١٦\١١\٢٠٢٤ چۆڕاوگەی چێژ!
دارا خونچە پێشکەشە بەو کەسانەی رۆمانی ''کۆشان و چۆڕاوگەی چێژ'' چێژوچەشەیەکیان پێدەبەخشی و سوودەکیان پیدەگەیەنی.
ئەو دەمانەی چەپک چەپک تیشکی زەردەی خۆرەتاوێ پژ پژ وەسەر قژی بژی سنەوبەرێ ١، ٢، ٣ ورشەیان دێ و شەپۆلدەدەن؛ - خامۆشییەکان نسێ و نزارە سەختەکان سایە و سێبەرە ساختەکان کۆی کرۆکی کۆرەوەریی دادەوەرن! ٤، ٥ - رۆشناییەكان ئەندێشە و سۆز.. چۆڕاوی چێژ میهرەوانیی.. هەرچی دەیبێژنێ جوانییە ٦، ٧ وێڕای واران دادەوارن! ٨، ٩ ئیدی ئەڤین سەربەست سەروەر سەرسام سەرمەست سەرسەوزەبی! ئەو دەمانەی سۆژ و مەژییم دەگژگژێ ١٠، ١١، ١٢ خۆم لە کۆشان وەردەپێچم دەکەومەبەر چۆڕاوگەی چێژ؛ ئەستێركێ وەتۆ لە نۆژەن دەژیێنمەوە ١٣، ١٤ یارۆیانم دەریا ئاسا لە دوڕیدا ١٥ وە ئارامیی و ئاسوودەیی ١٦ وە دوا ترۆپکی بەرزایی چێژوچەشەی خۆیان دەگەن.. جا ئەمن وەم.. بەو تەرزە هەم چون ئەز خزمی پڕ نێزیكی هۆنراوەمە ١٧ جارناجارێش رێك وەك ئەوم یان هەر هەوم! ١٨ ئەز دەكۆشم و تێكۆشەرم نانی نایابتر.. ناوی ناودارتر باری لەبارتر.. ژیانی باڵاتر.. هیچ هیچی چاک و چێترم ١٩ لە ئی یارۆ یاوەرانم ٢٠ لە ئی هاوڕێ و هاوەڵانم گەرەک نییە.. ئەز دەکۆشم و تێکۆشەرم لێ هەرگیز خۆم لەبەر شەپۆلی چۆڕاوگەی چێژ لانادەم! ___________________________________________________ ١- پژ: پرژۆڵ و سەری چرۆی دارودرەختان. ٢- وەسەر: بەسەر. ٣- بژ: پەرشوبڵاو، گڤ. گروازە، ئاڵۆز. ٤- کرۆک: ناخ، نێو، نێوەرۆک، کاکڵە. ٥- کۆرەوەریی: کوێرەوەریی. ٦- میهرەوانیی: میرەبانیی، سۆز و خۆشەویستیی، دڵنەوایی، دڵنەرمیی، بەزەیی. ٧- دەیبێژنێ: پێیدەڵێن. ٨- باران: واران. ٩- دادەوارن: دادەبارن. ١٠- سۆژ: سۆز. ١١- مەژیی: مێشک، مۆخ، بیر. ١٢- دەگژگژێ: چاوگێڕانی خێرا، دنەدان، هاندان، جوولاندن، کۆشان، تەکاندان. ١٣- ئەستێرک: ئەستێر، ئەستێرکە، ئەستێڵ، گۆم، گۆل. ١٤- وەتۆ: وەها، ئەوها، ئاوا، ئەوهالە، ئاوەها، وەسا، ولۆ، ئیوها. ١٥- دوڕ: هندوڕ ناو، نێو، ناخ، قۆڵایی زۆری هەر تشتەک. ١٦- وە: بە. ١٧- وەم: ئەوهام، ئاوام. ١٨- چون: چونکە، لەبەرئەوەی. ١٩- هەوم: ئەوەم کە ئاخافتنی لەبارەوە دەکرێ، لە بەکارهێنانی دەگەڵ راناوە کەسییەکانی دیکە دەبتە (هەوین، هەوی، هەون، هەوە، هەون). ٢٠- چێتر: چاکتر، باشتر. ٢١- ئی: هی.
تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ - لەندەن
|