١٠\٤\٢٠١٥
چوونه ژوان.

کەبیر شەمسەدینی
ماڵمان له دێ بوو. هه‌ڕه‌تی داب و نه‌ریتی
دزێوی ژن به ژنه . ئه‌و شێوازه ناحه‌زه کارێکی کردبوو لاوه‌کان
به چاوی که‌ره‌سه‌یه‌ک بڕواننه ئافره‌تان . وای کردبوو هه‌ر کوڕێک
خوشکی هه‌بوایه ، هه‌ستی به‌وه ده‌کرد ئه‌و ئافره‌ته بۆیه له‌و
ماڵه‌یه ، بۆ براکه‌ی به ژن بچێ . مافی ئه‌وه‌ی نیه که‌سێک بۆ خۆی
به‌دی بکا . ته‌نیا ده‌بوو که‌سێکی پێ باش بێ که کاکی حه‌ز له
خوشکه‌که‌ی ده‌کا و ده‌یهه‌وێ بیخوازێ . ئه‌ویش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی
سبه‌ی ڕؤژێ ببێته باربه‌ها و بچێته ماڵه بابی براژنی . کورتی
ببڕینه‌وه ؛ له پێناو دڵی کاکی دا ببێته قوربانی . ژیانی دوایی ئه‌و
کچه چی ده‌بێ ؟! هه‌ر خودا ده‌زانێ . خۆشبه‌ختانه ، ئێستا ئاستی
زانیاری کۆمه‌ڵگا ، ئه‌و دابه چه‌وت و ناله‌باره‌ی بۆ هه‌میشه
سڕیوه‌ته‌وه و ئاسه‌واریشی له نێو خه‌ڵکدا نه‌هێشۆته‌وه.
حه‌زم له کچێک ده‌کرد هه‌ر دووسێ ماڵ له یه‌کتر دوور بووین .
هاتووچۆمان به‌سه‌ر ماڵی ئه‌وان دابوو . ئه‌وه‌ش ببووه هۆکار براکانی
کچه له من دڕدۆنگ بن . سه‌روڕوویان ده‌گه‌ڵم خۆش نه‌بوو . یا به
ناقایلی جوابی سڵاویان ده‌دامه‌وه ، یا هه‌ر لووتیان لێ باده‌دام .
مه‌گه‌ر تێم هه‌ڵه‌نگووتبایه‌ن ، ده‌نا قسه‌یان ده‌گه‌ڵ نه‌ده‌کردم .
ئه‌منیش ئه‌و باروودۆخه‌م پێ ناخۆش بوو . به ناچار ڕێی هامووشۆم به
ده‌رگای ئه‌واندا خسته شوێنێکی دیکه و گۆڕیم . ئێواران ده‌چوومه نێو
چناره‌کانی لێواری چۆمی . کاتێک ده‌هات بۆ ئاوهێنان و قاپ و که‌وچک
شۆردن ، یه‌کترمان ده‌دیت . زۆر جاران که ده‌گه‌ڵ ده‌سته خوشکه‌کانی
ده‌هات ، ته‌نیا ده‌مانتوانی به چاولێک کردنێک ، یا به برۆ
هه‌ڵته‌کاندنێک هه‌ستی خۆمان بۆ یه‌کتر ده‌رببڕین.
ئێواره‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ دوو ده‌سته‌خوشکی هات بۆ سه‌ر چۆمی . له‌چاو
ڕۆژانی پێشوو زۆر جیاواز بوو . ڕوخساری ڕه‌ش داگیرابوو . له دووره‌وه
هه‌ست به ناڕه‌حه‌تیی ده‌کرا . هه‌ر وه‌مزانی ناساغه . هاتم به‌ره‌و
قه‌راغی ڕێگاکه ، هه‌تا بتوانم چاکتر بیبینم . جاران ئه‌گه‌ر که‌سێکی
ده‌گه‌ڵ ببوایه ، ببڕای له‌فزی ده‌له‌فزم گه‌ڕابا . به‌ڵام ئه‌و جاره
، به بێ شه‌رم و حوزووری له ده‌سته خۆشکه‌کانی ، به
لێوبه‌بارییه‌وه داوای لێکردم شه‌وێ بچمه حه‌وشه‌ی ماڵیان .
ده‌یهه‌ویست پرس و ڕایێکی زۆر گرینگم پێ بکا . چاوه‌ڕوانیی ئه‌و
هه‌ڵوێسته‌م لێی نه‌بوو . بۆ چه‌ند ساتێک هه‌ر تێی ڕامام . کوتی : " بۆ
حه‌په‌ساوی ؟ " کوتم : " چ قه‌وماوه ئاوا بێ ترس وه‌قسه هاتووی ؟ "
کوتی : " براکانم له حه‌یفی تۆ به ژنم ده‌ده‌ن . ده‌بێ ئه‌وشۆ قسه‌ی
ئاخرت لێ بزانم . قه‌راره میوانمان بێ . " ئاوی ده‌چاوان گه‌ڕا . ڕووی
وه‌رگێڕا و ڕۆیی بۆ سه‌ر چۆمی.
هێزی ئه‌ژنۆم نه‌ما . نه‌متوانی بۆ لای ماڵێ بچمه‌وه . چوومه‌وه نێو
چناره‌کان . له سه‌ر بنه‌دارێک دانیشتم . ده‌تگوت خه‌ون ده‌بینم . بێ
ئه‌وه‌ی خۆم بمهه‌وێ ، فرمێسکم ده‌هاته خوار . نازانم چه‌نده له‌وێ
بووم . تازه وه‌بیرم هاته‌وه لێم نه‌پرسی له کوێ ده‌بێ بیبینم ؟ به
په‌له گه‌ڕامه‌وه سه‌ر ڕێیه . ئه‌ویش ده‌گه‌ڵ ده‌سته‌خوشکه‌کانی ،
ده‌گه‌ڕاوه بچێته‌وه بۆ ماڵێ . به ئاشکرا خه‌مباری منی له ڕوخسارم
دا ده‌دیت . به‌ر له‌وه‌ی شتێک بڵێم ئه‌و کوتی : " به سه‌ربانی هۆڵێدا
وه‌ره . نه‌ردیوانه‌که به دیواره‌وه ده‌نێم ." کوتم : " ئه‌دی
ئه‌و دێڵه دڕه‌تان ؟ " برۆی هه‌ڵته‌کاند یانی لێی مه‌ترسێ و ئیتر
ڕۆیشت.
ئه‌ستێره ته‌ک و تووک ده‌دره‌وشانه‌وه .نه چوومه‌وه ماڵێ .
باشتره بڵێم نه‌مده‌توانی به‌ره‌و ماڵ بچمه‌وه . هه‌نگاوه‌کانم بۆ
لای کۆڵانه چۆڵه‌کانیان ده‌کێشام . بیرم ئاڵۆز و له خه‌یاڵاتی خۆمدا
نوقم ببووم . پێم خۆش نه‌بوو چاوم به که‌س بکه‌وێ . وه‌ک گه‌ڵا دارێکی
بکه‌وێته نێو جۆگه‌له‌ی ئاوه‌وه ، بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ کوێ ده‌چم
کۆڵانه‌کانم ده‌پێوا . نه‌مده‌زانی له چی ده‌گه‌ڕێم . به‌ڵام ده‌مزانی
له شتێک ڕاده‌که‌م . له ڕاستی ؛ له‌و ڕاستییه هه‌ڵده‌هاتم که تازه
سه‌ره‌تای خۆ وه‌ده‌ر خستنی بوو . به نێوێکی نامۆ و نێوه‌رۆکێکی دڵ
ته‌زێن . چیرۆکی دابڕان .. ئه‌و کاته‌ی خۆشی و خه‌ونه‌کانی ژیانت لێ
ده‌تارێنن . ئه‌و کاته‌ی هیچ ده‌ره‌تانێکت نیه و توانایی به‌ره‌نگار
بوونه‌وه‌ی هه‌ل ومه‌رجی ناله‌بار له خۆت دا نابینی.
زۆری نه‌مابوو بۆ ئه‌و کاته‌ی دیاری کرابوو یه‌کتر بدینین ؛ بۆ ئه‌و
کاته‌ی ڕۆژانی پێشوو به هه‌ستێکی زۆر خۆش و دڵه کوته‌ی پڕ له
تامه‌زرۆیی یه‌کتر دیتن ، تێده‌په‌ڕین . ئێستا هه‌ر ئه‌و ڕواڵه‌ته‌ی
جارانی هه‌بوو ، به‌ڵام پڕاوپڕ له تاڵاوی نامۆیی . ترسان له
سبه‌ینه‌ی دابڕان . بۆ ساتێک که سه‌رم هه‌ڵێنا ، دیتم له قوونه‌بانی
هۆڵه‌که‌یانم . بۆ وڵات تاقی کردنه‌وه له جێی خۆم وێستام . چاوم به
ده‌وری خۆمدا گێڕا که‌س دیار نه‌بوو . وه‌سه‌رکه‌وتمه سه‌ر سه‌ربانی .
که‌مێک له گوێسوانه‌ی نیزیک بوومه‌وه . حه‌وشه‌یێکی چۆڵ وتاریک و بێ
ده‌نگ ؛ به‌ڵام وه‌تاغه‌که‌یان هه‌ر جمه‌ی ده‌هات له میوان . چه‌ند
خوله‌کێک خۆم حه‌شاردا هه‌میسان چاوم له نێو حه‌وشه‌که کرده‌وه .
دیتم هاتۆته ده‌رێ و چاو له من ده‌گێڕێ . خۆم پێ‌نیشان دا . ئاماژه‌ی
به نه‌ردیوانه‌که و گۆشه‌ی حه‌سارێ کرد . ڕانه‌وه‌ستا هه‌تا ده‌چمه
حه‌وشه . چووه‌وه ژوورێ و که‌مێک خۆی به نان و چێشته‌وه خافڵاند.
زۆر به ئه‌سپایی له نه‌ردیوانه‌که چوومه خوارێ . دوای سێ چوار
پلیکان ، هه‌ستم ڕاگرت که‌س نه‌یزانی به‌رده‌وام بووم له چوونه
خواره‌وه . پێیه‌کم گه‌یشته عه‌رزی و لاقێکم هه‌ر له‌سه‌ر پلیکانی
ئاخر بوو .له نه‌کاو له بن لاداری نه‌ردیوانه‌که ، حه‌په‌ی دێڵه
شین زراوی بردم . هێنده نیزیک وه‌ڕی وه‌مزانی پڕی‌دا نێفه‌کی
پاتۆڵه‌که‌م . واترسام سه‌ره‌نگرێ بووم . نه‌متوانی وه‌سه‌رکه‌ومه‌وه
سه‌ربان . قووله‌ی سه‌گ و چی بوو و کێ بووی خانه خوێ ، ده‌گه‌ڵ سه‌ر
گه‌ردانی من تێکه‌ڵ بوون . به هانکه‌هانک خۆم ده ده‌رگایه‌ک هاویشت .
دڵم وه‌ک گونی هه‌للاجی لێی ده‌دا . گوێم له لێدانی ده‌بوو . دوای
هاتنه ده‌ری براکانی هه‌میسان وڵات بێده‌نگ بۆوه . برای کچه
نه‌یانده‌ویست میوانه‌کان دڕدۆنگ بن . بۆیه زۆر به بێ هه‌ست
ده‌گه‌ڕان . هه‌تا به‌ر له‌و شه‌وه ته‌واوی کون و کاژێڕی ئه‌و ماڵه‌م
ده‌زانی ؛ به‌ڵام ئێستا وا ترسابووم ، چووبوومه ژوورێک بۆ چه‌ند ساتێک
نه‌مده‌زانی کوێیه . ژووره‌که زۆر تاریک بوو . به ده‌سته‌کوته بۆم
ده‌رکه‌وت هاتوومه کادێنێ . ده‌لاقه‌ی هه‌ڵاتنی بۆ کۆڵانه‌که هه‌بوو
، به‌ڵام هه‌تا لێواری ده‌لاقه‌که‌ی پڕکرابوو له‌کا.
له حه‌وشه براکان له کچه‌یان پرسی : " کێ بوو ؟ چی لێهات ؟ " به‌ڵام
کچه وه‌ڵامی پێ نه‌ده‌دراوه . ئه‌وانیش شکیان که‌وته سه‌ر من .
ده‌ستیان کرد به وڵات پشکنین . سه‌ره‌تا ، چوونه هۆڵێ ، دوایی
ته‌ویله‌ی وڵاغه‌کان گه‌ڕان . ئه‌و مه‌ودایه چه‌ند خوله‌کێکی خایه‌ند
. له‌و ده‌فه‌ته‌دا به ته‌واوی هێز و تواناییه‌کی که هه‌مبوو ، به
چنگه‌پڕکه به سه‌ر کایه‌که‌دا خۆم ده‌کێشا سه‌رێ ، هه‌تا بتوانم له
ده‌لاقه‌ی کادێنێ بچمه ده‌ر و خۆم ده‌رباز که‌م ؛ که‌چی ده‌خزیمه‌وه
به‌ر ده‌رگای ژووره‌که . پشکنینی هه‌موو ماله‌که‌یان ته‌واو کرد
به‌ره‌و کادێن ده‌هاتن . بۆ ته‌قه‌لای ئاخر وام وه‌زاقی خۆم دا ،
ده‌ستم له لیواری ده‌لاقه‌که گیر بوو . خۆم هاویشته کۆڵانێ ؛ زانیان
که‌سێک هه‌ڵات به‌ڵام نه گه‌یشتنێ بمگرن و نه زانیان کێ بوو . گوێم
لێ‌بوو به یه‌کتریان ده‌کوت: "به‌و لایدا خۆی بگه‌یێنێ." به هه‌ڵاتن
خۆم ده‌ماڵی خۆمان هاویشته‌وه.
ژنێکیان له جیرانه‌کان به بیانووی حاجه‌ت وه‌رگرتن نارده ماڵمان .
هه‌تا بۆیان ڕوون کاته‌وه ئه‌من له کوێم و ئاخۆ ئه‌و هه‌ڵاتووه
ئه‌من بووم ؟ کاتێک که ژنه وه‌ژوور که‌وت ، ئه‌من خۆم ده‌خه‌و کردبوو
. به ده‌نگی ژنه هه‌ستام و چاوم هه‌ڵگڵۆفی . ژنه ڕاستی هاتنی بۆ
ماڵمان به من گوت . به‌ڵام به دیتنی من له خه‌ودا ، هه‌ڵخه‌ڵه‌تا و
ڕۆیشت . دوای حه‌وتوویه‌ک کچه به ژن درا و وه‌رزی دابڕانمان هه‌تا
ئێستا که هه‌ردووکمان نه‌وه‌مان هه‌یه هه‌ر به‌رده‌وامه . ناسۆڕی
ئه‌و ژینه نابه دڵییه ، هه‌ر ساڕیژ نه‌بۆته‌وه . له هه‌موو
بیره‌وه‌رییه‌کانماندا جارێک ته‌شه‌نا ده‌کا.
uloush@gmail.com
|