په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

*جۆکه‌ره‌ شه‌هید

 

هەژێن

 

سەرەتا پێم باشە پێش ئەوەی پرۆژەی یاداوەری شەهیدە لە بیرکراوەکانتان پێشکەش بکەم، کەمێك لەمەڕ شەهید و تێگەیشتنمان لە واژەی شەهید بدوێم، ئەوسا بێمە سەر یادکردنەوەی شەهید نۆکەر خۆفرۆش سیخورزادە.

 

شەهید کە واژەیەکی عەرەبییە و بە واتای ئەوە دێت، کە کەسی کوژراو لەپێناو ئامانجەکەیدا یا لەپێناو ئەو ئامانجەی بۆی دیاری کراوە، بە بەخشیشەکەی دەگات. ئەمە لە قورئاندا بە روونی باسی لێکراوە و قورئان وەك زادەی کۆمەڵگەیەکی مەرگدۆست بەرگی پیرۆزی ئایینی بەم دەستەواژە یا ناولێنان و دەربڕینەدا کردووە، شەهید کە پێشتر بۆ کەسانێك بەکارهاتووە، کە گیانیان لە پێناو بەرگری لە خێڵ یا لە پەلاماری خێڵێکی تردا گیانیان لەدەستداوە و پاداشتیان تەنیا یاداوەری و پیاهەڵدانی هۆنه‌ران بووە. بەلام قورئان هات و بەڵێندانی دونیایەکی خەیاڵی لە ئاسمانەکان خستەسەر ئەم خەزێنەیە و جەنگاوەرەکانی زیاتر هاندا و دەستکەوتی جەنگی و ئەنفالەکانیشی بۆ ئەوانە دانا، کە لە کوژران و گەیشتن بە بەهەشت نائومێد دەبوون.

 

بەو پێیەی کە کۆمەڵگەکەی ئێمەش، کۆمەڵگەیەکی داخروای خێڵەکی - ئایینییە و ئەم ڕەگەزانەش پایەکانی مەرگدۆستی پێدەبەخشن، بۆیە شەهیدبوون بە ئاسانی دەتوانێت پێناو و بیانووویەك بێت، بۆ ڕاپێچکردنی هەڵگرانی تێڕوانینی خێڵەکی و ئایینی بۆ بەرەکانی شەڕ لەهەر ساتێکدا کە ویستراوبێت، کارێکی ئاسانە و بەکوشتدان بەهەر بارێکدا کە دەسەلاتداران و دەسەلاتخوازان بیانەوێت پیرۆزە.

 

بە بڕوای من واژەی شەهید، چ لە ناوەڕۆكدا وەك پیرۆزییەکی پێڕەوانی (مەزهەبی) و چ لە ڕواڵەتدا کە هەموو کوژراوەکان لەژێر یەك ساباتدا کۆدەکاتەوە، واژەیەکی قێزەون و ناشیرینە و بەکاربردنی بۆ کەسانێك کە بە خەون و خەیاڵی خۆیان لەپێناو ئازادی و دادپەروەری کۆمەلایەتی و یەکسانی و سەربەخۆیدا گیانیان بەخشی، کەمکردنەوەی بەهای گیانبەختکردنیانە و لە مرۆڤێکی هوشیارەوە دەیانکاتە بوونەوەرێکی پاشڕەو و ملکەچ.

 

بۆیە لە خوێنەرانی باوەڕدار و ناسیونالیست و دەمارگیری پارتچی داوادەکەم، پێش ئەوەی یادکردنه‌وه‌کە بخوێننەوە، شمشێرە دوو دەمەکانیان به‌ڕوومدا هەڵنەبڕن!

 

خوێنەرانی هێژا، شەهیدی ئەمجارە� شەهید نۆکەر، کوڕی خۆفرۆش، نەوەی سیخورزادە و لە� 01/07/1966 لە سیخوڕشار لەدایك بووە. شەهیدی ناوبراو لە خێزانێکی بەگزادە و جەنگاوەر چاوی بە� دونیا هەڵهێناوە. ناوبرا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەی خواپێداوان لە شارە خنجیلانەکەی خۆیاندا تەواوکردووە. وەك وتمان ئەو لە خێزانێکی بەگزادەی جەنگاوەر لەدایك بووە و باوکی نەمری (شەهید خۆفرۆش) کە یەکێکە لە شەهیدەکانی پارتی شۆڕشگێڕانی ئەودەم و لە ساڵی 1969دا لە بەرەنگارییەکی بێوێنەدا بۆ سەر شاخی کەسنەزان، بەدەستی جوتیارە یاخییەکانی ئەو دەڤەرە لەپێناو پاراستنی خاکی نیشتماندا شەهیدکرا و لەگەڵ کاروانی شەهیداندا گیانی بۆ بەهەشتی ڕەنگین هەڵفری.

 

هەروەها شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە باپیرە گەورەی (سیخورزادە) کە پیاوێکی نادار و ناوداری نێو بەگ و ئاغاکانی سەردەمی خۆی، ناسراو و باوەڕپێکراوی هێزەکانی دەوڵەتی بریتانیای گەورە بوو، بەدەستی چەپەڵی جوتیارێکی بێ ئەمەك، کە ئامادە نەبوو دەزگیرانەکەی بە سورانە بەرێتە دیوەخانی (سیخورزادە)، کوژراو بە بەهەشتی خوداوەند شاد بوو.

 

شەهید نۆکەر، وەك نەوەی رەسەنی باوك و باپیرانی، هەر زوو لە سەردەمی لاویدا سەنگەرەکەی باوکی پڕکردەوە و کەوتە تۆڵەسەندنەوە لە جوتیارانی بێ ئەمەکی دەوروبەری شارەکەی و بوو بە یەکێك لە پیاوە ئازا و نەترسەکانی سەردەم. ئەم شەهیدە بەرزە فرە، شەڕ نەما بەشداری تێدا نەکا و هەرگیز نەیهێشت وەچاخی باو و باپیرانی کوێر بێتەوە و لە ساڵی 1976ەوە تا ساڵی 1988، چالاکانە بەشداری هەموو شەرە نیشتمانییەکانی کرد و تەنانەت زۆرجار لەبەر لێهاتووی ئاودیوی سنوورەکانی ئێران دەبوو و سەر و گوێچکەی شوان و جوتیارەکانی ئەوێندەرێی وەك سۆقات و دیاری بۆ لێپرسراوانی ڕێکخراوەکانی پارتی بەعس لە دەڤەرە جیاجیاکانی باکووری خۆشەویستی نیشتماندا دەهێنایەوە و زۆرجاران جەستەی کوژراوە یاخیبووەکانی بەدوای ترومبێلەکەی خۆیدا رادەکێشا. هەر ئەمەش وایکردبوو، کە ناوناوبانگێکی فرە پەیدا بکات و ببێتە جێگەی ڕێز و ستایشی هاوسەنگەرە کۆن و تازەکانی.

 

شەهید نۆکەر وتەیەکی بەناو بانگی هەبوو، کە دەیگوت "من لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لەدایك بووم و بەو هۆشە گۆشکراوم کە وەك پێشینانم تامردن دەبێت پارێزەری دەسەلات بم". شەهید ئەم گفتەی خۆی بەجێگەیاند و هەر لەوپێناوەشدا دواساتەکانی ژیانی بەخشی.

 

پاش ئەوەی کە خەلکی ڕەشوڕووت و ئەمەكنەناس، لە ئازاری 1991دا لە شێتی و سەرلێشێواویدا دژی شکۆداری میری نیشتمانی عیراق دەستیاندایە خراپکاری و تێکدانی بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییە پارتییەکان، ناچار بە بەرەی کوردستانییەوە - کە لەو کاتە ناسك و مێژوویەدا لەگەڵ میری نیشتمانی لە هودنەدا بوو و بەڵێنی پاراستنی سنوورەکانی باکوری خۆشەویستی نیشتمانی گەورەی عەرەبییان دابوو- پەیوەست بوو و وەك چەکدارێکی شۆڕشگێڕ لەناو یەکێك لە پارتە هاوئامانجەکانیدا سەنگەری گرت و بەڵێنی بۆ تازەکردنەوە، کە تامردن لە پاراستنی بەرنامە و ئامانجە نیشتمانییەکان بەردەوام بێت.

 

شەهید نۆکەر وەك یەکێك لە دەستە تایبەتییەکانی ئەو پارتە لە کوشتن و لەناوبردنی �ژنانی خراپەکاردا لە مارچی 1991وە تا سێپتەمبەری 1992 چالاکانە و دلسۆزانە بە کارە دیاریکراوەکانی هەستا و ژمارەیەکی بەرچاو ژنی خراپەکاری لەناو جەرگەی شاری هەڵمەت و قوربانیدا کوشت و شایانی باسە دەستەکەی ئەم بە دەستەی ئەرکە هەنووکەییەکانی شۆڕش ناسراوبوو، لە دەستەی هاوجۆری هەموو پارتەکانی تری بەرەی کوردستانی چالاکتر و گورزی کوشندانەتر بوو. ئەمەش بۆ رابوردوو و ئەزمونی دەولەمەندی لەو بوارەدا دەگەڕایەوە، هەر بۆیە� دەستبەجی وەك فەرماندەی فەرماندەیی دەستە نهێنییە تایبەتەکانی شۆڕش دیاریکراو و نازناوی چاوی شۆڕشی له‌لایەن سکرتێری پارتەوە پێبەخشرا.

 

شەهیدی نەمر، لە 5ی ئۆکتۆبەری 1992دا وەك فەرماندەیەکی شارەزا لە کار و چالاکی سەرسنووریدا بەرەو شەڕگەکانی سەرسنووری تورکیا و عیراق بۆ سەرکوت و راونانی یاخیبووەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ بەڕێکەوت و بەڵێنی دا کە کچانی ئاخرزەمان وەك دیاری �ڕۆژی فیدراڵییەت لە کوردستان بۆ ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکانی� ڕۆژاوای ئەنادۆڵ بکات پەردەوە، تاوەکو ئاوەزییان بەوە بشکێت، کە ئەوانە ژنن و نابێت خۆیان لە کاری رامیاری و سەربازی هەڵقورتێنن و نابێت ببنە پشتوپەنای یاخیبووانی سەرلێشێواو.

 

شەهید نۆکەر لەم شەڕەدا سەربەرزانە گەرایە دواوە و دەستکەوتێکی گەورەی بۆ پارت و نیشتمانەکەی مسۆگەرکرد. بەوجۆرە رۆژ دواوی ڕۆژ لێهاتووی و لێوەشاوەیی و دڵسۆزی خۆی بۆ میری هەرێم و پارتە نیشتمانپەروەرەکەی دەردەکەوت و خۆشەویستی لای سەرکردایەتی شۆڕش زیاتر دەبوو و هەر ئەمەش وای لێکرد، کە ببێتە برواپێکراوی سەرکردایەتی و هەر ئەمەش پلە و پایەی شیاوتری پێبەخشی، کە دواجار وەك فەرماندەی هێزە تایبەتییەکانی شۆڕش بۆ کاتی پێویست دیاریکرا و پاش چەند مانگێك لەم پۆستەدا بڕیاری شەڕی ڕەواو� و خوازراوی ئەو قۆناخە هەستیارەی شۆڕش، لە بارەگای ئەم سەرکردە گومناوەوە دەستی پێکرد.

 

شەهیدی نەمر نۆکەر خۆفرۆش سیخورزادە لە شەرە� ڕەوا و نیشتمانییەکانی دەهەی نەوەدا، ڕۆڵێکی بەرچاو و دلێرانەی گێڕاو بەراستی سەلماندی کە کوری باوکی خۆی و دڵسۆزێکی سەرکرادیەتی شۆڕشە و هەمیشە بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی، گیانی لەسەردەستە . ئێمە لێرەدا وەك گەواهیییەك بۆ ئازایەتی و دلێری ئەم ڕۆلە بەئەمەکەی گەل و نیشتمان، تەنیا دەتوانین بە باوك و باپیره‌ی هەمیشە نەمری بەراوردی بکەین، لە بەرامبەر دڵسۆزی و داوێنپاکی ئەم کەڵە شەهیدەدا، تەنیا نازناوی سەرداری شەهیدان بە شایستەی وی دەزانین. ئەم شەهیدە هێندە بەزرەفرە، بە دڵنیاییەوە نەوەی داهاتوو وەك پاداشێك خۆزگە بەوە دەخوازن کە مناڵ و وەچەی وی بووایەن، تاوەکو شوناسی باوکی شەهیدیان وەك کلیلی هەموو دەرگەکانی ژیان لە ملکردایە.

 

بەلام ئەفسوس و سەد مەخابن، گولەی وێڵی ناپاکێك لە 31ی ئابی 1996دا لە شەڕگەی کەسنەزانی دەرگەی شاری هۆلاکۆ بەزێندا، برینداری دەکات و برینەکەی هێندە سەخت دەبێت، کە هیچ هەوڵێك ناتوانێت لەمەرگی ناوادە ڕزگاری بکات. شەهیدبوونی کوڕەزای سیخورزادەی هەمیشە دەسەلاتپەروەر، نەك تەنیا کۆست و زیانێك بوو بۆ شۆڕش و سەرکردایەتییە حەکیمەکەی، بەڵکو زیان بوو لە هێزی نهێنی دەرەکی دەولەتەکانی چوارلا و لەدەستدانی چانسێکی گەورە بۆ ئەم قۆناخە ناسکەی گەلەکەمان، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێستا بمایە، دەیتوانی لە خوارووی نیشمانی فیدراڵیدا گورزی گەورە لە تیرۆرستان بوەشێنێت و شاخە گەردنکەشەکانی باکوری نیشتمانیش لە یاخیبووەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ بۆ هەمیشە پاك بکاتەوە .

 

ئەمساڵ یادی ئەم شەهیدە هەرگیز نەمرەمان لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی نوێنەری دەوڵەتی ئەمەریکی لە عیراق و نوێنەری سەرۆککۆماری عیراق و نوێنەری سەرۆکی هەرێم، بە دانانی تاجەگوڵینەیەکی شایستە، سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ گیانفیدایی ئەم هەڵۆ بەرزەفرە، ئەم کەلە شەهیدە، ئەم پیاوە نایابەی مێژوو، ئەم شاکارە یەزدانییە، ئەم قارەمانە شەرەفپارێزە دانەواند. هەوەروەها وەك وەفادارییەك و میدالیایەك بۆ پاڵەوانییەتی ئەم شەهیدە، لەسەر بڕیاری ئەو نوێنەرە بەڕێزانە، شەهیدانەیەکی ده‌ ملیۆن دیناری بۆ خێزانەکەی تەرخانکرا و ئەم بریارە نیشتمانییە بە ڕاگەیێندراوێکی کۆماری تایبەت لە شێوەی تابلۆیەکی سەربازیدا پێشکەش کرا و وێنەیەکی ئەم تابلۆیە لە مۆزەخانەی مێژوویی شەهیداندا بۆ پاراستن دانرا.

 

خوێنەرانی هێژا، لێرەدا کۆتایی زنجیرەی ئەمجارەمان بە دوا وتەی بەناوبانگی شەهید نۆکەر خۆفرۆش سیخورزادە لە کاتی سەرەمەرگدا وەك وەسیەتنامە بۆ مناڵەکانی و نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمان " کەم بژین، بەلام وەك من مەرد بژین"، دەهێنن.

 

   بە بڕوای من کەمتەرخەمییە، کە یاد لە بەکرێگیراون و خۆفرۆشان و سیخورانێك نەکرێتەوە، کە ژیانی� ئێمە چەوساوانی کۆمەڵگە لە رابوردوو دا بووبووە بازیچەی دەستیان و بە ویستی خۆیان و دەسەڵات سوکایەتیان پێدەکردین و دەکوژراین و دەسوتێنراین و ئەنفالدەکراین. ئەوانەی کە ڕۆژگارێك لە کەمئاوەزی و ناهوشیاریماندا پێمانوابوو، ڕۆژێك دێت ولاتبەدەر دەکرێن و مافی ژیانیان لەنێوان خۆماندا پێیان ڕەوا نابینین، ئەوانەی کە نەماندەزانی ئەرکێك ئەو رۆژە ئەنجامیان دەدا، هەمان ئەرکە ئەوڕۆ پاش بوونیان بە چەکداری شۆڕشگێڕ، ئەنجامی دەدەنەوە و سەنگەرەکان جیاوازییان نەبووە، بەڵکو ئەوە کەمئاوەزی ئێمە بووە، ئەو سنوورە خەیاڵییەی لەنێوان سەنگەرەکاندا کێشاوە. ئەگەرچی لە راپەڕینەکەماندا سەرنەکەوتین و نەمانتوانی ولاتبەدەریان بکەین و ڕسوایی میژوویان بکەین، ئەوا ئەوڕۆکە دەتوانین پەراوی تاوانبارییان هەڵدەینەوە و� بەراوردی سەنگەرەکان بکەین!

  هیوادارم نووسەران بەهەر شێوەیەك بۆیان دەکرێت، لە هۆنراوە، پەخشان، ساتیر، چیرۆك، ڕۆمان، هەر باسێکی تردا، یادی ئەو چەکدارە شۆڕشگێرانەی بەرەی کوردستانی کە لە شەرگەکاندا کوژران یا هەنووکە لە دەسەلاتدا خزمەتکارن، بکەنەوە و لە بیرەوەری نەوە دوای نەوەدا زیندوویان راگرن.

  چونکە لەبیرکردنی ئەمان، بە واتای لە بیرکردنی ئەوانە دێت، کە بە خەون و خەیاڵی خۆیان لەپێناو ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیدا لە بەرنگاربوونەوەی شەهیدەکانی دەسەلاتدا، بەدەستی چەکدارە شۆڕشگێرەکان گیانیان لەدەستدا و ئەنفالکران.