په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٠

ناساندنی پەرتووک:

جۆرنالیزم.

 

ھەڵۆ بەرزنجەیی

نووسینی: ساقی بارزانی
بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس ٢٠١٠

یەکێ لەو دیاردانەی بەزەقی لە مەیدانی رۆشنبیریی و بازاڕی کوردستاندا تا بێت ناشیرین و ئەتک دەکرێت ، بواری رۆژنامەگەرییە. ئەمڕۆ جگەلەوەی بەشی ھەرە زۆری ئەوانەی چوونەتە ئەم مەیدانەوە ناشی و بێئاگا و دوور لە زانیارین بەرانبەر بەم ئەرکە گەورە و پیرۆزە و ھەر بۆ خۆدەرخستن و خۆژێنی و وەک مۆدە ئەم پیشەیان ھەڵبژاردووە ، ھەمان کات کاریگەرییە نەرێتییەکانی ژینگەی حیزبایەتی و پەیوەندییە ئالۆزەکانی واقیعی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوتر لەم کایەدا دەگێڕن.


کورد وا پتر لە سەد ساڵە بە کاری رۆژنامەگەرییەوە خەریکە ، ئەزمونێکی دورودرێژی لەم پیشەیەدا پەیدا کردووە ، کەچی کتێبخانەی کوردی ھەتا ھەنووکەش بێبەشە لە سەرچاوە و ژێدەرێکی زانیاری لەمەڕ رۆژنامەگەرییەوە. دەشێ ئەمەش ھۆکارێکی دیکەی گەورەی ئەو شپرزەیی و وێڵبوونەی نەوەی نوێ بێت ، ئەوانەی ئارەزوومەندی رۆژنامەگەرین.


پلەی خوێندن و پەروەردە لە کوردستاندا نەچۆتە ئاستێکی ئەوتۆ خوێندنی زانست و پیشەی رۆژنامەگەریی ، ئاوڕی پێویست لەم جۆرە ماددە گرنگ و بایەخدارانە بدەنەوە.


گلەییەکی دیکە کە یەخە بە رۆشنبیرانمان دەگرێت ، فەرامۆشکردنی ئەم کایە زۆر ھەستیار و گرنگەی رۆشنبیرییە . ئاخر ھەتا ئیمڕۆ نامیلکەیەک ، سەرچاوەیەک بەردەست ناکەوێت ببێتە مایەی رێنوێیکردنی ئەو لەشکرە قەڵەم بەدەستەی بەرەو ئەم مەیدانە ھاتوون.


ئیدی چەند گلەیی لەو گەڕەلاوژێ و بێسەروبەرییەی کاری رۆژنامەگەریی و خودی رۆژنامە حیزبی و بەناو ئەھلییەکانی کوردستان ــ مەبەست باشوورە ــ بکەین ، قسان لە کۆتایی نایەت.


ئەوەی لەم ماوەیەدا کۆتایی بەم کەماسی و پەژارەیەی خەمخۆرانی راستەقینەی رۆژنامەگەریی کوردی ھێنا و کتێبخانەی کوردی لەو کەلێن و ھەژارییە قوتار کرد ، ھەوڵە سەرکەوتوو و بەرھەمە تاقانە و نازدارەکەی برای رۆژنامەنووس و بەرپرسی ماڵپەڕی ھێژای کڵاورۆژنە کاک ساقی بەرزانییە بەناوی ( جۆرنالیزم ).


جۆرنالیزم بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی و ھەناسەی رۆژنامەنووسییەکی بە ئەزموون و جددی و پەرۆشداری پیشەی رۆژنامەگەرییەوە نووسراوە. ئەم بەرھەمە ھێندە بە تێر و تەسەلی و کرۆنۆلۆژیانە باس لە جۆرنالیزم و مێژووی سەرھەڵدانی لەزەمانی پەیدابوونی کاغەز و قەڵەمەوە لە جیھان و کوردستان دا دەکات ، دەکرێت نەک ھەر رۆژنامەنووس و رۆشنبیران سوود لەم کارە نایابەی کاک ساقی ببینن ، دەتوانم بڵێم کارمەندێکی فەرمانگەی تەندروستی یان کەشناسیش بۆ پیشەکەی خۆی دەتوانی وەک قسەکەر و بێژەرێک کەڵکی لێوەر بگرێت.


بەرھەمی ناوبراو چەند تەوەرێکی گرنگ لەخۆی دەگرێت و بەسەر
مێژووی جۆرنالیزم
پێناسەی جۆرنالیزم
جۆرەکانی جۆرنالیزم
جۆرنالیزم و ئەتیک


وە کۆمەڵێ لق و پۆپی دیکە لەم تەوەرانە جیا دەبنەوە و نووسەر تێکڕایان بە شێوەیەک لە شێوەکان بە دیاردەی رۆژنامەگەریی کوردستانەوەی دەبەستێتەوە. لەم پنتەشەوە وەک رۆژنامەنووسێکی بەئەزموون و سەرکەوتوو شرۆڤە و ھەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی باسەکان دەکات و ئەنجامگیریی بە خوێنەر دەبەخشێت.


کاک ساقی... باس لە ھەموو جۆر و کارەکانی جۆرنالیزم دەکات ھەر لە رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیونەوە تا دەگاتە پلەی گەشەکردنی کاری رۆژنامەگەریی ئەویش ماڵپەڕی ئەلەکترونییە.


پرنسیپ و ئەرک و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی جۆرنالیست و رۆژنامەی باش دەستنیشان دەکات و وەک رەچەتەیەک دەیداتە دەست خوێنەر . تەنانەت چەندین تایبەتمەندیمان بەرچاو دەکەوێت کە برای رۆژنامەوان بۆ رۆژنامەنووسێکی سەرکەوتووی ریزکردووە. بەمەش خەزێنەیەکی دەوڵەمەند دەخاتە بەردەستی ئەوانەی شەیدای کاری رۆژنامەوانین.


نووسەر ، لەتەک بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێ وێنەی ھەستیار و ورووژێنەری بەناوبانگی مێژوویدا ، وێنەی عومەری خاوەر و دیمەنێکی دڵتەزێنی کارەساتی ھەڵەبجە لە دووتوێی کتێبەکەیدا بڵاودەکاتەوە ، ئەوسا بە تێروتەسەلی باس لە بایەخ و رۆڵی پڕ مانای وێنە لە جیھانی جۆرنالیزمدا دەکات.


دواتر بە ھۆشیارییەکی تەواوە باس لە دوو دیاردەی دیکەی کاری رۆژنامەگەریی دەکات، کە بەباوەڕی من گرنگترین خەسڵەت و تایبەتمەندین پەیوەست بن بەم پیشەیەوە، ئەوانیش ئەتیکی رۆژنامەوانی و لاگیریە لەم پیشە پڕ لە بەرپرسیارێتییەدا. دیارە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو خاڵە یاخود بێ ئامادەیی ئەم دوو پرنسیپە ، ئەستەمە بە سەرجەم ئیشەکانی دیکە بگووترێت جۆرنالیزم.


نووسین پیشەکی جوان و ھونەرێکی ھێژایە. گەر بێتوو مۆڕاڵ و ئەتیک بنەمای چەسپاوی نووسین و ھەوێنی بیرکردنەوە نەبێت ، ئەوە کارەساتێک دەخوڵقێ وەک ئەوەی ژەھر بکەیت بە قوڕگی خوێنەردا. شێواندنی رووی قەشەنگ و ناوەڕۆکی پیرۆزی کاری رۆژنامەگەری ، تاوانێکە جێی لێخۆشبوون نییە. ھەر لەم روانگەیەوەیە کە پرنسیپی ئەتیک دەبێت ھاوشانی ھەموو ووشە و رستەیەک بێت ،کە رۆژنامەنووس دەینووسێ.


پرسێکی دیکەی جێی بایەخ و گرنگ سەبارەت بە کاری جۆرنالیزم ، پاراستنی بابەتێتی و راستی باس و رووداوەکانە و جۆرنالیست نابێت خۆی بکاتە لایەنگری ھیچ باسێک کە دەیگێڕێتەوە. دەتوانێ بیرورای سەربەستانەی خۆی دەربڕێت ، وەلێ لاگیری لە کەس و دەسەڵات و روودا و باسێک ، دەبێتە نیشانەی لەدەستدانی راستگۆیی پیشەکەی. ئەمەش دزێوترین نیشانەیە کە بە رۆژنامەوانەوە دەنووسێت.


باسێکی دیکەی کارە نایابەکەی کاک ساقی رۆژنامەوان ، بەسەرکردنەوەی مێژووی رۆژنامەرییە لەکوردستاندا و بەسەر سێ قۆناغدا دابەشی دەکات:


قۆناغی خۆناساندن
قۆناغی بەرگری
قۆناغی پاش راپەڕینی ١٩٩١


نووسەر بە ووردی ئەم قۆناغانە بەسەر دەکاتەوە و لایەن و خەسڵەتەکانیان دەستنیشان دەکات.


کاک ساقی... ساڵانێکە سەرکەوتووانە و لێھاتووانە یەکێ لە چاکترین و مۆدێرینترین ماڵپەڕی ئەلەکترۆنی کوردی << کڵاورۆژنە >> ی خۆشەویست بەڕێوە دەبات. بە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرنالیزمەش وەک شاکارێکی دانسقە خزمەتێکی گەورەی بە گێتی شێوێندراوی رۆژنامەوانی و پیشەی ئەتککراوی رۆژنامەنووس لە کوردستاندا دەکات . ئەم بەرھەمە جێگەی دیاری دەبێت لە کتێبخانەی کوردیدا و شایستەی ئەوەشە لە زانستگە و پەیمانگاکانی کوردستاندا بخرێتە بەرنامەی خوێندنەوە. ئەم بەرھەمە لە ١٨٩ لاپەڕەی تژی لە زانیاری و زانینی چڕ و بەسووددا کە نووسەر پشتی بە زیاتر لە ٤٤ سەرچاوەی بیانی بەستووە بڵاکراوەتەوە.
جارێکی دیکەش وێڕای دەستگووشینی کاک ساقی بۆ ئەم کارە بەپێزەی ، ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم لە کاری ئەکادیمی بەنرخدا. ھەروەھا بۆ کڵاورۆژنەش سەرچاوەی تەمەدرێژی لە خزمەتی جۆرنالیزمی کوردیدا دەخوازم.


١٢
\١٠\٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی