٢٢\٤\٢٠٢٢
چۆنیەتیی گوتنەوەی
ھۆنراوە و سروود.

عەلی حەمەڕەشید*
یەکێک لەو بابەتانەی کە منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و چێژ و
خۆشیی لێوەردەگرن ھۆنراوەیە(شیعر) کە وەک گۆرانی دەیڵێنەوە .ھۆنراوەی
منداڵانیش وەک دەزانین تایبەتمەندی خۆی ھەیە و وا باشە ئەو مامۆستا
بەڕێزانەی کە لە قوتابخانەدا بە قوتابیانی دەڵێن شارەزاییان تێیدا
ھەبێت تا زیاتر سەرکەوتووبن لە ھەڵبژاردنی ئەو ھۆنراوانەی کە دەیانەوێت
بە قوتابیانی بڵێن ھەر لە باخچەوە تا پۆلەکانی دواتر.مەرجەکانی
ھۆنراوەی تایبەت بە منداڵانیش بەکورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
١. کورت و پوخت بن و کۆتاییەکی باشی ھەبێت ،بەشێوەیەک کە منداڵ
خوێندییەوە یان بۆی خوێندرایەوە چاوەڕوانی دێڕی تر نەکات.
٢. وشەکانی سەر بە فەرھەنگی منداڵان بن.
٣. ھەوڵبدرێت وشەی نامۆی بە منداڵ زۆر تێدا نەبێت.
٤. بەپێی ئاستی تەمەنی منداڵ نوسرابن.
٥. باس یان وشەی (کوشتن،مردن، خنکان،خوێن...)ی تیا نەبێت یان ھەر
وشەیەکی تر لەمانە تا لەڕوی دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ
جێنەھێڵێت.
٦. ھەوڵبدرێت ئاسۆی بیرکردنەوە و خەیاڵی منداڵ فراونتر بکات.
٧. گرنگی بە بەھاکان بەگشتی بدات بەتایبەتی بەھا پەروەردەیی و زانستی و
کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ھەر بەھایەک کە شاعیر بەلایەوە گرنگ بێت.
٨. ڕەچاوی لایەنی دەرونی تێدا بکرێت.
٩. ھەوڵبدرێت کە خاک و نیشتمان و ژینگە و باوک و دایک و خێزان و
مامۆستا لای منداڵان خۆشەویست تر بکات ،ھەروەھا گیاندار و باڵندەکانیش.
١٠. بەکارھێنانی فەنتازیا(خەیاڵ) زیاتر وا لەمنداڵ دەکات کە چێژی
لێوەربگرن و زیاتر لایان بمێنێتەوە.
١١. گرنگی بدرێت بە زمان و ڕێزمان و ناکرێت لەپێناو سەروا و وەزنی
شیعردا فەرامۆش بکرێن.
١٢. تا چیرۆک ئامێز بێت باشترە و زوو دەگاتە منداڵ.
١٣. مۆسیقایەکی ناوەوەی ھەبێت کە لەکاتی خوێندنەوەیدا منداڵ ھەستی
پێبکات.
١٤. ھەوڵبدرێت لە شیعردا زانیاری ھەڵە نەدرێت بە منداڵ،بۆیە وا باشە
شاعیر کە بۆ منداڵان دەنوسێت شارەزاییەکی باشی ھەبێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە
ھەڵەوە.
لەڕاستیدا دەبووایە وەک پڕۆگرام لە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک ھۆنراوە
و سروودی تایبەت لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادەبکرایە کە
لەقوتابخانەدا لەبەردەست مامۆستایاندا بووایە تا بەپێی گونجاندن و
بابەتی ھۆنراوەکان بۆ ئەو پۆلەی دەیانەوێت لێیھەڵبژێرن و بە منداڵانی
بڵێن.لیژنەکەش واباشە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەم بوارانەدا
سەرپەرشتی بکەن(ھۆنراوە ،دەرونناسی،ژینگەیی،تەندروستی،زمانەوانی،کلتوریی
و کەلەپور،زانستی....)چونکە منداڵ لە قۆناغی باخچە و بنەڕەتییدا کە
بنیاتنانی کەسایەتیی خۆیان و دروستکردنی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی ورد و
زانستییانە کاریان بۆ بکرێت تا سبەینێ کەسانێکی ڕۆشنبیر و چالاک و
دروست دەربچن ،چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت ھۆنراوە کاریگەری خۆی
بەھەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ جێدەھێڵێت.خۆمان کە
گەورەین تائێستاش ئەو ھۆنراوانەمان لە بیرە کە کاتی خۆی مامۆستا
بەڕێزەکانمان پێیان وتووین.بۆیە بۆ گوتنەوەی ھۆنراوە بە منداڵان وا
باشە مامۆستا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکات:
١. ھەڵبژاردنی ھۆنراوەیەک کە گشت مەرجەکانی ھۆنراوەی تایبەت بە
منداڵانی تێدابێت.
٢. گونجاو بێت بۆ ئەو پۆلەی کە دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،واتا لە ئاستی
تەمەنیاندا بێت.
٣. کورت و پوخت و ئاسان بێت و بە ئاوازێک بوترێت.
٤. بۆ مەبەستێک بێت کە مامۆستا پێشتر دیاریکردووە،نەک ئەو ڕۆژە و
بەڕێکەوت ھۆنراوەیەکی ھاتە بەردەست یەکسەر بۆیان بنوسێت و پێیان بڵێت.
٥. پێشتر ئامادەکاری بۆ ئەو ھۆنراوەیە کردبێت کە ھەڵی بژاردووە و
دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،بزانێت خاوەنەکەی کێیە؟کورتەیەک دەربارەی ژیان و
بەرھەمەکانی و ئەگەر پەرتوک یان نامیلکەی چاپکراوی ھەبوو ،یان لەگۆڤارە
تایبەتەکانی منداڵاندا ناوی ھەبوو بۆ منداڵی باس بکات.
٦. پێویستە ئەو سەرچاوەیەش دیاری بکات کە ھۆنراوەکەی لێوەرگرتووە،تا
منداڵ ئەگەر کەوتە بەردەستی جارێکی تر بیخوێنێتەوە کە لەمەوەش مامۆستا
دەتوانێت حەزی خوێندنەوە لای منداڵ پەرە پێبدات تا منداڵان لەسەرەتاوە
خوێندنەوە بکەن بە کلتور.
٧. ئەگەر لەقوتابخانەدا پەرتوکخانەی تێدا بوو لەوێ بوترێتەوە باشترە و
سەرچاوەکان لەوێ ھەن و لێرەشەوە ھەر کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵ دروست
دەکات بۆ زیاتر ناسینی پەرتوکخانە و خۆشەویستکردنی پەرتوک و گۆڤار و
خوێندنەوە.
٨. خۆ ئەگەر ژوری مۆزیک لە قوتابخانەکەدا ھەبوو لەوێ کاریگەری باشتری
دەبێت بەمەرجێک مامۆستا خۆی شارەزای مۆزیک بێت و بتوانێت ئامێرێک
بژەنێت و پێشتر ئاوازێکی گونجاوی بۆ ئەو ھۆنراوەیە دانابێت کە دەیەوێت
پێیان بڵێت.
٩. ئەگەر شارەزای مۆزیک نەبوو دەتوانێت سود لە ھاوڕێکانی وەبگرێت و
ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئاوازی بۆدابنێن ،یان ئەگەر ئەوان ئاوازیان
داناوە بۆ ھەمان ھۆنراوە کە دەزانن گونجاوە بە تۆمارکراوی لێیان
وەربگرێت بۆ قوتابییەکانی خۆی سودیان لێوەربگرێت.
١٠. مامۆستا دەشتوانێت سود لەو گۆرانییە تۆمار کراوانە وەربگرێت کە
تایبەتن بە منداڵان بەمەرجێک ھۆنراوەکە ئەو خاڵانەی لەخۆگرتبێت کە
لەسەرەتاوە باسمان کرد.
١١. واباشە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت کە لەھەر پەرتوکێک نوسرا
ھۆنراوەی پەروەردەیی یان بۆ منداڵان،مەرج نییە ھەموو ھۆنراوەکان
گونجاوبن و پەروەردەیی بن و دووربن لە وشە و وێنەی نەشیاو.بۆیە پێویستە
مامۆستا ئامادەکارییەکی باشی بۆ بکات و بە وردیی و بە باشی
ھەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیخوێنێتەوە ئەوسا بڕیار بدات کە بە منداڵی
بڵێ،چونکە کارێکی وا ئاسان نییە .
١٢. ئەگەر لە قوتابخانەدا (داتاشۆ) ھەبێت ،مامۆستا دەتوانێت بۆ ئەو
کارە سودی لێوەربگرێت.
شێوازی گوتنەوەی ھۆنراوە یان سروود:
ھەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە منداڵان بەگشتی زۆر حەزیان لە گۆرانی و
مۆزیکە و بەگوێگرتن لەگۆرانی دڵخۆش دەبن و جیھانە تایبەتەکەی خۆشیان وا
دەخوازێت کە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان و سەردەمی منداڵی وەربگرن ئێمەی
گەورە بەوریاییەوە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و وەک مافێکی ڕەوای
خۆیان لەو کارە بڕوانین.بۆیە مامۆستایانی ئازیز کە ھەمیشە پێشەنگ بوون
لە پەروەردە و فێرکردندا بەھەمان شێوە لەم کارەشدا ھەر پێشەنگن و
بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە ئەستۆی ئەوان .لەکاتی گوتنەوەی ھۆنراوە
یان سروود دا پێویستە گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرێت و بەشێوەیەکی گونجاو
و ڕێگایەکی ئاسان کە منداڵان ھەم چێژی لێوەربگرن و ھەم ھۆنراوەکەش بە
ئاسانی لەبەر بکەن.
• سەرەتا مامۆستا ھۆنراوەکە جارێک بەدەنگەوە بۆ قوتابیان بخوێنێتەوە تا
بتوانێت حەزی منداڵەکان بۆ ھۆنراوەکە لەسیمایانەوە ببینێت.
• پاشان چیرۆک ئاسا باسێکی کورتی ھۆنراوەکە بکات و ناوی خاونەکەی بە
منداڵان بڵێت.
• ئیتر دێڕ دێڕ لەسەر وایت بۆردەکە بینوسێت و بەو ئاوازەی کە ئامادەی
کردووە خۆی بیڵێت و ئەوانیش لەدوایەوە بیڵێنەوە.
• کەزانی دێڕی یەکەم بەباشی دەڵێن ئەوا دەتوانێت دێڕی دووەم بنوسێت...بەمشێوەیە
تا کۆتایی ھۆنراوەکە.
• دواتر دەتوانێت یەک یەک قوتابیان ھەڵبسێنێت و بیڵێنەوە.
• لەم گوتنەوەیەدا مامۆستا دەتوانێت ئەوانە دیاری بکات کە دەتوانن
باشتە بەو ئاوازە بیڵێن و زووتر لەبەریان کردووە وەک کۆرسێک.
• دواتر جارێک ئەمان وەک کۆرس بیڵێن و ئەوانەش کە ماون دوای ئەمان
بیڵێن و جاری سێیەم ھەمووان پێکەوە بیڵێن.
• بەدووبارەکردنەوەی لەم شێوەیە لەگەڵ مامۆستا ھەمووان دەتوانن
ھۆنراوەکە لەبەر بکەن..
• ئیتر داوا لە قوتابیان بکات کە لە پەڕاوی تایبەتدا بینوسن.بۆ وانەی
داھاتوو دووبارە بکرێتەوە باشتر و ئاسانترە لای قوتابیان و بە
دووبارەکردنەوەش زیاتر لەبەری دەکەن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.
___________________________________
*
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
ماڵپەڕی عەلی
حەمەڕەشید
|