په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٦

جۆ هیڵ
شاعیر و هونەرمەندی شۆڕشگێڕ و کرێکاریی ئەمەریکیی.

- لە یادی سەد ساڵەی لەسێدارەدانی -

 

 

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

جۆ هیڵ، شاعیر و هونەرمەندی شۆڕشگێڕ و کرێکاریی ئەمەریکیی. ئامادەکردن و وەڕگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ). ١\٣\٢٠١٦
سەد ساڵ پێش ئێستا لە نۆزدەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٥، جۆ هیڵی شاعیر و هونەرمەند و هەڵسوڕاوی کرێکاری ئەمەریکیی بەڕەچەڵەک سویدی، ئەندامی کارای ڕێکخراوی ( کرێکارانی پێشەسازی جیهان - IWW) لەلایەن دەستەی ئیعدامی پێنج کەسی لە زیندانی ویلایەتی یوتا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بیانووی کوشتنی باوک و کوڕێکی دوکاندار لە شاری ساڵت لەیک لەساڵی ١٩١٤، ئیعدام کرا. بیانووی کوشتنەکەو تاوانێک کە ئەنجام درابوو، لە واقیعدا هیچ پەیوەندییەکی بە جۆ هیڵەوە نەبوو، بووە بیانوویەک بەدەست دەسەڵاتدارانی بورژوازی ئەوکاتی ئەمریکا تا هەڵمەتێک دژ بە خەباتی کرێکاران و ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەست پێبکەن. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک لەسەر تاوانباربوونی جۆ هیڵ لەبەردەستی دادگا نەبوو، دوای بیست و دوو مانگ زیندانیی، دواجار جۆ هیڵ بە ئیعدام ژیانی لێ سەنرایەوە. لەو بیست و دوو مانگەی زیندان جۆ هیڵ نەک هەر لە نووسین نەوەستا، بەردەوام وتار و شیعری دەنووسی و سروودی کرێکاری و شۆڕشگێرانەی ئامادە دەکرد. لەدەرەوەش هەڵمەتی ڕزگارکردنی جۆ هیڵ زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە و بە دەیان هەزار نامەی ناڕەزایی و سەدان هەزار واژوو کۆکرایەوە بۆ ئازادکردنی ئەو هەڵسوراوە کرێکارییە. هەروەها ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان بەوپەڕی ئامادەباشی لە پشت هەڵمەتی ئازادکردنەکەوە وەستا، بەڵام جۆ هیڵ پارێزەرەکەی ڕەت کردەوە و وتی " ناتوانم ئەوە قەبووڵ بکەم هاوڕێکانم خۆیان برسی بکەم بۆ ئەوەی من ڕزگار بکەن." لەلایەکی ترەوە جگە لە چینی کرێکاری ئەمریکا، گەلێ ڕێکخراوی جەماوەری و کەسایەتی ناوداری ئەوکاتە بەشدار بوون لەو هەڵمەتەدا لەوانە کۆمیتەی ژنانی کالیفۆڕنیا، باڵیۆزی سوید لە ئەمریکا، کچی سەرۆکی ڕێکخراوی مۆرمۆنەکان(١)، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هەروەها دووجار سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ویڵسن داوای لە حاکمی گشتی ویلایەتی یوتا کرد چاو بە پەروەندەکەی جۆ هیڵ بخشێننەوە. بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە لەبەردەم بڕیاری دژی کرێکاری و دژی ئینسانیی دادگا و دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ویلایەتی یوتا لەبەرچاو نەگیران و بڕیارەکە لەبەرژەوەندی سەرمایەداران جێبەجێکرا.


جۆ هیڵ (جۆڵ ئیمانوئێڵ هاگڵاند) هەروەها بە جۆزیف هیلسترۆمیش ناسراوە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٧٩ لە شاری گەفڵ لە وڵاتی سوید لە دایک بووە. سێیەم منداڵی خێزانێکی نۆ کەسی بووە. کە سیانیان هەر بە منداڵی مردوون. باوکی کرێکاری هێڵی شەمەندەفەر بووە. جۆ هیڵ لە ساڵی ١٩٠٢ لەتەمنی ٢٣ ساڵیدا لەگەڵ برایەکی دەچێتە ئەمریکا و لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا نیشتەجێ دەبێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ جۆ هیڵ. زمانی جۆ سویدی دەبێت و دواتر لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت. دوواتر جۆ هیڵ دەبێت بە شاعیر و سروودبیژی(سروودخوێن) چینی کرێکار و لە سەندیکا کرێکارییە ڕادیکاڵەکان چالاک و هەڵسوراو دەبێت. جۆ هیڵ لەساڵی ١٩١٠ دەبێتە ئەندامی یەکێک لە ڕێکخراوە کرێکارییە شۆڕشگێرەکان (IWW ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان).(٢)


جۆ هیڵ خۆی یەکێک لە ڕابەرانی کرێکارانی مانگرتووی بەندەری سان پێدرۆ بوو. ساڵی ١٩١٢ لە ئەنجامی وتارێکی شۆڕشگێڕانەدا دووچاری لێدان بۆوە و پاشماوەی ئازاردان بە بەردەوامی تا مردن لەگەڵیدا مایەوە. جۆ هیڵ چەپ بوو، کرێکار بوو، سۆشیالیست بوو، شیعرەکانی لە ڕۆژنامەکانی سەندیکاکان و کرێکارانی پیشەسازی و هاوپشتی بڵاو دەکردنەوە. سروودەکانی جۆ هیڵ لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان، لە ناڕەزایییە دەستەجەمعییەکاندا دەوترانەوە.


هەستن ئەی کرێکارانی جیهان
زنجیرەکان بپسێنن
داوا بکەن مافەکانتان
ئەو هەموو سەروەتەی بەرهەمی دەهێنن
دەچێتە گیرفانی مشەخۆرە چەوسێنەرەکان
بۆچی دەبێ لەسەر چۆک بن
لە بێشکەوە تاکو مردن؟
ئەی ئومێدی بەرزی ئێوە لەم دنیایە
کۆیلە بونە لای سەرمایە؟


جۆ هیڵ دوای ئەوەی لە کالیفۆڕنیا کاری دەست ناکەوێت، بڕیار دەدات بچێتە ویلایەتی یوتا و لەوێشەوە ڕۆڵی خۆی ببینێ لە ڕیکخراوکردنی کرێکاران و هەروەها سەرپەرشتی کردنی مانگرتنی کرێکارانی یونایتدی بیناسازی. جۆ هیڵ نامیلکەی (گۆرانییە سوورە بچکۆلەکە)ی لەلایەن ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازییەوە بۆ چاپکرا و بەخۆرایی بەسەر کرێکاراندا دابەشکرا.(٣)


هەموو ساڵێک ملیارەها سەرف دەکەین
بۆ کڕینی گوللە و تفەنگ
تاکو سوپا و هێزی دەریایی ئازیزمان
نەکەونە دۆخی تاڵی و تەنگ
لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە هەژاریدا دەژێن و
ملیۆنانیش بەبەرچاومانەوە دەمرن.


جۆ هیڵ وەک ئایکۆنێکی خەباتکارانەی بزووتنەوەی کرێکاری ئەمریکا دژ بە سەرمایەداران، ڕوخسارێکی شیرین و خۆشەویستی بۆ خەڵک و تۆقێنەر بۆ بورژوازی دەهاتە ئەژمار. دوای ئیعدامکردنی، تەرمی جۆ دەنێردرێتە شاری شیکاگۆ و لەوێ دەسوتێنرێ و خۆڵەمێشەکەی دەکرێتە شەش سەد کیشەی بچکۆلانە و دەنێردرێتە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا تەنها ویلایەتی یوتا نەبێت. هەروەها دەنێردرێتە زۆربەی وڵاتانی دونیا وەکو کەنەدا و سوید و ئوسترالیا و نیگاراگوا و لە رۆژی یەکی ئایاری ساڵی ١٩١٦ ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی چینایەتی کرێکاران، خۆلەمێشەکەی دەدرێت بەبادا. ساڵی ١٩٨٨ کیسەک لەو خۆڵەمێشە لە لایەن فەرمانگەی پۆستی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دۆزرایەوە کەلەسەری نووسرابوو " جۆ هیڵ لە نۆزدەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٥ لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە کوژرا." و دواتر فەرمانگەی پۆستی ئەمریکا کیسە خۆڵەمێشەکەی گەڕاندەوە بۆ ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٠ ئەو دوا کیسە خۆڵەمێشەی جۆ هیڵ لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی رابەرایەتی (ناوەندی) ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان لە ئەمریکا دەپرژێنرێتە سەر ئاگر.


دەمانەوێ کرێکاران لە هەموو جیهان ڕیکخراو بن
لە ڕیکخراوێکی یەکپارچە و سەرتاسەری
ئەو کاتەی گشت یەک هەڵویست بین
کرێکاران.. ئەوسا داوای مافمان دەکەین
ئەگەر چینی کرێکار تەنها ببینێ و بزانێ
کرێکار خاوەن چ هێزێکی شکۆدارە
ئەوسا چینی چەوسێنەری سەرمایەدار
بەخێرایی لەنێو دەچێ و کۆتایی دێ.
(٥)

کاتێ جۆ هیڵی شاعیر و هونەرمەند و خەباتکاری خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایە و سەرمایەداران بڕیاری گوللەبارانکردنی دەبیستێ، نامەیەک بۆ بیڵ هەیوودی سەرۆکی ڕیکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەنووسێ و تیایدا دەڵێ ' بیڵ ماڵئاوا..من وەکو شۆڕشگێڕێکی خەمبار دەمرم، کات بۆ پرسەم بە فیڕۆ مەدەن، کرێکاران ڕێکبخەن!". شایانی باسە کاتێ جۆ هیڵ لەبەردەم دەستەی ئیعدامدا دەوەستێ.. خۆی هاوار دەکات و دەڵێ " ئەوە منم، ئامادەم، دەی تەقەم لێبکەن." جێی ئاماژەیە لەپرسەی ئەم خەباتگێڕە کرێکارە زیاتر لە سی هەزار ئامادە و بەشدار بوون. بۆ ڕۆژی دوای ئیعدامەکەی گۆڤاری (نیویۆرک تایمز) نووسی "جۆ هیڵ وەک قارەمانێک و شەهیدێک مرد." بەڵی ئەم فیگەرە هەرە ناسراوەی خەباتی چینایەتی بە جەستە مرد، بەڵام لە ڕاستیدا نەمردووە و لەدڵی هەموو خەباتکارێکی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری و سۆشیالیزم بەزیندووی ماوەتەوە و هەتا هەتاش هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
_______________________________
تێبینییەکان وەرگێر ئامادەی کردووە:
(١) مۆرمۆن ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیریی - ئایینیی تایبەت بە مۆرمۆنییەکانە.. ئەم ئایینە لەسەر دەستی جۆزیف سمیس لە کۆتایی سەدەی نۆزدە هاتە دامەزراندن. لەڕاستیدا ئەم ئایینە هەر بەشێکە لە ئایینی مەسیحی. ئەمڕۆ ئەم ڕێبازە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا پەیڕەوکەرانی زۆرە.
(٢) IWW سەندیکا یان ڕیکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان، ڕێکخراوێکی ڕادیکاڵی کرێکارانی جیهانە، لە ساڵی ١٩٠٥ لە شیکاگۆ بە ئامادەبوونی زیاتر لە دوو سەد کەسایەتی سۆشیالیستی و ئانارشیست و مارکسیست کە زۆربەیان ئەندامی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا و حیزبی سۆشیالیستی کار و ژمارەیەک کەسایەتی ڕادیکاڵی سەندیکایی بوون، دامەزرا. فەلسەفە و تاکتیکی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە گرێدانی سەندیکا سۆڕشگێرەکانی پیشەسازی لەگەڵ لێکهەڵپێکرانی ڕێبازی هەردوو بزووتنەوەی سۆشیالیزم و ئەنارشیستی کرێکاری.
(٣) گۆرانییە سوورە بچکۆلەکە نامیلکەیەکی سروودی کرێکاری و سۆشیالیستی بوو لەلایەن ڕیکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان ئامادەکرا و لەساڵی ١٩٠٩ بڵاو کرایەوە. سروودەکانی نێو ئەم نامیلکەیە گوزارشتن لە خەبات و بەرگری چینایەتی بزووتنەوەی کرێکاریی لە دژی ستەمکاری بورژوازی.
(٤) بیڵ هەیوودی یان ولیەم دەدڵی هەیوود ( چواری شوباتی ١٨٦٩ – هەژدەی ئایاری ١٩٢٨) دامەزرێنەر و رابەری ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان) IWW) و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی سۆشیالیستی ئەمریکا بوو. ژیانی ئەم رابەرە سۆشیالیستە پرە لە هەڵسوڕاوی و خەبات لە پێناو ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیزم. کاتێکیش لە نەخۆشخانەی مۆسکۆ کۆچی دوایی دەکات. نیوەی خۆڵەمێشەکەی لە کرملین دەنێژرێ و نیوەکەی تری دەنێردرێتەوە بۆ شیکاگۆ و لەوێ دەنێژرێ.
(٥) ئەم کۆپڵە سروودانە لە کتێبی گۆرانییە سوورە بچکۆلەکەوە وەرگیراون کە لە نووسین و وتنی جۆ هیڵە.
_______________________________
سەرچاوەکان:
1- (
https://en.wikipedia.org/wiki/Joe_Hill (writer
2- http://www.aflcio.org/About/Our-History/Key-People-in-Labor-History/Joe-Hill-1879-1915
3-Old Letter Shade New Light on Joe Hill Murder case The New York Times website http://www.nytimes.com/2011/08/27/us/27hill.html?_r=0
4- The Murder of Joe Hill
https://libcom.org/history/1915-the-murder-of-joe-hill

5-Joe Hill songwriter to the working class The Socialist Party of Great Britain http://www.worldsocialism.org/spgb/socialist-standard/2000s/2000/no-1154-october-2000/joe-hill-songwriter-working-class

6- http://www.skeptically.org/literaryworksofjk/id2.html

7- Freedom from Religion foundation
https://ffrf.org/news/day/dayitems/item/14582-joe-hill
8- The death of Joe Hill

http://www.onthisdeity.com/19th-november-1915-the-death-of-joe-hill
9- I.W.W. Songs to Fan The Flames of discontent Nineteenth Edition 1923 Printed in U.S.A.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک