٢١\٤\٢٠١٣
چوون!
- هۆنراوەى سەردەم بە
شێوازی کلاسیک -

کامیل ژیر
مەچۆ گیانە، هەموو
چوونێَ ئەمهەژێنێ لە ناخیکا
وەکو وەرزی وەرینی گوڵ لە بێستان و لە باخێکا
بەهارم لێئەشێوێنێ بە وەیشوومەو گەڵارێزان
هەنسکم وەک دەنگ و هاژەى روبارێکە لە شاخێکا
*
ئەترسم ئەم هەمووچوونە مەترسیی جۆرەچوونێبێ
بچیت و دواهەمین چوونێ کە گڕکانی دەروونێبێ
هەتا ئاوى بە سەرداکەم، بڵیسەو مەشخەڵانی سوێی
بە سووتماکم بکا ، تاکو ، هەبوونم وەک نەبوونێبێ
*
ئەگەر تۆ هەربچیت و من بە رسوایی نەچم چیبکەم
لەدوای چوونت دەمێ زووتر بەئاسایی نەچم چیبکەم
نەچوونم بێ هەبوونی تۆ ، هەموو ساتێکی چوونێکە
ئەچم وەک مەم
لەگەڵ زینا،بەتەنیایی، نەچم چیبکەم
*
ئەبێ هاتن بەهای چیبێ کە کۆتایی نەبوونێبێ!!
هەموو بوونێ لە ئەنجاما دوچاری سەرنگوونێبێ!؟
هەڵەى کێیە کە ئەم چوونە هەتا ئێستا نەگۆرٍاوە!؟
پزیشکانم : چ دەرمانێ بەچارەى دەردی چوونێبێ!؟
*
دەبا جۆری گوڵی وەک ئەو ، لە دنیادا نەبوو بوایە
کە بوو ئەشیا هەمیشە هەر وەکوو رۆژێ هەبوو بوایە
چ نادانێکە شا کاری بە دەستی خۆی ئەنێتە گڵ!؟
گوڵی دەگمەن ئەبوو هەردەم لە گوڵزارا نەچوو بوایە
*
بەهەرجا من ، چ دەستێکە ئەچێتە گیانی شیرینم!؟
بەکام پاسا و و یاسایەک لە دەسچێ چاوی بینینم!؟
کە ئەو ، چوو ، من ، ئیتر گیانێکی نابیناو کەڕو لاڵم!
بچم ، مەرجە ، لەگەڵ چوونی هەناو و هێزی رۆیینم
*
دڵێکم رۆ ، گوڵێکم رۆ ، ئەوا دیسان مەمێک و زین
لە چوونێکان ، بەناکامى ، بەجێبێڵن بەهەشتی ژین!
چەنێکیتر بەڕێگاوەن بدەن باجی هەڵەی گەردوون؟!
وەرن پاکی ئەوینداران ، هەتا ماوین بگێڕین شین!
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|