په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠٢٢

چۆنیەتی نووسینی چیڕۆک بۆ منـداڵان.


رەزا سـاڵح       


چیرۆکی منداڵان، گرنگترین و کاریگەرترین لقە لە لقەکانی ئەدەبی منداڵان. گرنگترین سەرچـاوەی رۆشـنبـیریی منـداڵانە. گـرنگـترین هـۆکـاری فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵانە. چیڕۆک دەرگاکانی ژیان لەسەر منداڵان دەکاتەوە. منداڵان لە رێی چیرۆکەوە، فـێری کـۆمـەڵێک بەهـای جـوان و بەرز دەبـن. لە کـتێبی (رۆشـنبیریی منـداڵان) دا، بە دڕێـژی باسم لە گـرنگـییەکانی چیڕۆک بـۆ منـداڵان کـردووە.


کەسانێکی زۆر پێیانـوایە، کە نووسینی چیڕۆک بۆ منـداڵان، کارێکی سووک و ئاسانە. بەڵام لە راستیدا بە پێچەوانەی بۆچـوونی ئەم کەسانەیە. نووسینی چیڕۆک بۆ منـداڵان کارێکی هـەڕەمەکی و ئاسان نییە. لە نووسینی چیڕۆک بۆ گەورەکان گـرانترە. لە زۆر رووەوە، جیـاوازی هـەیە لەگـەڵ نـووسـینی چیڕۆک بـۆ گـەورەکان. چـونکە منـداڵان تایبەتمەنـدی خۆیان هەیە و جیهانی منـداڵان لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.

نووسینی چیڕۆکی باش بۆ منـداڵان، سەرەڕای بـوونی بەهـرە و لێهاتـوویی و ئارەزوو، پێـویستی بە خـەیـاڵـێکی فـراوان هـەیە. پێـویسـتە چیڕۆکـنووسی منـداڵان شارەزاییەکی باشی لە قـۆنـاغـەکـانی منـداڵـیدا هـەبـێـت. شـارەزایی زمـانی منـداڵان بێـت، تا بتـوانێـت بچـێـتە نـاو جـیهـانی وەنـەوشـەیی و ئەفـسوونـاوی سـەیـر و سەمـەرەیـان، کـە پـڕە لە هـیـوای سەوز و لە راز و نیازی پاک و لە خۆزگە و لە خەونی شـیرین. لە زەردەخـەنە و لە پـێکەنـین، جـیهـانـێکە سـەرتـاپا لە پـاکی و بێتـاوانی و جـوانی. ئەوسـا دەتـوانێـت لە سـروشـتی ژیـانی راسـتی و لە زمـانی شـیریـن و سـاکار و لە تایبـەتـمەنـدییـەکـان و لە سەرچـاوە هـەستییەکانی منـداڵان بە باشی تێـبگەیت. چیڕۆکنووسی سەرکەوتـووی منـداڵان، پێـویستە نوێخـواز و داهـێنەربێت و تـوانـای گـۆڕیـنی چـەمکە جیـاوازەکـانی هـەبێـت، وەکـو: چـاکە، خـراپە، تـونـدوتیـژی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی... هـتد.

پراکتیزەکردنی نووسین لەم جۆرە ئەدەبیاتە، پێویستی بە تێڕامانێکی ورد و درێژخایەن و بە هەڵـبژاردنی شـێوازێکی ئاسان و بە زمـانێکی ناسک و شـیرینی دەقـەکانی هـەیە.

زۆر لـەو چیڕۆکنووسـانەی کە تـازە دەچـنـە نـاو جـیهـانی بەریـنی نووسـینی چیڕۆکی منـداڵانـەوە، دادەمێـنن و ئـەوە بـە خـەیـاڵـیانـدا دێـت، کـە لـە کـوێـوە دەسـت پـێـبکەن؟ ئیـلهـام لە چـیـیەوە وەربگـرن؟

گـەر تـۆ ئـارەزووی نـووسـینی چیڕۆکـت بـۆ منـداڵان هـەیە و پێـویستـیـت بە هـەنـدێ رێنمـایی پێویست هـەیە. پێش ئەوەی دەست بە نووسینی چیڕۆک بۆ منـداڵان بکەیت، پێـویسـتە ئـەم خـاڵانە بـزانـیـت و لەبەرچـاویـان بگـریـت:

١ـ پێویستە ژمارەیەکی زۆری چیرۆکی هەمەچەشنەی منداڵان بخوێنیتەوە. لە شێوازی چیڕۆکنووسە ناسراو و بە ئەزموونەکان ئاشـنابیت. لەکاتی نووسینی چیڕۆکەکانت بۆ منـداڵان سوودیان لێوەربگـرە. بەڵام ئەمـە ئـەوە ناگـەیەنێـت، کە لاساییـان بکەیتـەوە.
٢ـ ئیـلهـام بۆ بیرۆکەی چیڕۆکەکانت، زۆرە و لە هەموو شوێنێکدا هـەیە، تەنیا ئەوەی دەوێت کە بزانیت چـۆن دەیـدۆزیتـەوە. دەکرێت لە رووداوێک یا هـەڵوێستێکی منـداڵیی خـۆت، یا لە بیـرەوەرییـەکانی رابـردووی ژیـانـت یان لە سـەرنجـدانی ورد لـە رووداوە راسـتییەکـانی ژیـانی رۆژانـەی دەوروبـەرتەوە ئـیلهـام وەربگـریت. دەکرێـت یەکـسـەر ئیلهـامی بابەتێکی داهـێنانی تـازە بە خەیـاڵـتـدا بێـت. یا لە خـوێنـدنەوەی داسـتانێک یا چیڕۆکێکـی فـۆلکلۆری یا ئەفـسانەییەوە ئیلهـامـێکی باشت بۆ بێـت. ماڵپەڕ و مەکـۆی زۆریش هـەیە، کە تایبەتـن بە یارمەتیـدانی نووسەران بۆ پەرەپێـدانی بیـرۆکەی نـوێ.
٣ـ بۆ پێکهـێنانی بیرۆکەیەکی گشتی سەبارەت بە چیرۆکەکەت. چەندین جار لە هـزرتدا تاووتـوێ و گەڵاڵـەی بـکە، لەگـەڵ گەیـشـتـنت بـەو بیـرۆکەیەی کە بە لاتـەوە جـوان و پەسـەنـدە، تـوانـای نـووسینی ئـەم بابـەتەت دەبێـت.
٤ـ پێش ئەوەی دەست بە نووسینی چیرۆکەکەت بکەیت، پێویستە نەخشەیەک دابڕێژیت کە هەموو مەرجە سەرەکییە پێویستییەکانی نووسینی چیرۆک بۆ منـداڵان لەخۆبگرێت.
٥ـ سەرنـاوێکی خـۆش و ئاسـان و سـەرنجـڕاکـێش بـۆ چیڕۆکـەکەت دابـنێ، کە لەگەڵ ناوەڕۆکی چیڕۆکـەکەتـدا بگـونجـێـت.
٦ـ ئەوەش زۆر گـرنگە کە بـزانیـت چیڕۆکـەکەت بـۆ چی قـۆنـاغـێکی تەمـەنی منـداڵی دەنووسیت. بەکاهـێنانی شێواز و زمانێکی گونجاو و لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکان و تایبەتـمەنـدییەکانی هـەر قـۆنـاغـێکی تەمـەنی منـداڵی، لە هـەمـوو روویـەکـەوە بـزانە کە چین. تا بتوانیت چیرۆکێکی شایستە بۆ منداڵانی ئەو قۆناغە بنووسیت کە دەتەوێت.
٧ـ دوای دیاریکـردنی شـتە سەرەکییەکانی ناو چیڕۆکەکە، بە متـمانە بەخـۆبـوون و بە گەشبینییەوە، بە ریزبەندییەکی لۆژیکییەوە بەم شێوەیە دەست بە نووسینی رەشنووسی چیڕۆکـەکەت بـکە: دەسـتپێکـردنی پێـشەکی چیڕۆکـەکەت بە دەســتەواژەیـەک یـان بە رسـتەیەکی سەرنجـڕاکـێش دەست پێـبکە. بۆ ئەوەی لە سەرەتـاوە منـداڵانی خوێنـەر یا گوێگر بە لای خۆیدا رابکێشێت و مەیـلی خوێندنەوەی بکەن. ئەوەش بزانە کە چیرۆک پلـۆت و سەرەتا و ناوەنـد و کۆتایی هـەیە، هەریەکەش لەم بەشانە مەرجی پێویستییان هەیە. فۆرم و ناوەڕۆکیش دوانەن و تەواکەری یەکترین. یا گیانێکن لە دوو جەستەدان، یا هەردوو باڵێ چیڕۆکن. پێویستە هاوسەنگییەک لە نیوان فـۆرم و ناوەڕۆکی چیرۆکی منـداڵانـدا هـەبێـت. بەڵام هـیچـیان مەکە بە قـوربانی ئەوی تـریان.
٨ـ چیرۆکنووسی منداڵان، بۆ نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان، پێویستی بە بیرکردنەوەی قـووڵ و بە خەیاڵێکی فـراوان هـەیە. چونکە خەیـاڵ رەگەزێکی گرنگە لە چیڕۆکـدا.

گرنگترین هەنگاوەکانی نووسینی چیڕۆک بۆ منداڵان.

گـرنگـترین بنەمـا و سـتراتـیژی و پێـویستیـیەکـانی نووسینی چیڕۆک بۆ منـداڵان، بە چـڕی و بە کـورتی، لەم هـەنـگاوانـەدا باسـیان دەکەیـن:

١ـ دیاریکـردنی تەمەنی منـداڵان: کاتێک کە چیڕۆکنووس بیەوێت چیڕۆکێکی گونجاو بۆ منـداڵان بنووسـێـت، پێـویسـتە بە تـەواوی ئـەو تەمـەنە منـداڵـییە دیـاری بـکات کە کردوونی بە ئامـانج و چیڕۆکەکەیان بۆ دەنووسێت. بۆ نموونە منـاڵانی تەمـەن نێـوان (٣ ـ٧) سـاڵان، بە تەمـەنـێکی تایبـەتی و بە قـۆناغـێکی خـەیـاڵی منـداڵان دادەنـرێـت. منـداڵانی ئـەم قـۆنـاغـە، بە زۆری هـۆگـری چیڕۆکی خەیـاڵئامـێزن. بە تایبەتـیش ئەو چیرۆکانەی کە پاڵەوان و کارەکتەرەکانیان ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەختن. بە مەرجێک لە ژینگەیـانەوە نـزیکـبن. بەڵام منـداڵانی تەمـەن نێـوان (٨ ـ١٠) سـاڵان، جیـاوازن و کەمـتر خـەیـاڵـین و بە زۆری هـۆگـری ئـەو چیڕۆکانـەن کە راستـین یا لە راسـتییەوە نـزیکن. حەز بەو چیڕۆکانە دەکـەن، کە پاڵـەوانە سەرەکـییەکانیـان منـداڵانـن. کەواتە ئـارەزوو و تـوانـای تـێگەیشـتـنی منـداڵان لە چیڕۆک، بە پـێی قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منداڵان جیاوازە. بۆیە پێویستە نووسەرانی چیرۆکی منـداڵان لە سەرەتاوە، لە هەموو روویـەکەوە شارەزاییان لە رەهـەنـدەکانی قـۆنـاغـەکانی منـداڵی هـەبێت. بە تایبەتیش لەو تەمـەنەی کە چیڕۆکەکـانیان بۆ دەنـووسـن.
٢ـ دیـاریکـردنی بیـرۆکە یا ئامـانجی سـەرکـیی چیڕۆک: بیـرۆکە بەشـێکی گـرنـگ و بنەڕەتییە لە چیرۆک. کە چیرۆکەکە بە دەوریدا دەسووڕێتەوە. دەکرێت تۆی نووسەر لەسەر هـەربابەتـێک چیڕۆک بۆ منـداڵان بنووسـیت. ئەو بەهـایە دیـاری بکەیـت کە دەتـەوێـت بیکەیـت بە ئامـانجی چیڕۆکەکەت. وەکو، هـاوڕێـتی، دڵسـۆزی، نیـشـتمان پەروەری، خۆشەویستی، ژینەپارێزی، قارەمانێـتی، هـاوکاری، لێبووردن، راستگۆیی، .. هـتد. پێـویستە بە وریاییەوە و لە روانگەی منداڵانەوە روونی بکەیتەوە. وا باشترە کە لە چیرۆکێکدا، لە یەک بیرۆکە زیاتر نەبێت. تا منداڵان ئاڵۆز نەکات. لە هەڵبژاردنی بیـرۆکەی چیڕۆکەکەتـدا، تایبـەتییە دەروونییەکـان و سـۆزداری و تـوانای وەرگـرتن و زمـان و تێگەیشتن و گەشەکـردنی قـۆنـاغـەکانی منـداڵیەتی لەبەرچـاوبگـرە.
٣ـ گـرێ و بلـۆت لە چیڕۆکـدا: بریتە لەو کێشە و ئاریشـەیە، کە پاڵەوانی چیرۆکەکە دەیەوێـت چارەسەری بکات، یان رووبەڕووی بێتەوە و چارەسەری گونجـاوی بکات.
٤ـ ئامانج یا بەهـای چیڕۆک: ئەو بەهـا یا مەبەست و ئامانجە دیـاری بکە کە لەپشت چیڕۆکەکەتەوەیە، کە دەتەوێت بیهـێنیتەدی. لە میانەی چیرۆکەکەتەوە چی پەیامـێکت هـەیە، کە دەتـەوێـت بە منـداڵانی بـگەیـەنیـت. واش مـەکە چیڕۆکـەکەت لە بەهـایەک زیـاتر لەخـۆبگـرێـت. چـونکە سەرقـاڵـت دەکات و چیڕۆکەکەشـت یەکگـرتـوویی خـۆی لەدەست دەدات. بۆیە پابەنـدی یەک ئامانج بە. ئامانجەکەشت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و داهـێنەرانە بە منداڵان بگەیەنە. وەک گەورەکانیش لە گەڵ منـداڵانـدا قـسە مەکە. یان بە گەمـژەیان تـێمەگە. بە هـەنـدیان بـزانە، چونکە منـداڵان هەست بە زۆر شت دەکەن.
٥ـ هەڵـبژاردنی پاڵەوانی سەرەکی و کارەکتەرەکان (کەسایەتییەکان): پاڵەوانی چیرۆک، ئـەو کـارەکـتەرە سـەرەکـیـیەیە، کە دینـەمـۆی رووداوەکـانە و چیڕۆکـەکە بە دەوریـدا دەسووڕێتەوە. بۆیە پێویستە بە باشی هەڵبژێـرێت، خەسڵەتی باشی هەبێت. نووسەری چیرۆکی منداڵان دەتوانێت کارەکتەری راسەقـینەی جیاوازی منداڵان یا بە ساڵاچوان لە هـەردوو رەکەز کە لە ژیانـدان بەکاربهـێنێـت. مەرجیـش نییە پاڵەوان و کارەکتەرەکان مـرۆڤ بن، دەکرێت ئـاژەڵ یان باڵـندە یا دار و درەخـت بن. باشتر وایە، کە سـیمایەکی تایبەتی بە پاڵەوانی سەرەکی چیڕۆکەکەت بـدەیت، وەکو: بوونی نیشانەیەک یا خاڵـێک لە دەمـوچـاویـدا، یا سـتایـلێکی جیـاوازی قـژی، یان شـێوەیەکی جیـاوازی جـلـوبـەرگ لەبەرکردنی، یان جیاوازی لە رۆیشتـنی یان جیاوازی لە قـسەکردنی، یان جیـاوازی لە پێکەنیـنی، ..هـتد. سەرەڕای هـەنـدێ خەسـڵەت و تـایبـەتـمەنـدیی پاڵـەوانی سـەرەکي چیڕۆکەکە، وەک: میهـرەبانی، ئازایی، دڵسـۆزی، بە ئەمەکی، خـۆڕاگری، هـاوکاری، چاکەخوازی، فریاڕەسی، زیرەکی، رووخۆشی،.. هـتد. منداڵان هەوڵدەدەن لاسایی ئەو پاڵـەوانانە بکەنەوە کە لە چیڕۆکەکانـدان. پێـویستە ناوەکانی پاڵەوانەکان کـوردی بن. باشـترە کە نـاوە تـازەکان بخـرێنە چیڕۆکەوە. ئاساییشە کە کارەکتەرەکـان، لە رووی قـەوارە و رەنـگ و شـێـوە جیـاوازبـن، کچـبـن یـا کـوڕبـن، سـادەبـن یا شـازادەبـن، هـەژاربـن یا دەوڵـەمەنـدبـن. سـپی بـن یا ئەسمەربـن. منـداڵان فـێری قـبووڵکـردنی جیاوازییەکان دەبن. ناشبێت چیرۆکنووس کـاری لە تـوانـابەدەر و خـەیـاڵی بـداتە پاڵ پاڵەوانی چیڕۆکەکەی. تا پاڵەوان نـزیک بێـت لە ژینگەی منـداڵانەوە، کاریگەرییەکی باشتری دەبێت. دەکـرێت کارەکتەری بچـووک لە کارەکـتەری گـەورە ببـاتەوە. دڵـنیابە کە پاڵەوانی چیرۆکەکەت خۆی کێشەکانی چارەسەر بکات، وا مەکە کە بۆ چارەسەری کـێشەکـانی پشـت بە دایـک و بە بـاوکی ببەستـێت. دڵـنیاشـبە کە کێـشەکـانی پاڵـەوانی چیڕۆکـەکەت بە رێکەوت چارەسەر ناکـرێن. راستەوخـۆش بە منـداڵەکان مـەڵێ: ئـاو بـە فـیـڕۆ مـەدەن، یان زبـڵ و خـاشـاک لەسـەر رێـگـاکاندا فـڕێ مەدەن. بەڵکو وا لە پاڵـەوانەکەت بکە، کە بەشـێوەیەکی ناڕاسـتەوخـۆ ئـەم کـارانە فـێربێـت.
٦ـ نووسینی پێـشەکییەکی کورت بۆ چیڕۆکەکە: چیرۆکنووس لە پێشەکییەکەیـدا ناوی پاڵـەوان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی چیڕۆکەکەی بە منـداڵان دەناسێنێت. کات و ئـەو شـوێنـانەش کە رووداوەکانی تێیـدا روودەدەن دیـاری دەکات.
٧ـ زمـانی چیرۆکی منـداڵان: پێـویستە تۆی چیرۆکنووسی منداڵان، شارەزاییەکی باشت لە زمـان و لە رێـزمانی کـوردی و لە فـەرهـەنگی وشـەکانی منـداڵان هـەبیـت. سەرنـج وردیت لەسەر زمانی نووسین بۆ منـداڵان بە پێی قـۆناغـەکانی تەمەنی منـداڵی هـەبێت، تا وشـە و رسـتەی گونجـاو بەکـاربهـێنـیت. وشـەکـانـت ئاسان و رسـتەکـانـت کـورتـبن. بێ گـرێ و گۆڵبن و گران و ئاڵۆزنەبن. زۆر گرنگە لە گـێڕانەوەی چیڕۆک بۆ منداڵان، زمانی هەستی بەکاربهێنیت. لەگەڵ روونکردنەوەی وردەکارییەکان بۆ منداڵانی خوێنەر، بە جـۆرێـک کە وا هەسـت بکەن، کە ئـەو پاڵـەوان و کارەکتەرانـەی لە چیڕۆکـەکەتـدا باستکـردوون، راسـتەقـینەن. لە میـانـەی وردربـوونەوەیـان لـەو کـارانەی دەیانبیـنن و گـوێیـان لێـیان دەبێـت و هـەستیان پێـدەکەن و چـێژیـان لێـوەردەگـرن.
٨ـ بەکـارهـێنانی دیالـۆگ و قـسەکـردن و میـتەفـۆرم لە چـێرۆکـەکەکانـدا: دیالـۆگ لە نێـوان ئەکتەرەکانـدا بەشـێکی گـرنگە لە چیڕۆکـدا. لە نووسـینی دیالـۆگـدا، پێـویستە رەچاوی قـۆنـاغـەکانی ئەو تەمەنە منـداڵییە بکەیـت کە چیڕۆکەکەیان بۆ دەنووسیت.
باشـترین دیالـۆگ لە نێـوان پاڵـەوانەکانـدا، ئەوەیە کە دیالـۆگێکی سـادە بێت. چونکە وشەکانی منـداڵان سـنووردان. لە قـسەی بە تـوێکـڵ و تـەرز و واتا شاراوە تێناگەن.
٩ـ بەکارهـێنانی وێنـەی فـۆتـۆگـرافی و وێنەی کـێشراوی رەنگاوڕەنگ (گـرافـیک): وێنەی جـوان و رەنگاوڕەنگ هـەر ئـەوە نییە، کە سەرنـجی منـداڵان رادەکێـشێـت و چیڕۆک دەڕازێنێـتەوە، بەڵکو تـەواکەری چیڕۆکـە، هـۆیـەکی گـرنگـە بۆ ئەوەی کە منداڵان باشتر لە چیرۆک تێبگەن و چێژێکی زیاتری لێوەربگرن. زیاتریش خەیـاڵ لە چیڕۆکە وێنـەدارەکان دەکەنەوە. زۆر جار ئەو پەیـامەی کە چیڕۆکنووسانی منـداڵان ناتوانن بە جوانی و بە دروستی بە وشە و بە رستە گوزارشتی لێبکەن، وێنەکێش بە ئاسانی بە وێنـەی جـوانی رەنـگاوڕەنـگ گـوزارشـتی لێـدەکات.
١٠ـ مـلمـلانێ لە چیڕۆکـدا: ملمـلانێ بنـەمـایەکی گـرنـگی چیڕۆکە. بـەڵام پێـویستە جەخـت لەسەر سەرکەوتـنی: چـاک بەسەر خـراپـدا، ئاشتی بەسەر شەڕدا، ئازایـەتی بەسەر تـرسدا، خـۆشـەویستی بەسەر رقـدا، یەکـێتی بەسەر دووبـەرەکـیدا، دڵسۆزی بەسەر ناپـاکیدا، ئـازادی بەسەر دیـلـێتـیدا،.. هـتد. بـکەیـت.
١١ـ خاڵـبەنـدی لە چیڕۆکـدا: چەنـد هـێمایەکی خاڵبەنـدی لە چیڕۆکەکەتدا لە شوێنی راستدا بەکاربهـێنە. وەک، مەنـووسە: لەناکاو شـێرەکە نەڕانـدی!!! بەڵکو، بنووسە: لەناکاو شـێرەکە نەڕانـدی! . مەنـووسە: جـوان بە چـی پـێکەني؟؟ بنووسە: جـوان بە چـی پـێکەنی؟ بەکارهـێنانی خـاڵـبەنـدییەکی زۆر، رسـتەکان لاواز دەکـات.
١٢ـ کـات و شـوێـن لـە چیڕۆکـدا: پێـویـسـتە تـۆی نـووسـەری چیڕۆک بـۆ منـداڵان، پابەنـدبێـت بەو کاتەی کە چیڕۆکەکەت تـێـیدا دەست پـێکـردووە. ئایا چیڕۆکەکەت لە رابـردوودا گـێڕاوتەوە؟ یان لە کاتی کـاتی ئێستادا؟ یا دەربـارەی داهـاتـوو نووسـیوتە. بە درێـژایی چیڕۆکەکەت پابەنـدبە بەکاتەوە. هەروەهـا ئەو شوێنانەش دیاری بکە کە رووداوەکـانی چیڕۆکـەکەت تێـیانـدا روویـان داوە. ماڵـەوەیـە، پـۆلـە، قـوتـابخـانـەیـە، یاریگایە، گونـدە، شـارە،.. هـتد. باشتر وایـە ئەو شوێنـانەبـن لە منـداڵانەوە نـزیکـن.
١٣ـ دووبـارەکردنەوەی وشـە و رسـتە: دووبـارەکـردنەوەی هەنـدێ وشـە و رسـتە لە چیڕۆکـدا، بـۆ ئەوەیـە کە لە مێـشکی منـداڵانـدا جـێگـیربـن و لەبـیریـان نەچـنەوە. بـۆ نموونە، وشەیەک یا رستەیەک هـەیە، کە پاڵـەوان یا کارەکتەری سەرەکی چـيرۆکەکە هـەرکـاتـێک رووبـەڕووی دۆخـێکی دیـاریکـراو دەبـێـتەوە، دووبـارەی دەکـاتەوە.
١٤ـ دوورکەوتنەوە لە شێوازی تەڵـقـین ئاسایی و بانگەشە وپەنـدێـری و وتاربێژی و فـرمان پێکردن و لە رێنمایی راستەوخۆ، لە نووسینی چیرۆکی منداڵاندا. ئەو هەڵەیەی کە هـەنـدێ لە نووسەرانی چیڕۆکی منـداڵان تێیکەوتـوون، ئەوەیە کە راسـتەوخـۆ بە ئامۆژگاری و بە پەنـدێری و بە رێنمایی دەستیان بە نووسینی چیڕۆکەکانیان کردوون.
١٥ـ کۆتـایی چیڕۆک: دیـاریکـردنی کۆتـایی چیڕۆکەکەت، لە میـانەی ئاشکـراکـردنی ئەوەی کە پاڵەوانەکە، بە ئامانجـەکەی گەیشتووە یا نەگەیشتووە. هـەوڵبدە کۆتاییەکی دڵخۆشکەر و هيـوابەخـش بنووسیت، کە جێی رەزامەنـدیی منـداڵان بێت. لە چیڕۆکدا کۆتاییەکان بە هـەمـان شـێوەی سەرەتـاییەکـان گـرنگـن.
١٦ـ پێـداچـوونەوە بەچیڕۆکەکەت: کە رەشنووسی چیڕۆکەکەت تەواکرد، کاتی ئەوە دێـت کە دووبـارە و سـێـبارە، بە وردی و بە چـاوێـکی رەخـنەگـرانەوە، چیڕۆکەکەت تاووتوێ بکەیت و لە هەمـوو روویـەکەوە هـەڵـیبسەنگـێنیـت، هـەڵـەکانـت بـژاربکە،
ئەو وشـە و رستانەی کە زیادن بیـان سڕەوە، دەکـرێت دەستکاری بکەیت و وشـە و رسـتەی تـری بۆ زیاد بکەیـت. دڵـنیاشبە لەوەی کە چیڕۆکەکەت کورت و پـوخـتە و زیـادەڕۆییـت تێـیدا نەکـردووە. چـونکە چیڕۆکی دڕێـژ منـداڵان بـێزار دەکـات.
١٧ـ شـەرم و شـوورەیـش نییە، گـەر چیرۆکەکەت پێـشانی یـەک دوو چیڕۆکـنووسی پیشەیی خاوەن ئەزموون لە بـواری چیڕۆکـنووسین بۆ منـداڵان بدەیت و بیخوێننەوە. سـوود لە بیـروڕاو و لە بۆچـوونەکـانیان وەربگـرە. رەخـنەکانیـشـیان قـبووڵ بـکە.
١٨ـ دەکرێـت بە دەنگـێکی بەرز و بە شـێوازێکی شیرین و فـانتازی، چیڕۆکەکەت بۆ کۆمەڵـێک لە منـداڵان بخـوێنیتەوە. بـزانە کاردانەوەیان دەربارەی چیڕۆکەکەت چـین؟

لە کۆتـاییدا دەڵـێین، نووسینی چیڕۆک بۆ منـداڵان، یەکـێکە لە گـرنگـترین جـۆرەکـانی نـووسیـنی ئـەدەبی، کـە پێـویستی بـەوە هـەیە، گـەشـە بـکات و بە شـێوەیـەکی جـیاواز دەربکەوێت و داهـێنانی تێـدا بکرێت. چونکە چیرۆک فاکتەرێکی بەهـێزی مەستکردنی پێـداویستیـیە سایکـۆلـۆژییـەکانی منـداڵانە. هـۆکـارێکی ئاسـان و گـرنـگی فـیرکـردن و پەروەردەکـردن و رۆشـنبیریکـردن و راهـێنانی منـداڵانە. ئـەوەی بە چیڕۆک دەکـرێت، زۆر لە لـقەکـانی تـری ئـەدەب پێیان ناکـرێـت. چونکە ژیـان لە منـداڵـییەوە بە چیڕۆک دەسـت پێـدەکـات، چیڕۆکەکـانی ژیـانیـش کـۆتـاییـان نایـات.
 

٢٠٢٢ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک