە، ئەز بۆچوونی خۆمم گوتووە. بە باوەڕی من هیچ هۆیەک نییە بۆ دابەشبوونی ئێران. هەل و مەرجی کۆمەڵایەتیی ئێران، رێکخراوەکان و زەوینەی فەرهەنگی و خەڵکێک کە پێکەوە دەژەین، بە رەچاوکردنی ئاستی زانای و تێگەیشتنێک کە هەیانە، هیچ هۆیەک نابینم کە پێکەوە تووشی ناکۆکیی نێوخۆیی بن. ئەوەی کە دەبینینین ئەوەیە خەڵکن لە بەرامبەر رژێم یان دەوڵەت. لەم رووەوە هەموو یەکدەنگ و یەکپارچەن، هیچ جیاوازییەک نابینی. بە لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵناسی و دەروونناسی-کۆمەڵایەتیی دەتوانین پێشانیدەین کە ئێران ئەو زەوینەیەی نییە بەرەو شەڕ و ناکۆکیی نێوچەیی و نەتەوەیی بڕوات. بە قەد سەری دەرزییەک ئێوە ئەوە نابینن کە لێرە ئەو کێشانە روو بدەن. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە لە سنوورەکانی ئێران ''اقوام*'' و دەستەگەلێک نیشتەجێن، کە زمانی جیاواز و فەرهەنگی جیاواز و هێندێکجاریش مێژوویەکی جیاوازیان هەیە، بەڵام بە هۆکاری زۆر کە دەتوانین لە بارەیانەوە قسە بکەین، بابەتی سەرەکی و بنەڕەتیی ئێرانە، ئەوجا نیشتەجێی چ شوێنێکن؟ یان سەر بە چ دەستە و گرووپێکن، بە باوەڕی من ئێران مەترسیی دابەشبوونی لە سەر نییە، قسەیەکی لەم جۆرە وەک گاڵتەو نوکتەیە. نە لە رێگەی شەڕی نیوخۆییە، لە بەر ئەوە هەموو ئەو قسەڵۆکانە بێ بنەمان و، شیاوی بیرکردنەوە و تێڕامان نین. ئەوەی کە ژمارەیەک لەخۆبایی و، خۆبەزلزان، هێندێکجاریش بە هۆی کورتبینی کە هەیانە لەوانەیە بە هەلی بزانن لەمەدا گومانم نییە، یان ئەوەی کە بە رێخستنی شەڕ و ناکۆکی بۆ دەسەڵاتی خۆیان تێبکۆشن...''. (*-فارسەکان بە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی بندەستیان دەڵێن اقوام، قەوم-خێڵ و هۆز. ن.).
https://www.youtube.com/watch?v=-dYdW2JzZ9g&t=1217s

گفتوگۆی تایبەت لە گەڵ شازادە رەزا پەهلەوی.


رەزا پەهلەوی لە چوارەمین مانگی شۆرشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' وتووێژێکی تایبەتی ئەنجامدا لە گەڵ خاتوون تینا قازیمراد بەڕێوەبەری ژووری دەنگوباسی تلەویزیۆنی ''من و تۆ'' کە سەر بە بنەمالەی پەهلەوییە و لە ئەمریکاوە بە زمانی فارسی بڵاودەبێتەوە. لەو وتووێژەدا کوڕەکەی حەمەڕەزاشا مەرجەکانی خۆی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سیاسیی بۆ پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆن خستەڕوو، ئەو خالانەشی دەسنیشانکرد کە بە باوەڕی ئەو هێڵی سوورن!


خاتوون تینا قازیمراد: بابەتێکی گرنگ، لە تەنیشت پێویستیی یەکگرتن و یەکێتیی کە هەموو هێزەکان کۆبکاتەوە، پرسێکیش هەیە ئەویش هێڵە سوورەکانن، دەمەوێ پرسیارتان لێبکەم، ئەم هێڵە سوورانە چین!؟ یەکگرتن لە دەوری چ شتێکەوە دەبێ پێکبهێندرێت!؟


وەک نموونە ئێمە چەند حیزبێکمان هەبوون، گوتوویانە: مەرجمان بۆ هاتنە نێو ئۆپۆزسیۆن، دەبێ چەند نەتەوەبوونی ئێران پەسند بکرێت! یان تەنانەت حیزب و کەسانێکی دیکەمان هەبوون ''اقوام ایرانی'' بە نەتەوەکانی ئێرانی ناودەبەن، ئاشکرایە ئەم هێزانە لەوانەیە وەک سیاسەت و فێڵ و رێچارە بڵێن ئێمە ئێرانین! بەڵام روون و ئاشکرایە کە ئەمانە باوەڕیان نییە بە یەکێتیی خاکی ئێران، بە هەبوونی ئێران و بە یەکێتیی نەتەوەی ئێران. هەڵوێستی ئێوە لە بەرامبەر ئەمانەدا چییە و، چۆن دەکرێت لە گەڵ کەسانێک لە بەرەیەک کۆببنەوە کە ئەمە بیروباوەڕیان بێت!


رەزا پەهلەویی: ''زۆر بە روونی پێتانی بڵێم. هێزەکانی دێمۆکراسیخوازی راستینە کردە و بیروبۆچوونی دێمۆکراسیخوازییان روون و ئاشکرا بێت، ئەوا سەر بەم چیرۆکەن. ئەوانەی کە ئەم هێڵە سوورانەی یەکێتیی خاکی ئێران نەخەنە ژێر پێ. لایەنەکانی نادێمۆکراتیک، لایەنەکانی جیابوونەوەخواز ناتوانن لە ریزی ئێمەدا بن. ئەو ئاڵایەی سەر سینگم دەبینی؟ کاتێک لە خولی پەروەردەی هێزی ئاسمانیی ئێراندا بووم، سەردەمی جەنگ بۆ بەرگریی لە خاکی نیشتمانم چووم، کاتێک تەماشایدەکەم ئەمە ئێرانی منە، ئازەربایجانی لەگەڵە، بەلووچستانی لە گەڵە، کوردستانی لە گەڵە، خۆزستانی لە گەڵە، کاتێک بە فڕۆکە بە ئاسماندا دەفڕیم نەمدەگوت ئێرە کام نێوچەیە؟ خاکی نیشتمانی منە، جیاوازیی نییە بۆ من... ئەگەر بستێک لە خاکی ئێران ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت، ئەو ئێرانە ئێدی ئێرانی من نییە! من دەڵێم هێزەکانی دێمۆکراسیخواز لانیکەمی دەتوانن لەسەر (٣) خاڵی بنگەهین رێکبکەون: مافی مرۆڤ، دێمۆکراسی و جیابوونی ئاین لە دەولەت، پرسی یەکپارچەبوونی خاکی ئێران لە ریزی خالەکانی بنگەهینن...!''.
https://www.youtube.com/watch?v=_Te59UAOnzE

* * * *

 

خستنەڕووی ئەو دێرانەی سەرەوە نموونەی روون و ئاشکران کە گەلی فارس چلۆن دەڕواننە کورد بە تایبەتی و گەلانی بندەستیان بە گشتیی. بە هوردبوونەوە و تێڕامان لە بیروبۆچوونی چینی رۆناکبیر و ئەکادمی و قەلەمبەدستی فارس، تێدەگەین دامەزرانی دەولەتی ناسیۆناڵی فارس لە سەردەمی رەزاشای گۆڕبەگۆڕەوە تاکوو ئیمڕۆ وای لەو گەلە کردووە، ئاژەڵئاسا سەروەری و سەردەستی بە مافی رەوای خۆیان بزانن و، کۆیلەتی و بەردەستیکردنیش بە مافی بێئەلاوئەولای کورد و نەتەوەکانی بندەستیان بزانن. دوای (٤٥) ساڵی خوێناوی و پڕکارەساتی کورد، لە دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە تاکوو ئیمڕۆ، لەنێو ئەم چینی ئەکادمی و رۆناکبیرەی فارس چ لەنێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات کەسێکیان لێهەڵنەکەوت وەک مرۆڤ، وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆی مافپێشێلکراو بڕوانێتە کورد.


دەرووننەخۆش و مێشکڕزیوێکی وەک دوکتۆر فەرهەنگ هۆلاکوویی بیری رەگەزپەرستیی رێناداپێی دان بە بوونی نەتەوەی کورد تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیشدا بنێ، دەڵێ: ''لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هۆز و دەستەگەلێک هەن کە زمانی جیاواز و کولتووری جیاواز و هێندێکجاریش مێژووی جیاوازیان هەیە!!''. لێرەدا فێڵبازانە ئاماژە بەوە ناکا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ئەو ''اقوام'' و دەستەگەلە کێن و ناویان چییە!؟ تەنێ مەبەستی ئەوەیە خۆڵ بکاتە چاو خەڵک و بڵێ لە نێو ئێراندا جیاوازیی زمانی و کولتووری و مێژوویی نییە و، هەرچییەک هەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە!! ئەوجا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە خۆپێشاندانی کوردانی ئۆرووپا و ئەمریکا بە کاری خەڵکێکی نەزان و لە خۆبایی و پیلانگێڕ دەداتە قەلەم، کە بە وتەی ئەو، دەبێ تێبگەیەندرێن ئالاکەیان لابەرن!! بەمەدا ئەو راستییەمان لا ئاشکرا دەبێ، بۆچی کۆمەڵیک گۆپاڵ بەدەست و سەرسەری و ئاژاوەگێڕی فارس لە خۆپێشاندانەکان چەندینجار هەڵیانکوتایە سەر نیشتمانپەروەرانی کورد کە بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان دەکرد، بێڕێزییان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرد و، چەندجارێکیش هەوڵی لێدان و بریندارکردنی تێکۆشەرانی کوردیان داوە!؟


رەگەزپەرستانی چەپ و راست و ئاینیی فارس کە (٤٥) ساڵێک لەمەوبەر لە ژێر چەتری خومەینی و ئاڵای ئیسلام بەرەو کوردستان لەشکریان خستەڕێ، کوردستانیان داگیر کردەوە، هەزاران رۆڵەی کوردیان لەنێو برد، ئیمڕۆکەش بە ناوی ئێران و یەکێتیی خاکی ئێران و ماڤی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ژێر چەتری کوڕەکەی حەمەڕەزاشا کۆبوونەتەوە، ئەمیش لێدوانەکانی دووپاتکردنەوەی ئیدۆلۆژیی رەگەزپەرستانەی باوکی و داسەپاندنی هەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەی سەردەمی باوکیەتی بە سەر کورد و گەلانی ئێراندا!


لە رۆژی دابەشکردنی کوردستانەوە رژێمەکانی رەگەزپەرستی یەک لەدواییەکی فارس بە نەتەوەی کورد دەبێژن ''تجزیەطلب'' (جیابوونەوەخواز)، کە ئەمە بوختانێکی گەورەیە ئەم تاوانە دەدەنە پاڵ کورد، چۆنکە نەتەوەی کورد بەراستی جیابوونەوەخواز نییە، هەزاران ساڵە کورد لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی دەژەی، کوردستان زێد و خاکی باو و باپیرانیەتی، جیا بێتەوە بڕوا بۆ کوێ!؟ ئەمە فارسی داگیرکەر و داگیرکەرانی دیکەی کوردستانن کە دەبێ بڕۆن و لە کوردستان بچنە دەرەوە. نێوناسکردنی کورد بەم وشەیە بۆ ئەوەیە فارس داگیرکەربوونی خۆی بشارێتەوە، کورد لەسەر خاکی خۆی بەوە تۆمەتبار بکا کە دەیەوێت جیا بێتەوە!؟ وشەی ''تجزیە طلب''ی کردووە بە گۆپاڵی دەستی بۆ ئەوەی کورد نەتوانێ داوای بچووکترین مافی خۆی بکا، نەتوانێ داوای تەنانەت خوێندن بە زمانی زگماکیی خۆی بکات.


بۆ کۆتاییهێنان بە جێنۆسایدی خاک و کان و کانزای کوردستان، بۆ کۆتاییهێنان بە جێنۆسایدی رەگەزی و زمان و مێژوو و ئاسەواری کوردستان، بۆ کۆتاییهێنان بە بێڕیزی و سووکایەتیی بەردەوام و کوشتنی رۆڵەکانی کوردستان، تاکەڕێگەیەکی ژیرانە و زانستانە و نەتەوەیی لە بەردەم نەتەوەی کورد بە گشتیی مابێت، ئەوەیە یەکبگرێ و بەرەو سەربەخۆیی نیشتمانەکەی هەنگاوبنێت. بە سەرخۆبوونی کوردستان جوگرافیای ئێرانی دەسکردی دەستی ئیمپریالیزم لەنێودەچێ. ئەمەش تاکە رێگەیەکە گەلی فارس رادەچڵەکێنێ و تێدەگات بە درێژایی سەت ساڵ چ ستەمێکی گەورەی بەرامبەر نەتەوەی کورد و گەلانی بندەستی کردووە! تەنێ رووخانی رژێمی نازێتی و خۆکوشتنی هیتلەر بوو نەتەوەی ئاڵمانی تێگەیاند گەل و رەگەز و زمانی تاقانەی دنیا نین. ئەمە بۆ رژێمی خوێنڕێژ و داگیرکەری ترکیاش هەروایە و بە دابەشبوونی جۆگرافیا دەسکردەکەی و سەرخۆبوونی کوردستان، ئیدۆلۆژیی نازێتیی ترک لە گۆڕ دەنرێت.


با بزانین حیزبە سیاسییەکان لەم دۆخە هەستیارەی ئیمڕۆکەی ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان و، دوای (٤٤) ساڵی خوێناوی و پڕ ئازار بۆ نەتەوەکەمان چ پلان و بەرنامەیەکیان هەیە!؟ دوای ساڵانێکی زۆری نیشتەجێبوون لە باشوور کە بە دابڕان و جیابوونەوە و ناکۆکیی نێوخۆیی و چاوسۆرکردن لە یەک و هێندێکجاریش شەڕ و پیلانگێران لە دژی یەک لە شارەکانی ئۆرووپا تێپەڕبوون، سەرئەنجام لە ساڵی (٢٠١٨)وە هەردوو باڵی ناتەبای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هەردوو باڵی ناکۆکی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەر چواریان ''ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران''یان دامەزراند! ئەم نێوەندە تا ئێستا کاری ئەوە بووە راگەیەندراوەی هاوبەش بڵاوبکاتەوە و، ناوبەناویش لە بنکە و نووسینگەی یەکدی کۆببنەوە. دامەزرێنەرانی ئەم نێوەندە وەک رابردوو بەردەوامن لە پێڕەوکردنی سیاسەتی پاوانخوازی و بە هێندنەگرتنی حیزب و لایەنی دیکەی سیاسیی کە ئیمڕۆکە لەنێو گۆڕەپانی سیاسی و چەکداریی رۆژهەلاتدا بوونیان هەیە، وەک پارتی ئازادیی کوردستان کە لە بەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران و لە شەڕی داعش و حشدی شەعبی خاوەنی دەیان شەهیدن، هەروەها حیزبەکانی دیکە تێکڕا دەبوو بانگهێشت بکرایەتن، پێکەوە بەرەیەکی نیشتمانیی رۆژهەلاتی کوردستان دابمەزرێنن، سەرکردەیەتیی هاوبەش و، رۆژنامە و میدیای هاوبەش کە زمانڕەوشی بەرەی نیشتمانیی بێت، دەستەی پێوەندیی دەرەوە و دێپلۆماسی دامەزرێنن بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دێمۆکرات و هەر دەوڵەتێک بە پێویست زانرا، هێزی پێشمەرگە بکەن بە هێزێک بەناوی هێزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر فەرماندەیەتیی شارەزای سەربازیدا بێت! لەمانە گرنگتر ئەو فیدراڵییەی لە چوارچێوەی ئێراندا بیری لێدەکەنەوە بیهێننە سەر کاغەز، نەتەوەی کورد بزانێ حیزبەکانی داوای چ دەکەن، هەروەها ئۆپۆزسیۆنی ئێران و وڵاتانی گەورەی وەک ئەمریکا و ئۆرووپا لە داخوازیی ئیمڕۆکەی حیزبەکانی کورد تێبگەن. بەڵام ترس و خۆ بە کەمزانی و، بڕوانەبوون بە خۆ، کورتبینی و بچووك تەماشاکردنی پرسی کوردستان کارکردی گەورەیان هەیە لە نەبوونی پلانێکی روونی سیاسی و نەتەوەیی ئەم حیزبانەی دەیان سالە خۆیان بە پێشڕەوی نەتەوەی کورد لە رۆژهەلات دەزانن!


لەم پێوەندییەدا مخابن رۆشنبیر و قەلەمبەدەستی وامان هەن، راستییەکان دەزانن بەڵام ئاوەژۆی دەکەن و بە گوێی خەڵکیدا دەدەنەوە، لەوانە بەڕێز کاک عومەر حامیدی کە لە پۆستی ئینستاگرامەگەی چالاکە و، لە دوایین پۆستیدا (ژمارە ٥٧) لە ژێر ناوی ''هێڵی سووری سیاسەتی کورد بە کاتی ئینقلابی ژینای'' بڵاویکردەوە، لە باتی ئەوەی دوو قسەی باش و نەتەوەیی بدات بە گوێی حیزبەکانی دێمۆکرات و کۆمەڵەکان، کەچی هیرشدەکاتە سەر نەتەوەییەکانی دڵسۆزی کوردستان و بە ئاژاوەگێڕ و توندئاژۆ و سەلەفی نێویاندەبا، ژمارەشیان بە سەت بۆ سەتوپەنجا کەسی چەپ و توندئاژۆ ئەژمار دەکا کە چەند ئەکادمی و کۆمەڵێک کەمخوێندەواریان لە گەڵە! و بە وتەی ئەو ئەم توندئاژۆیانە ''رووی خەباتی مەدەنی و دژایەتیی هاوبەشی کورد و فارس و گەلانی ئێرانیان وەرگێڕا بۆ شەڕی کورد و فارس!!''.


بەڕێز کاک عومەر وەک نەتەوەییەک بیرناکاتەوە و، نازانێ دینەمۆ و چاوکانیی هەموو رابوون و بزاڤێکی کۆن و تازەی کورد بۆ مەبەستی ئازادی و رزگاریی کوردستان بووە. خەباتی مەدەنی و خەباتی چینایەتیی و لێدوانی لەم بابەتە بەلاڕێدابردنی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردە. ساڵانی رابردوو بە ناوی ئیدۆلۆژیی کۆمۆنیستی و خەباتی چینایەتی و چینی پرۆلیتار دژایەتیی بیری نەتەوەیی کورد دەکرا، ئێستاش ناوی گۆڕدراوە بۆ خەباتی مەدەنی. ئامانجی لە مێژینەی نەتەوەی کورد لە هەموو راپەڕینەکانی بۆ مەبەرستی رزگاری و راماڵدانی هێزی داگیرکەر بووە لە کوردستان، هەر هەوڵێکی لاوەکی و داتاشینی درۆشمی بریقەداری نانەتەوەیی لە رابردوو و ئیستا و داهاتوو نەیتوانیوە و ناتوانێت ئەم راستینەیە لە نێوەرۆکی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان بسڕێتەوە!


با کاک عومەر لێدوانی دەیان ئەکادمی و نووسەر و سیاسەتکار و مافناس و رۆژنامەنووس و دەروونناسی فارس لە ساڵانی رابردوو، بە تایبەتیی لە سەردەمی شۆرشی ژینا لە میدیای رەنگاوڕەنگی فارسەکان لە دەرەوەی وڵات گوێ لێبگرێ و بیانخوێنێتەوە، کە راوبۆچوونیان بەرامبەر کورد چۆن بووە و ئێستا چۆنە!؟ کە چلۆن لە ئۆرووپا و ئەمریکا هەڵدەکوتنە سەر خۆپێشاندەرانی کورد و سووکایەتیی بە ئاڵای کوردستان دەکەن!؟ یەکێتیی ئۆپۆزسیۆنی کورد و فارس بەوە پێکنایە کە کورد ئامانج و داخوازیی خۆی بۆ رازیکردنی ئۆپۆزسیۆنی فارس پشتگوێ بخات.

 

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک