| 
			١٤\٢\٢٠٢٢ 
			جوداکاریی رەگەزیی 
			و لێکەوتەکانی لەسەر ژنان. 
			 
			خوناو سمایل     
			 
			ئایە بۆچی نابێ دەرفەتەکانی بوون و ژیان و 
			تێکۆشان بۆ ژنان و پیاوان وەک یەک بن و مافەکان و ئەرکەکانی 
			مرۆڤبوونیان بە یەک تەرازوو و بێ جیاوازیی رەگەزیی لە نێوانیاندا 
			دابەشبکرێن؟ کاتێک پاراستن و درێژەدان بە ژیان و گوزەران و مانەوە 
			لەسەر ئەو گۆی زەوییە لە ئەستۆی منی مێینە و تۆی نێرینەیە.. بۆ دەبی 
			منی 'ژن' بەو بەشە رازیی ببم کە تۆی پیاو بڕیار لەسەر دابەشکردنی دەدەی 
			لەگەڵ من؟!  
			  
			
			 
			لە زۆر شوێنی ئەو جیهانە پاش فێربوون لە ئەزموونی کار و کاردانەوە 
			لەسەر تێڕوانینی تاکڕەویی 'پیاو' و سیستەمی بەرێوەبردن گۆڕانکاریی زۆر 
			گەورە ھاتوونەتە ئارا؛ ژن و پیاو لە زۆر ماف و ئەرک وە یەکن و بە 
			چاوێکی یەکسان تەماشادەکرێن، بەڵام بە داخەوە لە نیشتمانەکەی من ھێشتا 
			ژنان بە لاواز بێ توانا تەماشادەکرێن و لە گۆشەنیگایەکی زۆر تەسک و بە 
			پێوانە و پێوەرێکی نایەکسان بەرخوردیان لەتەک دەکرێ.. دیاریش نییە ئەوە 
			تا کەنگێ درێژەدەکێشێ.
 پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایە ئەو بارودۆخە ئەنجامی کەمتەرخەمیی ژن 
			خۆیەتی یان لاوازیی پیاوە کە نایەوێ ھێز و بەرژەوەندیە خودپەرستیی و 
			نێرگزییەکانی خۆی لەدەستبدا و کەسایەتی و کارایی خۆی بە لاواز و بێ 
			باندۆر ببینێ!؟
 
			ژنانی کورد هەمیشە لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و 
			بەرژەوەندییە کەسیی و کۆمەڵایەتییەکانی هاوسەر و خۆشەویست و باب و کوڕ 
			و برایەکانیان قوربانییان داوە و لە هیچ رووێکەوە کەمتەرخەمییان 
			نەنەنواندوە - نموونە زۆرن لەو بابەتە ئەگەر پێویست بکا - بەڵام ئایە 
			لەبەرچی تا ئێستا بە پێی ئاستی قوربانییەکانیان پێگەی شیاوی خۆیان پێ 
			بەڕەوا نابیندرێ و نەخش و جێپەنجەیان لە بنیاتنانی ژیان بە کەم و بێ 
			بەها سەیردەکرێن لە نێو کۆمەڵ؟ ئایە ئەوە گیانی پڕ بەخشین و بەخششی 
			سروشتییانەی ژنانە ئەو دەرفەتەیان رەخساندوە کە پیاوان و نێرسالاران 
			ژنان تا ئەو ئاستە بهاڕن و بەو جۆرە بە فەرامۆشییان بسپێرن کە ناچار بن 
			بە 'کەم' رازییببن و هەستی بێدەسەڵاتیی و خۆبەکمزانین دایانبڕزێن و لە 
			بەرانبەر هەر چەوسانەوەیەک بە تایبەتییش چەوسانەوەی رەگەزیی ملکەچیی 
			هەڵببژێرن!؟ ئایە ئەوە هەست و سۆزی جوانپەرستیی و هزر و ئەندێشە و 
			خولیای مرۆڤپەروەریی و لێبووردەیی ژنان خۆیانە وایان کردوە بەوپەڕی 
			نەرمونیانییەوە بەرخورد لەتەک سەرجەم کایەکانی ژیان بکەن و هاوکاتیش 
			پیاوان تەنانەت ئەوانەشیان کە سەری زار و بنی زاریان هەر 
			یەکسانییخوازییە بەوپەڕی توندوتیژییەوە بەرپەرچیان بدەنەوە. داخ ئەوەیە 
			واتای وشەی 'ھێز' بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و تا ئێستاش لە زۆر شوێن 
			ھەر وەك خۆی ماوە.. هەمیشە ئەوەی گەیاندوە کە مرۆڤ توانای زاڵبوون و 
			فەرامۆشکردنی ھەست و نەست و بەزەیی و بەخشین و بەخششی هەیە.. ئەوە خاڵی 
			لاوازییە، ژنان هەر بە سروشتی دروستبوونی خۆیان خاوەن هەست و سۆزێکی 
			باڵان و زۆر لە پیاوان هەستیارترن.. ئەوەش بۆتە سەرەداوێکی چاک بۆ 
			رامکردنیان و بە کەم سەیرکردنیان و زەوتکردنی مافەکانیان و بە خراپ 
			بەکارھێنانی نەخش و کارایی و تێکڕای بوونیان لە لایەن پیاوانەوە.
 
			ئەگەر هێشتا لە زۆر وڵات و ناوچان ژنان وەک پێویست نەخرابنە نێو ھەموو 
			بوارەکانی کار و ژیان تەنانەت ئەگەر وەک مێینەش جێپەنجە و پێگەی شیاوی 
			خۆیان نەبێ بەڵام تا رادەیەک بەوە قەرەبوو کراونەتەوە کە بە پێی 
			سیستەمێک یان یاساگەلێک یان بە لایەنی کەم لە پێناو جوانکردنی 
			فەرهەنگێک دانیان بە مافی بوونیان ناون و رێز لە نەخش و جوولەکانیان 
			دەگرن، کەچی لە وڵاتەکەی لەمەڕ خۆمان و لە نێو فەرهەنگی ئێمەدا ژنان 
			هەمیشە ھەرەشەی نەمان و کوشتن و تۆقاندن و شەڕی دەروونیی و بێ 
			بەھاکردنیان لەسەرە، ئەوەی زۆر سەیرە و بۆتە جێی دڵەڕواکێ و 
			نیگەرانییەکی گەورە ئەوەیە کاتێک تەماشای مێژووی ئەو گەلە دەکەین ژنان 
			ھەمیشە بەشی شێریان لە تێکڕای ئەو نەهامەتیی و مەینەتانە بەرکەوتوە کە 
			بەسەر ئەو میللەتەدا ھاتووە! کەواتە کەمتەرخەمیی 'ژن' لە کێندەرە؟! 
			ئایە هەر خۆی سوپاسگوزارە و لە بەرانبەر ناڕەواییەکان بێدەنگە؟ یان بە 
			ناچاریی ملکەچی ئەو فەرهەنگ و نەریتە پیاوسالاریی و پر لە توندوتیژییە 
			کە ھەیە! یان تۆقێندراوە و بوێریی کاردانەوە و بەرانگژبوونەوەی 
			لەدەستداوە؟
 
			تاکەی بێدەنگیی؟ تاکەی رازییبوون بەو کەتوارە نادروست نابەجێیە؟ تاکەی 
			درێژەدان بەو فەرهەنگە پووچ و بەربادە کە هەمیشە ژنان دەسڕێتەوە و 
			بنبزریان دەکا؟ ئایە دەشێ ھیچ کاتێک درێژەدان بەو فەرهەنگە ببێتە خاڵی 
			پێشکەوتن و پێکەوەژیانێکی دروست و جوان؟
 
			کوشتن لەبەرچی و لە پێناو چی؟ گەر تەماشای زۆربەی ھەرە زۆری 
			ژنکوشتنەکانی ناو کۆمەڵی خۆمان بکەین دەبینین تەنیا دەردی ناو دەرپێیە! 
			ئەو دەردەش یان لە ئەنجامی خۆشویستنێکە یان حەزکوژاندنەوەیەکە یان 
			ستەمی پیاوێکە و ژن باجەکەی دەدا! سەرشێتیی و لەدەستدانی جلەو و 
			پەلامار و دەستوەشاندنی پیاوانیش کە ھەمیشە بوونەتە کوژاندنەوەی مۆمی 
			تەمەنی ژنانی بێ دەسەڵات و بێ پەنا و سەرئەنجامی زۆربەی زۆری 
			ژنکوشتنەکانن ئەگەر ھەموویان نەبن.. ھەر کێشەی 'رەوشت و کڕینەوەی 
			ئابڕووی خێزان' بوونە! کەواتە ژنان بێجگە لەوەی پاش کوشتنیان لەکەدار و 
			بێ ئابڕوو دەکرێن دەکرێنە پەند و ھەڕەشە و تۆقاندنی ژنانی دیکەش!
 
			باشە ژنان - بە تایبەتییش لە باشووری نیشتیمانە داگیرکراوەکەماندا - 
			ھانا وەبەر کێ و وەبەر چ دامودەزگەک ببەن تا پارێزراو بن؟ ئایە ھیچ 
			ئومێدێک لەو دەسەڵاتە تەواو پیاوسالار و ناڕێکە چاوەڕوان دەکرێ؟ ئایە 
			دەکرێ هیوای هیچ گۆرانکارییەک لەسەر بۆچوونە کۆنەکان و گۆڕینی ئەو 
			نەریت و فەرهەنگە ھاروھاجە هەڵبچنین؟ ئایە دەشێ پیاوان لەو ستەم و 
			ناڕەواییانە بەئاگابێنەوە و دەستبەرداری ئەو تاوانە گەورانە ببن کە بە 
			کوژاندنەوەی گیان و ژیانی ژنان کۆتاییان دێ و خۆیان لەو خۆپەرستی و 
			دەسەڵاتە رەھایە رزگاربکەن کە خۆیان لۆ خۆیان دروستیان کردوون؟ دەشێ لە 
			بڕی ئەوە ببنە دڵسۆزی ژنان تا بتوانن بە پێی حەز و بڕیاری خۆیان لە 
			شەقەی باڵیان بدەن؟ هەڵبەتە ئەو پرسیارانە لەوڕۆدا خەونگەلێکی خۆشن! 
			بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە رۆژانێک دادێ ژنان و پیاوانی مێشک کراوە و 
			دڵ نەرم قۆڵ و باسکی خۆیان لێهەڵدەکەن و ئەو خەونانە دەکەنە راستیی و 
			نەوە و نەتەوەیەکی تەندروست و ئازا و پڕ لە زانیاریی و بێ چەوساندنەوەی 
			رەگەزیی بنیاتدەنێن!
 
			  
			
			
			ماڵپهڕی خوناو 
			سمایل  
			  
			  
			  
			  |