په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

جیاوازی لەنێوان بەخێوکردنی مریشک و منداڵی مرۆڤ...!


سەلام عەبدوڵا 
  


ئەگەر دایکێک یان کچێک لە کۆمپانیایەکی پەلەوەڕ رۆژانە8سەعات مریشک بەخێو بکات، لەبەرامبەریدا کرێی کار وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر رۆژانە لەماڵەوە بەبێ پشوودان15سەعات خەریکی بەخێوکردنی منداڵ، پاککردنەوەو چای و چێشتلێنان و جێی نووستن راخستن و پێخەف هەڵگرتن وجلشۆردن و ئوتوکردن و خزمەتکردنی مێوان و رێکخستن و ئەوانی تر ببێت کە ناشکرێ لەبەر ماوەی کارکردنەکەو سەختییەکەی لەگەل کاری کۆمپانیاو چێشتخانە بەراوردبکرێت، کەچی کرێی کارەکەی وەرناگرێت!


ئێمە باش دەزانین کە زۆرکەس هەیە کاری دایک و کچانی ناو ماڵ بە ئەرکێکی ئاسایی مێیینە چاوی لێدەکەن و تەنانەت هەندێکیش هاواریان لێهەستاوەو دەڵێن: داواکاری کەمپینی(موچە بۆ دایکان) بڕە پارەیەکی زۆری تێدەچێ و کەسانی وا هەن دەڵێن: ئەوە نییە لە وەڵاتانی ئۆروپا موچەی یان یارمەتی بە دایک و کچی بێکار دەدەن! یان دەڵێن (منەتی نییە، خزمەتی منداڵی خۆیان دەکەن...بۆچی منداڵ دەهێنن... ژن هەر بۆ کاری ناو ماڵ باشە...)؛ لەکاتێکدا بەبەرچاوی هەمووانەوە 99%ی مێیینە کاری ناوماڵ دەکەن، دەڵێن"جا کێ دەڵێ هەر ژن کاری ناوماڵ دەکات؟تەنانەت هەندێ سایت و نووسەر و حزبیش هەن، شەوڕۆژ کەچەڵیان کردووین بە لایەنگریان لە مافی یەکسانی ژن و پیاوو دژایەتی پیاوسالاری، کەچی ئامادە نەبوون پشتیوانی لە کەمپینەکە بکەن یان بۆ چەند رۆژێک لە سایتەکەیان بیهێڵنەوە... هتد...، ئەمانە مشتێکن لە خەرواری نموونەی تێفکرینی پیاوسالاری!


نەخێر کاری ناوماڵ بەهەموو مانایەک، سوخرەکاری و پڕوکێنەرەو ئەوەی ئەنجامی بدا گیان و روحی لەرادەبەدەر ماندوو دەبێ، بۆیە نابێ وەک کەسێکی بێکار چاوی لێ بکرێت. ئەو بەڕێزانە وەک هەندێ پیاوی فینلەندی لەسەر مێزی مەیخواردن"بە شۆخی"دەڵێن: ژنەکەم زۆر ئازایە، پاش گەڕانەوەی لە کارکردن، کارەکانی ناو ماڵ و پەروەدەکردنی منداڵەکانیش ئەنجامدەدا".


بێگومان ئێمە لەگەل مافی یەکسانی ژن و پیاوین بۆ کارکردن و دەستخستنی هەموو مافە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام تا دایکێک یان کچێک لەناو ماڵ بمێنێتەوەو کارەکان ئەنجامبداو بەمە بەشداری لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بکات، دەبێ موچەیان بۆ دابین بکرێ، وئەم داواکارییە حەق و هوشیارییەکی مرۆییانە، نەک کۆمەک و بەزەیی و سۆزداری بۆ دایک و کچی"داماو" وهەروا جێبەجێکردنی بۆ کوردستانیان سەربەرزییەکی بێ وێنەیە لەبەردەم حکومەت و گەلانی دنیا:


ئەگەر ئەبرەهام لینکۆڵن کۆیلە ئەفریقییەکان لەناو ئەیالاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رزگارکرد، بەڵام بەداخەوە هێشتا لە جیهان هەنگاوی جددی نەنراوە بۆ رزگارکردنی زۆرینەی هەرە زۆری مێینە لە حەقارەت و زەلیلی کاری بێزارکەرو شێتکەرانەی ناوماڵ و ئەمجارەیان لە کوردستانەوە ئەم هەنگاوە دەنێین و بە زمانی دایکمان دەستیپێدەکەین بۆ دابینکردنی موچە بۆ ئەنجامدەرانی و تا ئێستا دەیان و سەددان دایک و کچی ماڵ و رێکخراو سەنتەرو حزب و رۆژنامەو گۆڤار و رۆشنبیرو نووسەر و هونەرمەندو بەرێوبەرانی سایت و رادیوو کەناڵی تەلەفزیون و ئەنجومەنی شار کە کۆی دەنگیان دەگاتە نیو ملیون کەس پشتیوانی کەمپینەکەیان کردووەو کاری بۆ دەکەن. ئەمە لە ئێستاوە دەستکەوتێکی گەورەو مێژووییە بۆ یەک بە یەکمان و لەداهاتوودا دەیخەینە بەردەستی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان و رای گشتی هەموو جیهان و حکومەتەکان و رێکخراوە جیهانییەکان.
ئەمە پەیام و بەشداری ئێمەیە لەپێناو ژیانێکی مرۆییانە.

 


خانەقین
7/5/2009
dwaroj@yahoo.de
07701929872