٢٦\٢\٢٠٢١
چووین شوورا دامەزرێنین، چینەکەشمان لەدەستدا!؟
- زیاتر رووی دەمم لە چەپ و کۆمۆنیستەکانە
-

عەبدوڕەحمان محەمەد
بەقاڵەکەی گەڕەکی ئێمە، کاری وای دەکرد، مرۆڤی دەهێنایە پێکەنین تا
ڕادەی بوورانەوە.سەردەمانی شەڕی عێراق-ئێران بوتڵی غاز دەستنەدەکەوت،
حاجی ئەفەنی دەیگوت: هەر بتڵێک غاز دەبێت کیلۆیەک مێخەکی لە گەڵدا بکڕی!
دەوڵەتیش پێ دەچوو لەو کاتەدا، کاتێک شتوو مەکی هاوردە دەکرد لە هند و
وڵاتانەوە، ئەو مێخەکەیان بە سەردا ساغ کردبێتەوە، لە کۆتاییدا، خۆی لە
ملی دایک و خوشکەکانی ئێمەدا دەبینیەوە،وەک ملوانکە!
من، ئێمە، هەموومان، کەم و زۆر لە بزووتنەووەی چەپ و کۆمۆنیستیدا
کارمان کردووە، مارکس و کۆمۆنیزم و زێدەبایی و ماتریالیزمی دیالکتیکی و
مێژوویمان وەک ناوی خۆمان لە بەرە!؟ بۆ نموونە؛ لە زانکۆ بووین،
جارێکیان، مامۆستایەکمان پرسیارێکی لە تاقیکردنەوە هێنابوو،ئایا
ماتریالیزمی مێژوویی چیە؟ بڕوا بکەن، لە قوتابیە؛ ئیسلامیەکان و
نەتەوەیەکان و چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە، بە تایبەتی قوتابیە کوردەکان ،
هەمومان ٪٩٠مان هێنابوو!؟ مامۆستاکە دەیگوت، ئەم قوتابیانە دەبووایە
٪١٠٠ وەرگرن، بەڵام نابێت، چونکە ئەو کاتە وەک کارل مارکس، دەبن بە
فەیلەسوف!؟
با بێینە سەر بەقاڵەکانی سیاسەتی کوردی و کەمێک هەڵیانسەنگێنین، چونکە
تا ئێستا هەر ئەوان ئێمەیان هەڵسەنگاندوە، هەندێک جار، هەندێک هاوڕێمان
پێش ئێمە ویستبوویان هەڵیانسەنگێن، یا لە زیندان توندکراون یا کوژراون،
بەڵام بێدەنگیش سنووری هەیە!؟، کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کۆمەڵەیەکی مارکسی
لینینی بوو، دەتوانم بڵێم ڕۆژێک لە ڕۆژان نیوەی کورد لە ڕێکخستنەکانیدا
بوو١ بەڵام ڕابەرەکەی و سکرتێرەکەی نەوشێروان موستەفا، لە کۆتایی
تەمەنیدا دەیگوت، هیچ کاتێک مارکسی نەبوومە!؟ بەڵکوو، لە گەڵ مەلا و
خەڵکە مەزهەبیەکاندا زیاتر نزیک و دۆستایەتی هەبوو!؟ لە کاتێکدا
هەزاران کەس بە بێ بڕوایی چونە گۆڕەوە لە سەر دەستی بەرنامەکەی ئەو بوو!؟
بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، کە زۆربەیان، بێ دەستنوێژ هەڵگرتن؛
سیاسەتیان نەدەکرد!؟ ئەو پێشمەرگەیە چی لێ دەکەن، چی پێ دەڵێن؛
کەوتبووە شەڕێکەوە، هاواری دەکرد دەیگوت: ئێستا چیبکەم، بەردێک نیە خۆم
بدەمە پاڵی، لای خوا و پێغەمبەریشیان لێم بڕیوەتەوە تا لێیان بپاڕێمەوە
و ڕزگارم بێت و فیشەکێکم بەرنەکەوێت لەم شەڕەدا!؟
مەلا بەختیار، ئەندامی حیزبێکی سۆشیال-دیموکرات، دابڕانێکی داناوە، کە
کۆمەڵیک مرۆڤی بێ باوەڕ ڕابەرایەتی دەکەن، دژی هەموو باوەڕێکی مەزهەبیە،
بە تایبەتی ئیسلام، بەڵام ئێستا دەڵیت: من سونیم و بڕوام بە هەموو
پێغەمبەران و قورئانی پیرۆز هەیە!؟ هەروەها گۆشتی بەرازیش ناخۆم! لە
کاتێکدا ئاڵای شۆڕشی دامەزراند، کە کۆمۆنیزمێکی عەیارە ٢٤ بوو!؟ جا خۆ،
ئێستا کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی دەتوانن مەلا بەختیار سزا بدەن بە
تاوانی، تابووری پێنج، بۆ ئیسلامیەکان، وەک لە چاوپێکەوتنەکەیدا دیارە،
چەند پەرۆش و لایەنگری ئیسلامە!؟ بە ڕاستی تا دەمرین، شتی سەیر و
سەمەرە دەبینین!؟
حیزبی شیوعی عێراقی، یەکەم حیزبی کۆمۆنیستیە لە عێراق( ئەوەی باشە زۆری
خەڵک نازانن شیوعی و کۆمۆنیست هەر یەک واتایان هەیە، لە سەر
بزووتنەووەی کۆمۆنیستی ناژمێردرێن!)، وەک بینیمان لە خوارووی عێراق لە
گەڵ سەدر و شیعەکاندا یەک لیستیان هەبوو لە هەڵبژاردندا!؟ ئێستاش
سەریان بڕوات نوێژیان ناڕوات!؟ پێ دەچێت ئەمان لێیان تێک چووبێت، لە
جیاتی مانیفێستیان خوێندبێتەوە، قورئانیان خوێندبێتەوە!؟
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی سازمانی کوردستانەکەی دامەزران،
زۆربەمان کەوتینە ژێر کارتێکردنی ئەوانەوە، زۆربەی کۆمۆنیستەکانی عێراق
پەیوەست بوون پێوە و لە دەورەی ئامۆزشیەکانیاندا بەشداریان کردووە،
دوایی هەر مەنسوور حیکمەتی سکرتێری،کە کەسی یەکەمی حیزبەکە بوو، بە خۆی
و قەڵەمەکەیەوە لێی دەرچوو و حیزبێکی تری دامەزراند، ئیتر تەشکیلات و
ڕێکخستنەکانی لە نێو کرێکاراندا چی بە سەر هات، کێشەی خۆیانە!؟ لەو
کاتەوە ئەو بزووتنەوەیە لە ناوچەکەدا، تووشی سەرە سوڕێیەک بووە، خۆی بە
پێوە ناگرێت!؟
کۆمەڵەی سازمانی کوردستان، ئێستا هەر کۆمۆنیستە، بەڵام لەو زڕگوێزە
دایانیانیشاندووە، دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی باشووری کوردستان دەبێت
ڕێگەیان پێ بدەن، تا کارێک بکەن!؟لە بەر ناسکی و ساوایی بارودۆخی
هەرێمی باشووری کوردستان، ئەم کۆمەڵەیە،پێ دەچێت نەوێرێت و جورئەتی
ئەوەی نەبێت بڵێت و پرسیار بکات، ئایا باشوریەکان، ئێوە کەی لە ساوایی
دەردەچن؟! بەڵام بۆ ماوەی چەندین ساڵە گوێم لە هیچ کار و چالاکیەکیان
نەبووە، هەر خەریکی جیابوونەوە (ئینشیعاب)ن بە دیالێکتەکەی خۆیان!؟ گۆم
ڕێ نەکات، ئیتر بۆگەن دەکات!؟
کۆمۆنیزمی کرێکای عێراق، هەر مەنسوور حیکمەت، دامەزرێنەر و فەیلەسوف و
هیدایەتکەری بوو، ناشوکری نەبێت، ئێستا خاوەن ٥ پێنج حیزبین ئەگەر
زیاتر نەبێت!؟ چونکە بۆنم کردوە، دوو سێ نەفەرێکی تریش خەریکی دانانی
پلاتفۆرمی کاری ڕێکخراوێکی ترن!؟، کە هەمووی لەم حیزبەوە دابەش بوون!؟
بڕوا بکەن، ڕیزی خەڵکانی ناڕازیی و چەوساوەیان وا پەرش و بڵاوکردۆتەوە،
دەسەڵاتی کوردستان، هێندە بێ منەت بووە لەو چینی کرێکارە، بە دوو مانگ
جارێک مووچەیان دەداتێ، بە لێبڕینەوە!؟ بە واتایەکی تر، ئەم
کۆمۆنیستانە، چزووی چینەکەیان دەرهێناوە، تا خۆیان ێەکلا دەکەنەوە!؟ بۆ
شوورا ڕۆیشتین! چینەکەشمان خستە سەری!؟
کۆمۆنیزمی نوێ، هاوڕێیەکمان لەم ڕۆژانەدا، پەرتوکێکی بە چاپ گەیاند، لە
ژێر ناوی کۆمۆنیزمی نوێدا، بە گوێرەی داتاکان بێت، ئەم هەمووە کە
باسمان کردن، لە ژێر چەترێکدا کۆ بکاتەوە!؟ ئێستا من بۆ خۆم، چاوەڕوانی
ئەم کۆمۆنیزمە نوێیەم، دەڵێم بەڵکو ئەمەیان دوا پەرتوووک بێت و بکەوینە
سەر ڕێچکە!؟
من بە مافی ڕەوایی هەر کەسێک و گروپێکی دەزانم، کە بۆ خۆی ئازاد بێت لە
ڕێکخستن و هەڵبژاردنی ڕەوتی سیاسی خۆیدا، بەڵام کارتێکردن و لایەنە
نێگێتیڤەکانی سەر ئەو لێکترازانە سیاسیانە لە سەر کۆمەڵگا و چینی
کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بە تایبەتی، دەبێت لە بەرچاو بگیرێت!؟ لە
گەڵ هەر دابەشبوونێکدا، سەدان مانگرتنی چاوەڕوانکرا و تووشی شکست دەبێت!؟
دەیان مرۆڤی شۆڕشگێڕ سارد دەبنەوە!؟ سەدان یەکێتی ناوەندەکان، دەبنە دژ
و بگرە دوژمنی یەک!؟ دەیان ڕێکخراوی جەماوەری دەتوێنەوە ، لە کاتێکدا
هەزاران خەڵکی ستەمدیدەی کۆمەڵگایان گرتبووە خۆیان!؟ دەیان ساڵ چوونە
دواوە، تا جارێکی تر ، کۆمەڵێکی تر، نەوەیەکی تر، دێن و دەبنە خاوەنی
بزووتنەوەکە!؟
زۆرێک لە ئێمەومانان، کە ڕێکخراوبووینە، خاوەنی ڕێکخراوی خۆمان بووینە،
ئەندامی گروپێک بووینە، دەزانین و هەستی پێدەکەین، کە چۆن پشتت
دەشكێنێت ئەو هەموو دابەشبوونە!؟ کە چۆن هاوڕێکەی دوێنێت لێ دەبێتە
دوژمنی ئەمڕۆ!؟ کە چۆن هەزاران خەڵکی ئاوارە و منداڵ و ژنانی چەوساوە و
کرێکارانی بێکار و مامۆستایانی بێ مووچە سەرگەردان دەبن و نازانن ڕوو
لە کوێ بکەن!؟
لە ئەوروپا کە دەبینین، سەرۆک حیزبێک، ڕێکخراوێک، وەزیرێک، یانەیەکی
فۆتباڵ، لە شکستێکدا، دەست لە کارکێشانەووەی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت:
با کەسێکی تر جێگەی من بگرێتەوە!؟ من نازانم، چۆن شەرم ناکات سکرتێری
پارتیکی سیاسی بە تایبەتی چەپ و کۆمۆنیست، کە دەڵێت ئەوە بۆ سێیەم و
چوارەم جار بە سکرتێر و بەرپرسی کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسی
هەڵبژێردرایەوە، لە کاتێکدا دەسەڵات و ئەزموونی ستالین و شاوشیسکۆمان
بینیووە!؟، لە کاتێکدا، لەو هەموو کاتەدا، کارەکانی تەنها بستێک نەچۆتە
پێش!؟ ئەگەر بچووایە پێش کارەکانی، سەدان کەسی تر، دەستیان هەڵدەبڕی و
خۆیان هەڵدەبژارد بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە!؟ دەنا، زۆربەی حیزبەکانی
کوردستان، سەرکردەکانیان، بە تێکڕایی دەنگ هەڵدەبژێردرێن ( با بەین
خۆمان بێت، عەیبە وڵاتانی بیانی با پێمان نەزانن!).
دەڵێت من بڕوام بە مەزهەب و پرەنسیپە ئاینیەکانە، بەڵام هێشتا خۆی بە
ڕابەر و موفەکیری ڕێکخراوێکی بێباوەڕ دەزانێت، ئامادەش نیە
بەرپرسیارێتیەکە چۆل بکات بۆ یەکێکی تر!؟ برا بڕۆ لە حیزبێکی مەزهەبی
ناوت بنووسە و ببە ئەندام!؟کەسی وا هەیە؛ دەیان جیابوونەوە بە هۆی
کەلەڕەقیی ئەوەوە ڕوویداوە لە حیزبەکەیدا، هێشتا ئامادە نییە، چۆڵی
بکات!؟ ئەی ئیتر دەسەڵاتی دیکتاتۆری چۆنە!؟
هەموویان لە بەقاڵەکەی گەڕەکی ئێمە دەچن، غاز و مێخەک پێکەوە دەفرۆشێت!
ئارد بکڕیت دەبێت کیلۆیەک بزماری کەوشیشی لە گەڵدا بکڕیت! بە ڕاستی
مرۆڤی کورد، ئەگەر بۆ ساتێک، مێشکی ئاسوودە بکات و کەمێک لاپەڕەکانی
مێژووی ژیانی خۆی هەڵبداتەوە، دەبینێت لە چی، دووڕووییەک ژیاوە، چۆن
چەواشەکراوە!؟
کۆمەڵێک هاوڕێ لای پەنجەرەکەوە ڕاوەستابوون، بانگمیان کرد، مەلا رەحمان،
مەلا رەحمان، وەرە ، تەماشاکە، ئەو مانگایە دەفڕێت! منیش بە پەلە
ڕامکرد بۆ لای پەنجەرەکە، تا ببینم بزانم مانگا چۆن دەفڕێت، ئەوان (مەبە
ستم سیاسیەکانە) دایانە قاقای پێکەنین بە من، گوتیان:
بڕوات کرد، مانگا دەفڕێت؟
منیش گوتم: لە بەرئەووەی ئێوەم بە ڕاستگۆ دەزانی!
ماڵپهڕی عهبدوڕهحمان
محهمهد
|