٣٠\١٢\٢٠١٠
چۆن فه‌ناتیکێک
ده‌رمان ده‌کرێ.

نووسینی: عاموس عوز -
نووسه‌ری ئیسرائیلی
وه‌رگێرانی له سوێدییەوە: ره‌سول سه‌فه‌ریانی
- به‌شی
چواره‌م -
ئیسرائیل و فه‌له‌ستین.
کامیان "کوڕه چاکه" و
کامیان "کوڕه خراپه" ن؟ ئه‌مه شتێکه که هه‌موو ئوروپایێکی مه‌به‌ستدار
له لیبراڵ و رووناک‌بیر و چه‌په‌وه هه‌میشه و پێش هه‌موو شتێک ده‌یانه‌وێت
بزانن که کێ له له فیلمه‌که‌دا لایه‌نی خراپه و کێ کوڕه چاکه‌یه؟
ئه‌م شێوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه به نیسبه‌ت ویه‌تنامه‌وه زۆر ئاسان بوو،
هه‌موومان ده‌مانزانی که خه‌ڵکی ویه‌تنام ببوونه قوربانی و ئه‌مریکاییه‌کانیش
لایه‌نه خراپه‌که بوون. هه‌لوێست وه‌رگرتن به نیسبه‌ت ئاپارتایده‌وه
سه‌خت نه‌بوو، ئینسان تێده‌گه‌یشت که ئاپارتاید شتێکی خراپه و خه‌بات
بۆ مافی یه‌کسانی هاوڵاتی بوون، بۆ رزگاری، بۆ به‌رابه‌ری و بایه‌خه
ئینسانیه‌کان شتێکی باشه. ململانێی نێوان ئیمپریالیسم و کلۆنیالیسم له
لایه‌ک و قوربانی‌کردن له ریگای کلونیالیسم و ئیمپریالیسم دا له لایه‌کیتر،
تا راده‌یه‌ک رۆشن دیاره و ئینسان ده‌توانێت چاک و خراپیان لێکبداته‌وه.
کاتێ که ده‌چینه سه‌ر رابردووی کێشه‌ی ئیسرائیلی ـ عه‌ره‌بی، به
تایبه‌ت کێشه‌ی ئیسرائیلی ـ فه‌له‌ستینی، شته‌کان وه‌ها ئاشکرا و روون
نییه. وه ترسی من له‌وه‌یه که لێره‌دا ناکرێت وه‌ها ئاسانی بکه‌مه‌وه
بۆ ئێوه و بڵێم: ئه‌مانه فریشته‌ن و ئه‌مانه‌ش بووده‌ڵه‌ن (مه‌لعون)،
تا ئێوه‌ش به ئاسانی لای فریشته‌کان بگرن بۆ ئه‌وه‌ی چاکه به‌سه‌ر
خراپه‌دا سه‌رکه‌وێت. به‌ڵام کێشه‌ی ئیسرائیلی ـ فه‌له‌ستینی فیلمی
وێسته‌رن نییه. ئه‌مه شه‌ڕێک نییه له نێوان خێر و شه‌ڕدا، به‌ڵکو
تراژیدی و نه‌هامه‌تیێکی به ته‌واوی مانا و پر به پیستی وشه‌ی "تراژیدی"
ه. لێکدان و شه‌ڕێکه له نێوان حه‌ق و حه‌قدا، لێکدانێکه له نێوان
ئیدیعایێکی زۆر ره‌وا و قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ر و به‌قووه‌ت و قووڵه له
گه‌ڵ ئیدیعایه‌کی زۆر جیاواز به‌ڵام نه که‌متر ره‌وا و قه‌ناعه‌ت
پێهێنه‌ره و نه قووڵایی و قووه‌تیشی که‌متره و نه باری ئینسانیشی
لاوازتر.
فه‌له‌ستینیه‌کان له فه‌له‌ستینن بۆ ئه‌وه‌ی فه‌له‌ستین وڵاتی خه‌ڵکی
فه‌له‌ستینه و هه‌ر ئه‌و وڵاته‌شیان هه‌یه. هه‌روه‌ک چۆن هۆله‌ندا
وڵاتی هۆله‌ندیه‌کانه و سویدیش وڵاتی سویدیه‌کانه. یه‌هودیه‌کانی
ئیسرائیل له ئیسرائیلن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دونیادا شوێنێکیان نییه
که یه‌هودیه‌کان، وه‌ک گه‌ل، وه‌ک نه‌ته‌وه، رۆژێک له رۆژان
توانیبێتیان ناوی وڵاتی خۆیانی لێبنێن. وه‌ک تاکه که‌س بوویانه به‌ڵام
وه‌ک گه‌ل یان نه‌ته‌وه نه‌یان بووه. فه‌له‌ستینیه‌کان به ناره‌زا
هه‌وڵیان داوه له وڵاتانی تری عه‌ره‌بیدا بژین. ده‌رکراون، زۆرجار
سوکایه‌تیان پێکراوه و ته‌نانه‌ت راوه‌دوونراون، له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی
وا به ناو "بنه‌ماڵه‌ی عه‌ره‌ب" ناوزه‌د ده‌کرێت. ئه‌وان مه‌جبورکراون
که به تاڵترین شێوه له "فه‌له‌ستینی بوونیان" تێبگه‌ن، ئه‌وانیش وه‌ک
لوبنانیه کان، وه‌ک سوریایه‌که‌ن و عێراقیه‌کان و میسریه‌کان هه‌ڵبژارده‌ی
خۆیان نه‌بووه که ببن به فه‌له‌ستینی و فه‌له‌ستین ته‌نیا وڵاتێک
بێت که ئه‌وان بتوانن به وڵاتی خۆیانی بزانن و تێدا بمێننه‌وه. خه‌ڵکی
یه‌هود و فه‌له‌ستی به شێوه‌یه‌کی سه‌یر ئه‌زمونێکی مێژوویی هاوته‌ریبیان
تێپه‌ڕاندوه. یه‌هوده‌کان له ئوروپا ده‌رکران، باوک و دایکی من نزیکه‌ی
شه‌ست ساڵ پێش ئێستا له ئوروپا فرێدرانه ده‌ره‌وه، فڕێدرانێکی به
ته‌واوی مانا، رێک وه‌ک چۆن فه‌له‌ستینیه‌کان یه‌که‌م له فه‌له‌ستین
ده‌رکران و پاشان له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کانیش خرانه ده‌ره‌وه. کاتێ
باوکم هێشتا میرمنداڵێک بوو له پۆله‌ند، هه‌موو دیواره‌کانی ماڵه‌کانی
ئوروپا به‌م دروشمانه ره‌ش کرابونه‌وه: "یه‌هودیه‌کان، بڕۆنه‌وه بۆ
فه‌له‌ستین"، یان جاروبار له‌وه‌ش خراپتر : "یه‌هودیه مه‌لعونه‌کان،
بڕۆنه‌وه بۆ فه‌له‌ستین." په‌نجا ساڵێک پاش ئه‌وه کاتێ باوکم سه‌ردانی
ئوروپا ده‌کات ئه‌م دروشمانه به دیواره‌کانه‌وه ده‌بینێت : "یه‌هودیه‌کان،
بۆ ده‌ره‌وه له فه‌له‌ستین." .
خه‌ڵکانێکی زۆر له ئوروپاوه داوه‌تیان کردوم و ده‌ڵێن که خۆت و
هاوکاره فه‌له‌ستینیه‌کانت وه‌رن پشویێکی هاوینی له لای ئێمه له
شوێنێکی خۆش پێکه‌وه تێپه‌ڕ بکه‌ین، چون ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت فێربین که
یه‌کترمان خۆش بوێت و پێکه‌وه په‌رداخێک قاوه بخۆینه‌وه، تێبگه‌ین
که که‌س شاخ و کلکی نیه و هه‌موومان وه‌ک یه‌کین، به‌ڵکو موشکله و
کێشه‌کان له‌ناو بچن. ئه‌مه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و بیرۆکه ئێحساسیه
سپیه‌ی ئوروپایی وه‌ستاوه که ده‌ڵێت کێشه‌کان شتێک نین جگه له خراپ
تێگه‌یشتن له یه‌کتر. به بڕێک گروپ تێراپی و که‌مێک رێنوێنی
نێوخێزانی، ده‌توانرێت خۆشبه‌ختی ده‌سته‌به‌ر بکرێت بۆ هه‌موو رۆژه‌کانی
ژیانمان. ئا وایه به‌ڵام، سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت پێش هه‌موو شتێک به‌م هه‌واڵه
ناخۆشه ده‌ست پێبکه‌م که به راشکاوی دیاره بڕێک له کێشه‌کان ته‌نیا
له‌سه‌ر خراپ تێگه‌یشتنێک رانه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو زۆر له‌وه‌قووڵتره.
پاشان ده‌مه‌وێت ئه‌م په‌یامه سه‌رنج وروژێنه‌ره‌تان پێ راگه‌یێنم که:
هیچ خراپ حاڵی بونێکی بناغه‌یی له نێوان عه‌ره‌به‌کان و یه‌هوده
ئیسرائیلیه‌کاندا نییه. فه‌له‌ستینیه‌کان داوای ئه‌و وڵاته ده‌که‌ن
که پێی ده‌ڵێن فه‌له‌ستین، بۆ داواکه‌شیان ده‌لیلی به‌قووه‌ت و هۆی به‌هێزیان
هه‌یه. یه‌هوده ئیسرائیلیه‌کانیش رێک داوای هه‌مان وڵات ده‌که‌ن به
هه‌مان هۆ، ئه‌وه‌ی که رێگه خۆشکه‌ره بۆ لێکگه‌یشتنێکی راسته‌قینه
له نێوان هه‌ردوو لا و تراجیدیایه‌کی ترسناکیش. گڕی ئه‌م تراجیدیاش
به هه‌زاران رووباری قاوه لای ئه‌و دوو نه‌ته‌وه ناکوژێته‌وه که هه‌ردووکیان
به حه‌ق داواکاری وڵاتێکی بچکۆلانه‌ن و به ته‌نیا وڵاتی خۆیانی له‌سه‌ر
گۆی زه‌ویدا ده‌زانن. ئه‌مه راسته که پێکه‌وه قاوه خواردنه‌وه
خۆشه، ئه‌مه‌ش شتێکه که من هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م، به‌تایبه‌ت که کافه‌که‌ش
عه‌ره‌بی بێت که به‌راستی زۆر له قاوه‌ی ئیسرائیلی چاکتره. به‌ڵام
به‌ته‌نیا قاوه خواردنه‌وه چاره‌سه‌ری کێشه ناکات. ئه‌وه‌ی ئێمه
پێویستیمان پێیه‌تی ته‌نیا قاوه و لێکگه‌یشتنێکی گه‌وره نییه. ئه‌وه‌ی
ئێمه پێویستمانه سازانێکی ئازاراوییه. وشه‌ی "سازان" له ئوروپا
ناوبانگێکی زۆر خراپی ده‌رکردوه. به‌تایبه‌تی له لای گه‌نجه
ئیدالیسته‌کان که سازشکار له لای ئه‌وان یانی ئوپورتۆنیسته‌کان، ئه‌وانه‌ی
که ناراستن و جێگه‌ی متمانه نین و له رووناکی ده‌ترسن، وه‌ک نیشانه‌یه‌ک
بۆ ناراستیێتی و نه‌بوونی ته‌مامیه‌ت ده‌یبینن. له قاموسی مندا
وانییه. وشه‌ی "سازان" یانی ژیان. به‌رانبه‌ره‌که‌شی ناکاته
ئیدیالیسم یان فه‌داکاری و خۆبه‌ختکردن، به‌ڵکو به‌رانبه‌ره‌که‌ی ده‌کاته
فه‌ناتیسم و مه‌رگ. ئێمه پیویستمان به سازان و رێکه‌وتنه. سازان به
مانای ته‌سلیم بوون نییه. سازان قه‌ت به‌و مانا نییه که فه‌له‌ستینیه‌کان
چۆک داده‌ن، هه‌روه‌ها بۆ ئیسرائیلیه‌کانیش هه‌رگیز وه‌ها مانایه‌کی
نابێت.
من پێم خۆشه که باس له چۆنیه‌تی وه‌ها سازانێک بکه‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێت
هه‌ر له‌ئێستاوه بیڵێم که ئه‌م سازانه له‌وانه‌یه زۆر ئازاردار بێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو خه‌ڵکه‌که وڵاته‌که‌یان خۆشده‌وێت، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو لا، یه‌هوده‌کانی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیه عه‌ره‌به‌کان
خاوه‌ن ره‌گێکی جیاواز، به‌ڵام قووڵی مێژوویی و هه‌ستیارن له‌م وڵاته‌دا.
یه‌کێک له‌و شته هه‌میشه‌ییانه‌ی ئه‌م تراجیدیا، یه‌کێک له‌و روانگانه‌ی
که به‌دڵنیاییه‌وه ته‌وس هه‌ڵگره، ئه‌م راستییه‌یه که به‌شێکی زۆر
له یه‌هوده‌کانی ئیسرائیل نایانه‌وێت دان به‌وه‌دا بنێن که‌عه‌ره‌به‌کانی
فه‌له‌ستین چۆن قووڵ و هه‌ستیارانه گرێیان خواردوه به وڵاته‌که‌یانه‌وه.
هه‌روه‌ها فه‌له‌ستینیێکی زۆریش هه‌ن که تێ ناگه‌ن که یه‌هوده‌کان چ
ره‌گێکی قووڵیان له‌م وڵاته‌دا هه‌یه. ئه‌م تێگه‌یشتنه به شێوه‌یه‌کی
ئازاراوی په‌یدا بووه و پرۆسه‌یه‌کی پر له ژانیشی هه‌یه بۆ هه‌ر دوو
نه‌ته‌وه‌که. ئه‌مه رێگایه‌که که له هه‌ردوو لاوه به خه‌ونی
هاڕیاو، خه‌یاڵی تێکشکێندراو، هیوای وردوخاشکراو و دروشمی کۆنی زلکراوه
ته‌نراوه.
من ساڵیانێکی زۆر له
بزوتنه‌وه‌ی ئیسرائیلی "ئاشتی ئێستا"، دامه‌زراو له ساڵی 1978 دا دا
کارم کردوه. له کرده‌وه‌دا من خۆم زۆر پێش دامه‌زرانی "ئاشتی ئێستا"،
بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائلیه‌کان و فه‌له‌ستینیه‌کان کارم کردوه. هه‌ر
رێک به دووای شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی ساڵی 1967 دا، من یه‌کێک له یه‌که‌مین
ئه‌و که‌سه که‌م ژمارانه‌ی یه‌هودی ئیسرائیل بووم که خێرا ئه‌م
بیرۆکه‌مان خسته به‌رده‌ست که له‌سه‌ر داهاتوی غه‌ززه و که‌ناره‌کانی
غه‌ربی چۆمی ئوردون ده‌بێت له‌گه‌ڵ خه‌لکی فه‌له‌ستین و رێبه‌رانیان و
PLO ( کۆمه‌ڵه‌ی رزگاری به‌خشی فه‌له‌ستین)، که ئه‌وکاته خۆیان ده‌بوێرا
له‌وه‌ی ناوی ئیسرائیل به زباندا بێنن، دانوستاند بکه‌ین نه‌ک له‌گه‌ڵ
ئوردون یان میسر.
بزوتنه‌وه‌ی ئاشتی ئیسرائیل له حاڵی حازردا تووشی شکست بووه. به‌ڵام
ئیزنمان بده‌ن که بڵێین بزوتنه‌وه‌ی ئاشتی ئیسرائیل شتێکی وه‌ک خوشکی
لفه‌ودوانه‌ی بزوتنه‌وه پاسیڤه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئوروپا له کاتی شه‌ڕه‌که‌ی
ویه‌تنامدا و پاش ئه‌وه نییه.
ئێمه بڕوامان به‌و بیرۆکه‌یه نییه که ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له
ناوچه داگیرکراوه‌کاندا بکشێته‌وه ئیتر هه‌موو شتێک حه‌ل ده‌بێت.
هه‌روه‌ک ده‌زانرێت لانی که‌م ئێمه له‌م روداوه‌دا ئیسرائیل به خه‌تاکار
و پیاوخراپ نازانین. ئێمه مه‌به‌ستمان ئاشتیه، به‌ڵام به‌و مانا نییه
که ده‌بێت لایه‌نی فه‌له‌ستین بین. ئێمه ره‌خنه‌یه‌کی زۆرمان له
رێبه‌رایه‌تی فه‌له‌ستین هه‌یه. من، وه‌ک شه‌خسی خۆم، ره‌خنه‌ی یه‌کسانم
هه‌یه له رێبه‌رایه‌تی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل. دواتر باس له‌مه ده‌که‌م.
به‌ڵام جیاوازی نێوان ئێمه و بڕێک له بزوتنه‌وه ئاشتیه‌کانی ئوروپا
له‌مانه قووڵتره. من به‌ش به حاڵی خۆم دوو جار له شه‌ڕدا به‌شداریم
کردوه. یه‌که‌م جار وه‌ک ئه‌فسه‌ری زه‌خیره له شه‌ڕی "سینا" دا له
ساڵی 1967 و ئه‌ویتریش له شه‌ڕی 1973 له گه‌ڵ سوریا. ئه‌مانه
ترسناکترین ئه‌زمونه‌کانی ژیانم بوون، به‌ڵام خۆم به شه‌رمه‌زار
نازانم له‌وه‌ی که له‌م دوو شه‌ڕه‌دا به‌شدار بووگم. من به‌و مانا
پاسیفیسک و هه‌ست ناسک نیم. من ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستاش هه‌ست به‌وه بکه‌م
خه‌ته‌ری قڕکردنی وڵاته‌که‌م هه‌یه و خه‌ڵکه‌که‌م تیاده‌چێت، هه‌ر به‌م
پیریه‌ش دیسان ئاماده‌م بۆ شه‌ڕکردن. به‌ڵام ئه‌مه کاتێکه که باسی
مان و نه‌مان بێت، یان هه‌ست به‌وه بکه‌م که که‌سێک ده‌یه‌وێت من و
خه‌ڵکه‌که‌م بکاته کۆیله. من قه‌ت شه‌ڕ بۆ په‌ره‌دانی خاک ناکه‌م ئه‌گه‌ر
ته‌نانه‌ت سزای زیندانیشم پێ بده‌ن. من قه‌ت شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ناکه‌م با
نه‌ته‌وه‌که‌م ژوری خه‌وێکی زیاتری ببێت. من قه‌ت بۆ شوێنی شکۆدار و
شتی به‌نرخ یان حه‌زه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان شه‌ڕ ناکه‌م. من به‌س شه‌ڕ بۆ
ژیان و ئاشتی ده‌که‌م.
پاسیفیسته ئوروپاییه‌کان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن که شه‌ڕ پێکهێنه‌ری
ئه‌وپه‌ڕی ناحه‌زی و ماڵوێرانی له دونیادایه. به‌ڵام لێره‌دا
جیاوازیێک له نێوان من و ئه‌واندا دروست ده‌بێت، چون له قاموسی مندا
شه‌ڕ ترسناکه، به‌ڵام ده‌ستدرێژی یانی ئه‌وپه‌ڕی به‌دخوازی و خراپه.
ئه‌گه‌ر له ساڵی 1939 هه‌موو دونیا جگه له ئه‌ڵمانیا بڕوای به‌وه
بووایه که شه‌ڕ دیارده‌یه‌کی ترسناکه و خۆیان لێ بپاراستایه، ئێستا
هیتلێر ئاغا و سه‌رۆکی عاله‌م بوو. بۆیه ئینسان ده‌بێت دژی ده‌ستدرێژی،
له هه‌رکوێدا بێت، به‌شه‌ڕ بێت و به‌ری پێبگرێت. به‌ڵام ته‌نیا کاتێک
که باس له ژیان و ئاشتی بێت، نه‌ک شه‌ڕ بۆ په‌ره دانی وڵات و ئه‌م
جۆره شتانه.
کاتێ من سکه‌ی ئه‌م چه‌مکه‌م لێدا "له عشق گه‌ڕێ ئاشتی سازکه" ( Make
Peace Not Love ) قه‌ت مه‌به‌ستم خوتبه‌کردن دژی عشق نه‌بوو. به‌ڵکو ده‌موویست
درزێک بخه‌مه نێو ئه‌م وته ئیحساسیه‌ی که باس له ئاشتی و عشق و
براده‌ری و نه‌رمی و لێبوردن و پێکهاتن و ... ده‌کات – ئه‌و باوڕه‌ی که
پیوایه ئه‌گه‌ر ئینسان ته‌نیا چه‌که‌که‌ی دا بنێت، ئیتر دونیا خۆش و
پڕ له عشق و خۆشه‌ویستی ده‌بێت. من بۆ خۆم پێموایه که ئه‌وین شتێکی
زۆر ده‌گمه‌نه. به گوێره‌ی تێگه‌یشتنی من ئینسان ده‌توانێت ده که‌سی
خۆش بوێت. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن دڵێکی سه‌خیش بێت له‌وانه‌یه بتوانێت بیست
که‌سیشی خۆش بووێت. که‌سێکی خۆشبه‌خت ئه‌توانێت ببێته خۆشه‌ویستی ده
که‌س یان زۆر خۆش شانسیش بێت ره‌نگه بیست که‌س خۆشیان بووێت. ئه‌گه‌ر
که‌سێک پێم بڵێت که ئه‌و ئه‌مریکای لاتین یان جیهانی سێهه‌م یان
ئینسانییه‌تی خۆش ده‌وێت، به رای من ئه‌مه ناروون و بێ مانا ده‌نوێنێت.
وه‌ک چۆن گۆرانیێکی به‌ناوبانگی کۆن به تانه‌وه ده‌ڵێت که: >
ئاشکرایه که عشق ئه‌وه‌نده نییه که به‌شی هه‌موومان بکات <. من
پێم وایه که عشق ئه‌و کلیله چاک و به‌هێزه نییه که بکرێت موشکله
نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێ حه‌ل بکه‌ین. ئێمه پێویستمان به جۆرێکی تر
له چاکی و باشی هه‌یه. پێویستمان به هه‌ستێکه بۆ عه‌داڵه‌ت و عه‌قڵێکی
سالم و ته‌ندروست له گه‌ڵیدا. ئێمه پێویستمان به‌و فانتاسی و
تواناییه‌یه که بتوانین خۆمان له جێگه‌ی که‌سی که دابنین. ئێمه
پێویستیمان به‌و توانا عه‌قڵانییه‌یه که بسازین و بتوانین له کاتی
پێویستدا فیداکار و له‌خۆبوردوو بین و سازش بکه‌ین، به‌ڵام نیازمان به
خۆکوژی بۆ ئاشتی نییه. > من ئه‌بێ خۆم فیدا بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی تۆ
خۆشبه‌خت بیت.< یان : > تۆ ده‌بێ خۆت بده‌ی به‌کوشت بۆ ئه‌وه‌ی من
خۆشبه‌خت بژیم.< من جیاوازیێک له نێوان ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌دا نابینم،
لێکچونه‌کانیان زۆر زیاتره له‌وه‌ی بڕوا بکه‌یت. به بۆچوونی من پێچه‌وانه‌ی
شه‌ڕ نابێته عشق و هاوده‌ردی، عه‌کسی شه‌ڕ دڵفراوانی و براده‌ری و
لێبوردوویی نییه. به‌ڵکو دژ و عه‌کسی شه‌ڕ ئاشتییه. نه‌ته‌وه‌کان
پێویستان به‌وه‌یه که له ئاشتیدا بژین. ئه‌گه‌ر من له ژیانی خۆمدا
بتوانم ببینم که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له په‌نای ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا
وه‌ک دوو جیرانی رێکوپێک و دڵسۆزی یه‌ک، به بێ سه‌رکوت، بێ ته‌قینه‌وه،
بێ خوێنرشتن و ترۆر بژین، ئه‌وکاته ئه‌توانم بڵێم رازی و خۆشحاڵم، حه‌تتا
ئه‌گه‌ر ئه‌وینیش له نێوان خه‌ڵکدا نه‌بێت. وه‌ک شاعیر "روبێرت فروست"
ئه‌ڵێت: " به په‌رژینی باش جیرانی چاکت ده‌بێت.".
ماڵپه‌ڕی ره‌سول سه‌فه‌ریانی
|