په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٢\٢٠١٥

چۆن لە هەڵوێستی نەوشێروان مستەفا سەرم سوڕ نەمێنێ؟


ئیحسان فەتاح  
  


گومانی تێدا نییە دروستبوونی گۆڕان پێویستییەکی مێژویی بوو، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بیرۆکراتیەتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە خەڵکی کوردستان چاویان لە گۆڕان بوو، بۆ ئەوەی گۆڕان، گۆران بکا لە دامودەزگا و دامەزراوەکاندا، گۆڕان بکا لە هەڕەمی دەسەڵاتی هەرێمدا، گۆڕان لە یەکسانیی کۆمەڵایەتیدا، گۆڕان لە گەندەڵیی، گۆڕان لە بژێو و قووتی خەڵکی و کارگێڕییدا، گۆڕان لە پەروەردە و خزمەتگوزاریی تەندروستیی و گۆران لە هزری تاکی کورددا.

لە هەر چوار کەس لە هەرێمی کوردستان، یەکێك دەنگی بە گۆڕاندا، کاردانەوەیەکی ئاسایی بوو، چونکە کۆمەڵگای کوردەواری کەموکوڕییەکانی بە ئاسانیی دەبینی، بۆیە گۆڕانی پێویست بوو، دەیانبینی کە چۆن بە دەست گەندەڵییەوە گیریان خواردووە، ناوی گۆڕانیش سەرنجڕاکێش بوو، کێ گۆڕانی ناوێ؟ کێ دەیەوێ بە هەژاریی ژیان بەسەرببا؟ کێ پێی خۆشە لە پێش چاوی خۆیدا سامانی وڵاتەکەی بە فیڕۆ بڕوا؟ بۆیە خەڵکی کوردستان دوای ناوە بریقەدارەکەی گۆڕان کەوتن، گۆڕان بوو بە هیوا و ئاوات و خواست.

من لێرەدا باسی سیاسەتی گۆڕان ناکەم چی گۆڕی و چ بەڵینێکی خۆی بە دەستپاکییەوە جێبەجێ کرد. ئەوەی منی بێلایەنی حەپەساندوە ئەوەیە.

خەریكبوو هەرێمی کوردستان وێران بێ بە خۆپیشاندان و بەردهاویشتن و گوللەبارانکردنی خەڵك و سوتاندنی بارەگا و رێگەگرتن لە پەرلەمانتاران بۆ هەولێر و ناردنەوەی چوار وەزیر بۆ ماڵەوە و پەکخستنی پەرلەمان و ئیفلیجکردنی ئەنجومەنی وەزیران. کەچی نەوشێروان مستەفا بە درێژایی ئەو رووداوانە فزەی لێوە نەهات، بەڵام ئەمرۆ لە میدیای کوردییەوە هەواڵێکم بەرچاوکەوت بە ناوی (پەیامێك لە نەوشێروان مستەفا)وە، زۆر دڵم خۆشبوو، لە دڵی خۆمدا وتم ئەرێوەڵا هاتە گۆ، کەچی تەماشا دەکەم پرسەنامەیە بۆ خانەوادەی (کوردۆ قاسم)ی ناردووە!

 

 

Ihsan_fatah@hotmail.com

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک