١\٢\٢٠١١
چۆن فه‌ناتیکێک
ده‌رمان ده‌کرێ. نووسینی: عاموس عوز - نووسه‌ری ئیسرائیلی وه‌رگێرانی له سوێدییەوە: ره‌سول سه‌فه‌ریانی - به‌شی هه‌فته‌م -
شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ نوسه‌رێک که قسه له‌سه‌ر نوسراوه‌ی خۆی بکات. چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا کتێبێکی منداڵانم نوسی به ناوی "سومکی" ( Soumchi)، که زۆر شه‌خسی و له زبانی یه‌که‌م که‌سه‌وه، له‌وێدا به‌شێک له منداڵی خۆمم ئاشکرا کردوه. جارێکیان وتووێژێکم له‌گه‌ڵ کرا و داوام لێ‌کرا که: "به‌ڕێژ عوز ده‌توانن له زبانی خۆتانه‌وه پێمان بڵێن که کتێبه‌که‌تان باس له چی ده‌کات؟".
من به ئاسانی له بابه‌ت لاده‌ده‌م، بۆیه له‌وانه‌یه ده‌سپێکی ناساندنه‌کانم ئازاری لادانه‌کانمی پێوه دیار بێت. ئێستا، یه‌که‌م باسی کامه‌رانی و خۆشی ده‌که‌م. کاتێ که دوازده ساڵێک ته‌مه‌نم بوو، چوومه مه‌دره‌سه‌یه‌کی ئایینی کوڕانه‌ی یه‌هودی که هه‌ره پاکپه‌ره‌ستانه و زۆر ویکتۆریانه بوو- ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئینسان نه‌یشیزانیبایێت که مه‌له‌که ویکتۆریا کێیه. رۆژێکیان په‌ره‌ستاری مه‌دره‌سه‌که، به‌غیره‌تترین ژنێک بوو که تا ئێستا من بینیومه، هات و هه‌موو کلاسه‌که‌ی ئێمه که سی یان چل کوڕ بووین له ژوورێکدا کۆی کردینه‌وه. پاشان په‌نجه‌ره و درگاکه‌ی داخست و بۆ ماوه‌ی دوو سه‌عات ده‌ستی دایه ئاشکرا کردنی شاراوه‌کانی ژیان، چۆنییه‌تی کاری ئه‌ندامه‌کان، چی به‌که‌ڵکی چی دێت و کامه بۆ کامه دروست کراوه، به گشتی هه‌موو ته‌پڵ و جوزه‌له‌کانی باس کرد. جوان له بیرمه که ئێمه‌ش هه‌موومان ره‌نگمان زه‌رد و واقمان وڕ و توشی سه‌رسوڕمان بووبووین، کا‌تێک ئه‌و شه‌رحی میکانیزمی شوێنه خه‌ته‌رناکه‌کان و هه‌ر وه‌ها باسی ئه‌و دوو دێوه‌زمه‌ی ژیانی سێکس، ئه‌لقاعیده و حیزبوڵلای سێکس، یانی سکپڕبوونی نه‌خوازراو و نه‌خۆشێنه جنسیه‌کانی ده‌کرد.
له بیرم دێت که ئێمه خه‌ریک بوو ده‌بوراینه‌وه که من هه‌ستام و له ژووره‌که چوومه ده‌ره‌وه و ئه‌م پرسیاره‌م له خۆم کرد: "باشه، من له تێکنیکه‌که و شێوه کاره‌که تێده‌گه‌م، به‌ڵام بۆ ده‌بێت که‌سێک که خاوه‌ن هۆش و هه‌ستی ته‌واوه خۆی تووشی وه‌ها شتێک بکات؟" په‌رستاره به‌غیره‌ته‌که که هه‌موو شتێکی شه‌رح کرد به ئاشکرا باسی له‌وه نه‌کرد که ئه‌م شته به‌م ئیعتباره‌وه چێژیشی له گه‌ڵدایه. له‌وانه‌یه ئه‌و نه‌یده‌زانی. به‌ڵام کا‌تێک ده‌بیسم که نوسه‌رێک باس له‌و ئازار و ده‌رد و ناخۆشیانه ده‌کات که له‌گه‌ڵ نوسراوه‌که‌یدا دێت، من ده‌خاته‌وه بیری په‌ره‌ستاره به‌جه‌رگه‌که. من خۆم له‌به‌ر فه‌قیری و ته‌نیایی و دۆندرمه(Ice cream) بووم به نوسه‌ر. من ته‌نیا مناڵی بنه‌ماڵه‌یه‌کی لای خواروی مامناوه‌ندی، بنه‌ماڵه‌یه‌کی زۆر فه‌قیر له ئورشه‌لیم بووم. باوکم له کتێبخانه‌ی گشتی ئیشی ده‌کرد و دایکیشم جار و بار وانه‌ی تاریخ و ئه‌ده‌بیاتی به شێوه‌ی شه‌خسی ده‌گوته‌وه. ئێمه له شوقه‌یه‌کی( ئاپارتمان) بچوکدا ده‌ژیاین که له ژێرده‌ریای ده‌چوو، پڕ بوو له کتێبگه‌لی جۆراوجۆر به زۆر زبان، به‌ڵام شتێکی تری وه‌های جگه له‌و کتێبانه تێدا نه‌بوو. باوک و دایکم زۆرتر هاورێکانیان له کافه ده‌دیت و منیش ده‌بووا له‌گه‌ڵیان بوایه‌تم، چون من ته‌نیا منداڵیان بووم و نه‌ده‌کرا به ته‌نیا له ماڵه‌وه جێم بهێڵن. ئه‌وان پییان ده‌وتم که ئێمه ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاورێکانمان قسه بکه‌ین، تۆش ده‌بێت به ئه‌ده‌ب ره‌فتار بکه‌یت. ئه‌گه‌ر من به قسه‌یانم بکردایه ئه‌وه خه‌ڵاته‌که‌ی دۆندرمه‌م وه‌رده‌گرت.
له ئورشه‌لیمی ئه‌و کاته‌دا دۆندرمه ده‌گمه‌نتر له ئاشتی ئه‌مڕۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. دۆندرمه(به‌سته‌نی) ئێعتبار و ئه‌فسانه بوو، ته‌نیا که‌سانی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌یانتوانی بیخۆن. من حه‌زم له دۆندرمه بوو، به‌ڵام وتووێژه‌کانی ئه‌وانیش درێژخایه‌ن بوو، حه‌وت رۆژ و شه‌وی ده‌خایاند، لانی که‌م لای من وا بوو. منیش مه‌جبور بووم شتێک بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی نه‌قیژێنم یان شێت نه‌بم. بۆیه وه‌ک پشکێنه‌رێکی بچوک له‌وێ داده‌نیشتم وهه‌موو روداوه‌کانی نێو کافه‌که‌م ده‌خسته ژێر چاودێری – خه‌ڵکێک که ده‌هاتن، خه‌ڵکانێک که ده‌رۆیشتن ... وه‌ک "شێرلوک هۆڵمس" ێکی (Sherlock Holms ) بچکۆلانه سه‌رنجی هه‌موو شتێکیانم ده‌دا، جله‌کانیان، سه‌روچاویان، قیافه‌کانیان، که‌وش و ده‌سکێشه‌کانیان و زۆر جاریش بڕێک له به‌سه‌رهاته‌کانی ئه‌و ئینسانانه‌م ده‌ست ده‌که‌وت، کێ له کوێوه هاتوه، چ جۆره پێوه‌ندییه‌ک هه‌یه له نێوان ئه‌و دوو ژنه و پیاوه‌که‌دا که له‌و سه‌ره‌وه له سوچه‌که‌دا داده‌نیشن، ژنه‌کان جگه‌ره ده‌کێشن به‌ڵام پیاوه‌که ناکێشێت، ئه‌و ژنه‌یان زۆر ناوچاو تاڵ دیاره، پیاوه‌که ته‌قریبه‌ن هیچ ناڵێت، یه‌کێک له ژنه‌کان یه‌کسه‌ره قسه ده‌کات، ئه‌ویتریان زۆرتر بێده‌نگه. من مه‌جبور بووم که داستانێک بدۆزمه‌وه. یان ئه‌مه - گه‌نجێکی باڵا به‌رزی قۆز که ترسێنه‌ر ده‌هاته به‌رچاو، له په‌نای درگاکه‌دا داده‌نیشت و رۆژنامه‌یه‌کی له‌به‌رده‌م خۆیدا ده‌گرت، به‌ڵام نه‌یده‌خوێنده‌وه. به‌وردی سه‌یری به‌ر درگاکه‌ی ده‌کرد و چاوه‌ڕوان ده‌بوو. سه‌عاتێک ده‌رۆشت، دوو سه‌عات ده‌رۆشت، خۆ چاوه‌ڕێی دۆندرمه‌که‌ی من ناکات، وایه چاوه‌ڕێی که‌سێکه. من ده‌متوانی بیهێنمه به‌رچاوی خۆم که ئه‌و چاوه‌ڕوانی کێی ده‌کرد و بۆچی. به‌م شێوه فێربووم که به سه‌یری خه‌ڵک کردن و هه‌ستلێدان و خه‌یاڵکردن ته‌نیاییه‌کانم بڕه‌وێنمه‌وه.
جار جار ده‌متوانی پارچه گه‌لێک له وتووێژه‌کان ببیسم و وه‌ک جاسوسێکی ئه‌منیه‌تی ئه‌و پارچه بچوکانه پێکه‌وه بنوسێنم و داستانێکیان لێ ساز بکه‌م. ده‌بێ ئیقرار بکه‌م که من ئه‌مڕۆش هه‌ر ئه‌و شێوه به‌کار دێنم کا‌تێک که ده‌بێت کاته‌که تێپه‌ڕێنم، له ته‌یاره‌خانه یان له ژووری چاوه‌ڕوانی لای دانپزشکێک یان کا‌تێک له سه‌ره‌دا وه‌ستاوم. من به هاسانی کا‌تێک رۆژنامه ده‌خوێنمه‌وه یان ته‌نانه‌ت کا‌تێک سه‌رم ده‌خورێنم، ده‌توانم بچمه ناو فانتازیه‌وه. به‌شێک له فانتازییه‌کانم ئیتر وه‌ک سه‌رده‌می مناڵی و کاتی فانتاسی دۆندرمه‌کان، پاک و خاوێن نین به‌ڵام له هه‌ر حاڵ‌دا هێشتا هه‌ر ده‌چمه فانتازییه‌وه. وه ده‌توانم بڵێم که خه‌یاڵ کردن کارێکی به سوده بۆ کات بڕین، نه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که خه‌ریکی نوسینی رۆمانه، نه‌ک هه‌ر بۆ نوسه‌ره‌کان به‌ڵکو بۆ هه‌موومان پێویست و به سوده. ئه‌مه به‌رده‌وامه له سوچی هه‌موو رێگاکاندا، له سه‌ره‌ی سوار بوونی پاسه‌کاندا، له هه‌موو ژوورێکی چاوه‌ڕوانیدا، له هه‌موو کافه‌یه‌کدا ...
ئه‌وان له بواری کلتوریدا ئاڵمانی و فه‌رانسی و ئینگلیسیان ده‌خوێنده‌وه. من پێم وابێت که ئه‌وان خه‌ونیان به زمانی "ییدیش" ه‌وه( Jiddisch) ده‌بینی، به‌ڵام ته‌نیا عیبریان فێری من کرد، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ترسان که من فریوی مه‌کر و دڵرفێنی کوشنده‌ی ئوروپا بخۆم و سه‌فه‌ر بکه‌م بۆ ئه‌وێ و ئوروپاییه‌کان بمکوژن. ئه‌مه به‌سه‌رهاتی من بوو. ساڵیانێک باوک و دایکم به یه‌کتر و به منیان ده‌وت که رۆژێک، ئه‌گه‌ر له ته‌مه‌نی ئه‌واندا نه‌بێت له ته‌مه‌نی مندا، ئورشه‌لیم پێشده‌که‌وێت و ده‌بێته شارێکی راسته‌قینه. من هیچیان لێ تێنه‌ده‌گه‌یشتم. له لای من ئورشه‌لیم تا ئه‌و راده‌ی که ده‌کرا واقیعی بوو. تاقه شوێنی واقعی بوو. شوێنی له دایک بوونی منه. شوێنه‌کانی تر له لای من واقعیه‌تیان نه‌بوو. به‌ڵام ساڵیانێکی زۆر پاش ئه‌وه تێگه‌یشتم که مه‌به‌ستی دایک و باوکم له "شاری راسته‌قینه" چییه. شارێکی راسته‌قینه ده‌که‌وێته نێو بازنه‌یه‌ک له جه‌نگه‌ڵێکی چڕ و رووبارێک به پردگه‌لێکی جوانه‌وه به نێویدا ده‌ڕوات. ئه‌وان به هیوا بوون که ورده ورده ئه‌مانه ببێته به‌شێک له ئورشه‌لیم: جه‌نگه‌ڵ. رووبار و پرد. ئه‌مه به‌سه‌رهاتێکی تاڵ و خه‌مگینی له پشتدایه. ئه‌مه ته‌وسدار بوو: کا‌تێک باوکم گه‌نج بوو له لیتوانی ( لیتوانیا)، باوکم خه‌ڵکی روسییه‌یه به‌ڵام بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌ڵدێن بۆ لیتوانی که ئه‌و کاته به‌شێل له پۆله‌ند(له‌هستان) بوو، شانسیان بووه که ده‌رکراون، پاشان چاره‌نوس له سه‌ره‌تای ساڵه‌کانی 1930 دا ده‌یان گه‌یێنێته فه‌له‌ستینی ئینگلیسیه‌کان. به‌ڵام له ده‌وره‌ی ئه‌ودا هه‌موو ئوروپا پڕ له دروشمی: یه‌هوده‌کان، بچنه‌وه بۆ ماڵی خۆتان فه‌له‌ستین. کا‌تێک پاش چه‌ند ده‌یه سه‌فه‌رێک ده‌کات بۆ ئوروپا، ئه‌مجار ئه‌م دروشمانه ئوروپای داپۆشیبوو: یه‌هوده‌کان، فه‌له‌ستین چۆڵ که‌ن.
|