په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٨\٢٠١١

چۆن رێگه‌ لە سووکایەتییکردنی کەسانی ناو دەسەڵات بە کرێکاران بگرین؟
- سەبارەت بە لێدوانی پەرلەمانتار (گۆران ئازاد) بۆ سایتی لڤین پرێس -


شەماڵ عه‌لی   


تێبینی: ئەم وتارەی خوارەوە سەبارەت بە هەواڵێکی سایتی لڤین پرێس نووسراوە و شەوی ڕابردوو بۆ سایتەکە بەڕێکراوە، بەو چاوەڕوانیەوە کە وەک وەڵام بە لێدوانەکەی پەرلەمانتار گۆران ئازاد بڵاوبکرێتەوە. بەڵام چەند سەعات پاش ناردنی وتارەکە بۆم دەرکەوت کە سایتی لڤین لە بری بڵاوکردنەوەی وتارەکە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک هەواڵەکەی لابردووە. ئەگەرچی ئەو هەواڵە نەک هەر شایانی لابردنە، بەڵکو دەبووا هەر لە بناغەوە بڵاو نەبێتەوە. بەڵام پاش ئەوەی ماوەی ڕۆژێکی تەواو لەسەر سایتەکە بوو تەنها پاش دیتنی ناڕەزایی ئێمە لابرا، جێگای خۆیەتی چەند پرسیار لە لڤین پرێس بکەین:


یەکەم/ ئایا ئەو لێدوانەی بە ناوی گۆران ئازادەوە بڵاوکراوەتەوە هی خودی ئەو پەرلەمانتارەیە؟ یاخود ئەنجامگیری خودی لڤین پرێسە لە قسەکانی ئەو؟
دووەم/ ئایا کاتێک لێدوان لە پەرلەمانتاری ناوبراو وەرگیراوە و بڵاوکراوەتەوە، بە ئاگاداری خۆشی لابراوە؟ یاخود ئەمە هەر دەستپێشخەری یان دروستتر بڵێین دەستکێشانەوەی خودی سایتکەیە لەو بڵاوکردنەوەی ئەو لێدوانە؟
سێهەم: ئایا ئەگەر لڤین پرێس کێشەیەک لە لێدوانەکەدا دەبینێت، بۆچی لانی کەم کارێکی نەکرد کە پەرلەمانتاری ناوبراو، ڕوونکردنەوەیەک بدات؟ ئەگەر کێشەی تیا نابینێت، بۆچی لایبردووە؟


سایتی لڤین و پەرلەمانتار گۆران ئازاد پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە و ئەوی دووەم هێشتاش قەرزاری داوای لێ بوردنە لەو سوکایەتیەی بە کرێکاران و بە تایبەت تەباخ و کرێکارانی ڕێستورانەکانی کردووە. پێویستە ئەوەش بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بێت کە داکۆکیکارانی مافەکانی کرێکاران ئەم بابەتە شتانەیان بەسەردا تێناپەڕێت.

دوێنێ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤-٨-٢٠١١ لە سایتی لڤین پرێس هەواڵێک بڵاوبۆتەوە کە لە دێڕەکانیدا گەورەترین سوکایەتی بە بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای کوردستان دەخوێنرێتەوە. هەواڵەکە دەڵێ گوایە سەرۆکی پەرلەمان کەمال کەرکوکی گوتوویەتی ئەندام پەرلەمانی وا هەیە کە پێشتر تەباخ بووە و ئەگەر دوو پاسەوانی لەگەڵ خانەنشین بکرێت، دەبێ سبەی لەبەردەم مەتبەخ پاسەوانی بکەن. سایتی لڤین لەم بابتەوە پەرلەمانتارێکی یەکێتی کە ناوی ئازاد گۆرانە دوواندووە و وا دیارە بەڕێزی ئەمە بە توانج دەزانێ و دەڵێ: "من پێم وایه‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی‌ ئێستا که‌ هه‌ریه‌که‌یان له‌لایه‌ن حزبه‌که‌ی‌ خۆیه‌وه‌ نێردراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ توانا و شاره‌زایی‌ بوارێکدا نێردراوه‌، هیچ کام له‌وانه‌ ته‌باخ نه‌بوون " پاشان داوا دەکات کە سەرۆکی پەرلەمان لە حزبەکان بپرسێتەوە بزانێت ئەو حزبە چ حزبێکە تەباخ بنێرێتە پەرلەمان. لە کۆتاییشدا زۆر بە ڕاشکاوی ئەندام پەرلەمانی ناوبراو دەڵێ: "ئه‌مه‌ به‌ ئیهانه‌یه‌کی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌رۆکی‌ په‌رله‌مان ده‌زانم به‌ په‌رله‌مانتاران. ".


ئاشکرایە کە خودی سایتی لڤین پرێسیش مەنتقێک لە قسەکانی کاکی پەرلەمانتاردا دەبینێت، بۆیە وا بێ پرسیارو وەڵام لەسەر ئەو دێڕەی کۆتایی قسەکانی بە جێی دەهێڵیت. تەواوی هەواڵەکەش ئەگەر مانای ناو ئەو دێڕەی لێ دەرکێشیت هیچ بایەخێکی نامێنێت. ئەگەرچی بێباکی سایتی لڤین لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵەدا جێگای ڕەخنەیە، بەڵام ئەوە دەزگایەکی ڕاگەیاندنە و ناکرێت لەسەر بێ هەڵوێستی یەخەی بگیرێت. بەڵام بەڕاستی کارەسات نییە کەسێک کە خۆی بە نوێنەری خەڵک دەزانێت و ئەندامی حزبێکی گوایە "سۆشیال دیموکراتە" بەو جۆرە تەباخ بوون و کریکار بوون بە شانکورتی و سوکایەتی بۆ پەرلەمانتاران بزانێت؟


ئەمە چ فەرهەنگێکە کە ئەم جەنابانە وا لێ دەکات خۆیان پێ لە کەسانی ئاسایی باڵاتر و شایستە تر بێت و ئاماژەکردنێکی ناڕاشکاوی سەرۆکی پەرلەمان لە دیداری لەگەڵ گۆڤاری سڤیلدا http://www.civilmag.com/news/Siasyi/S%2092/kamal%20karkuke%20dddddddddddddddddddddddddd/index.php  بەوەی ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان یەکێکیان تەباخ بووبێت بە سوکایەتی گەورە بزانن. ئەم گیانە ئۆرۆستۆکراتیە، ئەم لوتبەرزی و خۆبەزلزانی و کارگەر و تەباخ بە بچووک زانیە زادەی چییە؟ دیارە تەنانەت ئەگەر پەرلەمانتارانی ئێمە هەموشیان لە یاسا و زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا پرۆفیسۆر بوونایە و هەریەکەیان خاوەنی سەدان پرۆژە یاساش بوونایە، مافی ئەوەیان نەبوو کە پلەو پایەی خۆیان وەک ئەندامی پەرلەمان بە شایستەی کرێکارێکی ماندووی ئەم وڵاتە نەبینن، چ جا بگا بەوەی هاتنی بۆ ناو پەرلەمان بە شانکورتی بۆ پەرلەمانەکەیان بزانن. بەڵام ئاخر خۆ هەموومان پەرلەمانتاران دەناسین و پەرلەمانەکەش ئاشکرایە چۆنە و هەموو کەس دەزانێت بەرهەم و هونەرەکەی چییە، ئیتر ئەم لوتبەرزی و خۆبەشتزانیە لەپای چی؟


گەر بهاتباو ئەم جۆرە دەربڕینانە لەدەمدەرچونێک و کردەوەیەکی بێ پێشینە بووایە، ڕەنگ بوو هێندە بایەخدار نەبوونایە کە کات و توانایان بۆ خەرج بکەین. بەڵام بەو پێیە کە ئەمە جاری چەندەمینە کەسانێکی ناو دەسەڵات بەم جۆرە سوکایەتی بە کارگەرانی کوردستان دەکەن، مەسەلەکە جیاوازە. چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەم جۆرە سوکایەتیە ئاشکرایە لە دەمی یەکێک لە کادرەکانی ڕاگەیاندنی پارتیەوە داکەوت، کە خەڵکی هەژاری کوردستانی بە سەگ چواند و گوتی "هەر ئەوەندە بێ دەنگن کە نانیان دەدەیتێ." پاشان ڤێرژنێکی تۆزێک کاڵتری ئەم جۆرە سوکایەتیە لە زمانی سەرۆک وەزیرانی کابینەی پێشوو، نێچیروان بارزانیەوە، گوترایەوە کاتێک ڕایگەیاند کە کرێکارانی کوردستان تەمەڵن. دوای ئەوەش کادرێکی تری ڕاگەیاندنی پارتی ئەو "فەرمایشتەی" نێچیروان بارزانی تیئوریزەکرد و ڕایگەیاند کە بە "پێی شایەتی چاودێرە بیانیەکان کورد میللەتێکی تەمەڵ و بێ بەرهەمە.".


وەڵامی کادرەکەی یەکەمی پارتی، لە کاتی خۆیدا، بە کەمپینێک درایەوە و سەرەنجام ڕیسواییەکی باشی بە نسیب بوو و پەڵەیەک کەوتە سەر مێژووی کە وا سادە کاڵ نابێتەوە. ئەوەتا لەگەڵ هەر ڕووداوێکی هاوشێوەدا بیرمان دەکەویتەوە. لەسەر سوکایەتی و هێرشەکەی نێچیروان بارزانیش نووسەری ئەم دێڕانە هەر چەند ڕۆژ دوای لێدوانەکە لە هەفتەنامەی هاوڵاتیدا وەڵامی دایەوە و پێی گوت کە 'کاتێک لەسەر کرێکار دەدوێت پێویستە بە ڕێزەوە بدوێت.' وەڵامی کادری دووەمیش درایەوە و لەسەری نووسرا و بۆی ڕوونکرایەوە کە ئەو چاودێرە دەرەکیانەی ئەو باسیان دەکات یان خۆیان شۆڤێنیستی تورکن، یان ئەگەر خۆیان وا نین ئەوا بۆچوونەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەوانەی شۆڤێنیستەکانە. سەرەنجام دەکرێت وەڵامی ئەم پەرلەمانتارەش بدرێتەوە. بەڵام بە ڕاستی ئەمە تاکەی دەبێ بەردەوام بێت؟ تا کەی دەبێت ئێمە گوێمان لەم جۆرە ئیهانە و سوکایەتیانە بێت و خەریکی ناڕەزایی دەربڕین بین و خەریک بین یەک یەک ئەم برادەرانە فێری ڕێزگرتن لە خەڵکی کرێکار و ماندو و خێرنەدیوی کوردستان بکەین؟


ئەم جۆرە دەربڕینانە کە بەو جۆرە دووبارە دەبنەوە، دەبنە دیاردە. دیاردەیەکی دزێوی لەم جۆرەش وەک هەر دیاردەیەکی تری نەخوازراوی کۆمەڵایەتی، هەم پێویستە ڕەگ و ڕیشەکانی دیاری بکرێن، هەم میکانیزمی گونجاو بۆ بەرپێگرتن و کەمکردنەوەی ئەگەر بنەبڕکردنیشی نەبێت بدۆزرێتەوە. دیارە ناسینی ڕەگ و ڕیشەکانی ئەو دیاردەیە بۆ خۆی ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لەوەی چ جۆرە ڕێگاو ڕیچکەیەک بۆ بنەبڕکردنی بگرینە بەر. بەڵام لەم کورتە نوسینەدا من نە بواری ئەوە دەبینم کە لەسەر ئەم بابەتە بدوێم و نە دەمەوێت کاردانەوەی دەستوبرد بەو دیاردەیە لەسەر ساغبوونەوە لەسەر هۆکارەکانی بووەستێت. هەر بۆیە لێرەدا زۆر بە سادەیی دەڵێم: سوکایەتی بە کرێکاران و خەڵکی هەژاری کوردستان لەلایەن تاکەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە دەبێ دەستبەجێ ڕابوەستێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگیرێت.


بۆ ئەمەش پێشنیار دەکەم کە کەمپینێک لە دژی ئەو لێدوانەی گۆران ئازاد دەست پێ بکات کە ئەم خواستانەی تیا بەرزبکرێتەوە:


یەکەم/ گۆران ئازاد سەبارەت بەو لێدوانەی داوای لێ بوردن لە کرێکارانی کوردستان بکات و بەڵێن بدات کە بە هیچ جۆرێک دووبارەی ناکاتەوە.
دووەم/ پەرلەمانی کوردستان بەیانێک لەسەر ئەو لێدوانەی گۆران ئازاد دەربکات و سەرکۆنەی هەر جۆرە سوکایەتیەک بە کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بکات. بەو پێیە کە پەرلەمان خۆی بە نوێنەری خەڵکی کوردستان دەزانێت، کەچی ئەندامێکی بە ئاشکرا تەباخی و کارگەری بە سوکایەتی دەزانێت و بەو جۆرەش تەوهین بە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای کوردستان دەکات، پێویستە هەڵوێستی خۆی لەو بابەتەوە ڕونبکاتەوە.
سێهەم/ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حزبی و ئەهلی لە کوردستان لەسەر بڵاوکردنەوە و برەودان بەو فەرهەنگە ئاگاداربکرێنەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
چوارەم/ پەرلەمان یاسایەکی تایبەت بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی دەسەڵات و کەسایەتی گشتی کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەنوینن پەسەند بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.


سەرەنجام تەنها پەشیمانی پەرلەمانتار گۆران ئازاد و ئەوانەی ئەو جۆرە سوکایەتیە دەکەن بۆ سەرکەوتنی ئەم کەمپینە بەس نییە. ئەو بەڕێزانە کە لە سەنگەری دەسەڵاتەوە بەو بێباکیە تەوهین بە کرێکاران و خەڵکی ماندو و زەحمەتکێشی کوردستان دەکەن و سەرەڕای چەند جار ئاگادارکردنەوە و خوازیاربوون لێیان کە بە زمانێکی دوور لە تەوهین سەبارەت بە کرێکاران بدوێن، بەڵام ئەم کردارە دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە، بە ناچار دەبێ بە یاسا وادار بکرێن کە دەست لە سوکایەتی کردن بە بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای کوردستان هەڵگرن.


من لێرەدا بانگەوازی هەموو هەڵسوڕاوە کرێکارییەکان و تەواوی ئازادیخوازان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەم، کە لەو کەمپینەدا بەشداری بکەن و هەوڵی هەڵخڕاندن و کۆکردنەوەی گەورەترین هێز بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕیگاگرتن لەو ڕەفتارانە بدەن. کرێکارانی هۆشیار ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە پارێزگاری و داکۆکی لە حورمەت و کەسایەتی ئینسانی کارگەران یەکێک لە ئەرکە هەمیشەییەکانی سەرشانیانەو مافێکیشە کە بە بێ ئەوە نە هیچ مافێکی تری کرێکاران مانای هەیە و نە بەدەستیش دێت.


لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە ئەم کەمپینە لە دژی کەسایەتی پەرلەمانتار گۆران ئازاد نییە. بەڵکو لە دژی ڕەفتار و فەرهەنگێکە کە لە لێدوانەکەی ئەودا نموونەیەکی دەبینین.

 

ماڵپه‌ڕی شه‌ماڵ عه‌لی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک