١١\١٢\٢٠١٣
چالاکوانانی
رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان ئازاد بکەن!
بەڕێزان:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پارلەمانی باشووری کوردستان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هەر
وەک خۆتان ئاگادارن، پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی سێ چالاکوانی سیاسیی
ڕۆژهەلاتی کوردستانی بە ناوەکانی حەبیبوڵا گولپەریپوور، ڕەزا ئیسماعیلی
و شێرکۆی مەعاریفی دوای ماوەیەکی زۆر دەسبەسەرکردن و شکەنجەدان لە
گرتووخانەکانی دوو پارێزگای سنە و ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسێدارە
دا، کاردانەوەی ناڕەزایەتیی کوردانی لێ کەوتەوە و شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی
و خۆپێشاندانی کوردان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان لە زۆربەی ئەو
ولاتانەی کوردی لێ دەژێت، دەستی پێ کرد.
هەر بۆ ئەم مەبەستە مانگێک لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ٨ی دێسامبری ٢٠١٣،
لەسەر داوای لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور و ژمارەیەک
چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە شێوەیەکی یاسایی چەند خۆپێشاندانێک لە
شارەکانی هەولێر و سلێمانی و چەند دەڤەرێکی تری باشووری کوردستان ڕێک
خرا. لەم ناوەدا لە خۆپێشاندانەکەی شاری هەولێر دوای ئەوەیکە
خۆپێشاندەران لەبەردەم پارکی شانەدەری شاری هەولێر بە شێوەیەکی هێمنانە
خۆپێشاندانەکەیان بەڕێوەبرد و پاشان هەر بەم شێوەیە ڕێکخەرانی
خۆپێشاندانەکە کۆتایی چالاکییەکەیان ڕاگەیاند، ژمارەیەک گەنجی تووڕە لە
سیاسەتی کوردکوژیی کۆماری ئیسلامی چوونە بەردەم کۆنسوولخانەی کۆماری
ئیسلامی لە هەولێر و چەند بەردێکیان هاویشتە ئەم کۆنسوولخانە. بەڵام لە
بەرامبەردا ئیدارەی پۆلیس و ئاساییشی هەولێر حەوت چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی
بە ناوەکانی: مستەفا شێخە، عەلی ئیسماعیل نژاد، چیا مەلاک، پێشەوا عەلیپوور،
ڕامان پیرۆتی، محەممەد فەرهاد زادە و ئامانج سەڵەواتی دەسبەسەر کرد، بێ
ئەوەیکە بەشدارییان لە بەردبارانی کۆنسوولخانەی ئێراندا کردبێت یان هیچ
تاوانێکیان لە خۆپێشانەکەدا ئانجام دابێت کە ئێستاش ئەوە ماوەی مانگێکە
ئەم چالاکوانانە دەسبەسەرن.
وەک ئاشکرایە زۆر جار خۆپێشاندانی لەم شێوەیە لە ماوەی تەمەنی کۆماری
سێدارەی ئیسلامی لە بەردەم کۆنسوولگەرییەکانی ئەم ڕژیمە لە وڵاتانی
ڕۆژئاوایی ڕووی داوە، بەڵام لە هیچ وڵاتێک ئەگەر کەسانێکیش دەسبەسەر
کرابن، زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر ڕا نەگیراون. دووهەم ئەم کەسانەی لە لایەن
حکوومەتی هەرێمەوە دەسبەسەر کراون، چالاکوانانی ناسراوی سیاسی و
مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە هەموو حیزب و لایەنەکان دەیانناسن و لە
هەمووان ئاشکرایە کە ئەم کەسانە بەرپرسی بەردبارانی کۆنسوولخانەی
هەولێر نەبوونە و هیچ پێوەندییەکیان بەم کارەوە نەبووە. ئەوە
لەکاتێکدایە کە هەر لە ماوەی ڕابردوودا هەم بەڕێز کەریم سنجاری لە
دانیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییدا بەڵێنیی سزادانی ئەو
کەسانەی داوە و هەم سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بەڕیز نێچروان بارزانی، لە
کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوەنییدا ئەم چالاکوانانەی وەک "ئاژاوەگێر" ناو بردن
و هەڕەشەی سزادانی لێ کردن!
ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاستیی ئەم ڕووداوانە،
دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە تەنانەت بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان بە
کارێکی نایاسایی دەزانیین و پێمان وایە ئەم کارەی حکوومەتی هەرێم جیا
لەوەیکە کارێکی نایاساییە، هاوکات ناکۆکە لەگەڵ هەبوونی هەڵوێستی
نیشتمانی و هاوپشتیی ڕزگارییخوازانی بەشەکانیتری کوردستان کە لە قۆناخی
ڕزگاریی نیشتمانیی و لەژێر دەستی داگیرکەراندان. هاوکات پێمان وایە کە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، پارلمان و
هەموو دامو دەزگاکانی هەرێم لەجێی بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی لە بەرامبەر
کۆماری ئیسلامیی بۆ لەسێدارەدانی ئازادیخوازانی کورد و بەجێی
دەسبەسەرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویست بوو هەڵوێست و
سیاسەتێکی ڕوونی نیشتمانییان هەبا و لە وەها دۆخێکدا وێڕای
مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامیی، بە بانگکردنی باڵوێزی کۆمارای ئیسلامی
لە هەرێم و هەروەها بە بانگکردنەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە
تاران، نیگەرانیی و ناڕەزایەتیی توندی خۆیان بە بەرپرسانی کۆماری
ئیسلامیش نیشان دابا. ئاشکرایە ئەگەر لەبەر بەرژەوەندیی حیزبیی و
تاکەکەسیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەم هەڵوێستە نیشتمانییە
پێویستەتان نەگرتۆتە بەر، نەدەبوو بە بەڵێنیدان بە بەرپرسانی کۆماری
ئیسلامی بۆ سزادانی ئەم چالاکوانانە و بە ئاژاوەگێڕ ناوزەدکردنیان، لە
بەرەی کۆماری ئیسلامی و دژی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش بوەستن.
هەر بۆیش ئێمە وێرای ئەوەیکە سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە
ژیانی ئەو کەسانە بە بەرپرس دەزانین، دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی ئەم
چالاکوانانەش لە لەگەڵ یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی گەلەکەمان لە
بەرامبەر داگیرکەراندا ناکۆک دەبینین و داواکارین حکوومەتی هەرێم بە
زووترین کات ئەم چالاکوانە ڕۆژهەڵاتییانە ئازاد بکات و وێرای داوای
لێبوردن بۆ ئەم سووکایەتیی و ناوزڕاندنەی لە دژیان ئەنجام دراوە،
قەرەبووی ئەم ماوەیەی خۆیان و ماڵ و منداڵیشیان بکاتەوە کە دەسبەسەری
کردوون.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٧ی سەرماوەزی ٢٧١٣ی
کوردی
٨\١٢\٢٠١٣
yeksani.org@live.com
|