په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١٧

چـیڕۆک بـۆ مـنداڵان:

جوتیار و دارسێو.

محەمەد بەرزی     

 

منداڵە خۆشەویستەکان : ڕۆژیک لە ڕۆژان جوتیارێک لە گوندێکی تەنیشت دارستانێکدا دەژیا . باخ و بێستانێکیگەورە و فراوانی هەبوو ، کە دار سێوێکی پیر و چەندین دار و درەخت و گوڵی گەشاوەی جوان و ڕووەکی جۆراوجۆری لەخۆ گرتبوو . ئەم جوتیارە بە درێژایی تەمەنی منداڵی خۆی ، لە ژێر ئەم دار سێوە گەورەیەدا یاری دەکرد ، هەر ئەم دارەشخۆشترین و باشترین سێوی پێ دەبەخشی . بەڵام لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا ، دارسێوەکە بە تەواوی پیر بوو بوو و ئیترنەیدەتوانی سێوی بۆ بگرێت .بۆیە جوتیارەکە ویستی ئەم دارە بی کەڵکە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە و بیبڕێتەوە و لە پارچەکانیشی کورسی و مێز و دۆڵابی تازە دروستبکات ،ئەوەشی لە بیر نەمابوو ، کە بە منداڵی چەندین جار بە لق و پۆپی ئەم دارسێوە گەورەیەدا هەڵگەڕاوە و سێوی مزر و خۆشیشی لیێ کردۆتەوە و لە ژێریدا یاری زۆر خۆشی کردووە . جوتیارەکە جار جار لە دڵی خۆیدا دەیووت : ( ئیتر دارێکی پیری بێ بەرهەمم بۆ چییە ، کە لایەکی باخەکەی لیێ گرتووم و بۆتە لانەی سمۆرەی پچکۆلە و چۆلەکە و ریشۆڵە و تەیر و تور ) . پاشان جوتیارەکە تەورەکەی گرت بە دەستییەوە و بە پەلە چوو بۆ بڕینەوەی دارەکە . کاتێک سمۆرە پچکۆلەکە و باڵندەکان بەمەیانزانی ، گورج هاتنە خوارەوە و لە دەوری جوتیارەکە کۆبوونەوە و بە یەک دەنگ هەموو وتیان : ( تکایە حەیفە ئەم دارە خۆشەویستە ببڕیتەوە ، ئەی لە بیرت نەماوە ، کە منداڵ بووین ، هەموومان لە ژێر سایە و سێبەری ئەم درەختە مەزن و ئازیزەدا یاریمان دەکرد و خۆشترین کاتمان پێکەوە بەسەر دەبرد و جوانترین یادگاریمان لە گەڵیدا هەیە ؟ ، ئەم دارە دەمێکە بۆتە لانە و نیشتمانێکی پچکۆلە بۆ ئێمە و بێ ئەو سەرگەردان دەبین و هیچ شوێنێکمان نییە بۆی بچیین و تێیدا بژین).


جوتیارەکە بەو قسانە زۆر توڕە بوو ، دەستیکرد بە هاوارکردن بە سەریاندا و بە دەمووچاوێکی ترشوتاڵەوە وتی: (فززەتان نەیە ، من دارێکی بێ کەڵکم ناوێ، کە نەتوانێ سێوم بۆ بگرێت) . ئنجا تەورەکەی دەستی بەرزکردەوە و ویستی بە دارەکەدا هەڵبگەڕێت ، لەم کاتەدا سمۆرە پچکۆلەکە چووە بەردەمی و بە گریانەوە وتی :(تکایە ئەم ماڵە نازدارە لە خۆم و بێچووە پچکۆلەکانم مەشێوێنە و سەرگەردانمان مەکە). پاشان هەموو باڵندە جوانەکان بە گریانەوە وتیان: (تکایە هێلانەکانمان مەروخێنە ، ئاخر ناکرێ بەمجۆرە پاداشتی ئەم دارە بدەیتەوە) . لە دوای ئەمانیشەوە کرمێکی ئاوریشم بە گریانەوە وتی: (تکایە ئەم پیرە دارسێوە مەبڕەڕەوە ، بۆ هیچ نا ، هەر بۆ خاتری ئەوەی زۆرمان خۆشدەوێت و بۆتە پەنایەکی ئارام بۆ مان) . بەڵام ئەم جوتیارە کەللە ڕەقە ، نە منداڵی خۆی لە بیر مابوو ، نە گوێی لە سمۆرە و باڵنداکانی هاوڕیی گرت و بە دارەکەدا هەڵگەڕا و کەوتە وێزەی و دەستیکرد بە بڕینەوەی لقەکانی .. هەموو ئاژەڵ و باڵنداکان دەیانویست بە هەموو هێزی خۆیانەوە بەرگریی لە دارسێوەکە بکەن ، دەیانویست کارێک بکەن دڵی جوتیارەکەی پێ نەرم بکەن و پەشیمانی بکەنەوە ، بۆیە هەموو بە دەنگی بەرز بە جوتیارەکەیان وت:


ئێمە ئەوەندە تۆمان خۆشدەوێت ، کاتێک دوور دەکەویتەوە بە دڵ بیرت دەکەین و تا دەگەڕێیتەوە چاومان لە ڕێگاتە و گۆرانیت بۆ دەڵێین.


بەردەوام ئاگاداری کوڕە پچکۆلەکەتین و یاری لەگەڵدا دەکەین و ژیری دەکەین و ناهێڵین بگری.


گۆرانییەکانمان خەم و ماندوو بوونتان لە بیردەباتەوە.


جا تکایە بە قسەمان بکە و ئەم دارە گەورەیە مەبڕرەوە و لانەمان لیێ مەشێوێنە.


جوتیارەکە گویێ لە ناڵە و هاواریانی نەگرت و لە بڕینەوەی لق و پەلی دارەکە بەردەوامبوو ، کەچی لە پڕ وەستا ، چونکە لە ژێر دەلاقەی لقێکدا شتێکی زەردی بریسکەداری بینی . کاتێک بە جوانی لێی وەردبۆوە ، سەیریکرد ڕیزێ شانەی پاکوخاوێنی پڕ هەنگوینە .پاشان بە سەری پەنجەی تۆزێکی خستە سەر دەمی ، تامەکەی ئەوەندە خۆشبوو ، یەکسەر منداڵی خۆی و یادگارەکانی ڕۆژانی ڕابوردووی بیرکەوتەوە ، سەرلەنوێ تۆزێکی تری خستە ناو دەمییەوە و لە خۆشی ئەو هەموو هەنگوینە ، هەموو گیانی پێدەکەنی و بە دەنگی بەرزیش وتی: (بەخوا هەنگوینێکی خۆش و نایابە).


جوتیارەکە وازی لە بڕینەوەی دارەکە هێنا .ئنجا هەموو ئاژەڵ و باڵندە پچکۆلەکان پێکەوە ڕوویانکردە جوتیارەکە و لە پێش هەموو شیانەوە هەنگە زەردەکە وتی: (ئەگەر دەلاقەی ئەم دارە پیرە نەبووایە منیش نەمدەتوانی وا بە جوانی شانەی پڕ لە هەنگوینی خۆش و شیرینتان پیشکەش بکەم) .. لە دوای ئەمیشەوە سمۆرە زیت و وریاکە وتی: (مەرج بێ منیش بە بار گوێزت بۆ ئامادە بکەم) .. هەموو باڵندەکانی تریش بە یەک دەنگ وتیان: (ئێمەش هەر کاتێک دڵتان تەنگ بێت ، مەرج بێ بە بێ ماندوو بوون گۆرانی خۆشت بۆ بڵێین) .. لە دوای هەمووشیانەوە کرمە ئاوریشمەکەش بە دەم و لەبزێکی شیرینەوە وتی : ( منیش لە لای خۆمەوە ئاوریشمی نەرمی بریقەدار بۆ کۆرپە ساواکەتان دروستدەکـەم).


کاتێک جوتیارەکە گویێ لە هەست و سۆزی پاکوبێگەردی ئەو هەموو گیانلەبەرە ئێسک سووکانە بوو ، هەستی بە هەڵەی خۆیکرد و بە باشی تێگەیشت ، کە ئەم دارە پیرە بۆتە نیشتمانی ئەو هەموو گیانلەبەرە ڕۆحسووکانە ، کە هەر یەکێکیان بە جۆرێک خزمەتی دەکەن وبۆتە بەشێکیش لە یادگارە جوانەکانی سەردەمی منداڵی خۆی ، هەر بۆیە گورج تەورەکەی لە دەستی خۆی فرێدا و لە دارەکە هاتە خوارەوە و ڕوویکردە هەموو گیانلەبەرەکان و وتی : ( بە دڵ داوای لێبوردنتان لێدەکەم ، ئای لە من چەند هەڵە بووم ، هەر بە ڕاستیش زۆر هەڵەبووم ، نەمدەزانی ئەم دارە نازدارە بە پیریش کەڵک و سودی خۆی هەیە ، هەر بۆیە پەیمانتان دەدەمی ، کە هەرگیزا و هەرگیز بیر لە بڕینەوەی نەکەمەوە ، چونکە بۆتە نیشتمانی ئێوە و خزمەتێکی زۆری منیشی کردووە و بە دڵیش حەزدەکەم هەمیشە ئەم یادگارە دێرینە لە بەرچاومدا بمێنێت ، جا هەموو بڕۆن بە بێ خەم و بە خۆشی و شادییەوە لە ناو باوەشیدا بژین . گیانلەبەرەکان بەو قسانە وەک گوڵ گەشانەوە و لە کانی دڵەوە سوپاسی هەنگە پچکۆلەکایانکرد و وتیان : ( ئەگەر هەنگوینەخۆشەکەی تۆ نە بووایە ، ئەوا هەموومان سەرگەردان و بێ جێگا دەبووین ) ... پاشان هەموویان بە خۆشی و تریقەی پێکەنینەوە گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی پیرە دارسێوەکە و بەو پەڕی کامەرانییەوە ژیانیان بردە سەر.
____________________________
منداڵە ئازیزەکان: لەم چیرۆکەوە ئەوە فێردەبین ، کە هەموو گیانلەبەرێکی ناو ئەم سروشتە ، لایەنی چاکەی خۆی هەیە . بۆیە نابێت ئازاریان بدەین و لەناویانبەرین.
تێبینی: ئەم چیرۆکە ناوی نووسەری لەسەر نییە ، بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزییەوە کردوومە بە کوردی.

 


١٤\١٠\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک