١٩\٢\٢٠١١
چۆن فه‌ناتیکێک
ده‌رمان ده‌کرێ.

نووسینی: عاموس عوز -
نووسه‌ری ئیسرائیلی وه‌رگێرانی له سوێدییەوە: ره‌سول سه‌فه‌ریانی
- به‌شی
هه‌شته‌م -
به‌سه‌رهاتێکی کۆنم بیر که‌وته‌وه که له‌وێدا که‌سێکی خه‌ڵکی ئورشه‌لیم
له کافه‌یه‌کی بچکۆلانه‌دا داده‌نیشێت و له‌گه‌ڵ په‌ناده‌سته‌که‌ی که
پیاوێکی پیره ده‌ست ده‌کات به قسه‌کردن. وا ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌و
کابرا خودایه. سه‌ره‌تا کابرا بڕوا ناکات، به‌ڵام پاشان که نیشانه‌گه‌لێک
پیشان ده‌دات، کابرا قانع ده‌بێت که ئه‌وه خودی خودایه که به‌رانبه‌ری
دانیشتوه. کابرا پرسیارێکی زۆرگرینگی هه‌یه و ده‌یه‌وێت ئاراسته‌ی
خودای بکات. کابرا ده‌ڵێت: "خوای به‌ڕێز، تکایه یه‌کجار بۆ هه‌میشه
به هه‌مووان بڵێ و بۆمان روون بکه‌وه با بزانین بڕوای کام لا راسته‌قینه‌یه؟
ئایا کاتولیکه‌کانی رۆم یان پروتۆستانه‌کان یان ره‌نگه یه‌هوده‌کان،
یان موسڵمانه‌کان؟ دین و باوه‌ڕی دروست به‌ڕاستی لای کامیانه؟" له‌م
چیرۆکه‌دا ده‌ڵێت که خودا ئاوه‌ها وه‌ڵام ده‌داته‌وه: "کوڕی من ئه‌گه‌ر
راستت ده‌وێت، من ئایینی نیم. من قه‌ت ئایینی نه‌بووم، من ته‌نانه‌ت مه‌یل
و حه‌زیشم بۆ ئایین نییه." .
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی بریتانیاییه‌کاندا له‌م وڵاته، من میر
منداڵێک بووم. یه‌که‌م وشه‌گه‌لی ئینگلیسی، پێش ئه‌وه‌ی له مه‌دره‌سه
ده‌رسی ئینگلیسی بخوێنین، که فێر بووبووم، جگه له "ja" و "no"، ئه‌وه
بوو که "بریتانیاییه‌کان، بڕۆنه‌وه بۆ ماڵی خۆتان"، له سه‌رده‌می
ئینتیفازه‌ی ساڵه‌کانی1947-1945 کاتێ که به‌ردمان حه‌واده‌دا بۆ هێزه‌کانی
بریتانیایی له ئورشه‌لیم ئه‌مه‌مان دووپات ده‌کرده‌وه. من چۆن ده‌متوانی
خۆ له دروست بوون و به‌هێز بوونی هه‌ستێکی رێژه‌ییانه بپارێزم،
روانگه‌یه‌ک که پڕبێت له ته‌وس و تانه‌ی خه‌مگینانه بۆ ئه‌وه‌ی که
چۆن داگیرکراوێک ده‌بێته داگیرکه‌ر و چۆن زوڵم لێکراوێک ده‌بێته زاڵم،
چۆن به ئاسانی قوربانیه‌که‌ی دوێنی ده‌توانێت ببێته ئه‌شکه‌نجه‌کاری
ئه‌مڕۆ، چه‌ن به ئاسانی ئه‌م جێگه‌گۆرکێی رۆڵانه ده‌کرێت؟
پێش 1948 ماڵه عه‌ره‌بی زۆرتر له به‌شی رۆژئاوای ئورشه‌لیم ده‌ژیان.
پاشان که گه‌مارۆدان و راوه‌دوونان ده‌ستی پێ‌کرد، به‌شی یه‌هودی ئورشه‌لیم
له لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئوردون و میسره‌وه له رێگه‌ی زه‌وی و هه‌واوه
بومباردمان کرا، که ئاگره‌که نیشته‌وه عه‌ره‌به‌کان له به‌شه یه‌هودیه‌کاندا
نه‌مان. به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی که من بۆ خۆم تێگه‌یشتنێکی
بنداکوتراوم له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه که باری خه‌تاکه‌ی ساڵی 1948 له
ئه‌ستۆی کێیه، به بڕوای من ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بین، ئه‌مه بۆ من وه‌ک
که‌سێکی دانیشتوی ئورشه‌لیم گرینگ نییه. گرینگ ئه‌سڵی تراژدیاکه‌یه.
به بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئایا ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی خه‌تاکارن
یان سه‌هیونیسته‌کان، یان هه‌ر دووکیان، ئه‌م راستیێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره
که سه‌دان هه‌زار فه‌له‌ستینی له ساڵی 1948 دا بێ خانومان کران و به‌رپرسایه‌تی
ئه‌مه‌ش ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی هه‌موویان. من ده‌زانم که هه‌ر وه‌ها
نزیکه‌ی یه‌ک میلیۆن یه‌هودی رۆژهه‌ڵاتی هه‌ر ئه‌و ساڵه له وڵاتانی
عه‌ره‌بی ده‌ر کران و گه‌یشتنه ئیسرائیل، به‌شێکی زۆر له‌وانه له‌و
ماڵا‌نه‌دا نیشته‌جێ بوون که پێشتر هی فه‌له‌ستینیه عه‌ره‌به‌کان
بوون. ئه‌م یه‌هوده کۆچه‌ره به‌زیندو ده‌رچوانه له عێراق و
ئافریقای شمالی، میسر، سوریه و یه‌مه‌نه‌وه هاتبوون و بۆ ماوه‌ی سێ،
چوار یان پێنج ساڵ له شوێنی موه‌قه‌تدا ده‌ژیان و پاشان ماڵ و کار و
ژیانیان بۆ دابین کرا، له حاڵێکدا فه‌له‌ستینیه ئاواره‌کان نه‌بوونه‌ته
خاوه‌ن هیچ یه‌ک له‌مانه. بۆیه پرسه‌که هه‌روا کراوه و ئازارئاوی
ماوه‌ته‌وه. من وه‌ک مێژوو نوسێک و رۆماننوسێک، واتێده‌گه‌م که ئه‌مه
مێژوویێکی ره‌ش و سپی نییه. ئه‌مه باسی پیاو چاکه‌کان و پیاو خراپه‌کان
ناکات. ئه‌مه فیلمی وێستێڕن نییه. ئه‌گه‌رچی من زۆر جار که‌سانێک له
ئوروپا ده‌بینم که زۆر که‌م ته‌حه‌مولن و له هه‌ر روداو و به‌سه‌رهاتێکدا،
له هه‌ر کێشه‌یه‌کدا هه‌میشه ده‌یانه‌وێت بزانن که کێها‌یان "باشه‌کانن"
و کامانه‌یان "خراپه‌کانن"، له کام لایان ده‌بێت پشتیوانی بکرێت و کام
لایان ده‌بێت دژایه‌تی بکرێت، به‌ڵام من له رووی ئه‌زمونێکه‌وه که
هه‌مه به‌م ئاکامه گه‌یشتووم که کێشه‌ی یه‌هوده ئیسرائیلیه‌کان و
فه‌له‌ستینیه عه‌ره‌به‌کان ناچێته‌وه نێو خانه‌ی "چاک و خراپ" و باسی
ئه‌وه ناکات. ئه‌مه تراجیدیایه‌که، شه‌رێکه له نێوان حه‌ق و حه‌قدا.
من زۆر جار ئه‌مه‌م دووپات کردوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش له لایه‌ن
گه‌لێک له یه‌هودیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائله‌وه به "خائینی ره‌سمێ"
ناوزه‌د کراوم. هاوکات هه‌رگیز نه‌متوانیوه به ته‌واوه‌تی هاوڕییانی
عه‌ره‌بم رازی بکه‌م، به‌شێکی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان واده‌زانن که هه‌ڵوێسته‌کانی
من رادیکاڵ نیین یان به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست تێکۆشه‌رانه‌ی پان- فه‌له‌ستینی
یان پان عه‌ره‌بی نییه. له راستیدا، من له‌م که‌شوهه‌وای دوودڵییه هه‌ست
به جۆرێک راحه‌تی ده‌که‌م.
ره‌نگه عاقڵانه بێت که به گومانه‌وه ئه‌م پرسیاره بێنینه گۆڕێ
که رۆماننوس یان گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک چ مافێکی هه‌یه بۆ ده‌ربڕینی بۆچونه‌کانی،
یان چه‌نده شایانی ئه‌م کاره‌یه؟ ئایا شتیک هه‌یه که نوسه‌ر یان
گێره‌ره‌وه‌یه‌ک باشتر له شۆفێر تاکسیێک یان مامۆستای کامپیوترێک یان
ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌دارێک بیزانێت؟ به‌ڵێ. وه‌ڵامی ساده بۆ ئه‌م
پرسیاره ئه‌وه‌یه که من خه‌ڵکی وڵاتێکم که هه‌مووان باس له هه‌موو
شتێک ده‌که‌ن، که وابوو بۆچی من وا نه‌که‌م؟ من خه‌ڵکی وڵاتێکم که له‌وی
هه‌موو شۆفێرتاکسیه‌ک به‌ته‌واوی ده‌زانێت که چۆن ده‌بێت ولاته‌که و
هه‌موو جیهان به‌ڕێوه ببرێت، ئیتر بۆچی من نه‌توانم؟ ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌مه
وه‌رده‌گرن، ئێستا منیش بڕێک خوێی تێده‌که‌م و ده‌ڵێـم که من ئه‌توانم
بڵێم که ئیسرائیل نه وڵاته و نه نه‌ته‌وه. ئه‌مه کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه
و باسی پڕ له زه‌بر و زه‌نگ و هه‌راوهوریایه، سمینارێکی سه‌رشه‌قامه
که هه‌میشه له رۆشتندایه. هه‌مووی ئه‌بۆڵێنێت، گشتی پێیوایه که
هه‌موو شتێک به باشی ده‌زانێت. من پێموایه جۆره ئه‌نارشیێکی چڕ نه‌ک
هه‌ر له ئیسرائیل به‌ڵکو له کولتوری هه‌موو یه‌هوده‌کاندایه. ئه‌مه‌ش
له‌به‌ر ئه‌وه نییه که یه‌هوده‌کان قه‌ت پاپ یان رێبه‌رێکی وایان نه‌بووه.
ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی بکردایه‌ته پاپی یه‌هوده‌کان هه‌مووی ده‌چونه
پێشه‌وه لێی و ئه‌یاندا به شانیا و ده‌یانچپان به گوێیدا: " سڵاو
پاپ، تۆ من ناناسی، منیش تۆ ناناسم، به‌ڵام باوکم و مامت رۆژگارێک له
شوێنێک له "مینسک" یان له "کازابلانکا" پێکه‌وه ئیشیان ده‌کرد. بۆیه
ئێستا تۆ ده‌بێت پێنج ده‌ققه بێده‌نگ بیت و جارێکیش ئیزن بده‌یته من
که روونی که‌مه‌وه بۆ خه‌ڵک که له راستیدا خودا جێ له ئێمه ده‌وێت".
ئه‌مه شتێکه که به ره‌گی کولتوری یه‌هودیدا به قووڵی رۆچووه. یه‌هوده‌کان
هه‌ر له رۆژی هه‌وه‌ڵه‌وه تێگه‌یشتنی جۆراوجۆریان له شته‌کان بووه.
ئه‌مه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که قه‌ت نه‌بیسراوه که دوو یه‌هودی به‌ته‌واوی
یه‌ک بۆچونیان له‌سه‌ر شتێک ببێت، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ناکرێت یه‌هودێک
بدۆزیته‌وه که له‌گه‌ڵ خۆیشیدا رێککه‌وتبێت، چون هه‌موویان بۆچونی
پارچه‌پارچه کراویان له‌سه‌ر هه‌موو شتێک هه‌یه، هه‌موویان "تۆڵستۆی
داستۆڤیسکی" ن یان جۆرێک شێعری تێهه‌ڵکێشن. ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
دواوه بۆ ئه‌وکاته‌ی که یه‌هوده‌کان به ئاشکرا به‌ره‌نگاری خودا
خۆیشی ده‌بوونه‌وه. جار و بار ده‌یانویست خودا بکێشنه دادگا. که ده‌گه‌ڕێته‌وه
سه‌ر "سودوم" (Sodom)، ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت، ئاوا بوو که ئیبراهیم،
ئه‌و پاتریارکه موقه‌ده‌سه و پاپیری یه‌هوده‌کان و عه‌ره‌به‌کان، هه‌وڵیدا
شاری پڕ له گوناهی سودوم له غه‌زه‌بی خودا رزگار بکات، کاتێ خودا ده‌ویست
له توڕه‌یدا وێرانی بکات. ئه‌وکاته ئه‌و خه‌ریکی مه‌عامه‌ڵه له گه‌ڵ
خودا بوو وه‌ک فرۆشیارێکی ئوتومۆبیلی ده‌ستی دوو هه‌وڵی باش نواندنی ده‌دا.
په‌نجا پیاوی باش، چل پیاوی باش، بیست پیاوی باش، ده پیاوی باش. که
ئیبراهیم ده‌زانێت له ململانێ له گه‌ڵ خودا ده‌دۆرێت، (ئینسان قه‌ت
له ململانێ له‌گه‌ڵ خودا براوه نابێت.) سه‌ری به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵدێنێت
و ئه‌م پرسیاره به‌جه‌رگانه (به زمانی عیبری) ده‌خاته به‌رده‌م
خودا: " دادوه‌ری هه‌موو دونیا نایه‌وێت ئه‌وه‌ی که باشه و حه‌قه ئه‌نجامی
بدات؟" ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی کفراویه، ئه‌مه به‌جه‌رگانه‌یه که به
خودا خۆی بڵێیت: تۆ به‌رزترین و گه‌وره‌ترین ره‌یسیت به‌ڵام خۆت قانونه‌که
به‌ڕێوه نابه‌یت. تۆ ده‌بووا سه‌رچاوه‌ی ئیعتبار و ئوتوریته بووایه‌تی،
به‌ڵام ئێستا ده‌بێت خۆت ئاماده بکه‌یت که له دادگایه‌کی باڵادا ره‌وایی
به کرده‌وه‌کانت ببه‌خشیت. داد و عه‌داڵه‌ت له تۆ باشتره - چه‌مکێک
که له ئاینه‌کانیتردا بیریشی لێناکرێته‌وه. ئه‌مه ته‌نیا نمونه
نییه. پێغه‌مبه‌ره‌کان له‌گه‌ڵ خودا ململانێ و ده‌لیل هێنانه‌وه‌یان
بووه و جاروباریش تاوانباریان کردوه. به‌سه‌رهاتێک له "تالمود" دا
هه‌یه که من زۆرم پێخۆشه، به‌سه‌رهاتی دوو خاخامی ( قه‌شه‌ی یه‌هود
Rabbi= ) زۆر پیرۆزه، خاخام "یێهوشوا" و خاخام "تارفون"، که له‌سه‌ر
به‌شێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دادوه‌ر له قانونی موقه‌ده‌سدا، له
تورات ( Tora)، ریکناکه‌ون. هه‌ر دووکیان ده‌لیل دێننه‌وه بۆ یه‌کتر
و له‌و به‌شه نه‌ریتیه‌یدا که جێگه‌ی شانازی یه‌هوده رۆژ و شه‌و ده‌لیل
دێننه‌وه، شه‌و و رۆژ ناخۆن و ناخه‌ون، به‌س ده‌لیل دێننه‌وه. پاش حه‌وت
شه‌و حه‌وت رۆژ خودا خۆی به‌زه‌یی پیاندا دێته‌وه. خودا ده‌زانێت که
ئه‌وان ئه‌یانه‌وێت تا مردن ده‌لیل بێننه‌وه. بۆیه خودا ده‌ستی تێوه‌رده‌دات،
ده‌نگێک له ئاسمانه‌وه، وه‌حی، ده‌ڵێت: "خاخام یێهوشا راست ده‌کات،
خاخام تارفون هه‌ڵه ده‌کات، ئێستا ئیتر بخه‌ون." به‌ڵام به‌سه‌رهاته‌که
به‌م شێوه کۆتایی نایه‌ت، به‌ڵکو خاخام تارفون روو ده‌کاته ئاسمان و
ده‌ڵێت: "ئه‌ی خودای به‌توانای عاله‌م، تۆ توراتت ناردوه بۆ ئینسانه‌کان،
ئیستاش پیاوه‌تی بکه و خۆت له‌م باس و وتووێژه‌ی ئێمه وه‌رمه‌ده."
دوای ئه‌وه‌ش هه‌وره‌تریشقه‌یه‌ک له ئاسمانه‌وه نه‌هات و ئه‌و کابرای
نه‌دا به زه‌ویدا و ئاگریش له ئاسمان نه‌بارییه خواره‌وه! له
کتێبه‌که‌دا هاتوه که خودا، که من ده‌یهێنمه به‌رچاوم که خوا بۆ
چرکه‌یه‌ک واقی وڕ ده‌مێنێت، وتی: "کوڕه‌کانم له منیان برده‌وه."
پاشان خوا به جێیان دێڵێت، وه‌کو بڵێیت کلکی به نێو لنگیدا ده‌کات و
ده‌ڕوات، موجادله‌که‌ش له نێوان ئه‌و دوو خاخامه‌دا هه‌ر به‌رده‌وام
ده‌بێت. ئه‌م نه‌ریته، ئه‌م هه‌بوونی ئه‌نارشییه، ئه‌م حه‌زی باس و
ده‌مه‌ته‌قێ، ئاسته‌نگی رێگای مه‌ده‌نییه‌تی ئێمه‌یه، که به رێکه‌وت
من حه‌زم لێیه‌تی. ته‌نانه‌ت کاتێ که ته‌حه‌مولیشیم پێ ناکرێت، یان ئه‌وکاته‌ش
که ده‌بێته دژی من، وایه که هه‌ر حه‌زم لێیه‌تی. که وابوو بۆ ده‌بێت
خۆم وا نه‌بـم؟
ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی که که‌مێ هێڵ بگۆڕین، به‌سه‌رهاتێکی خۆم ده‌گێڕمه‌وه،
کاتێک که من له ئه‌رته‌شی ئیسرائیل‌دا وه‌ک ئه‌فسه‌رێک له یه‌که‌ی
تانکدا هه‌ڵبژێردرام، له شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌دا له به‌ره‌ی میسر ساڵی
1947دا. من ئه‌فسه‌ری جێگر بووم و نزیکه‌ی سی ساڵم بوو، وه ئێمه هه‌موومان
ئینسانگه‌لێک بووین به پیشه و ئیشی جۆراوجۆره‌وه، ئیتر ته‌نیا سه‌ربازێکی
گه‌نج نه‌بووین. شه‌وێک پێش ده‌تپێکردنی شه‌ڕه‌که، هه‌موومان له‌ده‌وری
ئاگرێک کۆ بووبووینه‌وه و ده‌مانه‌وویست هه‌ست لێبده‌ین که چ روده‌دات.
که سه‌رنجماندا ژنراڵه‌که به هیواشی هاتبووه نێومان. ژنراڵ "تاڵ"
فه‌رمانده‌ی سوپای گشتی به‌شی باشوری کاتی شه‌ڕه‌که‌ی 67 بوو. هه‌موو
بێده‌نگ بووین، ژنراڵ تاڵ ده‌ستیکرد به قسه کردن له‌سه‌ر فکر و
بۆچونه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕ و پێکدادانه‌ی که له‌ڕێدا بوو. هێشتا
چه‌ن رسته زیاتر قسه‌ی نه‌کردبوو که که‌سێکی عه‌ینه‌ک له‌چاو، سه‌رجوخه‌یه‌کی
خرپنه، زۆر به ئه‌ده‌به‌وه قسه‌کانی پێ بڕی و وتی: "ببوره ژنڕاڵ،
ئێوه قه‌ت کتێبی < شه‌ڕ و ئاشتی> تۆلستۆیتان خوێندوه‌ته‌وه؟".
ژنراڵ وتی: "دیاره که هه‌مه و چه‌ندین جاریشم خوێندوه‌ته‌وه." سه‌رجوخه‌که
وتی: "ئاگات لێیه جه‌نابی ژنڕاڵ، که ئێوه‌ش خه‌ریکن هه‌ر ئه‌و هه‌ڵه
دووپات ده‌که‌نه‌وه که روسه‌کان به قه‌ولی تۆلستۆی له شه‌ڕی "بورودینو"
تووشی هاتبوون؟" یه‌کسه‌ر به‌دووای ئه‌وه‌دا، باس و گفتوگۆیکی گه‌وره
و به ده‌نگی به‌رز، له‌سه‌ر تۆلستۆی و ستراتێژی، ئه‌ده‌بیات، وه‌رگێڕان
و هتد، ده‌ستی پێ‌کرد که هه‌موو گوردانه‌که‌ی گرته به‌ر. هه‌موویان ده‌یاننه‌ڕاند
به‌سه‌ر یه‌کتردا و به یه‌کتریان ده‌گوت گه‌وج و نه‌فام، ژنراڵ و سه‌رجوخه‌که‌ش
له‌و ناویاندا بوون. له کۆتاییدا وا ده‌رکه‌وت که سه‌رجوخه‌که
مامۆستای ئه‌ده‌بیاتی روسیه له زانکۆی تێل ئاڤیڤ، به‌ڵام ژنڕاڵه‌که
خاوه‌ن شه‌هاده‌ی به‌رزی فه‌لسه‌فه بوو له زانکۆی ئورشه‌لیم، که به‌مانای
پله‌ی به‌رزتر بوو. که وابوو بۆچی من ده‌لیل نه‌هێنمه‌وه و وا نه‌که‌م؟
ئیسرائیلیه‌کان ده‌لیل دێننه‌وه، منیش ده‌لیل دێنمه‌وه. له هه‌ر
حاڵیش‌دا من ئه‌وه‌م که هه‌موو رۆژێک له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێ، ده‌چمه
پیاسه‌یه‌کی کورت له‌و ده‌شته‌دا، کافه‌یه‌ک لێده‌نێم و له‌به‌رده‌م
مێزی کاره‌که‌مدا داده‌نیشم و ئه‌م پرسیاره له خۆم ده‌که‌م که: "بڵێی
چ هه‌ستێکم ده‌بوو ئه‌گه‌ر من له جل وبه‌رگی ئه‌و ژنه‌دا ده‌بووم؟ یان
ئه‌گه‌ر من ئه‌و کابرا بووایه‌تم؟ - ئینسان ده‌بێ چی بکات ئه‌گه‌ر بیه‌وێت
ته‌نیا ئه‌م دیالوگه ساده بنوسێت: بۆ ئه‌مه ئینسان ده‌بێت هه‌م هه‌ستی
وه‌فاداری بۆیان ببێت ، هه‌میش ده‌بێت غه‌ریزه‌کانیشیان بناسیت و هه‌ستی
پێ‌بکات و غه‌ریزه‌کانیشی له گه‌ڵیاندا دابه‌ش بکات.
من پێم وابێت ئه‌مه دووباره نوسینه‌وه‌یێکه له د.ه. لاوره‌نس (
D.H.Lawrence)، که وتویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ئینسان بتوانێت سه‌رکه‌وتوبێت
له نوسینی رۆمانێکدا، ده‌بێت کۆمه‌ڵێک له دژه‌کردار و دژه‌وتار و هه‌ست
و بۆچوون به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش قه‌ناعه‌ت و حه‌راره‌ت بگرێته خۆی و
بتوانێت بچێته ده‌رون و ژیانی که‌سانیتره‌وه. بۆیه من ره‌نگه بڕێک
له که‌سانیتر باشتر بم که بتوانم وه‌ک یه‌هودێکی ئیسرائیلی له‌م
جێگای خۆمه‌وه هه‌ست به چۆنیه‌تی حاڵی فه‌له‌ستینیه‌کی به‌زۆر ده‌رکراو
بکه‌م، ئه‌توانم تێبگه‌م که چ هه‌ستێکت ده‌بێت که عه‌ره‌بێکی فه‌له‌ستینی
بیت و ماڵ و وڵاتت له لایه‌ن "بوونه‌وه‌رانێکی هه‌ساره‌یه‌کی تره‌وه"
داگیر کرابێت. چ هه‌ستێکت ده‌بێت که ئیسرائیلیێکی نیشته‌جێی "قه‌راخه‌کانی
چۆمی ئوردون" بیت. به‌ڵێ، من جار و بار خۆم ده‌خزێنمه پێستی ئینسانێکی
ئورتودوکسی توندره‌وه‌وه، یان لانی که‌م هه‌وڵی ئه‌و کاره ئه‌ده‌م.
ئه‌مه وا له من ده‌کات که خۆم بکه‌مه کارزانێک و ده‌نگ هه‌ڵێنم و
ره‌خنه بگرم. گه‌لێک پێش دامه‌زراندنی رێکخراوه‌ی "ئاشتی ئێستا"، چه‌ند
حه‌وتو پاش سه‌رکه‌وتنه سرنج راکێشه‌که‌ی ئیسرائیل له شه‌ڕی شه‌ش
رۆژه‌ی 1967، من و زیاتر له بیست که‌سێک له نوسه‌ر و شاعری ئیسرائیلی
پێکه‌وه ده‌ستمان دایه پاڵپشتیکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی رێگا چاره‌ی
دوو ده‌وڵه‌تی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین وه‌ک جیرانی
ئیسرائیل، ئه‌مه له کاتێکدا بوو که نه‌ته‌وه‌ی ئیسرائیلی هه‌ستی سه‌رکه‌وتنی
67 وایانی لێکردبوو که ئه‌م کاره‌ی ئێمه‌یان نه‌ک هه‌ر به‌چاوی خه‌یانه‌ت
سه‌یر ده‌کرد به‌ڵکو به گه‌وجییه‌تیێکی ته‌واویان ده‌ناسی. ئێمه ئه‌وکاته
ئه‌وه‌نده که‌م بووین که ده‌مانتوانی به خۆمان و هه‌موو خه‌ڵکێک که
له‌گه‌ڵمان بوو، له کیوسکێکی ته‌له‌فوندا کۆبونه‌وه بگرین. به‌ڵام
کاتێ ده‌چمه‌وه بۆ دواوه و سه‌رنجی هه‌ڵوێسته‌که‌م ده‌ده‌م، ده‌بینم
که هه‌ڵوێست و تێگه‌یشتنم چاوڵێکه‌ری یان ره‌نگدانه‌وه‌ی تێگه‌یشتن و
هه‌ڵوێستێکی تایبه‌تی له مێژوودا نییه، یان نزیک نییه له تێروانین
و ئارگومێنتی عه‌ره‌بی یان ئیدئولۆژی فه‌له‌ستینی. ئه‌مه ره‌نگه له‌سه‌ر
ئه‌وه وه‌ستابێت که من به هۆی تایبه‌تمه‌ندی ئیشمه‌وه خووم به‌وه
گرتوه که بتوانم خۆم له جێگه‌ی که‌سێکیتر دابنێم، بچمه پێستی ئه‌ویتره‌وه.
ئه‌مه‌ش به‌و مانا نییه که من هه‌میشه حه‌ق به‌وان بده‌م، به‌ڵکو له‌به‌ر
ئه‌وه‌یه که بتونم شته‌کان وا ببینم که ئه‌وان ده‌یبینن.
ماڵپه‌ڕی ره‌سول سه‌فه‌ریانی
|