په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١٤

    چۆن دەبێ لێم ئاوابی.

دەریا

١
ماندوێتیم بشۆرەوە
وەک گەڵایەکی تەزیو
بە بێ دەنگیی،
لەبەردەم بارانی تووڕەییت دەوەستم
بە بێ جوولە خۆم دەخۆمەوە
چەند بەرزە باڵای سنەوبەرت
لە ھەر کوێ بڕوانم
بوونت ھەیە و دەتبێنم!


٢
ئەوەتا... لە کەناری دەریا وەستاوم
تارمایی و دەمامکە بۆرەکان بانگم دەکەن
بێدەنگ دەبم
لە ناخەوە ھاوار دەکەم
بانگت دەکەم
دڵم تەنگە بۆم دەرکەوە
کات بێ تۆ میلی کاتژمێرێکی وەستاوە!
٣
بە تەنیا دەڕۆم
مانگی رووی تۆم
لە خورجێنەی گەشتم حەشار داوە
کاتژمێرێکی شکاوم ھەڵگرتوە
نامەوێ کاتی بێ تۆییم دیار بی
خۆری من تۆی چۆن دەبێ لێم ئاوابی!


٤
لە کام ژووری تەنیایی ھەناسە دەدەی
بیکە بە زیندانی هەمیشەییم
ھەر خۆم دەبم بە پاسەوان
باکت بە مەرگی من نەبێ
چونکە تەنیا تۆم خۆشدەوێ!


٥
خۆزگە دوای تۆ...
چاوێکی ھەڵۆییم لا دەبوو
تا دەستی رەنگەکان بگرم و
مەشقی بینینم فێر بکا
چەند پەرۆشم بۆ بینینی
چاوەکانی تۆ!


٦
وام لەسەر ھێڵێکی قەترانیی
لەم لاوە خەونێکی کورتی ژیانە و
لەو لاوە بێ ئەوەی ھیچ کەسێک بزانێ
تا ئێرە دوا ترپە، دوا قۆناغ
دوا پۆستی ژیانە
کە بیرم نەچێتەوە
لە دڵی مندا تەنیا تۆ ھەی!


٧
تاوان نییە، پەڕینەوە، بەسەر پردی ساتەکانا
بەسەر رۆحی وردبوونەوە
تا ماچێکی لە خەم رسکا ئەکا
ھەزاران شەو باوەشکێکی خەو دەیباتەوە
ئاسمان دەکەن بە گۆمی خوێن.


٨
ژێر بە ژێر..
بە چرپەی رازی باڵندە کۆچەرییەکان
نهێنییەک لە دایک دەبێ
من نە زاری ھیچ ئەشکەوت و
نە ھەناسەی ھیچ دەربەندێکی تەنیاییم
پێ ناگیرێ
چۆن سەما
لە دڵی ئاھەنگ زنجیر دەکرێ؟!


رووباری مۆرلێن / کەنەدا
ماڵپه‌ڕی دەریا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک