په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چونکە ستایشخوازین ،لە جیاوازى و ڕەخنە دەترسین .!


حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


((کۆمەڵگاى ئێمە نەخۆش و کۆنەپارێز و دواکەوتووە : قەیرانى قبوڵکردنى ڕەخنەمان لە ئارادایە و .. هاندانى کەلتورى ستایشکردن وکاریزما پەرستن ، هەتا سەر ئێسقانمانە / ئەم ڕستەیە لە عەلى وەردییەوە ئیحاى وەرگرتووە .))


هێشتاکە ئێمە زۆرمان ماوە لە مانا جیاوازەکانى ڕەخنە و ڕانان و هەڵسەنگاندن و بیروڕاى ئازاد دەربڕین لەسەر هەموو شتەکانى دەوروبەرمان بە ئارەزووى خودى خۆمان بخەینە بەرچاو و نومایشی بکەین .. بیرۆکە و نوسین و وتارەکان .. هەرچییەک بن کردەیەکى کاتى و شوێنەکى رۆشنبیرى و وشیارى مرۆڤن ، دەرهاویشتەى زاتێکن و سەبارەت بە بابەت و دیاردە و نیهادێکن کە ئاشنان بە مرۆڤــــ و بۆ مرۆڤیش دەنووسرێن .. هەموو هەوڵێکى ئادەمیزادیی ، هەموو چالاکییەکى زیهنیی و فیکریی کە لە هەست و (ڕەنگە لە نەستى) مرۆڤەوە بێنە دەرێ ، شایانى لەسەر نوسین و لێکۆڵینەوە و شرۆڤە و بەدواداچوون و تۆژینەوە و ڕەخنە لێگرتن و هەڵسەنگاندنە ...!!!!


وەکو ئیمانۆییل کانت فێری کردووین ، هەموو شتێک لە هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەم دنیایەدا شایانى ڕەخنە لێگرتنە .. کەم فەیلەسووف و بیریار و بیرمەند هەن لە دونیاى فەرهەنگ و فەلسەفەدا کە شایانى خوێندنەوە بووبن ، کە هاتبنە نێو کایەى مەعریفییەوە ڕەخنە و ڕانانیان دەربارە نەکرابێت .....! ئەفلاتۆن / پلاتۆ ، نیچە ، مارکس ، ئانیشتاین ، دکتۆر عەلى وەردى ، ئێدوارد سەعید ، عەلى حەرب و زۆریى دیکە لە بیرمەند و فەیلەسوفان و لە زانایان و لە پڕۆفیسۆرانى دونیا ڕەخنە و ڕەخنەى زۆر توندیان لێگیراوە .. ....!! ڕەخنە هەرچۆنێک بنووسرێت هەر ڕەخنەیە و دەچێتە خانەى ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و ڕانان و هەڵسەنگاندنەوە ......!!


کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان ، کۆمەڵگاى کراوەن ، ماف بۆ مرۆڤـ دابینکراوە .. ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى نوسین و ئازادى لەسەر نوسین و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە فەراهەکراوە ... پەروەردەى خێزانیی _ کۆمەڵایەتى لەو کۆمەڵگایانەدا ، جیاوازى ڕەگەزى و نەژادى و ئایینى و بیروباوەڕ پیادەناکات لە گۆشکردن و بەخێوکردنى منداڵەکانیدا .. تاک وەکو مرۆڤێکى ئازاد و سەربەست دروستدەکات .. تاک بیرکردنەوەى تاکگەرایی خودی خۆى ئەژى .. .....!
بەکۆمەڵکردنى تاک لە مێژە نەک خۆڵ بەردیشی لەسەر نیشتووە ، بەکۆمەڵکردنى تاک ، واتا تاک بەبێ کۆمەڵ و کەسانی دیکەى کۆمەڵ بیرنەکاتەوە .. کۆمەڵ چۆن بیرى کردەوە ، تاکیش ( کە بوونى نییە ) وەکو کۆمەڵ و خێڵ و هۆز بیربکاتەوە ..هزر و بیرى تاک زادەى هزرو بیرى کۆمەڵە ، کۆمەڵ چیدەڵێن ، تاکیش هەرئەوە دەڵێت و هیچ ئیزافەیەکى ئەوتۆی نییە سەبارەت بەو وتنە .. تاکى کوردى تاکێکى تەقلیدى و کلایکى دواکەوتووە .. ڕچەشکێن نییە ، خاوەنى بیرو هەڵوێستى دەرەوەى خێڵ و هۆزەکەى خۆى نییە ، بەڵام ئەگەر هەیبوو ، ئەوا دەبێت باجەکەى بدات .. ئەوا دەبێت سزا بدرێت و سەرزەنشت بکرێت ..!!!


ئەو هێڵەى کە سوورە و بڤەیە و تابووە ، دەبێت تاکى هەناسەساردى کورد ئەو هێڵە بە هیچ جۆرێک نەبەزێنێت .. ئەگەر بەزاندى ، ئەوا شاربەدەر دەکرێت .. ئەوا دەبێتە خاینى وڵات و دەوڵەت .. لە میراتى نەتەوەش بێبەش دەکرێت .. !!! ئەگەر تاکێکى جەربەزە و نەبەز و ئازا و نەترس ، زۆر بوێرانە بیرو بۆچوونى ئازاد و تازەگەرى خۆى بڵاوکردەوە .. ئەوا لە هێڵی سوور لایداوە .. ئەوا کوفرێکى زۆر گەورەى کردووە .. سێدارەى بۆ هەڵدەخەن .. لە هیچ شوێنێک نایەڵن ببێژێت و بیروڕاى خۆى دەرببڕێت .. ناو و ناتۆرەى زۆر قێزەون و بکوژى بۆ دەدۆزنەوە .. ڕێگەکان و کەناڵەکانى بڵاوکردنەوە و چاپکردنى کتێب و وتارى لێدەتەنن .. سەرى دونیاى لێدێننەوە یەک ... کونە مشکى لێدەکەن بەقەیسەرى ......!!!!


ئەوە زۆر ئاشکرایە لاى زۆربەمان ، کە وڵات و نیشتمان ، یان هەر کۆمەڵگایەک لەم دونیایەدا هزر و بیرى بەوە پێشدەکەوێت و وەرچەرخان لە بیرکردنەوەیدا ڕوو دەدات کاتێک کە تاکەکانى زۆر بوێرانە توانییان ئەو هێڵە سوور و بڤەیە ( کە کۆمەڵگاى مێگەل ئاسا بەبێ یاسا و ڕێسایەکى نوسراو و وەکو دابونەریت و نۆرمێکى دواکەوتوى کۆنەخواز چەسپاندووییەتى و تاکەکانى پێملکەچ دەکات) ببەزێنن.. ئیدى ئەو کەسە وەکو هەڵگەڕاوە و یاخى و سەرپێچیکار لە کۆمەڵگاى باو و دواکەوتوو حسێبى بۆدەکرێت .. لە هەموو لایەکەوە نەفرەتى لێدەکرێت .. وەها لەم هەقبێژە دەکەن کە ئیدى جارێکى دیکە نەتوانێت تاقانە قسەیەک بکات .. هەموو فشارێک دەخەنە گەڕ بۆئەوەى کە وەکو جۆردانۆ برۆنۆ بیسوتێنن ..یان وەکوگالیلۆ پەشیمانى بکەنەوە !!


ئەوى لەم بوارەدا زۆر پڕووکێنەرە ئەوەیە کە هێزى کۆنەپارێز کۆنزەرفاتیڤ و موحافیزکار هێزێکى فشارهێن و بەزەبرە ، لەگەڵ دەسەڵاتدایە ..زۆربەى زۆرى دامودەزگا میرى و فەرمییەکان لەژێر دەستى ئەم هێز و چین و توێژانەدان .. بۆ نموونە : حیزب و دەسەڵاتى کوردى ، خۆى کۆنەپارێز و نیمچە تاکڕەو و سەردەست و بەزەبروزەنگە .. بەڵام ئیدیعاى دیموکراسی و شەفافییەت و ئازادیخوازیی دەکات ،کەچی زۆرێک لەوانەى کە ئازادیخوازن و تازەگەرن و بابەتى تازە و فەنتازیا ئامێز دەنووسن ، دەسەڵاتى کۆنەخوازى کوردى زۆرێک لەم نوسەرانە و لەم بیرمەندانە دەکڕێت و بە بۆڵدى گەورە نوسینەکان و وێنەکانیان بڵاودەکاتەوە .... کتێبەکانیان بە شێوازێکى زۆر ئۆرستۆکراسییانە و ئاغایانە و مۆدێرنانە بۆ بڵاودەکەنەوە و پاداشتى خەیاڵییان دەدەنێ ... زەوى و زارییان بەناوەوە بۆ تاپۆ دەکەن ، ڤێَلایان بۆ دەکڕن و پارەو پلەو پایەیان دەدەنێ .!! لافییان پێوە لێدەدەن ، زوو زوو ناویان دەهێنن و بە فەیلەسوف و بە بیرمەندو بە منەوەرێکى بێوێنەیان ناوزەد دەکەن .. لەتەلەفزیۆنەوە ، لە ڕادیۆوە ، لە رۆژنامەکانەوە ، باس باسی ئەم نوسەر و بیرمەندانەن .. !


*
         *          *


گرفتى سەرەکى ئێمە لەم رۆژگارەدا ئەوەیە کە هەردەم وەکو باووباپیرانمان بیردەکەینەوە ، هاوتا لەگەڵ جەماوەر و کۆمەڵ دەڕۆین بەڕێوە .. ستایش دەکەین و پیا هەڵدان پیشەمان دەبێت .. ئینشانوسین و نوسینى دەربار ، یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانمان .. کەس ناتوانێت بە ماست بڵێت سپی نییە و خۆڵەمێشییە .. کەس ناتوانێت دژى شەپۆل مەلە بکات .. نایەڵن کەسێکى بوێر و ئازا و ڕچەشکێن و سنوور بەزێن بێتە مەیدان و ڕٍەخنە لە باو و بڵاو و شیاو و نەشیاو بگرێت .. !!!!


نایەڵن کەسێک هەبێت و بڵێت ئێمەى کورد خراپین و ڕەگەزپەرست و پیسین و مرۆڤکوژین و ژنکوژین و دیکتاتۆر و خۆپەرستین .... ڕەخنە بگرێت و ڕانان و هەڵسەنگاندنى هەبێت بۆ بۆچوون و نوسین و وتار و گووتارى ئاینى سەردەست و بیر و هزرى جەماوەر و کۆمەڵ .. ئیدى حسێبى دوژمنى بۆ دەکەن ، ڕەخنەکەى بە بێبنەما و بێبناغە وێنا دەکەن ..خۆى بە نەخوێندەوار و کاڵفام و کافر و جوانکوژ و تازەگەرکوژ لەقەڵەمدەدەن .. جێگەى نوسینەکانى ناکەنەوە .. ڕاستە ئیدیعاى جیاوازى قبوڵکردن و دیالۆگ و دێبات و ئارگومێنتخوازى دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا وانییە .. هێشتاکە ئێمە بە نەستێکى پڕ لە ڕق و کینەوە دەنوسین و کاردەکەین و ڕەفتاردەکەین .. ئێمە چەندە زمانزان و دنیادیدە بین ، هێشتاکە هەڵگرى هەست و نەستێکى کۆنەخوازین و شەڕانگێز و حاقدین دەرهەق بەوەى کە ڕەخنەمان لێبگرێت ...!!


ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندەها ساڵ لە هەندەران فێرى دیموکراسی و ڕەخنە لەخۆگرتن و جیاوازى قبووڵکردن کرابین ، بەڵام لەناخەوە ناتوانین ، ڕەخنەگرانى نوسینەکانمان و وتارو کتێبەکانمان قبوڵبکەین .....!!!


خوێنەرى بەڕێز : بەڕێزت هەتا نەبیت بە ڕەخنەگر هەست بەم حاڵەت و بەم ڕەوشە ناجۆر و جەرگبڕە ناکەیت کە بەندە بۆت باسدەکەم ..لە زۆرێک لە رۆژنامەکانى شارەکەم ، خۆم و براکەم ، وتار و بابەت و نوسینمان بۆ بڵاو ناکرێتەوە ... چونکە هەوادارانى فڵان و فیسار کەس و نوسەرێک کە ئێمە ڕەخنەمان لە شیعرێک .. یان رۆمانێکى گرتووە ، نایەڵن و ڕێنادەن کە نوسینەکانمان بڵاو بێتەوە و رووناکى وەبەربکەوێت ..نوسینەکانمان زیندانى دەکەن و سریاندەبڕن .. فەلاقەیاندەکەن و ڕسوایان دەکەن .. لە زۆرێک لە دەزگاکانى شار ، نایەڵن کتێبمان بۆ بڵاو بکرێتەوە .. کە لەسەر شەقامەکان دەمانبینن ، مۆڕەى شەقاوەیەکمان لێدەکەن ....تف ڕۆدەکەنە سەرزەوى .. لەمبەر بین زوو دەچنە ئەوبەرو خۆیان گرژ ومۆندەکەن .. ئەو شیرو تیرەى ئێمە لێمان وەشاندوون ، ئاکامەکەى ئەوەیە کە زوریان دەچووزێتەوە ، بریندارن و بێدەنگن .. وەڵاممان نادەنەوە بە قەڵەم .. بەڵام چاڵمان بۆ هەڵدەکەنن ..!!


ناچار وەکو حاڵەتێکى دەروونى ، پەنا بۆ سایتە ئازادەکان و پەنجەرە ئازا و بوێرەکانى هەندەران دەبەین ... بەم گرانییەى کە لە بازاڕدایە و زۆرێک لە نوسەرە دەربارەکان و حیزبییەکان هەستی پێناکەن /چونکە ئەوان مووچەیان زۆر زۆرە و لەبننایەت و کرێچی نین / بەڵام بەسەر ئێمەى ئازاد و سەربەستەوە ، خۆنەفرۆشەوە زۆر دەکەوێت .. کۆمپیوتەر و تەلەفۆنى نۆرماڵ و ئیتەرنێت و ئیمەیل ناردن زۆر گرانە بۆ ئێمەیەکى هەژار و کەمدەرامەت .. لەگەڵ ئەوەشدا کە لەناو شارەکەى خۆتدا : دەرگا و مینبەرەکانت لێدابخرێت ، کارێکى گرانە و باجى گووتنى ڕاستى و ڕەخنە لەو کاریزمایەى بە هەزاران لە تاکى خاوەن هزر و بیر بەکۆمەڵ و هۆز و خێڵ بوونەتە هەوادارى هەروا ئاسان نییە ...!


بەڵام داخی گرانم و ئاشکرا و ڕوونە کە یەک لە دواى یەک ئەو سایتانەش کە بە نامە و بە تەلەفۆن بە ئیمەیل و ئاگاداریان دەکەنەوە و ڕایاندەسپێرن کە نوسی و وتارى ئێمە زۆرخەتەرناک و بڤەیە و جێی مەترسییە و ئاسایشی نەتەوەیی کورد و کوردستان تێکدەدات و ئەگەر وتارى ئێمەومانانى ڕەخنەگر و هەقبێژ و توێژەر بڵاو ببێتەوە .. ئیدى کابە کەچ دەبێت و ماڵى هەزاران نوسەر وێران و کاول دەبێت .....!!!! هەرچەندە من یەک دووانێک لەو سایتان پێشوەخت خۆیان بە ئیمەیل نامەى پێشوازى و تکایان بۆ ڕەوانەکردووم کە وتار و نوسینیان بۆ ڕەوانە بکەم _ کە ئیمەیلەکانم پاراستوون و بۆ رۆژى خۆیان هەڵمگرتوون _ ، بەڵام دواجار ئیمەیلیان بۆ کراوە و ڕایانسپاردوون کە بەقوربانە و بەساقەتان بین ، بابەتى ئەم برادەرە نەبینم لە سایتەگاندا ، ئەگینا تێکدەچم و شێت دەبم ، بۆیە بەداخەوە وتار و نوسینمان بۆ دانابەزێنن !!!!


هەندێک لەو نوسەرانەى کە پێش ئێمە رەخنەیان گرتووە ، ناووناتۆرەى زۆر خراپیان بۆ خۆیان بۆ خێزان و هاوسەر و خوشک و دایکیان دروستکردوون .. ئەم جۆرە کەسانە کە هەرگیز ڕەخنە قبوڵناکەن و هەردەم داخوازن کۆمەڵ و مێگەل ستایش و پیاهەڵدان بە لێشاو ببارێنێ بەسەریاندا ، لە نەستیاندا نەخۆشییەکى شارراوە بەدیدەکرێت .. نەخۆشی نێو نەست لەگەڵ نەخۆشی نێو هزر و دەروون جودان لەوەدا کە نەخۆشی نێو نەست دیار نییە و شارراوەیە و پەنهان ئیشی خۆى دەکات .. ....!!


ئەم ڕفتارانە ، ڕەفتارى قبوڵنەکردنى جیاوازى و پێکەوەنەژیان لەگەڵ ئەنتى و ڕەخنەگردا و لە نێو توێژى نوسەران و بیرمەندو فەیلەسوفاندا ، زەنگێکى زۆر خەتەرناکە و خراپ دەشکێتەوە بەسەر کایەى رۆشنبیرى و فەرهەنگیماندا .. پێکەوەژیانى تەبایی و برایەتى تەنها لەگەڵ ستایشکاردا و هەوادارى خودە خۆتدا ، کارێکە تەنها بەگ و ئاغا و سەرۆک خێڵ و سەرۆک حیزب و شێخ و مەلا و پیاوانى ئایینى و پیاوانى ڕیش سپی و پیاوە ماقووڵانى گوند و کۆمەڵى ڕاووشکار و فیوداڵى قبوڵى دەکەن ...!!


ئەو کەسەى نەتوانێت گوێ لە دەنگى دووەم و سێیەمیش بگرێت حەتمەن و بەڵگەنەویستە کە ئەم کەسە سیخناخە لە ئیشکالییەت و نەرگسییەت و سادییەت ... ئەو کەسەى کە چاڵ بۆ ڕەخنەگر و ستایش ڕەفزکار و ئازادیخوا و یاخى و سەرچڵ و دژەباو هەڵدەکەنێت ڕەهەندەکانى بیرکردنەوە و نوسین و چالاکى و ئەندێشەى زۆر تەسک و کورتخایەنن ......!!


کۆمەڵگاى کوردى بە ستایشکردن و کاریزما پەرست و پیاهەڵدان و ئینشا نوسین بۆ دەربار و بۆ دەسەڵات و بۆ ئایدیۆلۆژیا ، پێش ناکەوێت هەمیشە لە گەرداو و لە گێژاوى دیماگۆگییەتدا دەسووڕێتەوە .... ئەو میللەتەى کە ڕەخنەگر و ڕاستى بێژ و هەقبێژ و توێژەر و لێکۆڵەر بە دوژمن و بە کافر و بە سووک تەماشا بکات ، هەرگیز پێشناکەوێت .. لە نێو مۆدێلخوازى و کاریزما پەرستن و جۆرێک لە نوسین و گووتار و بیرکردنەوەدا دەچەقێت و دەوەستێت ..!!


ئەو نوسەرانەى کە لە ڕەخنە دەترسن و ڕەخنەگر وەکو خایین و کافر و خراپ ناوزەد دەکەن و لە ژێرەوە جێگا و شوێن و دەزگا و مینبەر و پەنجەرەکانیان لێدەگرن و دادەخەن ، هەرگیز ئازادیخواز و ئازا و بوێر و شۆڕەسوار نین .. هەرگیز ناتوانن هەق بڵێن و هەوادارى ڕاستى و هەقیقەت بن .....!! ئەوانە ئەوەندە تاریک و کورتبین و خۆپەرستن ، ئەوەندە ئایدیۆلۆژیست و دیماگۆگن ، کە ناتوانن وەکو سپینۆزا و رۆسۆ و گالیلۆ کۆمەڵگا بستێک بۆ پێشەوە بەرن و گۆڕان دروستبکەن و وەرچەرخان بەرپابکەن .....!!!


ئەوانەى دەنگى جوودا و ڕەنگى جوودا و بیروبۆچوونى جوودا و پڕۆژە و بەرنامەى جوودایان پێقبووڵ ناکرێت ، لەگەڵ وەهابى و سەلەفییەکاندا جووداناکرێنەوە ... ئەوانەى دەرگاى رۆژنامە و پەنجەرەى سایتە ئازادەکانى هەندەران لە ڕەخنەگر و نوسەرى بوێر و ئازاد و سەربەست دادەخەن زۆر ترسنۆک و بوودەڵ و گەندەڵن .. زۆر گرگن و بچووک و کەم ئەزموون و ئاست نزمن ..زۆر دوواکەوتوون و شارستانى نین ... ئەوانەش کە هەردەم تەبان لەگەڵ ستایشکاران و ئینشانوسى و دەرباریان زۆر تەمەن کورت و تاریک و نەرگسی و ماسۆشیستن .... ئەوانە ئەوەندە کورتەباڵا و قەزەمن کە ناتوانن لەسەرووى ئاستى چاوییانەوە ، نوسەر و بیر و وتار و گووتارێکى جووداتر لەخۆیان ببینن .......!!!!!


((ڕەنگە ئەم نوسینە بەپەلەیە ، درێژەى هەبێت و بکرێت بە نامیلکە/ نوسەر))