چۆن ژینگەیەکی
ساخلەم بۆ خۆمان و نەوەکانمان دروست دەکەین.
ئا:
رێبەر موحسین
گرنگی دان بە پاک و خاوێنی ژینگە یەکێکە لە
ئامانج و تایبەتمەندییەکانی زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانی
ئەمڕۆمان، چونکە ژینگەیەکی خاوێن سەرچاوەی تەندروستیەکی چالاکە بۆ
هاووڵاتیان. گەلێک را و بۆچوونی جیاواز هەن بۆ پێناسەکردنی چەمکی ژینگە،
بەبۆچوونی هەندێک کەس کێشەیەکە دەبێت چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە،
هەندێکی دیکە وای بۆ دەچن کە سەرچاوەی سامانە دەبێت پارێزگاری لەو
سامانانە بکەین، یاخود ژینگە ئەو دەوروبەرەیە کە مرۆڤ تێیدا دەژیت،
کەواتە بەپێی ئەو بۆچوونانەی لای سەرەوە دەتوانین بڵێین ژینگە بریتیە
لەو دەوروبەرە سروشتی و کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە
تێیدا ژیان بەسەردەبەن.
لە سەرەتای حەفتاکاندا ژینگە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەبۆوە، کە لە
تەکنەلۆژیای سەردەم و کارگە پیشەسازییەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، بە
جۆرێک کە کاریگەی زۆر خراپی لێکەوتەوە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، ئەمەش
بوو بە هۆی دەرکەوتنی پەروەردەی ژینگەیی وەکو لایەنێکی پەروەردەی
جیهانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، پەروەردەی ژینگەی جیهانی کردارێکی
دینامیکیە تاکەکانی ناو کۆمەڵ ئاگادار دەکاتەوە لە چۆنییەتی هەڵسوکەوت
کردن لەگەڵ ژینگە، بێگومان ئەمەش هۆکارێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە
ژینگەییانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێـتەوە ئێستا یان لە داهاتوودا، هەروەها
یارمەتیمان دەدات بۆ زانینی چۆنیەتی کارلێک کردن لە ڕووی ئابووری،
کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەیی جا چ لە شارەکان بێت یان لە گوندەکان.
بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەک لە نێوان مرۆڤ و ژینگەکەی پێویستە لەسەر
هەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵ لە بچووکترینیان تاکو دەوڵەت کە خاوەن
دەسەڵاتە بایەخێکی بەرچاو بەم لایەنە بدات بۆ ئەوەی ژینگەیەکی خاوێن بۆ
خۆمان و نەوەکانی دوای خۆمان دروست بکەین، ئەمەش هانماندەدات بۆ
بایەخدان بە منداڵ، چونکە منداڵ دیارترین توێژی نێو کۆمەڵە زیاتر لە
هەموو ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگە هەست بەو ئازارو مەینەتیانە دەکات کە لە
ژینگەوە سەرچاوەیان گرتووە، وەک پیسبوونی ئاووهەوا، خۆراک و بڕینەوەی
دارستانەکان چەند هۆکارێکن بۆ تێکدانی ژینگەو بەبیابانبوون، کە
کاریگەرییەکی خراپی هەیە بۆ سەر دەروونی منداڵ.
هیوادارام وڵاتی ئێمەش گرنگی بەم لایەنە بدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی
پەیڕەو پڕۆگرامی تایبەت لەم ڕووەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە چۆنییەتی
کارلێککردن لەگەڵ ژینگە، ئەمەش لە ڕێگەی چاندنی دارودرەخت لە دەوروبەری
شارەکان و ڕێگەگرتن لە بڕینەوەی دارستانەکان چونکە وەکو قەڵغانێکن بۆ
بەرگری کردن لە شار لەو گۆڕانکاریە کتوپڕانەی، کە بەسەر کەشوهەوادا دێن،
لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، ئایا لە هەرێمەکەی ئێمە لایەنە
پەیوەندارەکان تا چەند توانیویانە بایەخ بە خاوێنی ژینگە بدەن؟
وەڵامەکەش بۆ لایەنی بەرپرس لەم ڕوانگەوە بەجێدێڵم.
سەرچاوە/ ئینتەرنێت
|