په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

چۆن ئاھەنگی جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتیمان گێرا؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


لە ١١/٣/١٩٧٠ ئیزگەی کۆماری عێراق لە بەغدا بەیاننامەی ١١ ی ئازارو ناورۆکی رێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد و حزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیزمی سەبارەت بە راگرتنی پرۆسە سەربازییەکانی خوێندەوەو ھەر لە گەڵ بیستنی رێکخراوی حزبی شیوعیمان لە دەربەندیخان وبە ھاوکاری جەماوەربە پیادەو بە ئۆتۆمبێل خۆپیشاندانێکی گەورەیان رێکخست بۆ دەربرینی خۆشی و پشتگیریی و خۆپیشاندنکە لە بەردەم چێشتخانەکەی حەمە ئەمینی پەزە تا بەردەم دائرەی بەرید درێژەی ھەبوو، لە رۆژی دووەم واتە {لە ١٢/٣/١٩٧٠} لە کەمپی خوارەوەو لە سەر( گۆرەپانی تێنسەکە) رێکخراوی حزب ئاھەنگێکی رێکخست وتیادا وتارێکی کورتی رێکخراوەکە و چەندین کۆپلە شیعر خوێنرایەوە و بە گۆرانی و ھەڵپەرکێ کۆتایھات و، بەم چالاکییە رێکخراوەکە ھەنگاوێک بەرەوپێش چوو ئەوکات سەرەرای ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی پارتی و دۆستانیان لە شارەکە ھەبوون بەڵام رێکخراویان نەبوو ئێمە یارمەتیماندان و رێکخراویان درۆستکرد.


لە بارودۆخی خۆشی و شادی ئاھەنگەکانی بەیاننامەی ١١ ئازارو رۆڵی شیوعییەکان لەناو شاردا بووە ھۆی ئەوەی زمارەیەکی لاوی خوێنگەرم پەیوەندی بە حزبەوە بکەن و ھەروا گەرانەوەی زمارەیەکی تر لە ھاورێیان کە وازیان ھێنابوو لە بەر بارودۆخی تایبەتی خۆیان و، لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئاھەنگگێران جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی کورد لە پاش ١٠ رۆژی لە خوێندنەوەی بەیانی ١١ی ئازار بە شێوەیەکی ئاشکرا لە رۆژی نۆیەمدا واتە لە ٢٠/٣/١٠٧٠ ھەرشەیەکمان لە ئیستخباراتی عەسکەری لە رێی مولازم سەعید و مولازم سەڵاح پێگەیشت. سعید ھاوسەرگیری لە گەڵ کجێکی کورد لە خێزانێکی ناسراوکردو خێزانەکە ئاشناییان لە گەلماندا ھەبوو ، مولازم سەڵاح لە بانیخێڵان کوژراو ھەرەشەکە ئەڵێت نابێت شیوعییەکان ئاھەنگ بگێرن بۆیە {من و ھاوری مەلا حەسەن نۆرۆڵی ئەندامی رێکخراوەکە و کرێکاری دائرەی رەێ (ئاودێرێ)} دەربەندیخان رۆیشتین بۆ سەربازگەی بەتالیۆن ( فوج) و لە دەرگای سەرەکی چاومان کەوت بە رەیس عورەفا منشد زامل چلوب وپێمانوت وەک ئەزانی ئێمە لە حزبی شیوعی عێراقەوە ھاتووین و ئەمانەوێت چاومان بە موقدەم خالید بەرپرسی ھەواڵگێری (ئیستخبارات) بکەوێت و، لای سەیر بوو واقی ورماو لێمان وردبووەوەو وتی شیوعی ئەتانەوێت موقدەم خالید ببێنن ؟ ئێمەش بە دووقڵی پێکەنین و وتمان ئەی بوو سەیرە ؟ و بە پەلە چوو ھاتەوەو وتی فەرمون.

چووینە ژورەکەی موقەدەم خالید و، جگەرەیەکی لە سەر شێوازی تاقمی ھەواڵگیری داگیرساندو پێشوازیلێکردین و لای سەیر بوو زۆر لە خۆبایی بوو بە لوتبارزییەوە وتی ئێوە کێن ؟ ئێوە شیوعین ؟ چیتان ئەوێت؟


وتمان ئێمە لە رێکحراوی حزبی شیوعی عێراق لە دەربەندیخانەوە ھاتووین و لە رێی ئەفسەرو سەربازەکانتان ھەرەشەمان لێکراوە گوایە نابێت ئاھەنگی {نەورۆز} بگێرین و ھاتھاتووین ئاگادرتان بکەینەوە بە شێوەیەکی فەرمی و یارمەتیمان بدەن و رەزامەندی دەرببرن.


دەستیکرد بە توورەیی و چاوسورکردنەوەو و ھەرەشەکردن و ئێوە لە حزبێکی رێگەپێنەدراون و، لە پاش گفتوگیەکی چرو پێمان قایمکردو سور بووین لە سەر ئاھەنگگێران و ئەویش پەیوەندی کرد بە ئەفسەرانی پایەبەرزترو ھەرچۆنیک بوو ملیداو رازی بوو داوایکرد سەقامگیرو ئاسایشی شارەکە بپارێزن و ئێمەش ئەومان بانگھێشت کرد بۆ ئامادەبوون.

 


ھێشتا ناو بازاربووین و نەگەیشتینە ماڵەوە نامەیەکی ئاگرین پر لە ھەرەشەمان وەرگرت لە بەرێز کاک ئەحمەد کەلاری ــ فەرماندەی عەسکەری ئەو تاقمەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکایەتی ابراھیم ئەحمەد و جەلال تاڵە بانی جیابوونەوە بە ( حەلالی) ناویان دەرکردو چوونە ئێران و پاشان مستەفا بارزانی لێیانخۆش بوو گەرانەوە کوردستان و جاریکی تر رایان کردو چوونە پاڵ حکومەتی عێراق لە ‌بەغدا و لەوی رۆژنامەی ئەلنوریان دەرکردو بە تاقمی ئەلنور ناویان دەرکرد و کاک ئەحمەد لە نامەکەیدا نووسیبووی : بیستوومانە حزبی شیوعی عێراق لە رێی ئاھەنگگێران بەبۆنەی نەورۆزەوە ئەیەوێت ئاسایش و ئارامی شاەکە تێکبدات و، وتراوە شیوعییەک وتار ئەخوێنێتەوەو لەو حاڵەتەدا ئێمە رازینین و ئەو کەسەی وتار بخوێنێتەوە ئەیکوژین و لە کۆتاییدا نووسیبووی : ئەگەر کارێکی خراپ روو بدات ئێمە ئاگاداریمانداوە و ئۆباڵی لە سەر خۆتانە.


بە (پەیامبەرەکەمانووت) بە کان ئەحمەد بڵێ، بەڵی ئاھەنگ ئەگێرێن و بە بێشک ھاورێیەک وتاری حزبی شیوعی عێراق ئەخوێنێتەوەو ھیوادارین کاک ئەحمەدکەلاری ھەوڵی ئاسایکردنەوەی بارودخەکە بدات و نەفرەت لە شەرو کوشتن بکات.


ئێمەش بە پەلە نامەمان نووسی بۆ : مەکتەبی محەلی سلێمانی و کۆمیتەی جوتیاران و بەرپرسی رێکخراوەکەمان {تیکۆشەر عەبدوللا مەلا فەرەج قەرەداغی ــ مەلا عەلی) و لەو کاتانەدا دکتۆر فارس رەحیم بەرپرسی کۆمیتەی جوتیاران لە ناوچەکە نەبوو، مەلا عەلی سەرلقی لقی ١٠ ی قارەمان بوو سەر بە بزوتنەوەی پێشمەرگەکانی کوردستان بوو لە نامەکاندا بە درێژی باسی بارودۆخی رێکخراوەکەی حزب و ئاھەنگی نەورۆزمان کردو وتمان ھاورێیانی رێکخراوەکە ئامادەن ئاھەنگ بگێرن و گوێ لە کەس ناگرین وئێمە باشین و ھیوادارین بیرتان لامان نەمێنێت و چاوەروانی ئامۆژگارییەکانتان ئەکەێن و ئێمە ئامادەێن و پێش ئاھەنگەکە بە ماوەیەکی کورت ئامۆژگاری و وەڵامەکانمان وەرگرتەوە.


ئەو شەوەی پێش ئاھەنگەکە خەومان لێنەکەوت و چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجامدا زۆرینە لە گەڵ ئاھەنگیران بوون وکەمینە دژ بوون.


ئەمرۆ ، رۆژی جەژنی نەتەوەیی گەلەکەمانە، جەژنی نەورۆزە، لاوانی خوێن گەرم ھاورێیانی دەربەندیخان و ژاڵەناوو بانیخێڵان و کانی ساردو و دێھاتە نزیکەکان ھەر لە بەیانی زوو دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی کورسی و بردنیان بۆ گۆرەپانی ئاھەنگەکە لە کەمپێ خوارەوە بۆ دانیشتنی میوانەکان و، پێش ئاھەنگەکە بە دوو کاتژمێر ھاورێیان بە پێی بریارو نەخشەی دابەشبوونیان دامەزران بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی ئاھەنگیرەکان و، بریارەکان بە پێی دیسیپلینی حزبایەتی توند بوون و ئەوانەی دەمانچە ھەڵئەگرن دەستنیشانکران ( زوربەی دەمانچەکان ھی ھاورێیان و دۆستان بوون) و، وادانرابوو ھاورێیان تێکەڵ بە جەماوەر نەبن و چاودێرییان بەھێز بێت بە تایبەت بەرامبەر بە کەسانی نامۆو نەناسراوو ، ئەگەر تەقەکرا یان پێکدادان روویدا ھەر گروپێک لە شوێن خۆی بمێنێتەوەو نەجوولێت و تەنھا فەرمان لە بەرپرسەکەی وەربگرێت


.ئاھەنگەکە بە سرودی نیشتمانی : ئەی رەقیب دەستیپێکردو لە ناو چەپڵەرێزانی گەرم و ھوتافکێشان بە ژیانی حزبی شیوعی عێراق و بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد ھاورێ {ئەحمەد رەجەب} چووە سەر سەکۆێ ئامادەکراو بۆ پێشکەشکردنی وتاری حزب تەحەدای مردن و، بریارمان وابوو ھاورێیان لە سەکۆکە دوور بن بۆ ئەوەی ئەگەر شتێک روویدا زەرەرو زیانمان کەمتر بێت و ، ھاورێیان پابەند بوون بە بریارەکان بەڵام لەو کاتانەداشیوعی تێکۆشەر {غەفور کویخا عەلی} لە شیوعییە پێشەنگ و دێرینەکان ی حزب ھاتە پێشەوەو مایکەکەی لێم وەرگرت و لەمنی نزیک کردەوەو و بە ئەسپایی وتی : لە گەڵت ئەمرم وتەحدای مردن ئەکەم و لە ناو چەپڵە رێزاندا وتارەکەمان بە سەلامەتی پێشکەشکردو " نۆرە ھاتە سەر وتاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوانیش وتاری خۆیان خوێندەوە.


ئاھەنگەکە زۆر رێکوپێک بوو، ھەموو شتێک بە باشی تێپەربوو بەڵام لە کۆتاییدا ھەندی ھەرزەو نەزان و داخ لە دڵ دەستینکرد بە ئاژاوەنانەوە و جنێودان و ھێرشکردنە سەر حزبی شیوعی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان و، ھەوڵیاندا دەمەقاڵە لە گەڵ ھەردوو ھاورێی شیوعی لاو {نەجیب شێخ محەمەد و حەمید مەجید قادر زەھاوی} دروست بکەن { نەجیب لە ساڵی ١٩٨٣ بە دەستێکی چەپەڵ لە گەڵ ھاوری کامل ئەحمەد سەمین لە مەسۆیی ــ قەرەداغ شەھید کران} و {حەمید لە ساڵی ١٩٩٥ بە گوللەی وێڵ شەھید کرا} و، لە و کاتانەدا پۆلیس و عەسکەر نەیانھێشت شەر بکرێت و من و کاک ئەحمەد کەلارییان بانگکرد بۆ لیوا و لەوێ لیوا ( نسییف جاسم سامرایی) لە پاشان بوو بە راوێژکاری سەربازی سەدام حوسەێن وتی : ئێوە بران و پێویستە ئاشتببنەوەو کێشەکانتان چارەسەر بکەن و، لەوێ بە کوردی بە کاک ئەحمەدم وت جوان و نایابە ئامر لیوا ئامۆژکاریمان ئەکات و کاک ئەحمەد ئەیزانی من ھاوریی قوتابخانەی ئامادەیی بووم لە گەڵ براکانی کاک حەسەن و کاک حوسەێن و کە وام وت کاک ئەحمەد ھاتە پێشەوە و داوای لێبوردنی کردو یەکترمان ماچ کرد.


بەڵێ بەو شێوەیە ئاھەنگمان گێراو رێکخراوەکەمان بوو بە رێکخراوێکی ئاشکرا بەڵام کەسانی دوژمن و چڵکاوخۆرو دەربەگی ناوچەکە دژایەتی بێوچانی حزبیانکرد بۆیە بارودۆخمان لە گەڵ حکومەت وەک جارانی لێھاتەوە راونان و گرتن.


١٧\٣\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک