٢٨\٩\٢٠١٩ چۆن پەرتووک یان نامیلکەی تایبەتی منداڵان بۆ منداڵەکانمان ھەڵبژێرین؟
من زۆر جار وەک سەرپەرشتیار کە سەردانی پەرتووکخانەی قوتابخانە یان ئەو شوێنانەی کە سەرپەرشتی منداڵ دەکەن و پەرتووکخانەیان ھەیە پێم وتوون کە ھەر پەرتووک و نامیلکەیەک لێی نوسرابوو بۆ منداڵان، ئەوە بەس نییە و ئەوە ناگەیەنێت کە ھەموو چیرۆکەکانی یان ھۆنراوەکانی شیاو بن بۆ منداڵ و یەکسەر بخرێتە بەردەستیان تا بیخوێننەوە یان بۆیان بخوێندرێتەوە، یان کاتێک باوک یان دایک پەرتووک و نامیلکە بۆ منداڵەکانیان دەکڕن نووسین بێت یان وەرگێڕراو، پێویستە خۆیان لە پێشدا زۆر بە وردی بیخوێننەوە تا بزانن گونجاوە بخرێتە بەردەست منداڵ تا بیخوێنێتەوە، بزانن بۆ کام قۆناغ دەگونجێت، بزانن کە توندوتیژی تێدا نییە، بزانن کە چ پەیامێکی پەروەردەیی و جوان دەدات بە منداڵ، ئەوسا بخرێتە بەردەستیان.
چونکە ئەو زانیاریانەی کە لە میانەی ئەو پەرتووک و نامیلکانەوە دەدرێن بە منداڵ زۆر بە زوویی وەری دەگرێت و بە ئاسانی بیری ناچێتەوە، پەرتووک و نامیلکەی تایبەت بە منداڵان بۆ ڕۆشنبیرکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیری منداڵە،بۆ فێربوونی زانیاری نوێیە، بۆ گەشەکردنی فەرھەنگی وشەکانی منداڵە، بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و باوەڕ بە خۆبوونی منداڵە،بۆ فێربوونی خۆشەویستی دایک و باوک و مامۆستا و خاک و نیشتمان و ژینگە و ژیانە،بۆ چاندنی سۆز و خۆشەویستییە، بۆ دروستبوونی مرۆڤێکی نەترس و ئازا و ئازاد و بوێر و مرۆڤدۆست و ژینگەدۆستە.
کەواتە دەبێت زۆر وریا بین لە ھەڵبژاردنی ئەو خۆراکە پێویست و گرنگەی مێشکی جگەرگۆشەکانمان، ھەروا ئاسان نییە وەک ھەندێک بەسادەیی دەچنە پەرتووکخانەیەک و منداڵەکە یان خۆیان، کام پەرتووک بەرگەکەی جوان بوو یان وێنەی فیلم کارتۆن و وێنەی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو ھەڵی بگرن و بێ سێ و دوو بۆی بکڕن.
ئێمە چۆن لە کاتی دروستکردنی خانوویەکدا ھەوڵدەدەین کە بنچینەیەکی زۆر پتەو و باشی بۆ بنیاد بنێین تا بمانەوێت بێ ترس چەند چینێکی لەسەر دروست بکەین، ئەی باشە منداڵ بەردی بنیاتنانی کۆمەڵگە نییە؟ چۆن دەتوانیین ھەروا بەئاسانی و بێ بیرکردنەوە و لێکدانەوە بەرھەم و بابەتی وایان بخەینە بەردەست کە گونجاو نەبێت بۆیان؟ دەبێت ھەوڵبدەین چی باشە و دەبێتە ھۆکاری بەرەوپێشچوونی توانا و ھزر و بەھرە و ڕۆشنبیرکردنی، ئەوەی بۆ دابین بکەین و گوێ نەدەینە ئەوەی کە نرخەکەی چەندە؟
|