په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٢

چۆن سەرۆکایەتییەکی هەرێممان دەوێ بۆ کوردستان؟


عەلی مەحمود محەمەد   


من ئەو بەشەی پەیوەستە بە ئایندەی کوردستان لەوەی سستەم سیاسی داهاتووی کوردستان پەرلەمانی بێت وەک توونس ،یان سەرۆکایەتی بێت وەک ئەمەریکا،یاخود تێکەڵە بێت وەک فەرەنسا، بۆ یاسا ناسان و بە دواداچوونی ئەوان بەجێ دەهێڵم ،گرنگ ئەوەیە سستەمێک بێت لە گەڵ قۆناغی تێکۆشانی ئەمڕۆی گەلەکەمان لەوەی هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە و سەقامگیرکردنی دیموکراسیەت لە رەخساندنی هەل بۆ سەرجەم لایەنەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بەرینکردنەوەی ئازادییەکان بگونجێت.


سەرۆکایەتی هەرێم لە کوردستان ،وەک یەکێک لە دەزگاکانی راپەڕاندن لە پاڵ ئەنجومەنی وەزیران زۆر گرنگە بە دامەزراوەیی بکرێت وەک ئەو شێوە هەرج و مەرجەی ئێستا هەیە لە کارەکانیدا لە هەرێمی کوردستان ،مرۆڤایەتی سەردەمی سەرکردەی نەتەوەیی هەتا هەتایی تێپەڕاندووە، هەنووکە قۆناغ قۆناغی شەرعیەتی دەنگدان و بە دامەزراوەیکردنی جومگەکانی فەرمانڕەواییە،سەرۆکایەتی هەرێمیش لە رێگەی شەرعیەتی دەنگدانەوە بەدەست دێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە دەستوور دیاری دەکات ،نەک شەرعیەتی شۆرشگێڕانە وەک سەرۆکی نەتەوەیی کە لە رابردوودا هەبوو،بۆ ئەوەی بە رۆڵی راستقینەی خۆی هەڵبستێت و دەسەڵاتەکانی جێبەجێ بکات و مافەکانی هاووڵاتیان بە یەکسانی دابەش بکات و زەمانەتی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی بکرێت بۆ کەسی هەڵبژێردراوی دواتر ،بەم هۆیانەوە زۆر گرنگە ئەم جومگە گرنگەی فەرمانڕەوایەتی بە دەزگایی بکرێت.


هەنووکە سەرۆکایەتی هەریم ماندوترین دەزگای راپەڕاندنە لە هەرێمی کوردستان، تا هەنووکە هیچ وێنایەکی دەزگایی وەرنەگرتووە لە کارو هەیکەلدا،هاووڵاتیان هەست بە بوونی ناکەن لە فەرمانڕەوایی کوردستاندا، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا:


- کۆشکی سەرۆکایەتی نییە، شوێنێکی دیاریکراو جگە لە نووسینگەیەکی پەرپووت نەبێت .
- جێگیری سەرۆکی هەرێم بەشێوەیەکی کۆمیدیانە داندرا و هیچ هەیبەتێکیان پێ نەبەخشی.
-بودجەی هەرێم و موچەی سەرۆک ... دیار نییە .
- سەرۆکی هەرێم تا ئێستا لەناو بارەگای پارتەکەی و خێزانەکەی لە پیرمام دەوام دەکات لە بری ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بێتە پایتەخت و لە کۆشکی سەرۆکایەتی بێت .
-بە یەکسانی مامەڵە لە گەڵ هاوولاتیان و دابەشکردنی مافەکان بە یەکسان بەسەر هاوویاندا ناکات.
من پێشنیاری چەند تایبەتمەندیەک دەکەم کە پێویستە لە سەرۆکایەتی هەرێمدا هەبێت، کە بریتین لە :
- سەرۆکی هەرێمی وەک ئەو ناوەی لە دەستوردا بۆی دیاریراوە، هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن بۆی نەبێت دەستکاری ناولێنانەکە بکات،سزا بۆ پێشێلکارانی دیاریبکرێت ،سزاکان دوبەرامبەر بکرێتەوە ئەگەر کەناڵی راگەیاندنەکە هەر نزیکیەکی لە گەڵ سەرۆکی هەرێمدا هەبێت.
- سەرۆکی هەرێم لە کۆشکی سەرۆکایەتی کە لە پایتەختی هەرێم درووست دەکرێت دەوامی فەرمی خۆی دەکات.
- سەرۆکی هەرێم لە ماوەی سەرۆکایەتیدا لە ئەندامەتی پارتەکەی دەکشێتەوە ئەگەر ناوبراو کەسێکی حیزبی بوو .
- سەرۆکی هەرێم لە ماوەی سەرۆکایەتیدا نابێت پەیوەندی بە هیچ پارت و لایەنێکی سیاسیەوە بکات.
- سەرۆکی هەرێم لە ماوەی سەرۆکایەتیدا نابێت هیچ پارتێکی سیاسی دابمەزرێنێت، نفوزی سیاسی بۆ پێک هێنانی لایەنی سیاسی بەکار بهێنێت.
- نا بێت هیچ کەسێکی نزیکی لە حکوومەتدا پۆست وەربگرێت .
- سەرۆکی هەرێم هەفتانە رۆژێک کاتەکانی تەرخان بکات بۆ بینینی هاووڵاتیان بێجیاوازی .
- نابێت کەسوکاری سەرۆکی هەرێم راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری چالاکی ئابووری حکوومەت بکەن .
- سەرۆکی هەرێم پێویستە داهاتی خۆی لە سەرەتای دەستبەکار بوون و دوای تەواو بوونی وادەکەی ئاشکرا بکات و راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ نابێت هیچ چالاکیەکی ئابووری ئەنجام بدات.
- ستافی کارگێڕی سەرۆکایەتی هەرێم فەرمانبەری دائمی دەزگاکەن و لەسەر بنچینەی لێوەشاوەیی دیاریدەکرێن.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک