جۆرەکانی
ئەنفلونزا و چارەسەرەکەی!

سهلام عهبدوڵا
راستە لە کوردستان هیچ کەس تووشی ئەنفلوەنزای بەراز نەهاتووە، بەڵام
ئێمە دەمێکە تووشی ئەم جۆرە ئەنفلوەنزانە هاتووین کە لەخوارەوە ناویان
هاتووەو تا ئێستا هیچ دەرمانێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، وەک:
ئەنفلوەنزای حوشترو بیابان و خێڵ(ئەم ئەنفلوەنزایە بەڵایەکی گەورەیەو
لە دوورگەی عەرەبستانەوە قوڕکی کوردستانیانی گرتووە. بۆ چارەسەرکردنی
کاتی تەنها لە هەندێ ناوچە، پێویستی بە دوعاو جنۆکەکانی 140هەیە).
ئەنفلوەنزای گەندەڵی(لەناو بەرپرس و حزب و فەرمانبەرە پلە بەرزەکانی
ناو تەلارەکان بڵاوە).
ئەنفلوەنزای(گرد)یزم(گردەکەی مامە شێخ-روحم بە قربانی بێت- لە نزیک
دووریانەکەی سەرچنار بای لەگەلەو زۆر حەیابەرەیە، وریا بن زۆر نەچنە
ناو خەڵک. ئەم شێخە ئەوەندە بەڕێزو بە حورمەتە، قبووڵ ناکات کەس دەستی
ماچ بکات).
ئەنفلوەنزای کاڵای ئیکسپایەر(ئەمە سەرئێشان و رشانەوەی لەگەلە بۆ
منداڵان و ئەوانەی تووشی بوون، بەلەفڕێیان گرتووە، بۆیە هەرچی کەرامەت
و ویژدان هەیە، لە گیانیان نەماوە).
ئەنفلوەنزای تەخشان وپەخشانی دۆلار(بەداخەوە برا بەرپرسە خۆشەویستە
گەورەکانمان تووشی بوون و هەستی ترس لە لەدەستدانی دەسەڵاتیان هەیە).
ئەنفلوەنزای بۆردومانکردن: ئەمەیان 2جۆرە: ئەنفلوەنزای بۆردمانکردنی
تورکی و ئەنفلوەنزای بۆردومانکردنی ئێرانی.
ئەنفلوەنزای بەرپرسی چاش و بەعسی(ئەمەیان زۆر ترسناکەو رشانەوەی
لەگەلەو ئەوانەی تووشی بوون، خەڵک لە حزبەکان دوور دەخەنەوە. یەکێکیان
نوێنەری سەرۆکحکومەتی دوورگەی واقلواقو لە ئۆقیانوسی هیندی).
ئەنفلوەنزای رۆشنبیری(لە ئەڵمانیاوە سەریهەڵداوەو ژەهری بێفەڕی
لیبڕاڵیزم و ناحزبایەتی تێدایە(بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی دیموکراسی هەبێت،
دەبێت کۆمەڵگایەک هەبێت لە هەموو ئاستێک و هەموو جومگەیەک و هەموو
ساتێکدا دیموکرات بێت)بڵاودەبێتەوە.
ئەنفلوەنزای کەرت، موچە، خانوبەرەو بڕیاری تایبەت(ئەم جۆرانە هێشتا بە
گرتنەوەی لۆرییەک لە قوڕی عالیاوەش چارەسەر ناکرێ).
ئەنفلوەنزای دەسەڵات: ئەمە تاقە ئەنفلوەنزایە کە بەدەرمانی(کردنەوەی
بۆری شەش ئەنجی دۆلار)و رێنمایی"پشتگیریکردن لە داخوازییەکان"، هەوڵی
چارەسەرکردنی دەدرێ، بەتایبەتی لە وەرزی هەڵبژاردن...!
ئەگەر بە هوردی بۆ هۆکارو سەرچاوەی سەرەکی ئەم پەتایانە بگەڕێین، ئەوا
دەبینین وەک"خوالێخۆشبوو لە گەل مردووی هەمووتانەوە" کاک د. ک. مارکس
پێش 200ساڵ دیاریکردووەو هێشتا هەر باوی ماوە، بریتییە لە ڤایرۆسی
زێدەبایی و"عەلاماتەکانی" ئەمانەن: چاوچنووکی، پێکەنینی ساردوسڕو بێتام،
پیلانگێڕان و پاشقولگرتن و بەیناوبەین بە نهێنی تیرۆرکردن!
هەندێ پسپۆڕی پزیشکی هەیە دەڵێن: ئەوەی بیەوێ بەڕاستی لەو پەتایانە
رزگاری ببێت، دەبێ حەبی د. جیڤارا(تامی گوڵەبەڕۆژە دەدا) قوتبدا. وەک
خاوەن ئەزموونەکان دەڵێن ئەم حەبە یەکاویەکە، چونکە مرۆڤ مەناعەتێکی
تایبەت وەردەگرێ لەبەرامبەر هەموو جۆرە قۆڵبڕین و جەردەیی و چاوچنۆکی و
ماستاوکردن و پشی پشیکردن و تەنانەت لیکاوڕشتن بۆ پارەو دەسەڵاتدارێتیش
دەستبەجێ رادەگرێ و وادەکات یەکێک بە ئاسوودەی خەوی لێبکەوێ!
لەدواییدا دوعایەکم هەیە و ئێوەش بڵێن ئامی: "خودایە سەرۆکی هەرێم و
حکومەت و پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی تووشی پەتای
ئەنفلوەنزای(لەناوبردنی گرانی و هەژاری)ببن....3 جار بڵێن ئامین.
"خودایە" تووشی پەتای دامەزراندنی خوێندکارەکانیان بکەی....1جار بڵێن
ئامین.
"خودایە بۆ خاتری هەیبەتی ئاڵای مللەتە نەگبەتەکەم، ئەم بەرپرسانە
تووشی نەخۆشی بێچارەسەری(درووستکردنی خانوو ماڵ)بۆ هەر کەسێک کرێچییە
بکەی!....10جار بڵێن ئامین.
"خودایە" سەروماڵیان پڕ بکەی لە نەخۆشی ئەنفلوەنزای پڕۆژەو تا پڕۆەیەک
جێبەجێ، بیرۆکەی 100پڕۆژەی خزمەتگوزاری تر بخەیتە مێشکیان و نەهێڵی
فریای سەرخوراندن ببن!
"خودایە" نەخۆشی(برایەتی، هاوکاری و یەکگیرفانی)لەناو سەرتاپای ئەم
گەلە، بڵاوبکەی...ئامین!
"خوادیە" چی دەردی بەرازەکانی چەمی ئەڵوەن هەیە بخەیتە گیان راوچییە
بێرەحمەکان!
|