١٠\٣\٢٠١٠
چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی ئایین، خودا، په‌رستگا.
توێژینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی له‌بواری زانستی ئایینه‌کاندا.
ده‌روازه‌کانی ئایین له‌نێوان زه‌وی و ئاسماندا.

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی
- (به‌رگی یه‌که‌م) به‌شی
چواره‌م -
کتێبه‌کانى دیکه‌ی ئه‌م ئایینه.
جگه له کتێبی پیرۆزى (ڤیدا) چوار کتێبی پیرۆز و گرنگی دیکه‌ى هیندۆسى
هه‌ن، ئه‌گه‌رچى له ئاستى (ڤیدا)دا نین، به‌ڵام ئه‌م کتێبانه‌ش پیرۆزى
و گرنگی خۆیانیان هه‌یه. ئه‌م چوار کتێبه ته‌نها نووسه‌رى یه‌کێکیان
دیاره‌و سیانه‌که‌ى دیکه‌یان به‌هۆى ئه‌وه‌وه که نوسه‌ره‌کانیان
دیارنین، هیندۆسییه‌کان باوه‌ڕیان وایه که به‌وه‌حی هاتووه‌ته خواره‌وه و مرۆڤ له توانایدا نییه کتێبی بێهه‌ڵه‌و خه‌وشى ئاوا مه‌زن بنوسێت.
یه‌که‌م : کتێبی مهابارتا.
مهابارتا یه‌کێکه له‌و کتێبانه‌و داستانێکى کۆن و گه‌وره‌ى هیندییه،
هه‌ر که‌س بیخوێنێته‌وه یه‌کسه‌ر ده‌زانێت که له داستانه‌کانى ئه‌لیازه‌و
ئۆدیسه‌ى یۆنانی ده‌چێت.
له راستیدا، نووسه‌رى ئه‌م کتێبه (ویاس به‌رسرا)یه‌و سه‌رده‌مى
رووداوه‌کانى ده سه‌ده به‌ر له زایینه. باس له جه‌نگێکی گه‌وره‌ى
نێوان پیاوماقوڵانى ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌کات، ئه‌م شه‌ڕانه نه‌ک هه‌ر
ده‌سه‌ڵاتداران و پاشا‌و سه‌رکرده‌کان، به‌ڵکو خواکانیش به‌شدارى تێدا
ده‌که‌ن.
ئه‌م داستانه پێکهاتووه له (72) هه‌زار کۆپله شیعر که تێیدا که‌سایه‌تى
و پاڵه‌وانه‌کان بوونه‌ته دوو به‌شه‌وه و گوزارشت له ئه‌نجامى چاکه
و خراپه ده‌که‌ن. پاشاى (هێستنا پۆر) دوو کوڕى ده‌بێت، پاش مردنى ، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ى کوڕه گه‌وره‌که‌ى چاو کز‌و لاواز ده‌بێت، پاشایه‌تى ده‌داته
برا بچوکه‌که‌ى . ئه‌م کوڕه بچوکه له‌به‌ر منداڵى و بێ ئه‌زموونى
توشى هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بێت، که به‌هۆیه‌وه خۆى و خێزانه‌که‌ى له پاشایه‌تى
ده‌رده‌کرێن و ره‌وانه‌ى بیابان ده‌کرێن و پاشایه‌تى ده‌گوازرێته‌وه
بۆ ئامۆزاکانیان.
کوڕه‌کانى که (5) بران له‌گه‌ڵ دایکیان له بیاباندا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر
و سه‌رگه‌رمی خواپه‌رستی ده‌بن. به‌م هۆیه‌وه شاره‌زاییه‌کى زۆر له
ئایین په‌یدا ده‌که‌ن. پاش گه‌وره بوونیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌چنه
کۆشکی پاشایه‌تى و داواى میراتی باوکیان ده‌که‌نه‌وه.
پاش کێشمه‌کێشمێکى زۆر‌و ناوبژیوانى چه‌ند پیاوێکی گه‌وره‌و ناودار،
رێکده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که ده‌سه‌ڵات له نێوانیاندا دابه‌ش
بکرێت به مه‌رجێک یارى (نێرد) له نێوانیاندا ئه‌نجام بدرێت. له‌م
یارییه‌دا هه‌رکه‌س دۆڕاندى هه‌تا سیانزه ساڵى تر واز له موڵک و ده‌سه‌ڵات
بهێنێت.
پاش ئه‌وه‌ى یارییه‌که ده‌کرێت، ئه‌مان ده‌دۆڕێن و به‌م جۆره 13 ساڵى
تر له بیاباندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و دووباره
داواى میراتییه‌که‌ى خۆیان ده‌که‌ن و ئه‌نجامه‌که‌ى به‌شه‌ڕ کۆتایی دێت
و له ئه‌نجامى شه‌ڕه‌کاندا ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌ستى ئه‌مان و
دادپه‌روه‌رى به‌دى ده‌هێنن.
له‌م داستانه‌دا باس له هه‌ندێک دابونه‌ریت و خووره‌وشت و خوا‌و جنۆکه
کراوه، باسى زیندووکردنه‌وه‌ى مردووه‌کان کراوه، (ئاسۆرا) ناوێک
هێزێکى له‌راده‌به‌ده‌رى هه‌بووه که هه‌ر که‌س بمردایه یاخود
بکوژرایه ئه‌م زیندووى ده‌کرده‌وه‌و له‌گه‌ل خوادا ململانێى پێده‌کرد!!
به‌م شێوه‌یه (ئاسۆرا) به تواناى له راده‌به‌ده‌رى خۆى به‌ره‌نگارى
خوا ده‌کات و ململانێى نێوانیان تا کۆتایی چیرۆکه‌که ده‌خایه‌نێت. دوا
جار خوا بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که ئاسۆرا خۆى بکوژآ و به‌م پێیه
ململانێکه کۆتایی پێبهێنێت. دواى پیلان و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یه‌کى زۆر،
به‌یارمه‌تى جنۆکه‌کان خوا توانى ئاسۆرا بکوژێت.
له‌میانه‌ى ئه‌م داستانه جه‌نگاوه‌رییه‌دا، چه‌ندین نموونه‌ى جوان
جوان ده‌بینرێن. له‌وانه: هه‌ر ئافره‌تێک به دیل بگیرایه، که‌لوپه‌له‌که‌ى
لێده‌سینراو ئازاد ده‌کرا، دیل و کۆیله‌کان نه‌ده‌کوژران، به‌ڵکو دیله‌کانیان
ده‌کرده کۆیله‌و ئه‌و کۆیلانه‌ى که به‌دیل ده‌گیران ئازادیان ده‌کردن.
هه‌موو که‌ل و په‌لێکى جه‌نگ له کاتى جه‌نگدا به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌راندا
دابه‌ش ده‌کرا، به‌ڵام دوا جار پاش کۆتایی هاتنى جه‌نگ ده‌بوویه‌وه به‌موڵکى
پاشا.
دووهه‌م : کتێبى گیتا. Gita.
ئه‌م کتێبه زیاتر له‌وه‌ى که داستانێک بێت، له توێژینه‌وه‌یه‌کى
سایکۆلۆجی و فه‌لسه‌فی ده‌چێت. هه‌ر بۆیه به باشترین سه‌رچاوه‌ى په‌روه‌رده‌یی
هیندۆسى داده‌نرێت و وه‌ک به‌ڵگه نامه‌یه‌کى مێژوویی گه‌وره‌یه وایه
بۆ ژیان و پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئایدیۆلۆژى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى خۆى .
بۆچوونه ئایینی و خێڵه‌کییه‌کان و تێڕوانینى گشتى بۆ ژیان و ژیانى
دواى مردن له‌دیدی ئه‌م خه‌ڵکانه‌دا ده‌خاته روو. باسی که‌سانێکمان بۆ
ده‌کات که به‌هۆى دابونه‌ریت و ئاکارى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تووشى جه‌نگ
و کێشه‌و نه‌هامه‌تى بوون و زۆر جار بۆچوونه ئاینییه‌کانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی
خۆیان به‌کارهێناوه.
له داستانه‌که‌دا، دوو که‌سایه‌تى و سه‌رکرده‌ى به‌ناوبانگی مێژووى
کۆنى هیندۆسى هه‌یه.(کریشنا) که (به‌رهه‌مییه) ئایینزایه‌و پیاوێکى
ئایینى گه‌وره‌یه، ئه‌رجۆنا که سه‌رکرده‌ى له‌شکره و سه‌ربه‌چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه
(ئه‌کشته‌ری). ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه گه‌وره‌یه، به‌سه‌رکرده‌یی له‌گه‌ڵ
هێزێکى گه‌وره‌ى سه‌ربازیدا ده‌چن بۆ شه‌ڕ، به‌ر له‌وه‌ى که شه‌ڕ ده‌ست
پێ‌بکات، گفتوگۆیه‌ک له‌نێوانیاندا رووده‌دات و له‌به‌ر گرنگى لێدوانه‌که،
که‌لێوه‌ى ده‌توانین له‌عه‌قیده‌ى ئایینى هیندۆسى تێبگه‌ین، کورته‌یه‌کى
به‌نموونه ده‌هێنینه‌وه:
ئه‌رجۆنا، له‌به‌رده‌م هێزه‌که‌ى خۆیدا، روو به‌دوژمن وه‌ستاوه‌و بۆ جه‌نگ
ئاماده‌یه، روو ده‌کاته کریشناى دۆستىو پێیده‌ڵێت:
گه‌وره‌م، له‌به‌رامبه‌رمدا که‌سانێکى زۆر له خزم و دۆست و هاورێکانم
ده‌بینم، له‌ناویاندا براو برازا، مام و ئامۆزا، خاڵ و خاڵۆزا، پورو
پورزا، ئه‌و پیرانه‌ى که ئامۆژگارییان کردووم، ئه‌و مامۆستایانه‌ى
فێریان کردووم، وه‌ستاون و ده‌یانبینم.. من چۆن شه‌ڕى ئه‌مانه بکه‌م!؟
ده‌ستم ده‌له‌رزآ و قوڕگم وشک بووه، ئه‌گه‌ر شه‌ڕم کرد‌و خوێنم رشتن،
تا ماوم خه‌فه‌تبار ده‌بم، ژیانى ژێر ده‌ستى و کۆیلایه‌تى و هه‌ژاریم
زۆر له‌سه‌رکه‌وتن و کوشتنى ئه‌مانه پێباشتره. ئه‌گه‌ر بمکوژن له‌وه
باشتره ده‌ستیان لێ به‌رزبکه‌مه‌وه، هیچ گومانێکم نییه که ئه‌وانه
زۆردار‌و دوژمنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵم ناهێڵآ!! ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێکیان
بکوژم، ماناى وایه هه‌موو که‌س و کار‌و خزم و شوره‌ت و خێڵه‌که‌ى خۆمم
کوشتووه..! به‌نه‌مانى ئه‌وان هیچ عه‌قیده‌یه‌ک نامێنآ، ئه‌ى ژن و
مناڵه‌کانیان چی لێبکه‌م. ئاشکرایه ژنه‌کان خۆیان ده‌دۆڕێنن، هه‌تیوه‌کان
ده‌بنه کۆیله‌و شه‌ڕو ئاژاوه‌و دووزمانى بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌و به‌هاى
مرۆڤایه‌تییان تێدا نامێنێت.! نه‌ک من هه‌رکه‌سێک ئه‌م شه‌ڕه بکات، ده‌بێت
سزایه‌کى باش بدرێت. چونکه ئه‌و ره‌وشته ده‌دۆڕێنێت که پێی وتراوه
له‌پێناوى به‌خته‌وه‌رى ده‌وروبه‌ردا رۆحت بکه‌ره قوربانى. که‌واته
شه‌ڕ نه‌کردن له‌گه‌ڵیاندا واته ئاکارى چاک و جوان و عه‌قیده‌ى پاک،
به‌شه‌ڕ ئایین نامێنێت و خواش له‌بیرده‌چێته‌وه!! ئه‌گه‌ر پاشایه‌تى و
سه‌رکردایه‌تى و نیشانه‌ى ئازایه‌تى له کوشتنى ئه‌وانه‌دا بێت من
سواڵکردنم پێباشتره.
کریشنا له‌وه‌ڵامدا پێیده‌ڵێت:
- ئه‌رجۆنا! ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ت زۆر خراپه و شوره‌ییه‌که له سه‌رووى
هه‌موو شوره‌ییه‌کانه‌وه، خاڵێکی ره‌شه‌و به ته‌وێڵته‌وه نوساوه،
ئه‌ى پاڵه‌وانى قاره‌مان ئه‌م ترسه چییه؟ چۆن ده‌بێت پیاوێکى ئازاى
وه‌ک تۆ ترسێکى ئاوا گه‌وره‌ى له‌دڵدا بێت، خۆت ئاماده‌که‌و به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن
بڕۆ، تۆ وه‌ک ئاقڵه‌کان قسه ده‌که‌یت به‌ڵام وه‌ک ئه‌وان بیرناکه‌یته‌وه،
ئایا نازانى مرۆڤی ئاقڵ له‌هه‌ڵوێستێکى ئاوادا گرنگی به‌خۆى و چاره‌نووسى
خۆى نادات..؟ ئایا ده‌زانى من و تۆ‌و پاشاکان و به‌رهه‌مییه‌کان و گشت
خه‌ڵکى تر له هیچه‌وه هاتووینه‌ته ئه‌م دنیایه؟! نا..ئه‌رجۆنا..!
مرۆڤى ئاقڵ وا ناڵێت.. هیچ شتێک نایه‌ته ئاراوه گه‌ر له شتێکى تر نه‌بێت،
ئه‌وه‌ى ئێستا له‌به‌رچاوو گوێ و لوت و ده‌م و ده‌ست و دڵى تۆدایه،
کاتى خۆى هه‌بووه‌و هه‌رده‌شمێنێت، هه‌روه‌ک چۆن ژیان له‌منداڵییه‌وه
ده‌ست پێده‌کات و ده‌گاته گه‌نجى و پاشان کامڵى و پاشان پیرى و پاشان
مردن، هه‌ر ئاواش رۆح تا ده‌گاته شوێنى مه‌به‌ست به چه‌ند قۆناغێکدا
تێپه‌ڕ ده‌بێ و له لاشه‌یه‌که‌وه ده‌چێته لاشه‌یه‌کى تر‌و هه‌ر ده‌سوڕێته‌وه.
مرۆڤى ئاقڵ وشه‌ى مردن به‌کارناهێنێت، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ که‌س و کارى تۆیه،
پاش مردنیان رۆحه‌که‌یان ده‌چێته لاشه‌یه‌کى دیکه‌وه‌و له‌وانه‌یه
ببنه بێگانه‌یه‌ک که هه‌ر نه‌یانناسیته‌وه، ئازار‌و خۆشى شتێکه له‌ده‌روونتایه،
نابێ گرنگیان پێبده‌یت، ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئازار‌و خۆشى خۆیدا زاڵ بێت، ده‌گاته
پله‌ى به‌خته‌وه‌رى و رزگاربوونێکى هه‌تا هه‌تایی. باش بزانه رۆح له‌ناوناچێت،
لاشه له‌ناوده‌چێت، رۆح هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌و نه‌سه‌ره‌تاى هه‌یه‌و نه‌کۆتایی،
بۆیه رۆح باش ده‌زانێت که نه‌که‌س ده‌کوژێت و نه که‌س ده‌یکوژێت.
رۆح له لاشه‌یه‌که‌وه ده‌چێته لاشه‌یه‌کی تر، نه‌مره، نه ئاگر ده‌یسوتێنێت
و نه ئاو ده‌یخنکێنێت و نه شمشێر له‌تى ده‌کات!! دیاره تۆیش له
ژیانى پێشووتدا که‌سێکى خراپ بوویت، بۆیه ئێستا له‌م ژیانه‌دایت و
تووشى ئه‌م شه‌ڕه هاتوویت، که‌واته ئه‌مه هه‌لێکه‌و له‌ده‌ست خۆتى
مه‌ده‌و خۆت رزگار که، بڕۆ شه‌ڕ بکه‌و دوامه‌که‌وه. تۆ هه‌ر ده‌بێ
بمریت، هه‌ر ده‌بێ له‌دایکببیته‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى خۆیان رزگار ده‌که‌ن.
ده تۆش خۆت رزگار که‌و با له‌ژیانێکى خۆشدا له‌دایکببیته‌وه!! ئه‌مه
قه‌ده‌رى خوایه‌و رزگاربوونمان لێى نییه، ئه‌م دڵه راوکێیه‌ت هه‌تا
که‌ى..؟ ئه‌وانه‌ى له‌به‌رامبه‌رت وه‌ستاون و ده‌یانبینییت، له‌وه‌و
پێش نه‌بوون، له‌داهاتووشدا نابن، ئێوه کوڕى ئێستان. ئیتر بۆچى بۆیان
ده‌گریت و گرنگیان پێده‌ده‌یت، ژیان نهێنییه‌که هه‌تا ئێستا که‌س لێى
تێنه‌گه‌یشتووه. تۆ له ئه‌کشته‌رییه‌کانیت و پێویسته ئه‌رکه‌کانى
خۆت جێبه‌جێ بکه‌یت. من له جیاتى خوا فه‌رمانت پێده‌ده‌م.! مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت
له‌بیرچووه من له‌سه‌رى خوا دروستکراوم.! ته‌نها رێگه‌یه‌ک بۆ
رازیکردنى من و خوا‌و رزگار بوونت له دۆزه‌خ، گرتنه‌به‌رى ئه‌م قه‌ده‌ره‌یه.
ئه‌م شه‌ڕه ده‌رگایه‌که ئه‌و که‌سه‌ى لێى بچێته ژووره‌وه به‌خته‌وه‌ر
ده‌بێت!! گه‌ر له‌ده‌ستى بده‌یت، خوا لێت رازی نابێت و ئه‌کشته‌رییه‌کان
و به‌رهه‌مییه‌کان به‌خراپت ده‌زانن و تانه‌و ته‌شه‌رت لێده‌ده‌ن و به
ترسنۆکت ده‌زانن.. بڕۆ شه‌ڕ بکه، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتیت ده‌تکه‌مه پاشا،
ئه‌گه‌ر کوژرایت ئه‌وه رزگارت ده‌بێ و ده‌چیته ناو خواوه، بڕۆ بیر
له‌هیچ مه‌که‌ره‌وه، دڵنیابه که حه‌ق لاى تۆیه، ئه‌م حه‌قه‌ش ده‌تگه‌یه‌نێته
سه‌روى هه‌موو شتێک!!..تاد.
ئه‌رجۆنا پێیوت:
- ئێستا چى بکه‌م باشه؟
کریشنا: هه‌ر که‌سێک به‌سه‌ر ئاره‌زووه‌کانى خۆیدا زاڵ بێت، له‌هیچ
شتێک ناترسێ و که‌سی خۆشناوێت و رقیشی له‌که‌س نابێته‌وه!!! هه‌سته‌کانت
سه‌رچاوه‌ى ئاره‌زووه‌کانتن، با چاوت ئه‌وان نه‌بینێت و ته‌نها ئاره‌زووى
خوا بکه! ئه‌و خوایه‌ى که په‌یوه‌ندی به ئاره‌زووى تۆوه نییه‌و
ناترسێ و ته‌ماح ناکاته سه‌ر هیچ شتێک و کوشتنى ئه‌وانه‌ش قه‌ده‌ره‌و
ده‌بێ به‌ده‌ستى تۆ بکوژرێن. رزگاربوون له‌زۆرداریه‌تى ئاره‌زوو، بنه‌مانى
حه‌قیقه‌ته. بڕۆ شه‌ڕیان بکه، چونکه ئه‌وانه دوژمنى تۆ نین، به‌ڵکو
دوژمنى خوان، بیانکوژه..!!..
له‌کۆتایی ئه‌م دایه‌لۆگه‌دا شه‌ڕه‌که ده‌کرێت و ئه‌رجۆنا سه‌رکه‌وتن
به‌ده‌ست ده‌هێنێت و هه‌موو که‌س و کارى خۆى له‌ناوده‌بات.
سێهه‌م : کتێبی یۆگا ڤاسیستا Uogavasistha.
به‌پێى عه‌قیده‌ى هیندۆسى، ئه‌گه‌ر کتێبێک له‌ژێر ئاسماندا و له
هیندستاندا نوسرابێ و به‌گه‌وره‌ترین به‌رهه‌م و کۆششی مرۆڤ بزانرێت،
ئه‌م کتێبه‌یه. چونکه ئه‌وه‌ى ده‌یخوێنێته‌وه‌و کرده‌وه‌ى پێده‌کات،
خۆى ده‌ناسآ. هه‌ر که‌سێکیش خۆى ناسی، خوا ده‌ناسێت.!!
نوسه‌رى ئه‌م کتێبه نه‌ناسراوه‌و به‌سۆزترین شیعری تێدا نوسراوه‌ته‌وه
و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى له (64) هه‌زار به‌یت پێکهاتووه. توێژه‌ره‌وان ده‌ستنووسه‌که
ده‌گێڕنه‌وه بۆ سه‌ده‌ى شه‌شه‌مى به‌ر له‌زایین و له‌و باوه‌ڕه‌دان که
رووداوه‌کانیش هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا روویاندابێت. ئه‌م کتێبه باس له
فه‌لسه‌فه‌کانى ئایین ده‌کات و زۆر به‌وردى باسه‌کان شى ده‌کاته‌وه.
ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌کى کورته له‌و کتێبه:
قوتابییه‌که به مامۆستاکه‌ى ده‌ڵێت: چه‌ندین جار تاقیمکردووه‌ته‌وه!
بۆم ده‌رکه‌وتوه که ناتوانرآ له‌م ژیانه‌دا هه‌ست به به‌خته‌وه‌رى
راسته‌قینه‌ى مرۆڤ بکرێت. ئاره‌زووه‌کانى مرۆڤ ئه‌وه‌نده زاڵن،
زاناترین که‌س به‌ره‌و داڕمان ده‌به‌ن. ژیان چییه که‌پیریه‌تى و مردن،
چاوه‌ڕێمان بکات. هه‌رچى خزمایه‌تى و دۆستایه‌تیش هه‌یه، هه‌مووى نه‌خۆشى
ده‌روونییه‌و به‌ڵکو فێڵکردنیشه له‌مرۆڤایه‌تى، ده‌بێت پاککردنه‌وه‌ى
ده‌روونیى خۆمان بخه‌ینه پێش هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه خزمایه‌تییه‌کانه‌وه!!
مامۆستا گیان چاکترین رێگاى رزگاربوونم نیشانده.
مامۆستا پێى ده‌ڵێت: ئاره‌زووه‌کان وه‌ک ژه‌هرن، چه‌ند لێیان نزیکبیته‌وه،
ئه‌وه‌نده زیاتر کاریگه‌رى خراپیان به‌سه‌رته‌وه ده‌بێت، بێجگه له‌مانه
که‌مزانین جۆره ژه‌هرێکى تره. باشترین رێگا زانیارییه، زانیارى تاکه
پردێکه لێیه‌وه مرۆڤ بتوانێت به‌سه‌ر ده‌ریاى ئه‌م جیهانه‌دا تێپه‌ڕێت.
زانیارى به ئاسانى به‌ده‌ست نایه‌ت و گه‌ڕان و کۆششی زۆرى ده‌وێت،
شتێک نییه ناوى قه‌زاو قه‌ده‌ر و به‌خت بێت، ئێمه خۆمان ئه‌و به‌خت و
قه‌ده‌ره‌مان دروستکردووه، ئه‌وه‌ى بڕواى پێى هه‌یه، یان مه‌به‌ستى
هه‌یه یاخود حه‌زی له ته‌مه‌ڵییه! ئه‌وانه گێل و ته‌مه‌ڵ و بێ
زانست و زانیارین، خه‌ڵه‌فاوو خه‌ڵه‌تاون. قه‌زارو قه‌ده‌ر، دوو وشه‌ى
ده‌سته‌مۆى مرۆڤن، ته‌نها به‌سه‌رزاره‌وه هه‌یه‌و ده‌وترێت. ده‌نا له
راستیدا بوونیان نییه، ئه‌گه‌ر که‌سێک ویستى رزگارى ببێت و خۆى له
کۆیلایه‌تى خۆى و که‌سانى تر‌و جیهان ده‌رباز بکات و جارێکى تر له‌دایکنه‌بێته‌وه‌و
نه‌مر بێت و بگاته راستى ، ئه‌وا ده‌بێ له‌چوار چه‌مکدا خۆى بدۆزێته‌وه:
1ـ دڵنیایی
2ـ رازیبوون
3ـ هاوڕێیه‌تى زانایان
4ـ قووڵبوونه‌وه به‌ناو خوددا!
ده‌بێ دڵنیابێت که کۆیله‌ى که‌س نییه‌و لێره‌وه له‌خۆى رازى بێت، بۆ
به‌ده‌ستهێنانى زانست و زانیاریش ده‌بێ هاوڕێیه‌تى زانایان بکات، چونکه
هه‌ر ئه‌و زانست و زانیاریه‌یه که به‌ره‌و حه‌قیقه‌تى ده‌بات و هه‌ست
ده‌کات که ده‌بێ به‌ر له‌هه‌موو شتێک له‌خۆى بگات و خۆى بناسێت، که
گه‌یشته ئه‌م پله‌یه‌ش، خۆناسین، نه ئاره‌زووى هه‌یه نه ئازار، نه
رق و نه‌کینه، نه‌خه‌م و نه‌خه‌فه‌ت، هه‌موو شتێک پشتگوێ ده‌خات، زه‌ره‌ر
به‌هیچ شتێک و هیچ که‌سێک ناگه‌یه‌نێت، ئه‌و ژیانه‌ى ئه‌وى تێدایه
ژیانێکى سه‌ر سوڕهێنه‌ره‌و خۆى نه‌بێت که‌س لێى تێناگات.
چوارهه‌م : کتێبی رامایانا Ramayana.
ئه‌م کتێبه، نه نووسره‌که‌ى دیاره نه مێژووه‌که‌ى ، نوسینى ئه‌م
کتێبه به پێى رووداوه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (ده) سه‌ده به‌ر له‌زایین.
رامایانا، زیاتر باس له‌رووداوو بۆچوونه رامیارى و ده‌ستورییه‌کان ده‌کات،
پێکهاته‌ى ئه‌نجومه‌نى ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵبژاردن و دیاریکردنى پاشا‌و سه‌رکرده‌و
به‌رپرسه‌کان، ئه‌رکی پاشا‌و ئه‌نجومه‌ن و سه‌رکرده‌کان، ره‌وشت و ئاست
و شێوازى ژیانیان. به تایبه‌تیش به‌شێوه‌یه‌کى زۆر ورد‌و شیکراوه ئه‌رک
و ده‌سه‌ڵاتى چینی ئه‌کشته‌رى دیارى ده‌کات. ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌کى کورته
له‌م کتێبه:
پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و مشت و مڕه زۆره کرا، پاشا هه‌ڵبژێردرا. ئه‌ویش حه‌زی
نه‌کرد ئه‌وه‌نده زۆر درێژه بکێشآ، خۆى گه‌یانده سه‌ر به‌ردێکى به‌رزو
رووى کرده خه‌ڵکه‌که‌و به‌ده‌نگی به‌رز وتى :
منتان به پاشاى خۆتان هه‌ڵبژارد، به‌سوپاسه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌رکه‌کانم
جێبه‌جێ بکه‌م، به‌ڵام باش بزانن پاشایه‌تى له‌خۆم به‌گه‌وره تر ده‌زانم
و من له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنى ئێوه‌و به‌رپرسیاریه‌تى پاشایه‌تیدا هیچ
شتێکم بۆ ناوترێت، له راستیدا پاشایه‌تى پێویستى به‌که‌سێکى له‌من
شیاوتر هه‌یه، جا بۆ ئه‌وه‌ى له کاره‌کانمدا سه‌رکه‌وتوو بم، هه‌مووتان
راماى کوڕم ده‌ناسن، بۆیه حه‌ز ده‌که‌م و لێتان ناشارمه‌وه ئه‌مه‌وێت
بیکه‌مه جێگرى خۆم، ئێوه‌ش سه‌ربه‌ستیى ته‌واوتان هه‌یه که پێى
رازیبن یان..نا!! ئه‌گه‌ر پێى رازیبن، من سوپاستان ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر..نا،
هیوادارم که‌سێکى شیاوتر هه‌ڵبژێرن و منیش ملکه‌چى بڕیاره‌کانتانم، ته‌نها
مه‌به‌ستێکیش ئه‌گه‌ر هه‌مبێ، هێنانه‌کایه‌ى ژیانێکى خۆش و ئاسوده‌یه
بۆ باشترین میلله‌ت که ئێوه‌ن.
هێشتا پاشا، قسه‌کانى ته‌واو نه‌کردبوو له‌هه‌موو لایه‌که‌وه هاوار ده‌کرا،
ده‌مانه‌وێ.. ده‌مانه‌وێ.
پاشا، رووى کرده (راما)ى کوڕى و پێیوت:
کوڕم، ئه‌م خه‌ڵکه تۆیان هه‌ڵبژارد، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته باڵت بکه‌یته‌وه
تا خه‌ڵکى به‌ژێر سێبه‌ریدا گوزه‌ر بکه‌ن. ده‌بێت له‌دادپه‌روه‌ریدا گه‌وره‌و
بچووک به‌یه‌ک چاو سه‌یرکه‌یت، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ده‌بێ
خۆت له‌بیربچێته‌وه.
_________________________________________
[1]
الهیندوس المقد‌س..وییش..ترجمة..الامام/
سعید الخاوی..منشورات دار العلم..القاهرة.
[2] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
لا (82) به‌کورتکراوه‌یی
[3] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
لا (99) به کورتکراوه‌یی
[4] هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
لا (127) به‌کورتکراوه‌یی
|