چەمکی خیانەت لە
فەرهەنگی پارتهکانی کوردیدا.

ستار محەمەد قادر
ئەگەر لە هەر وڵاتێکدا لەم گۆی زەمینە، پێوەرێک هەبێت بۆ چەمکی خیانەت،
ئەوا بە داخەوە و بۆ نەگبەتی کورد لە نێو فەرهەنگی ئێمەدا هیچ پێوەرێک
نییە. چۆن ساڵانێکە بە میزاج حیزب و حکومەت کراون بە یەک ماڵ و کەس
ناتوانێت بچووکترین بەراورد بکات لە نێوانیاندا، ئاوهاش لە سەر هەمان
نەزم و بە میزاجی حیزبی و بە ئارەزووی خۆیان هەر لایەنە بە شێوازێک
تەفسیر بۆ چەمکی خیانەت دەکات. کەسیش نازانێت حیزبە باڵا دەستەکان بۆچی
و لە پێناو چی شتێکدا ئەو هەویرە بەو شێوەیە دەشێلن، لە بەرنامەیاندایە
بیکەن بە کێک یان کولیچە یانیش تا نەیکەن بە سووتماک دەسبەرداری نابن!
لە دووای پرۆسەی ئازادیی ئێراق و لە سەر وەختی درووستکردنی لیستی
هاوپەیمانی و 730ەکەی ئەو دیو بازگەی رێگای سلێمانی، زۆرێک لە خەڵکی
سادە و خاکی کە هیچ شتێکیان لە ئەلف و بێی سیاسەت نەدەزانی، بە هەموو
ئەقڵییانەوە ئەوەیان دووپات دەکردەوە تازە ئەو دوو حیزبە بوونە بە ...
یەک!! لە کاتێکدا لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە کە دوو حیزب
خاوەن دوو رێبازگەی جیاواز، ببن بە یەک!
ئەو خەڵکە ناهەقیان نەبوو، چونکە ئەوەندە تامەزرۆی راگرتنی شەڕی کورد
کووژی ئەو دوو حیزبە بوون، پێیان سەیر بوو لە پڕێکدا مێژووی چل ساڵی
رەبەق لە شەڕی برا کووژی لە نێوان شەوو رۆژێکدا بکرێت بە یادەوەرییەکی
بێ ئەرزش و هەر یەکەیان پاکانە بۆ ئەوی دییان لە پێش چاوی کامێراکان
بهێننەوە. لە دووای ئەوەی ئێستا رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان هەردوو زل
هێزەکەی کوردستاندا هەیە و بە لیستێک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان دەکەن، لە هەمووی سەیرتر ئەوانەی وا لە
راگەیاندنەکانی هەردوولادا ئیش دەکەن، باسی گیانی لێپرسراوێتی دەکەن و
ئەوە دەدەن بە گوێی بیسەراندا کە هەرگیز ئەوە ئەمان نەبوونە داهاتی
مرۆیی و ماددی ئەم میللەتە ستەمدیدەیان بۆ ساڵانێکی زۆر لە پێناو
شەڕێکی بێ مرووەتدا بە هەدەر دەداو ئەوەی کە بەلایانەوە هیچ جۆرە
گرنگییەکی نەبوو گیانی لێپرسراوێتی بوو و لە بەرژەوەندی حیزبدا خاک و
میللەتیان لە دوژمنانی کورد زیاتر دابەشدەکرد.
گریمان ئێستا رەوشەکە گۆڕاوەو بەرژەوەندییەکان وا دەخوازن کە ئەمیان لە
ناوەند پۆستی هەبێ و ئەوی دییان لە هەرێم، ئایا ئەگەر رەوشی هەرێم
پرۆسەی دابەشکردن بەو شێوە نەبووایە ئێستا ئەوانیش وا دەبوون؟!
ئەوەی کە وا لە بیسەر و بینەر دەکات لەم رۆژانەدا پەنجەی پەشیمانی
بگەزێت، ئەویش ئەوەیە هەرگیز ئەوە ناخەنە ئەستۆی خۆیان بە شێوەیەک
خۆیان نەبان دەکەن وەکو ئەوەی نە بایان دیبێ و نەش باران! لە هەمووشی
سەیرتر ئەوەیە کەسێک کە ئەرکی ئەو لە بوواری راگەیاندندا بێت، باسی
ئاشکراکردنی شتی ژێر بەڕە بکاو بە زوبانی هەڕەشە ئامێز وەکو کارتێک بە
کاری بهێنێت، ئەگەر ئەمە زوبانی کاراکتەری کەسێک بێت کە کاری
راگەیاندنەو دەبێت خۆی لەو زوبانە ببوێرێت کە خەڵکانی دەرەوەی ئەو
بووارە قسەی پێدەکەن، دەبێت لە کاتێکدا کە لیستە جیاوازەکان زۆرینەی
دەنگ بهێنن ئەو زوبانە تەرجەمە نەکرێتە سەر بەکار هێنانی تووندوو تیژی
و خوێن رشتن؟!
ئەگەر ئێمەی کورد لە دەستووردا یان لە ژێر پەرچەمی سیستەمێکدا
تەفسیرێکمان هەبێت بۆ چەمکی خیانەت، ئەو کاتە دەتوانین هەموو ئەو
رووداوانەی کە دەچنە قاڵبی خیانەتەوە بیانهێنینە بەر باس و ئەگەر
پەرلەمانیش یاسایەکی هەبێت بۆ ئەو چەمکە ئەوا ئەو کات بە پێی دەقی ئەو
یاسایە دەتوانرێت پۆلێنی خیانەتەکان بکرێت. لە هەموویشی سەیرتر لە
دووای راپەڕینی بەهاری 1991ەوە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی و شتێک
کە بچێتە قاڵبی خیانەتەوە لە لایەن هەر لایەکەوە بێت، هێندەی ئەو دوو
حیزبە لێیان بەرپرسیارن، بەرپرسیارێتی ئەوکی هیچ لایەنێکی دیکە
ناگرێتەوە، چونکە ئەوان هۆکاری درووستبوونی ئەو بۆشاییانە بوون و بەو
پێیەش هەر خۆیانیش لێی بەرپرسیار دەبن. ئەوان بۆشایی سیاسیی و
ئیدارییان درووستکردوو ئاڵکانە شەڕێکی خوێناوییەوە کە ئەگەر بە
زەحەمەتی نازانن دەتوانن بە راشکاوانە ناوێکی لێ بنێن؟!
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئەزموونێکی نوێ دەبێتەوە، ئەویش لە
رێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، پێویست بەوە ناکات لە حەژمەتی لیستی جیاوازو
سەربەخۆ پەنا ببەین بۆ تەفسیر کردنی چەمکە میزاجییەکان، چونکە ئەگەر لە
رابردوودا هەر هەڵەیەک یان خیانەتێک روویدابێت، ئەوا پشکی ئەو خیانەتە
بەر هەموو لایەک دەکەوێت و هەر هەمووش لێی بەرپرسیارن، بۆیە ئەرکی ئێمە
لە ئێستادا ئەوەیە با لە هەوڵی بەرجەستە کردنی تەفسیرێکدا بین بۆ چەمکی
خیانەت، نەک ئەگەر لە گەڵم بوویت نیشتیمان پەروەری و ئەگەریش بوویت بە
ئۆپۆزسیۆن بە مۆرکی خیانەتبلکێنن بە تەوێڵتەوە!
star_qadr@yahoo.com
|