په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٦

چۆن یادی شەهیدە نەمرەکان بەرز رابگرین؟


جەلال دەباغ     


کاروانی شەهیدانی گەلی کوردستانمان ساڵ لەدوای ساڵ گەورەترو مەزنتردەبێ، ئەگەر تەنیا سەرنجی مێژوی خەباتی هاوچەرخمان بدەین دەبینین کە ئەم گەلە کۆڵنەدەرو شۆڕشگێڕەمان، نەبەزانە، رووبەڕووی داگیرکەران و رێژیمە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکان و سوپاو دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان بۆتەوەو قوربانی گرانبەهای بەختکردووە کە ژمارەیان لە سەدان هەزار کەس تێپەڕی کردووە.


ئەنفالەکان و گۆڕە بە کۆمەڵەکانی پتر لە ٨٢هەزار کەس لە گەرمیان و ناوچەکانیترو ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی و کۆمەڵکوژیەکانیترو بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجەو ناوچەکانیتر، رەشەکوژی و کوشتنی هەزارانیتر لە نیشتیمانپەروەرانی پێشکەوتنخواز لە زیندانەکان و لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەداو لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان ورابوون و شێوازەکانی دیکەی خەباتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆری کیژو کوڕانی ئەم گەلەی کردە لەشکری قوربانی.


لەم ساڵانەی دواییشدا، لەگەڵ هەڵگيرسانی شەڕی تێرۆریستانی داعشدا کە پێشمەرگە قارەمانەکانی گەلەکەمان رووبەروویان بوونەوەو خاکی کوردستانیان لە شەڕوشۆڕی جانەوەرانی داعش پاراست و لەسەر بەرەنگاربوونەوەیان بەردەوامن، ژمارەیەکی زۆر لە رۆڵەکانی گەل چوونە ریزی نەمرانەوە.


جابۆ رێزگرتن لە دەستەیەک لەم شەهیدانە، هەندێ حزب و لایەن و رێکخراو، یان کەس و کاری شەهیدان چەندان وێنەو دیوارەوێنەی شەهیدانیان لەسەر رێگەکان و بەتایبەتی لەنزیک زاڵگەکانەوە بەرزکردۆتەوەو دامەزراندووە کە ئەمانە بەپێی وەرزەکانی ساڵ بە رەشەباو باوبۆران و سەرماو گەرماو خۆڵبارین و تەپ و تۆز تێکدەچن و زیانیان پێدەگات و، چاکردنەوەیان هەموو ساڵێک خەرجیەکی زۆری دەوێ، وێڕای ئەوەی دیاردەیەکی ناشارستانیەو لەگەڵ شان و شکۆو پایەی بەرزی شەهیدەکانماندا ناگۆنجێن.


ئەو شێوازە هەرچەند بەرفراوانبێ، ناکرێ گشت شەهیدان بگرێتەوە.


ئەی چۆن یادی ئەوشەهیدە سەربەرزانەی گەلەکەمان بەرزڕابگرین؟


دەبێ ئێمەش وەکو چەندان گەلی دنیا بکەین کە بەسەدان هەزارو بگرە بە ملیۆنان شەهیدیان لە جەنگە جیهانیەکان و خەباتی رزگاریخوازییاندا بەخشیوە. زۆر لەوگەلانە لە پایتەخت و شارە گەورەکانی وڵاتەکەیاندا مۆنومێنت یان مەزاری سەربازی ون یان پەیکەری مەزنی یادەوەرییان بۆ شەهیدان دروستکردووەو هەندێجار لیستی ناوی شەهیدانیان لەسەر نووسیون.


هونەرمەندانی وڵاتەکەش بۆ ئەو مەبەستە داهێنانی هونەریی جوانیان کردووەو مۆنومێنتی شەهیدانیان بوونەتە دیاردەیەکی گەورەی شارستانی و، بەرێگەی ئەو مۆنومێنتانە یادی شەهیدانیان، بەبێ جیاوازی بەرزراگرتووە. چین و توێژەکانی گەل دەستەکانی نوێنەرایەتی چەپکەگوڵ و تاجەگوڵێنەیان خستۆتە سەرئەو مۆنومێنتانە.


بۆ کورستانیش هەر ئەم شێوازە بۆ بەرزراگرتنی یادی شەهیدانی گەل شێوازێکی شارستانی و راستە، ئەگەرچی کۆمەڵانی خەڵک سەربەستن بەهەر شێوازێک يادی شەهیدان بکەنەوە، بەڵام شێوازی دروستکردنی مۆنومێنت لە شارە گەورەکاندا باشترين یادکردنەوەی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانەو، نە تەنیا لەناوخۆدا، بەڵکو لەسەر ئاستی وڵاتان و نێودەوڵەتی ئەو دەستانەی نوێنەرایەتی کە دەگەنە کوردستان و هەموو ئەو لایەنە بییانیانەی دێنە کوردستان تاجەگوڵینە دەخەنە سەر مۆنومێنتی شەهیدان و وتاری خۆیان لەسەر ئەو مەزارو مۆنومێنتانە پێشکەشدەکەن.


بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە زووترینکات بەپێی نەخشە و پلان و پڕۆژەی تايبەتی ئەم مۆنومێنتانە دروست بکەن کە بە جوانترێن شێواز یادی شەهیدان بەرزرابگیرێت.


ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک