١\۴\٢٠١٠
دابڕان.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
یه‌کێک له‌و پرس و باسانه‌ی، گه‌لێک جاران، ناڕوونی و لێڵییه‌ک له
دیدی مرۆڤی کورددا ده‌ئافرێنن و مرۆڤی کورد ڕووبه‌ڕووی تۆپه‌ڵێک پرسیار
ده‌که‌نه‌وه و زۆرجارانیش به کۆمه‌ڵێک وه‌ڵامی ڕێوێڵکار و چه‌واشه‌کار،
سه‌رلێشێوان و گومڕێییه‌ک دێننه گۆڕێ، پرسی ناسنامه، نه‌ته‌وه‌بوون،
خۆبه‌کوردزانی، به کوردی هزرین و خۆبه‌کوردستانیزانینه.
به‌شێکی زۆری ئه‌و لێڵی و ناڕوونییه گوماناوییه، له لاوازی زانیاری و
هۆشیاریی مێژووییه‌وه دێت، که مرۆڤی کورد، ئاگاییه‌کی ئه‌وتۆی له
باره‌یانه‌وه نییه. ده‌شێ هۆکاری ئه‌و لاوازییه‌ش بگێڕدرێته‌وه بۆ،
نه‌بوونی فه‌رهه‌نگێکی که‌ڵه‌که‌بووی مێژوویی و پێشینه‌یه‌کی تژی
توێژینه‌وه و پشکنین و سه‌رچاوه‌گه‌لێکی ڕاست و دروست و بێ گرێوگۆڵی
گه‌نجینه‌یه‌کی کتێب و نووسین و ده‌تنووس و وێنه و ده‌نگ و ڕه‌نگ و
تۆمار و شوێنه‌وار و دۆکیۆمێت و شتی دیکه، که مێژوویه‌کی تۆکمه و
لێکدانه‌بڕاو و سه‌رتاسه‌ری، کۆن و نوێی کورد، پێشان بدات. مێژووی کورد،
ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه، تا ڕاده‌یه‌ک بچڕبچڕ و لێکترازاو و فره‌جاریش
بێبه‌ڵگه و بێبنه‌مایه.
ئه‌وه‌ی له‌کن کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر و خه‌ڵکانێکی کورد، که خجڵی
مێژوونووسینن، ساغبووه‌ته‌وه و بڕاوه‌ته‌وه و ئه‌وان بۆ خۆیان
پێیانوایه، ئیدی یه‌کلابووه‌ته‌وه و چ گومانێکی تێدا نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر
له ڕووی زانستی و خوێندنه‌وه‌یه‌کی بڕێک ژیربێژانه(لۆگیکانه/ مه‌نتیقی)وه
لێیان بنۆڕدرێ، هه‌رگیز لێڵایی و ناڕوونییه‌کان ناڕه‌وێننه‌وه و
زانیاری و هۆشیارییه لاوا‌زه‌کانیش، به‌هێز ناکه‌ن.
کوردستان، وه‌ک وڵاتێکی دابه‌شکراو و کوردیش، وه‌ک گه‌لێکی په‌رتپه‌رت
و فره‌ئایین و ئایینزا و فره‌شێوه‌زار و فره‌هۆز و خێڵ و تیره، هه‌رگیز
هه‌ستی یه‌کناسنامه‌یی و یه‌کنه‌ته‌وه‌یی و یه‌کخاکیی، نه به کرده و
نه له ڕووی تیۆرییشه‌وه، یه‌کینه‌خستوون و هه‌میشه په‌ر‌ته‌وازه‌ییان
پێوه دیار بووه. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و یه‌کنه‌خستنه، نه‌بوونی هه‌ستێکی
نه‌ته‌وه‌ییه پێش هه‌ر شتێکی دیکه و نه‌بوونی هزری نه‌ته‌وه‌ییشه به
پله‌ی دووه‌م. ڕه‌نگه به‌زاندنی هه‌ندێک سنوور و وه‌هاناهاتن و
پشکداربوونی که‌سێکی وه‌ک مه‌لا مسته‌فای بارزانی و بارزانی‌یان له
کۆماری کوردستان له مه‌هاباد و هاوئاهه‌نگییه‌کی نێوان سمایل ئاغای
شکاک و شێخ مه‌حموودی حه‌فید و به‌شداربوونی کوردگه‌لێکی جیاواز له
خۆیبووندا و... ڕیزپه‌ڕێکی ئه‌و دیده بن، ڕیزپه‌ڕیش به بنگه وه‌رناگیرێت
و ناگشتێنرێت، گه‌لێک له‌وانه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌وه دواون و توێژینه‌وه‌یان
کردووه و مێژوویان نووسیوه‌ته‌وه و پرسه سیاسییه‌کانی پێوه‌ند به
کوردیان تاوتوێ کردووه، ئاماژه بۆ چه‌ند هۆکارێک ده‌که‌ن، که ڕێگر
و به‌ربه‌ستی، چێنه‌بوون و له‌دایکنه‌بوونی ئه‌و هه‌ست و هزره نه‌ته‌وه‌ییه‌ن
و تا ڕاده‌یه‌ک به سووچ و تاوانی ئه‌وانه‌ی ده‌زانن. له‌به‌رچاوترینی
ئه‌و هۆکارانه ئه‌مانه‌ن:
- سه‌لاحوددینی ئه‌یووبی، که قودس و فلستین و خاکی عه‌ره‌بی له
عیساییان ڕزگار کردووه و ده‌وڵه‌تی ئه‌یووبی له مسر دامه‌زراندووه،
گوایه هیچی بۆ کورد نه‌کردووه.
- پارتییه کۆمۆنیسته‌کانی ئێران، تورکیا، عیراق و سووریا، واته:
پارتییه کۆمۆنیسته‌کانی ده‌وڵه‌تگه‌لی داگیرکارانی کوردستان، گوایه
خه‌ڵکی کوردیان له بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردی دوورخستووه‌ته‌وه و خه‌ڵکی
کوردیان فریو داوه.
- له‌و دووه‌ی پێشوو گرنگتر، ئیسلامبوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ده‌کرێته
بیانوو بۆ سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی کوردستان و کزی و لاوازیی هه‌ست و هزری نه‌ته‌وه‌یی
کورد.
سه‌لاحوددینی ئه‌یووبی، له 1193ی زایین‌دا کۆچی‌دوایی کردووه، له سه‌رده‌مێکدا،
ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ بیری نه‌ته‌وه‌یی، به‌م شێوه‌یه‌ی، که ئێستا له
گۆڕێدایه، له هیچ کوێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا نه‌بووه. ئه‌و وه‌ک
موسوڵمانێک هزریوه و کۆشش و هه‌وڵه‌کانی له پێناوی ئیسلامدا بووه.
مرۆڤی کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بابه‌تیانه بنۆڕیته ئه‌و سه‌رده‌مه، ده‌بێ
له‌وه تێ‌بگا، که بیری نه‌ته‌وه‌یی، له ئه‌وروپاشدا، که به لانکی
بیری نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌بووه. که‌وابێ ئه‌مه
چ داوایه‌که هه‌ندێک خوێندووی کورد، له سه‌لاحوددینی ئه‌یووبی ده‌که‌ن!
هه‌رچی ئه‌و پارتییه کۆمۆنیستانه‌ی وڵاتانی داگیرکارانی کوردستانن،
پارتیی کۆمۆنیستی سووریا، له ساڵی 1924 و پارتیی کۆمۆنیستی تورکیا له
ساڵی 1920 و پارتیی کۆمۆنیستی عیراق، له ساڵی 1934 و پارتی
کۆمۆنیست(تووده)ی ئێران، له ساڵی 1941 دا، دامه‌زراون. ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی
ئه‌و پارتییانه‌ی تێدا دامه‌زراون، خه‌باتی چینایه‌تی وه‌پێش خه‌باتی
نه‌ته‌وه‌یی خراوه و هێزی کارگه‌ران و ڕه‌نجده‌ران و ڕووناکبیرانی
شؤڕشگێڕ، له چوارچێوه‌ی ئه‌و پارتییانه‌دا خڕ بوونه‌وه و هه‌وڵیان بۆ
ڕزگارکردنی ته‌واوی چه‌وساوه و به‌شخوراوانی نێو ئه‌و وڵاته‌یان داوه،
که قه‌واره‌کانی تورکیا و سووریا و ئێران و عیراقیان، به به‌شه
کوردستانه‌کانیشانه‌وه گرتووه‌ته‌وه. به‌شێکی زۆری ئه‌ندام و هه‌واداران
و کادری پێشکه‌وتوو و ته‌نانه‌ت ڕێبه‌ر و سه‌رکرده و ئه‌ندامانی سه‌رکرده‌یه‌تیی
ئه‌و پارتییانه بۆ خۆیان کورد بوون.
له هه‌ردوو باردا، کاریگه‌ری ئیسلام له سه‌ر سه‌لاحوددینی ئه‌ییووبی،
و مارکسیزم له سه‌ر پارتییه کۆمۆنیسته‌کان، نۆره‌ی له‌به‌رچاو و
گرنگی خۆیان بینیوه، که هه‌ردوویان، پرسی نه‌ته‌وه‌ییان، ئه‌وه‌نده‌ی
پرسه ئایینی و چینایه‌تییه‌که، له‌لا گرنگ نه‌بووه. له ئیسلامدا
چه‌مکی ئوممه، بێ جیاوازی ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و زمان و نه‌ته‌وه و خاک،
ته‌واوی خه‌ڵکانی هاوئایین ده‌گرێته‌وه، که هه‌موو ئه‌وانه‌ن، له
چوارچێوه‌ی بڕوابوون به ئایینی ئیسلامدان و خۆ به ئیسلام ده‌زانن. چه‌مکی
ئوممه‌ی ئیسلام، که ده‌کرێ به کوردی بکرێ به نه‌ته‌وه، لێ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی
ئیسلام باسی لێوه ده‌کات، جیاوازه له‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی، که ئه‌وروپاییه‌کان
داهێنه‌رین و ئێستا له هه‌موو جیهاندا باوه. ئوممه‌ی ئیسلام، خه‌ڵکانی
سه‌ر به ئایینی ئیسلام ده‌گرێته‌وه، بێگوێدانه بنه‌چه و ڕه‌چه‌ڵه‌ک
و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و زمان، واته: ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه، که بڕوایان
به ئایینی ئیسلامه و له ژێر ئاڵای ئیسلامدان. ئه‌م چه‌مکه، چه‌مکی
ئوممه، له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامدا هاته گۆڕێ و له‌گه‌ڵ نه‌مانی
ئیمام عه‌لیدا، خامۆش بوو و نه‌ما. له مارکسیزمیشدا، چه‌مکی کارگه‌ر،
بێ جیاوازی ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و زمان و نه‌ته‌وه و خاک، هه‌موو کارگه‌رانی
جیهان، ده‌گرێته‌وه. نه له ئیسلامدا و نه له مارکسیزمدا، سنووری
نه‌ته‌وه‌یی بۆ موسوڵمان و کارگه‌ر، که مه‌به‌ستی هه‌ردوو دیتنه‌که‌ن،
نییه. که‌وابێ که‌ی ڕه‌وایه ئێستا سه‌لاحوددینی ئه‌ییووبی و پارتییه
کۆمۆنیسته‌کانی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا، دادگایی بکرێن و بکرێنه
بیانوو بۆ په‌یدانه‌بوون و لاوازیی هه‌ست و هۆشیاری و ئاگایی نه‌ته‌وه‌یی
له لای کورد! حیزبه کۆمۆنیسته‌کانی ئه‌و وڵاتگه‌له ده‌کرێ له‌سه‌ر
زۆر شت، زۆر کاره‌سات، زۆر هه‌ڵه و چه‌وتی، نه‌هامه‌تی، ماڵوێرانی و
هه‌ل و ده‌رفه‌ت له‌ده‌ستدان، نه‌ک ته‌نێ له لایه‌ن کورده‌وه و له‌به‌ر
کورد، دادگایی بکرێن، به‌ڵکه له لایه‌ن ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی(تورک،
فارس، عه‌ره‌ب، ئازه‌ری، کورد، به‌لووچ، تورکمان، ئه‌رمه‌ن، ئاشووری،
کلدان، سریان، جووله‌که، چه‌رکه‌س، لاز و...) ئه‌و وڵاتانه‌وه
دادگایی بکرێن. دیاره ئه‌مه به‌و واتایه نایه‌ته‌وه، که نۆره‌ی
سستی ڕێبه‌ره کۆمۆنیسته کورده‌کانی نێو ئه‌و حیزبه کۆمۆنیستانه و
هه‌ستی خۆبه‌کوردنه‌زانی و پله‌دوویی و نزمیی ئه‌وان له‌هه‌مبه‌ر
هاوتاکانیان، که سه‌ر به نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان بوون و هه‌ن، له‌نێو
ئه‌و حیزبانه‌دا، له یاد بکرێ. دیاره خالید به‌گداشی، کوردی ڕێبه‌ری
حیزبی کۆمۆنیستی سووریا، نموونه‌یه‌کی ئه‌و ڕێبه‌ره کۆمۆنیستانه بوو
. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌و حیزبه کۆمۆنیستانه‌ی وڵاتانی تورکیا،
سووریا، ئێران و عیراق، پتر خه‌ڵکانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌گه‌لی تورک،
فارس و عه‌ره‌ب، ڕێبه‌ریه‌تییان ده‌کرد و ئه‌وان له‌نێو ئه‌و حیزبانه‌دا
ده‌سه‌ڵاتدار بوون و تا ڕاده‌یه‌ک حیزبه‌کان ه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه بوون
و کورد له‌وانیه‌وه وه‌رگرتبوو و کورد چووبووه نێو ئه‌و حیزبانه‌ی ئه‌وانه‌وه
و ژێرماڵه‌ی ئه‌وان بوو، به‌ڵام ئه‌وه چ به‌ربه‌ست و ڕێگرییه‌ک نه‌بوو
بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه، که له‌پاڵ بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیزم و ئه‌و حیزبه
کۆمۆنیستانه‌شدا، هزری نه‌ته‌وه‌یی و بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی و په‌رۆشی نه‌ته‌وه‌ییان
گه‌شه بکات و خۆیان خڕکه‌نه‌وه و قه‌واره‌ی خۆیان دروست که‌ن و بێنه‌وه
ناو مێژوو و بگه‌ڕێنه‌وه نێو بازنه‌ی فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆیان و خۆ
بدۆزنه‌وه.
که کورد به‌شێک بێت له نه‌ته‌وه موسوڵمانه‌کان و خاکه‌که‌یشی به‌شێک
بێت له خاکی وڵاتانی ئیسلامی و که نه‌ته‌وه‌کانی چوارده‌وریشی، عه‌ره‌ب،
فارس و تورک، هه‌رسێیان نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی موسوڵمان بن و هه‌ریه‌که‌یان
خاوه‌نی قه‌واره و ده‌وڵه‌تی خۆیان بن و ئیسلام چ ڕێگه‌یه‌کی له هه‌ست
و هزری نه‌ته‌وه‌ییان نه‌گرتبێ، به‌ڵکه ئیسلامیان کردبێته پاڵپشت و
پرد و به‌رده‌باز بۆ خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان، که‌واته، کورد
بۆ خۆی نه‌یتوانیوه سوود له ئیسلام وه‌رگرێت. ئیسلام هه‌رگیز به‌ربه‌ستی
خواسته‌کانی کورد نه‌بووه.
بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ خاستر له ڕه‌وشه‌که تێبگات و له بنه‌ماکانه‌وه به
ڕوونی سه‌ره‌داوه‌کان بدۆزێته‌وه، گه‌ره‌که ئه‌وه بزانێت، که بیری
نه‌ته‌وه‌یی، له ئه‌وروپاوه گه‌یشتووه‌ته ڕۆژهه‌ڵات و کوردیش یه‌کێکه
له ڕۆژهه‌ڵاتییان و که ئه‌و بیره له ئه‌وروپایش هه‌روا له‌خۆڕا نه‌هاتووه‌ته
گۆڕێ و به په‌یدابوونی خه‌ڵکانێکی خاوه‌ن تیۆری و تیۆریزانان و
تێۆریداڕێژه‌ران، ده‌ستیپێکردووه. ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپایی له سه‌ده‌ی
نۆزده‌یه‌مدا له ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا سه‌ریهه‌ڵدا و دواتر یۆنان و
فرانسا و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپای گرته‌وه. فیلۆسۆفانی وه‌ک
هیگڵ(1831 مردووه) و نیچچه(1900 مردووه) سروشبه‌خشی ناسیۆنالیزمی ئه‌ڵمانی
بوونه و ده‌یان فیلۆسۆف و ڕووناک‌بیری دیکه‌ی ئه‌وروپایی، ڕێگه‌خۆشکه‌ری
گه‌شه و په‌ره‌پێدانی بیری ناسیۆنالیزم بوون و ده‌یان تیۆرییان بۆ
داناوه و خستوویانه‌ته چوارچێوه‌وه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی وڵاتانی داگیرکارانی کوردستانیش بکه‌ین و وه‌دووی
به‌راییه‌کانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی(فارسی)، عه‌ره‌بی و تورکیدا بگه‌ڕێین،
له ئێران، سووریا، عیراق و تورکیا، ده‌کرێ به‌م جۆره بیانخوێنینه‌وه:
ناسیۆنالیزمی ئێرانی(فارس):
یه‌که‌م سه‌رچاوه‌ی ده‌سپێکی مێژوویی ناسیۆنالیزمی ئێرانی(فارس)، ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ داریووشی مه‌زن یا داریووشی یه‌که‌م(527- 486ی پێش زایین)ی سێیه‌م
شای هه‌خامه‌نشییان، که له نه‌قشی ڕۆسته‌مدا، نێزیکی باژێڕی (په‌رسیپۆلیس)ی
کۆن و نێزیکی باژێڕی شیرازی ده‌ڤه‌ری فارسی ئه‌م ڕۆژگاره‌دا، ده‌رده‌که‌وێ.
داریووش ده‌ڵێ:"من داریووشم، شای مه‌زن، شای شایان، شای وڵاتانی هه‌موو
پیاوان، شای خاکه مه‌زن و دوور و به‌رینه‌کان، کوڕی ویشتاسپی هه‌خامه‌نشی،
فارسی کوڕی فارس، ئاریایی و ئاریایی نه‌ژاد". دووه‌م سه‌رچاوه‌ی
ناسیۆنالیزمی فارس، شانامه‌ی فیرده‌وسی (ئه‌بولقاسم مه‌نسوور فیرده‌وسی)یه،
که له ساڵی 1000ی زایین‌دا نووسراوه و باس له مێژوو و قاره‌مانیی
شایه‌کانی ئێران ده‌کات. ناسیۆنالیزمی نوێی ئێران، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
ساڵی 1906، کاتێک شۆڕشی مه‌شرووتییه (مشروطیه) ڕوویدا و کۆتایی به
ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی قاجاری و شایه‌کانی ئه‌وان هێنا و یه‌که‌م په‌رله‌مانی
ئێرانی دامه‌زرا. دوای ڕووخانی بنه‌ماڵه‌ی قاجاری ئیدی له‌سه‌ر ده‌ستی
ڕه‌زاخان، که دواتر بوو به ڕه‌زاشای په‌هله‌وی، که پیاوێکی سیکۆلار
و نائایینی بوو، ناسیۆنالیزمی ئێرانی گه‌شه‌ی سه‌ند و ئێران وه‌ک وڵاتی
ئاریاییان درایه ناسین و پاش مردنی ڕه‌زاشایش، له سه‌ر ده‌ستی موحه‌ممه‌دی
کوڕی(موحه‌ممه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی)، که دوای باوکی، بوو به شا و
دواشای ئێران بوو، ناسیۆنالیزمی ئێرانی، پتر په‌ره‌ی پێ درا و گه‌شه‌ی
سه‌ند.
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی:
تۆوی بیری نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و عه‌ره‌بایه‌تی له سه‌رده‌می
ئه‌مه‌وییه‌کانه‌وه په‌یدا بووه. له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌کاندا
ئیدی ئایین بوو به ئایینی ڕه‌گه‌زی عه‌ره‌ب و عه‌ره‌ب بوونه سه‌ردار
و ناعه‌ره‌بانیش وه‌ک نۆکه‌ر و بنده‌ست چاویان لێ ده‌کرا. جڤاک، له
ڕووی چینایه‌تییه‌وه، بووبوو به دوو که‌رته‌وه، ئه‌ریستۆکراتی عه‌ره‌ب
و پرۆلیتاریای موسوڵمانانی ناعه‌ره‌ب "الموالي". بنه‌مای دژایه‌تییکردنی
ناعه‌ره‌بان و چاولێکردنیان وه‌ک زڕه‌موسوڵمان و دژوارییه‌ک له سه‌ر
ئیسلامی عه‌ره‌بی، هه‌ر له‌و ده‌مییه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و له سه‌رده‌می
عه‌بباسییانیشدا گه‌یشته دوندی دوژمنایه‌تیکردنی ناعه‌ره‌بان، به
بیانووی گه‌لپه‌رستی و گه‌لێری"الشعوبیة" و دژوارییان له سه‌ر ئیسلام.
نه‌ته‌وه‌په‌رستیی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننه سیمایه‌کی ڕوون و خویا و
به‌ڵگه‌نه‌ویستی ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییانه‌ن، که له دوای له‌نێوبردن و
شه‌هیدبوونی عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب"علي بن أبي طالب" له ساڵی 661ی
زایین‌دا و حوسه‌ینی کوڕی عه‌لی له ساڵی 680ی زایین‌دا و قڕکردنی بنه‌ماڵه‌ی
عه‌لییه‌وه، په‌یدابوون و هه‌بوون و تا ئێستاش درێژه‌یان هه‌یه. ئه‌و
ئیسلامه توندڕۆ سوننه عه‌ره‌بییه‌ی ئێستا، هه‌ر ئه‌و ئیسلامه ڕه‌گه‌زپه‌رستییه
خوێناوییه‌ی ئه‌مه‌وییان و عه‌بباسییانی نه‌یارانی ناعه‌ره‌ب و بنه‌ماڵه‌ی
عه‌لییه. ئه‌و ئیسلامه‌ی، عه‌ره‌بی سوننه نوێنه‌رایه‌تیی کردووه و
ده‌یکات، هه‌ر ئه‌و ئیسلامه توندڕۆیه‌یه، که ئه‌وڕۆ هه‌موو خه‌ڵکێکی
ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆی، به بێئایین و کافر داده‌نێت و به چاوێکی
شۆڤینیستانه ده‌نۆڕێته هه‌موو که‌سێکی، که له خۆی نییه و سه‌ر به
خۆی نییه و وه‌ک ئه‌و ناهزرێ. که ده‌نۆڕینه ئه‌م ڕه‌گه‌زپه‌رستی و
که‌سنه‌خوێندنه‌وه‌یه‌ی ئێستای ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و توندڕۆی ئیسلامی
سوننه، به‌رانبه‌ر خه‌ڵکانی دیکه، ڕه‌گوڕێشه و بنه‌ماکانی، ته‌واوی
ئه‌وه‌ی ئێستاکه ڕووده‌دات، له‌و مێژووه خوێناوییه‌ی ئیسلامی سوننه
و عه‌ره‌بدا، ده‌بینینه‌وه. سادق جه‌لال ئه‌لعه‌زم "صادق جلال العظم"
پێیوایه بیرۆکه‌ی کاره‌سات و تراژیدیا، له هزری ئیسلامدا به گشتی و
له هزری ئیسلامی سوننه‌دا به تایبه‌تی، نییه. له‌کن شیعه ئه‌زموونی
لێقه‌ومان هه‌یه (کاره‌ساتی که‌ربه‌لا) و له‌کن عیساییان کاره‌ساتی له‌خاچدانی
عیسا و هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌یه، لێ له‌کن سوننه شتێکی له‌و جۆره هه‌ر
نییه . دیاره نه‌بوونی ئه‌و ئه‌زموونه تراژیدیاییه له‌کن عه‌ره‌بی
موسوڵمانی سوننه، کاریگه‌رییه‌کی وای کردووه‌ته سه‌ریان، که
سادیستانه ڕه‌وتار له‌گه‌ڵ ناعه‌ره‌باندا بکه‌ن، چونکه بۆ خۆیان له
ئازار و کاریگه‌ریی و ئاکامه خراپه‌کانی ئه‌و کارانه‌یان تێناگه‌ن. ئه‌و
عه‌ره‌بانه‌ی به ناوی ئیسلامه‌وه خه‌ڵک سه‌رده‌بڕن و ده‌کوژن و خۆده‌ته‌قێننه‌وه،
هه‌موو سروشێکیان له‌و دیرۆکه‌وه بۆ دێت و هه‌موو شانازییه‌کیان به‌و
دیرۆکه‌یه و هه‌موو په‌یامێکیشیان بۆ زیندووڕاگرتنی ئه‌و دیرۆکه‌یه.
کاتێک مرۆڤ هه‌ستی بڕکه‌یی و سه‌ربه‌بڕکه‌بوون و خۆبه‌یه‌کێک له بڕکه
زانین، له ناخیدا هاته جۆش و چاوی سوور بوو و هیچی دیکه‌ی، بێجگه له‌و
بڕکه‌یه‌ی خۆی، له‌و ڕه‌نگه‌ی خۆی، له‌و ئایینه‌ی خۆی، له‌و زمانه‌ی
خۆی، له‌و ئایینزایه‌ی خۆی، له‌و خێڵه‌ی خۆی، له‌و حیزبه‌ی خۆی، له‌و
ئایدیۆلۆژیایه‌ی خۆی، له‌و شاره‌ی خۆی، له‌و گه‌ڕه‌که‌ی خۆی و له‌و ده‌سته‌یه‌ی
خۆی، نه‌دی و به‌ڕاست نه‌زانی و نه‌ناسی و ددانی پێدا نه‌نا، ئیدی ئه‌وده‌مه
مرۆڤ له مرۆڤی ده‌که‌وێت و هاوسێی خۆی ده‌کوژێت و منداڵانی گه‌ڕه‌که‌که‌ی
ده‌کوژێت و ژنانی هۆزه‌که‌ی ئه‌ولای خۆی زه‌وت ده‌کات و ئه‌وه‌ش ڕێک
زاڵبوونی هه‌ستی بڕکه‌ییه‌یه و ده‌رچوونه له که‌وڵ و پێستی مرۆڤی و
بوون و گۆڕانه به دڕنده‌یه‌کی مرۆڤخۆر.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌داو و سه‌ره‌تاکانی هزری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ دوای شه‌هیدبوونی ئیمام عه‌لی و بۆ سه‌رده‌می دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی
ئه‌مه‌وی له شام له لایه‌ن موعاوییه‌ی کوڕی ئه‌بی سوفیان(معاویة بن
أبي سفیان)ه‌وه، که ئیدی بیری ئیسلامیزم پێشێلکرا و بیری عه‌ره‌بیزم
بوو به سه‌رده‌ست و له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا به‌راییه‌کانی
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی هاته ئاراوه، لێ نووسه‌ری ناسراوی عه‌ره‌ب حه‌سه‌ن
ئه‌لعه‌له‌وی(حسن العلوي)، عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب، به دامه‌زرێنه‌ری یه‌که‌م
ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، به نه‌خشه‌ی ئێستای نیشتمانی عه‌ره‌به‌وه، داده‌نێت
. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب دایمه‌زراند به ڕواڵه‌ت ده‌وڵه‌تێکی
ئیسلامی بوو، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆک و پێکهاته‌دا ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بی
بوو، چونکه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست عه‌ره‌به‌وه بوو، به‌و پێیه ده‌شێ سه‌یری
عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب و ئه‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌ی وه‌ک ده‌سپێکی
بزواندنی بنه‌ماکانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی بێته هه‌ژماردن. هه‌رچی
بیری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بییه، به شێوه‌یه‌کی نوێ و به گوێره‌ی مه‌رجه‌کانی
ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپایی، له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌ستیپێکرد. بیریاره
گرنگه‌کانی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ئه‌مانه‌ن: ئه‌مین ئه‌ڕڕه‌یحانی(أمین
الریحاني)، قوسته‌نتین زوره‌یق(قسطنطین زریق)، زه‌کی ئه‌لئه‌رسۆزی(زکي
الأرسوزي)، میشێل عه‌فله‌ق(میشیل عفلق)، ساتیع ئه‌لحوسه‌ری(ساطع الحصري)،
عه‌بدوڕڕه‌حمان ئه‌لکه‌واکیبی(عبدالرحمن الکواکبي)، جه‌مال عه‌بدونناسر(جمال
عبدالناصر). بزاڤی ناسری(که به ناوی جه‌مال عه‌بدونناسره‌وه) ناو
نرا و بزاڤی نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌به‌کان(حرکة القومیین العرب) و حیزبی
به‌عس، خۆیان به خاوه‌نی بیری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ده‌زانی. بیری
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی، له سه‌ر ده‌ستی عیساییانی عه‌ره‌ب، گه‌شه‌ی سه‌ند
و پێشکه‌وت و به شێوه‌یه‌کی ڕوون و له‌به‌رچاو، وه‌ک لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی
ڕۆژاوا و ئه‌وروپا و بۆ دژایه‌تیکردنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، که به
ناو نوێنه‌رایه‌تیی ئیمپراتۆریای ئیسلامیی سوننه‌ی ده‌کرد. له نێو
نووسه‌رانی عه‌ره‌بدا، که بانگه‌شه‌یان بۆ بێداربوونه‌وه و ڕابوونی
عه‌ره‌ب ده‌کرد، ئیبراهیم ئه‌لیازه‌چی(إبراهیم الیازجي) شاعیر و جۆرج
ئه‌نتۆنیۆس(جورج أنطونیوس) بوون، یه‌که‌میان به شیعره‌کانی و دووه‌میشیان
له کتێبه به‌ناووبانگه‌که‌یدا(بێداربوونه‌ی عه‌ره‌ب). نه‌ته‌وه‌ییه
عه‌ره‌به‌کان یا ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب، ئه‌مازیغییه‌کان و کورد، به عه‌ره‌ب
داده‌نێن و خاکه‌که‌یشیان به خاکی عه‌ره‌ب داده‌نێن. ساتیع ئه‌لحوسه‌ری
ده‌ڵێ:"ئه‌وه‌ی به عه‌ره‌بی بپه‌یڤێ، عه‌ره‌به. ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی
عه‌ره‌بی هه‌بوو، عه‌ره‌به".
ناسیۆنالیزمی تورکی:
بیری نه‌ته‌وه‌یی تورکی له دامه‌زراندنی (کۆمه‌ڵه‌ی تۆرانییان)ه‌وه
له 1839دا په‌یدا بوو. دواتر له (کۆمه‌ڵه‌ی تورک) و (کۆمه‌ڵه‌ی یه‌کیه‌تیی
و پێشکه‌وتن/ الاتحادوالترقي)دا له 1908دا پتر گه‌شه‌ی کرد و هزری
پانتورکیزم هاته گۆڕێ. کۆمه‌ڵه‌ی یه‌کیه‌تیی و پێشکه‌وتن، به دژایه‌تی
ئایینی ئیسلام و هزری ئیسلامی و مێشکشۆردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و لاوان و
به تایبه‌ت ئه‌فسه‌رانی له‌شکر، به‌وه‌ی که هزری نوێیان فێر ده‌که‌ن،
توانییان به تۆبزی فێری بیری تۆرانیزم(بیری نه‌ته‌وه‌یی تورکی)یان بکه‌ن
و له سه‌ری باربهێنرێن. نازم به‌گ سلانیکی، که ئه‌فسه‌رێکی له‌شکر
بوو، وانه‌ی تۆرانیزمی ده‌گوته‌وه و باسی تیمووری له‌نگ و جه‌نگیزخان
و ته‌تار و مه‌گۆل و سه‌رده‌می بێئایینییانی ده‌کرد و ئه‌وانه‌ی وه‌ک
قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌یی به شاگردانی ده‌ناساند و سوودی له کتێبێک وه‌رده‌گرت
به ناوی"یه‌نی تۆران" واته: تۆرانی نوێ یا تورکی نوێ، که که‌سێک به
ناوی "لیۆن کاهۆن" نووسیبووی و به ناوه‌که‌یشیدا دیاره، که جووله‌که
بووه. ئه‌حمه‌د میدحه‌ت و نامیق که‌مال، نووسه‌رانێک بوون، کاریگه‌ریی
ڕۆژاوایان، به تایبه‌ت فرانسا، له سه‌ر بوو و داوای گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌یان
ده‌کرد. ئه‌وان سه‌ره‌تاکانی ئه‌و بیری نه‌ته‌وه‌ییه بوون و داوای
ڕۆژاوایاندنی جڤاکیان ده‌کرد.. زیا گوێکئالپ(1876- 1924 ) ، که به
تیوریزانی بیری تۆرانیزم داده‌نرێت، له چوارچێوه‌ی ئیسلامه‌تی(ئیسلامیزم)،
تورکایه‌تی(تورکیزم)، ڕۆژاوایه‌تی(ڕۆژاوایزم) دا، ده‌هزرا، لێ بیر و
تێزی تورکایه‌تی، به سه‌ر هه‌موو هزره‌کانی دیکه‌یدا زاڵ بوو.
گوێکئالپ هێنده خۆبه‌تورکزان بوو و خۆی تورکاندبوو، ده‌یگوت:"به‌خته‌وه‌ره
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ تورکم". تورکیای که‌مالیست، که ئێستا لافی سێکۆلاریزم
و دیموکراتی لێده‌دا، دوای 87 ساڵان له دامه‌زراندنی کۆماری تورکیا و
گۆڕانی جیهان، هێشتا ئه‌و تێزه‌ی گوێکئالپ پێڕۆ ده‌کات و وڵاته‌که‌ی به
وڵاتی یه‌ک خاک و یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک ئاڵا و یه‌ک زمان ده‌ناسێنێت.
عیسمه‌ت ئینۆنۆ ده‌ڵێ:"له‌م وڵاته‌دا ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی تورک مافی
داواکردنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی هه‌یه و هیچ ڕه‌گه‌زێکی تر ئه‌و
مافه‌ی نییه" .
مه‌حموود ئه‌سه‌د، کۆنه وه‌زیری دادی تورکیا، ده‌ڵێ:"تاکه سه‌ردار و
مامۆستای ئه‌م وڵاته تورکه و ئه‌وانه‌یشی له ڕه‌گێکی پاکی تورک نین،
تاکه یه‌ک مافیان له‌م وڵاته‌دا هه‌یه، ئه‌ویش مافی نۆکه‌ربوون و
کۆیله‌بوونه" .
مسته‌فا که‌مالیش، که بنه‌مای ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
زیا گوێکئالپ، ده‌ڵێ:"چه‌ند به‌خته‌وه‌ره ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ: من تورکم" .
هزری نه‌ته‌وه‌یی تورکی یا تۆرانیزم، له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی ئیسلام
و دوورکه‌تنه‌وه له ئیسلام و عه‌ره‌ب و فه‌رهه‌نگی ئیسلامی دامه‌زرا
و ڕۆژاوایش وه‌ک نه‌یارێکی سه‌ره‌کی ئیسلام و هانده‌رێک بۆ ڕووخاندنی
یه‌کیه‌تی ئیسلامی، نۆره‌یه‌کی باڵای له گه‌شه‌کردن و ڕه‌سینی
تۆرانیزم و ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بینی.
خه‌ڵکانێکی ناموسوڵمان له ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا نۆره‌ی خۆیان
دیتووه. دوای پێگه‌یاندن و بارهێنانی له‌شکرێک به ڕێبه‌ریه‌تی مه‌حموود
شه‌وکه‌ت له سلانیک له‌سه‌ر هزری تۆرانیزم، ئه‌و له‌شکره هێرشی کرده
سه‌ر کۆشکی"یڵدز"ی سوڵتان و کۆمیته‌یه‌ک، که پێکهاتبوون له:
1. ئیمانۆیێل قه‌ره‌سوو، جووله‌که‌یه‌کی به بنه‌چه سپانی بوو سه‌رۆکی
گردبوونه‌وه‌ی ماسوونیی مه‌که‌دۆنیا بوو. 2. ئارام، ئه‌رمه‌نی بوو. 3.
ئه‌سعه‌د تویتاتی، ئه‌لبانی بوو. 4. عارف حیکمه‌ت، گورجی بوو .
ئه‌گه‌ر بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه و ئه‌و پایه و کۆڵه‌کانه‌ی، نه‌ته‌وه‌یان
له سه‌ر دامه‌زراوه و پێکهاتووه، له کۆندا، خاک و زمانی هاوبه‌ش و
مێژووی هاوبه‌ش و خوێن و ڕه‌گه‌ز و ئه‌وانه بووبن، ئێستاکه وانییه.
نه‌ته‌وه دروست نابێت، کاتێک گه‌ل له دایک ده‌بێت، لێ کاتێک گه‌ل هه‌ڕه‌شه‌ی
نه‌مانی لێ ده‌کرێت، ئه‌وده‌م نه‌ته‌وه دروست ده‌بێت. ساسانییه‌کان،
که له نێوان 226- 651 ی زایینی‌دا فه‌رمانڕه‌وای ئێران بوون، له ده‌سپێکی
ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییاندا، شتێک به ناوی نه‌ته‌وه‌ی ئێرانییه‌وه
ناوی نه‌بوو. له کۆتایی ساڵانی ده‌سه‌ڵاتیاندا، کاتێک، که ئه‌مه‌وی و
عه‌بباسییانی عه‌ره‌ب هێرشیان کردنه سه‌ر و ویستیان له نێویان به‌رن،
ئه‌وده‌م ئیدی نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی په‌یدا بوو، واته: نه‌ک کاتی سه‌ربه‌خۆیی
ئێران و کاتێک، که ڕه‌گه‌زی ئێرانی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، به‌ڵکه له
سه‌ده‌ی سێیه‌م و چواره‌می کۆچیدا. هه‌ر له‌و سه‌ر‌ده‌مه‌شدا، ئه‌بولقاسمی
فیرده‌وسی، شانامه‌که‌ی خۆی به ناوی شانامه‌ی فیرده‌وسییه‌وه نووسیوه‌ته‌وه،
که هه‌موو قاره‌مانه نه‌ته‌وه‌ییه مه‌زنه‌کان و بزاڤه نه‌ته‌وه‌ییه
له‌شکری و گه‌لێری و فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بییه‌کانیش، هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه
بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه. شانامه‌که‌ی ئه‌بولقاسمی فیرده‌وسییش، هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ساڵانی تێداچوون و نه‌مانی ئیمپراتۆریای ساسانی و داگیرکردنی ئێران
له لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه. نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی
و عه‌بباسییه‌کاندا کاتێک، که خه‌ڵکانێکی زۆری ناعه‌ره‌ب بوون به
موسوڵمان و هاتنه نێو ئایینی ئیسلامه‌وه و به باسی یه‌کسانی له‌نێوان
موسوڵماناندا، هه‌ڕه‌شه‌یان له‌و ده‌سه‌ڵاتداره عه‌ره‌بانه کرد به
نه‌مان، ئه‌وده‌می ئیدی بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌کن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه،
سه‌ریهه‌ڵدا و هه‌ستیی خۆبه‌عه‌ره‌بزانیی هاته ئاراوه.
مارتین هایدگه‌ر(1889- 1976)ی فیلۆسۆف ده‌ڵێ:"من...واته: بوونی ڕاستیی
من له ژیانی جڤاکیدا، بوونی نییه و ئه‌مه‌ش له هه‌موو ڕه‌وشه
جیاوازه‌کانی مرۆڤدا، له پێوه‌نددا له‌گه‌ڵ تاکه‌کان و چته‌کان و پرسه‌کانی
دیکه‌دا وایه، مرۆڤ ته‌نێ کاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوو واقیع، بوونی
ڕاستینه‌ی ئه‌و "من"ه‌ی له‌کن چێ ده‌بێت، ئه‌و دوو واقیعه‌ش: مردن و
خۆشه‌ویستین". مردن، مرۆڤ له‌نێو ده‌بات و خۆشه‌ویستییش پێوه‌ندی مرۆڤ
به جیهانه‌وه ده‌بڕێت و ته‌نێ پێوه‌ندی، به خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌وه ده‌هێڵیته‌وه
.
کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، گه‌لێک، خه‌ڵکێک، که خودانی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و که‌سیه‌تییه‌کی
ماددی و گیانه‌کیین و ناوی نه‌ته‌وه‌یان له خۆ ناوه، کاتێ ده‌که‌ونه
به‌ر هێرشی داگیرکه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی بیانی و کۆڵۆنیالیزم و که‌سیه‌تی و
تایبه‌تمه‌ندیه‌تیی و بوونی نه‌ته‌وه‌ییان، هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌کرێت و
دیرۆکیان ده‌کوژرێت و ده‌سڕێته‌وه و سامانیان داگیر ده‌کرێت و فه‌رهه‌نگیان
سووک ده‌کرێت و گاڵته به نه‌ریت و ڕه‌وشت و بڕوا و ئایین و هه‌موو
پیرۆزییه‌کیان ده‌کرێت و هه‌رچی ڕه‌هه‌ند و سیما جڤاکی و مرۆڤییه‌کانیانه،
که ڕه‌سه‌نایه‌تی و سه‌ربه‌خۆییان نیشانده‌ده‌ن، له قوڕ ده‌گیرێن و
پووچه‌ڵ ده‌کرێنه‌وه و کاتێک خۆیان ده‌بیننه‌وه، له هه‌موو ناوه‌ڕۆکێکی
مرۆڤی و که‌سه‌کی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کی گیانه‌کی پووچکراونه‌وه و
ناچارکراون ببنه پاشکۆ و کۆیله و لاساییکه‌ره‌وه‌یه‌کی مه‌یموون ئاسا،
ئه‌وده‌م، مه‌گه‌ر ئه‌وده‌می هه‌ست به سووکایه‌تی و نزمی و کێماسی و
ژێرده‌سته‌یی بکه‌ن و مه‌گه‌ر ئه‌وده‌م گیانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌نه و
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و پێچه‌وانه‌بۆچوون و ده‌ستدانه‌تێڵایان، بۆ گۆڕینی
ئه‌و باره و ئه‌و ڕه‌وشه، لا دروست بێت و ئه‌و هه‌سته بێته ئاراوه.
ئه‌وده‌می، که ئیدی هه‌موو شتێکی خه‌ڵک، گه‌ل، جڤاک، ده‌که‌وێته به‌ر
هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی نه‌مانه‌وه، ئه‌وده‌م ته‌نێ ئه‌وده‌م، نه‌ته‌وه
چێ ده‌بێت.
سیگمۆند فرۆید(1856- 1939)، که بۆ خۆی جووله‌که بوو، له سه‌ره‌تاوه
یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، زۆر دژی زایۆنیزم بوو، به‌ڵام کاتێک دیتی
نازیسته‌کان چۆن ڕه‌وتار له‌گه‌ڵ جووله‌که‌کانی ئه‌وروپادا ده‌که‌ن و
چۆنیان ده‌چه‌وسێننه‌وه، ئه‌وده‌می گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی، که دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تێک بۆ جووله‌که‌کان، ڕه‌نگه چاره‌سه‌رێک بێت بۆ بیری ناسامیی
یا دژه‌سامی یا ئه‌نتیسه‌میتیزم"Anti-Semitism"، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا
و له ئه‌وروپادا ته‌شه‌نه‌ی کردبوو .
سه‌ر به نه‌ته‌وه‌بوون، سه‌ر به حیزببوون، سه‌ر به ئایدیۆلۆژیابوون،
سه‌ر به ئایینبوون، سه‌ر به ئایینزابوون، سه‌ر به خێڵ و هۆزبوون، سه‌ر
به هه‌ر بیر و باوه‌ڕ و ده‌سته و کۆمه‌ڵ و خه‌ڵکێک بوون، پێش هه‌ر
شتێک هه‌سته و خۆ به یه‌کێک له‌وانه زانینه و خۆجیانه‌کردنه‌وه‌یه
له‌وانه. ئه‌و هه‌سته‌یه پاڵ به مرۆڤه‌وه ده‌نێ بۆ پارێزگاریکردن
له‌و پێوه‌نده ماددی و گیانه‌کییانه‌ی له‌نێوان خۆی و ئه‌وانه‌دا هه‌ن.
ئه‌و هه‌سته‌یه وا له مرۆڤ ده‌کات، خۆی به یه‌کێک له‌وانه بزانێت و
ئاماده‌ش بێت، ناوهێنانی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا پێ ئاسایی بێت و ناوهێنانی
له‌گه‌ڵ ه‌ی دیکه‌دا پێ نائاسایی بێت. ئه‌و هه‌سته، که ئێمه باسمان
له نه‌ته‌وه‌یه، هه‌ستیی نه‌ته‌وه‌ییه، ئاگایی نه‌ته‌وه‌ییه. ئه‌و
هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه، ئه‌و ئاگاییه، نه‌ته‌وه چێ ده‌کات و بنگه و
بنه‌ما و بناخه و پایه‌کانی نه‌ته‌وه به‌هێز ده‌کات و ڕایانده‌گرێت.
من بۆ خۆم، زۆر له مێژه، پێموابووه، کورد، ئه‌و هه‌ست و ئاگاییه‌ی
نه‌بووه و نییه و ئه‌گه‌ر له‌کن تاکه‌تاکه‌یه‌کیشی هه‌یبێت، ئه‌وا له‌کن
زۆرینه‌ی وه‌ک کۆمه‌ڵ و جڤاک یا زۆر لاوازه یا هه‌ر نییه. که ئه‌و
ئاگایی و هه‌سته‌یشی نه‌بوو، که‌واته هێشتا بناخه‌ی نه‌ته‌وه‌بوونی به
ته‌واوی و تۆکمه‌یی له‌کن نه‌چه‌سپاوه، با به پێی چه‌مک و پێناسه
کۆنه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌ش، ته‌واوی بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه‌ی تێدا بووبێت و هه‌بێت.
من کوردم وا هاتووه‌ته به‌رچاو و پێموابووه، هێشتا به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌بوون
ده‌چێت و به‌ڕێوه‌یه بۆ ئه‌و ئاقاره. من کوردم وه‌ک کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی
پاژپاژ و هه‌ریه‌کله‌ئاوازێکخوێن و دوورله‌یه‌کدی هاتووه‌ته به‌رچاو.
من کوردم وه‌ک شله‌په‌ته‌یه‌کی ده‌ڵه‌مه‌یی نه‌ڕه‌سیوی بێڕه‌نگی یه‌کنه‌گرتووی
ناهاوئاهه‌نگ هاتووه‌ته به‌رچاو. هۆکاری لاوازیی یا نه‌بوونی ئه‌و
ئاگایی و هه‌سته له‌کن کوردان، بێجگه له باری جیۆگرافی و سیاسی و
ئابووری و فه‌رهه‌نگی و نه‌بوونی یه‌ک ئایین و یه‌ک زمانی ستاندارد و
نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و پارچه‌پارچه‌یی و بوونی سه‌دان حیزب و ده‌یان شێوه‌زار
و ده‌یان سه‌رکرده‌ی سیاسی و سه‌دان خێڵ و هۆز و تیره و ئه‌م هه‌موو
شتانه، که ده‌کرێ به هۆکارگه‌لێکی ناوه‌کی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کورد بۆ
خۆی دایان بنێین و ته‌ماشایان بکه‌ین، دیوێکی دیکه‌یشی هه‌یه، که ئه‌ویش
ئالییه ده‌ره‌کییه‌که‌یه‌تی، که کاریگه‌ریی خه‌ڵکانی ناکورد سازی
کردووه و کورد بۆ خۆی نۆره‌یه‌کی ئه‌وتۆی له‌و بواره‌دا نه‌بووه و نه‌بینیوه.
ئه‌وه‌ی کورد ناوی بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردیی یا ناسیۆنالیزمی کوردیی
لێده‌نێت و پێیوایه، له نێو کورددا گه‌شه‌ی کردووه و گه‌یشتووه‌ته
جێیه‌ک یا پله‌یه‌ک، ته‌نێ ئه‌و سه‌ره‌داوانه‌ن، که له شیعره‌کانی ئه‌حمه‌دی
خانییدا هاتوون و دواتریش حاجی قادری کۆیی لێی دواوه. له مه‌م و زینه‌که‌ی
خانییدا، هه‌ندێک خواستی نه‌ته‌وه‌ییانه وه‌دی ده‌کرێن، لێ ته‌نێ له
چوارچێوه‌ی خۆزگه و خواستدا، خۆده‌نوێنن. هه‌م خانی و هه‌م کۆیی، دوو
شاعیر بوونه و ئه‌گه‌ر ناسیۆنالیستانه یا نه‌ته‌وه‌ییانه‌یش هزرابن،
هه‌رگیز ناکاته ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان مینا قوسته‌نتین زوره‌یق و ساتیع
ئه‌لحوسه‌ری و زیا گوێکئالپ، تیۆری و بناخه و چوارچێوه‌یان بۆ بیری نه‌ته‌وه‌یی
کوردی دانابێت. ئه‌وان نه‌هاتوون بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردی یا کوردایه‌تی
بخه‌نه چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵێک تێز و دید و تیۆری فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه. ئه‌وان
ته‌نێ ئه‌ندێشه و خواست و ده‌رده‌دڵێکی شاعیرانه‌یان ده‌ربڕیوه و یه‌کیه‌تیی
کورد، ئومێد و خه‌ونێکیان بووه. ڕێکخراوگه‌لێکی وه‌ک ژێکاف، هیوا،
کاژ‌یک و پاسۆکیش، که حیزبگه‌لێکی نه‌ته‌وه‌یی بوون و نه‌ته‌وه‌ییانه
ده‌هزران، هیچ یه‌کێکیان له حیزبێکی ده‌ڤه‌ری(ناوچه‌یی)ی گرێ‌دراو به
جیۆگرافیایه‌کی گچکه‌وه تێپه‌ڕی نه‌کرد و له‌نێو سنوور و بازنه‌یه‌کی
ته‌سک و که‌مینه‌یه‌کدا جێی خۆی کردبووه و نه‌یده‌توانی گه‌شه بکات و
هیچ یه‌کێکیان به‌رنامه و نه‌خشه‌یه‌کی هێنده تۆکمه و به‌هێزی پێ نه‌بوو،
که بتوانێت، به‌شێک له گرێدانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد به مێژوو و فه‌رهه‌نگ
و جیۆگرافیای کورده‌وه له ئه‌ستۆی خۆی بگرێت.
نه‌ک ئه‌وده‌مه‌ی سه‌لاحوددینی ئه‌ییووبی و پارتییه کۆمۆنیسته‌کانی
تورکیا، ئێران، عیراق و سووریا و ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادری کۆیی و
ئه‌و ساڵانه‌یشی به‌سه‌رچوون، ئێستایش، ناسیۆنالیزمی کوردی، به واتا
دروسته‌که‌ی، له گۆڕێ‌دا نییه و کورد هێشتا له چاخی هۆز و خێڵ و شێوه‌زار
و تیره و باژێڕ و گوند و له‌ته‌کوردستانێکدایه. ئه‌وه‌یشی خۆی به
ڕۆڵه‌یه‌تیی میدیا و که‌یخوسره‌وه‌وه هه‌ڵکێشاوه، هه‌رگیز نه‌ک هه‌ر
خۆی نه‌یتوانیوه بابه‌تیانه و دروست مێژووی کورد بگێڕێته‌وه شوێنی
سروشتیی خۆی و له خانه‌ی خۆیدا داینێت، به‌ڵکه نه‌وه‌کانی کوردیش تا
هاتووه له خانه و شوێن و کونجه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی دیرۆکه‌که‌ی خۆیان
دوورکه‌وتوونه‌وه و به‌ره‌و لایه‌کی دیکه‌ی ناڕاست و نادروستیان
بردووه و وه‌رچه‌رخاندووه. هه‌ڵه‌یه‌کی له‌و جۆره، گۆڕانێکی له هزر
و جیهانبینی و ئاگاییدا گه‌ره‌که و وه‌ک ئه‌رکێک ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی
مرۆڤی کورد، که خۆی و مێژووه‌که‌ی هه‌مدیس بخوێنێیته‌وه و هه‌وڵی
خۆڕاستکردنه‌وه و بادانه‌وه بدات، به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ی، که ده‌بوو
له مێژه‌وه ڕووی تێ کردبا. مێژوو"ته‌نێ خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان
نییه، به‌ڵکه خوێندنه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی دیتنی ڕووداوه‌کانیشه" .
مێژووی شۆڕشه‌کانی فرانسا، ڕووسیا، چین، ڤیێتنام، کووبا، ئێران و...،
بێجگه له‌وه‌ی مێژووی ڕووداوه‌کانیانه، مێژووی بیری ئه‌و شۆڕشانه‌یشه
له سه‌رده‌مه‌کانی خۆیاندا و مێژووی شیکردنه‌وه و خوێندنه‌وه و
توێژینه‌وه‌کانی مێژوونووسانیشه تا ئه‌مڕۆ. ئه‌و وڵاتانه‌ی توێژینه‌وه‌ی
مێژوویی تێیاندا پێشڤه‌چووه، ئه‌و وڵاتگه‌له‌ن، که گرنگی و بایه‌خ به
تیۆرییه‌کانی مێژوو ده‌ده‌ن، وه‌ک ئینگلستان و ئه‌ڵمانیا، نه‌بوونی ئه‌و
توێژینه‌وانه‌یش له‌کن کورد، نیشانه‌ی دواکه‌وتوویی ئاگایی مێژووییه‌تی.
خۆگرێدانه‌وه به مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئێران و ئیسلام، ناکاته
فارساندنی نه‌ته‌وه‌ی کورد و تالیباندنی کوردستان و سه‌پاندنی شه‌ریعه‌ت
و ئایینی ئیسلام و چارشێو و سه‌رپۆش، به تۆبزی، به سه‌ریدا، به‌ڵکه
خۆدۆزینه‌وه‌ی کورد ده‌گه‌یه‌نێت. کورد به‌شه بزربووه‌کانی مێژووی خۆی
و فه‌رهه‌نگی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و زیندوویان ده‌کاته‌وه و ده‌چێته‌وه
نێو چوارچێوه‌یه‌کی قایموقۆڵ و دامه‌زراو و له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاده‌وه‌ستێته‌وه.
به‌وه‌ش ڕێگه له تێکه‌ڵاوبوون و نوێبوونه‌وه و وه‌رگرتنی فه‌رهه‌نگی
دیکه ناگیرێت و به وه‌رگرتنیشیان چ کاریگه‌رییه‌کی خراپ چێ نابێت،
چونکه ئه‌وده‌م زه‌وینه‌یه‌کی بته‌و و توندوتۆڵ و قایم هه‌یه، که هه‌روا
به ئاسانی، به نووزه‌یه‌ک یا ختووکه‌یه‌ک، تووشی شڵه‌ژان و سه‌رسووڕمان
و واقوڕمان و له‌رزین نایه‌ت.
ئێرنه‌ست ڕێنان، 1823-1892، فیلۆسۆفی فرانسی، ده‌ڵێ:"له سه‌ر زه‌وینێکدا،
که خه‌ڵکه‌که‌ی مێژوو ده‌خوێنن، منداڵانیشیان وه‌ک گه‌وره ساڵانیان
ده‌هزرێن و له وڵاتێکیشدا، که خه‌ڵکه‌که‌ی مێژوو ناخوێنن، گه‌وره‌ساڵانیان
وه‌ک منداڵن".
پێش ماوه‌یه‌ک له کتێبخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ستۆکهۆڵم(International
Bibliotek) تووشی پیاوێکی به‌ساڵاچووی ئێرانی فارسیی زمان هاتم،
پرسیاری لێ کردم، که خه‌ڵکی کوێم. که گوتم کوردم، گوتی:" شما بنیان
گذار ایران هستین"، واته: "ئێوه دامه‌زرێنه‌ری ئێرانن".
ئه‌گه‌ر ئه‌بو موسلیمی خوراسانی(أبومسلم الخراساني)، که ده‌وڵه‌تی عه‌بباسی
له سه‌ر ده‌ستی وی دامه‌زرا، کورد بووبێت و، که سه‌لاحوددینی ئه‌ییووبی
کورد، هێرشی خاچهه‌ڵگره عیساییه‌کانی تێکشکاندبێ و ده‌وڵه‌تی بۆ
موسوڵمان و عه‌ره‌ب دروستکردبێ و، که که‌ریمخانی زه‌ندی کورد، له
نێوان 1747- 1779دا فه‌رمانڕه‌وای ده‌وڵه‌تی ئێران بووبێت و، که
تۆفیق وه‌هبی، ئه‌مین زه‌کی به‌گ، جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ری، به‌کر سیدقی،
ماجید موسته‌فا، جه‌لال بابان و ده‌یان کوردی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان، له
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقدا، نۆره‌ی سه‌ره‌کی و له‌به‌رچاویان
دیتبێت و، که "زیا گوێکئالپ"ێکی کورد، تیۆریسیانی هزر و ئایدیۆلۆژیای
تۆرانیزم و که‌مالیزم بووبێت، که‌واته کورد نه‌ک ته‌نیا دامه‌زێنه‌ری
ئێرانه، به‌ڵکه دامه‌زێنه‌ری عیراق و تورکیایشه و به‌و پێیه‌ش له
عه‌ره‌ب و تورک و فارسان زیاتر مافی خۆبه‌خاوه‌نزانینی عیراق و تورکیا
و ئێرانی هه‌یه و ده‌شتوانێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاتانه بگرێته ده‌ست و
فه‌رمانڕه‌واییان بکات.
یه‌کێک له ده‌رده هه‌ره کوشنده‌کان، که کۆئاگایی، ئاگایی گشتگری
جڤاکی کورد، خوێندووی کورد، نه‌وه‌ی نوێی کورد، فه‌رهه‌نگییان و سیاسه‌تکارانی
کورد، دووچاری بوون و پێوه‌ی ده‌تلێنه‌وه، نه‌بوونی ئاگایی مێژووییه،
که ده‌بێته هۆی، خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی ڕابوردوو و نا‌توانستیی و
ناڕوونی له دیتنی ئێستادا و نا‌توانستیی له داڕشتنی نه‌خشه‌ی دواڕۆژدا.
تۆ که مێژووت نه‌زانی یا به هه‌ڵه خوێندته‌وه، ئیدی هیچ سوودێک له‌و
مێژووه نا‌بینیت، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتووی پێ ببینیت و بخوێنیته‌وه و هه‌موو
نه‌خشه‌کانیشت بۆ داهاتوو مایه‌پووچ و بێبه‌ر ده‌رنه‌چن و ئه‌نجامیش،
به هه‌ڵه تێگه‌یشتن له کاری سیاسه‌ت و په‌رتوبڵاوی و شێواوی و شپرزه‌یی
بزاڤی نیشتمانی و لێڵی و ناڕوونی ئاگایی نه‌ته‌وه‌یی لێ نه‌که‌وێته‌وه،
گه‌ره‌که مێژوو بزانیت و ڕاستیش بیخوێنییه‌وه. عه‌بدوڕه‌فیع حه‌قیقه‌ت
(ڕه‌فیع)، نووسه‌ری کتێبی(تاریخ نهضتهای فکری ایرانیان)، ده‌ڵێ:"مێژوو،
دایکی زانسته مرۆڤییه‌کانه، هه‌رکه‌سێک هه‌وراز و نشێوی مێژووی وڵاتی
خۆی نه‌زانێت، له ژینگه و چوارده‌وری خۆی بیانییه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش
دید و بۆچوونی ئه‌و له باری جڤاکی و سیاسییه‌وه، نائاگایانه‌یه".
مێژوویش ته‌نێ تۆمارکردنی ڕووداوه سیاسی و جه‌نگه ئایینی و ناکۆکی و
ملانێیه تیۆرییه مه‌زنه‌کان نین به‌ڵکه به قووڵی خوێندنه‌وه و
شیکردنه‌وه‌ی هۆکاره ڕاستینه‌کانی ڕووداوه سیاسییه‌کانن وه‌ک مارکس
ده‌یبینێت.
مرۆڤ، که بۆی ده‌رکه‌وت، توانسته خۆییه‌کانی، به‌شناکه‌ن و کورت ده‌هێنن
و بڕناکه‌ن و ده‌ڕۆستی پێشهاته‌کان نایه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و توانسته
خۆییانه، دژ به قانوون و بنه‌ما گه‌ردوونی و سروشتی و جڤاکییه‌کان
بوون، یا به سه‌ر ئه‌و قانوون و سروشت و بنه‌مایانه‌دا بازیان دا و
لێیان تێپه‌ڕبوون، ئه‌وده‌می مرۆڤ، له دیدێکی زانستیانه و بابه‌تیانه‌وه،
ده‌گاته ئاستی ڕوونتر و وردتر و باشتر دیتنی جڤاک و مێژوو و سیاسه‌ت.
دۆڕان و تێکشکان له سیاسه‌تدا، پێش هه‌ر شتێک له خۆوه دێت و تێگه‌یشتن
و ده‌رککردن به تێکشکان و دۆڕانیش، له هه‌ندێک هه‌لومه‌رجدا، ده‌بێته
هۆی دۆزینه‌وه‌ی بابه‌تیه‌تیی سیاسه‌ت، دواتریش بابه‌تیه‌تیی مێژوو.
دوو دیارده، دوو بۆچوون، دوو هه‌ڵوێست و دوو دیدی گه‌لێک سه‌قه‌ت و
چه‌وت و هه‌ڵه‌ی کورد، له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ی مێژووه‌وه، کوردی به‌ره‌و
هه‌ڵدێر و ناڕوونیی هزری و چه‌واشه و وێڵبوون و سه‌رلێشێوان بردووه و
گه‌لێک زیانی به گه‌شه‌کردن و پێگه‌یشتن و پێشکه‌وتنی گه‌یاندووه:
یه‌که‌میان: خۆدابڕین و خۆجوێکردنه‌وه و خۆدوورخستنه‌وه له مێژوو و
فه‌رهه‌نگی ئێران.
دووه‌میان: خۆدوورخستنه‌وه له مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئیسلام.
کورد، ده‌توانێت و مافی ڕه‌وای خۆیشیه‌تیی و گه‌لێک ڕاست و دروستیشه،
خۆ به ئێرانی بزانێت و ته‌واوی مێژووی کۆنی ئێران و فه‌رهه‌نگی ئێران،
به مێژووی خۆی و فه‌رهه‌نگی خۆی بزانێت و خۆی به به‌رۆگری مێژوو و به‌شێکی
زۆر له فه‌رهه‌نگی ئێران بزانێت. ته‌واوی ڕابوردوویه‌کی کورد هه‌یه‌تی،
به‌شێکه له ڕابوردوویه‌کی هاوبه‌ش، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی
ئێرانییدا. مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئێران، چه‌نده بنگه و بنه‌ما و بناخه‌ی،
پێکهاته هزری و دید و هۆشه‌کییه‌کانی مرۆڤی فارس، په‌شتۆ، به‌لووچ،
تاجیک، ئه‌فغانییه‌ک و ته‌واوی نه‌ته‌وه ئێرانییه‌کانن، هێنده‌ش ه‌ی
کوردن. زمانی ئا‌ڤێستا و په‌هله‌وی (فه‌هله‌وی) چه‌نده ئێرانییه‌کی
فارسی‌زمان یا په‌شتۆ و به‌لووچ و تاجیک و ئه‌فغانییه‌ک، ده‌توانێت و
بۆی هه‌یه لێیان سوودمه‌ند بێت، کوردیش هێنده‌ی ئه‌وان ده‌توانێت، وه‌ک
بنه‌مایه‌کی زمانی کوردی سه‌یریان بکات و لێیان سوودمه‌ند بێت.
مووسا عه‌نته‌ر، که یه‌کێک بوو له شاعیر و نووسه‌ره ناسراوه‌کانی
کورد، ده‌ڵی:" ئێمه ناتوانین خۆمان به جیهانی ئیسلامییه‌وه گرێ بده‌ین.
ئه‌وان دڵڕه‌ق و ڕه‌مه‌کین و هیچ ئه‌گه‌ری گۆڕانیشیان لێ ناکرێت، ته‌نانه‌ت
من ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یش ناکه‌م، که ئه‌وانه مرۆڤ بن. لۆره‌نس گوته‌یه‌کی
به‌ناووبانگی هه‌یه ده‌ڵێ: عه‌ره‌ب له هه‌موو شتێکدا پێک دێن، به‌ڵام
له پێکهاتندا پێکنایه‌ن. ئێمه به ته‌واوه‌تی له تورکیا ڕازی نین،
لێ عه‌ره‌ب یه‌کجار دواکه‌وتوون، ته‌نانه‌ت ئه‌وان ده‌ستووریان نییه.
هه‌ریه‌که‌یان تێڵایه‌کی به ده‌سته و وڵاته‌که‌ی ته‌مێ ده‌کات...ئه‌وان
هه‌موویان له ئه‌نوه‌رپاشا و جه‌مال پاشا ده‌چن" .
به پێچه‌وانه‌ی مووسا عه‌نته‌ره‌وه، که پێموایه، بیرکردنه‌وه‌ی وی
له‌مه‌ڕ ئیسلام و عه‌ره‌به‌وه، له بیرکردنه‌وه‌ی هیچ تورکێکی که‌مالیست
جیاواز نه‌بووه و خۆدابڕینی کورد له ئیسلام و عه‌ره‌ب و فه‌رهه‌نگیی
ئه‌وان، به قازانج ده‌زانێت و پێیوایه ده‌بێته هۆی له‌سه‌رپێیخۆڕاوه‌ستانی
کورد و ڕه‌خنه له جیهانی ئیسلامی ده‌گرێ، من پێموایه، کورد، به‌شێکی
دانه‌بڕاوه‌یه له مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئیسلام. هزر و دید و هۆش و فه‌رهه‌نگی
مرۆڤی کورد، به موسوڵمان و ناموسوڵمانییه‌وه، به‌شێکه له هزر و دید
و هۆش و فه‌رهه‌نگی جیهانێکی ئیسلامی، که له کینیا و گامبیا و
مۆریتانیاوه تا خۆرهه‌ڵاتی ناوین و به‌نگلادیش و ئه‌ندۆنیسیا و
مالایزیا ده‌گرێته‌وه و کاریگه‌ریی ئه‌و مێژوو و فه‌رهه‌نگه‌ی له‌سه‌ره.
جیۆگرافیایه‌کیش، که نیشتمانی کورد له‌خۆ ده‌گرێ، به‌شێکه له
قووڵاییه‌ک و جیۆگرافیایه‌کی گه‌وره‌تر و به‌رینتری ئێران و وڵاتانی
ئیسلامی. ئیسلام، که جێگه‌ی بیلالی حه‌به‌شی(بلال الحبشي) و سه‌لمانی
فارسی (سه‌لمان ئه‌لفارسي) و سوهه‌یبی ڕوومی(صهیب الرومي) و گاوانی
کوردی(جاوان الکردي)، سه‌ر به نه‌ته‌وه و خاک و ژینگه و فه‌رهه‌نگی
جیاوازی تێدا بووبووه‌وه، جێگه‌ی زۆری دیکه، خه‌ڵکی دیکه، نه‌ته‌وه‌گه‌لی
دیکه و فه‌رهه‌نگی جیاوازی دیکه‌ی تێدا ده‌بووه‌وه و ده‌بێته‌وه. ته‌واوی
ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی، که له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه ده‌ستیپێکردووه
و سه‌ریهه‌ڵداوه و ئه‌و هێناویه‌ته ئاراوه و به خه‌ڵکی ڕاگه‌یاندووه
و پاشان و تا ئێستاش زه‌ریائاسا، سه‌دان فه‌رهه‌نگی دیکه‌ی جیاوازی
نه‌ته‌وه و گه‌لان و خه‌ڵکانی جیاوازی هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ئیسلامی
تێڕژاوه و تێکه‌ڵ بووه، پێی ده‌گوترێ فه‌رهه‌نگی ئیسلام، که له‌ژێر
چه‌تری ئه‌و ناوه‌دا هه‌موو خڕبوونه‌وه و کاریگه‌رییان له‌یه‌کدی
کردووه و له‌یه‌کدییان وه‌رگرتووه و تێکه‌ڵ بوون، ده‌شێ فه‌رهه‌نگی
کوردیش، یه‌کێک بێت له‌و فه‌رهه‌نگانه‌ی ڕژاونه‌ته نێو ئه‌و زه‌ریایه‌وه
و کوردیش فه‌رهه‌نگی خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، به هه‌موو ئایین و
ئایینزاکانیشیه‌وه، به به‌شێک له‌و زه‌ریافه‌رهه‌نگییه بزانێت و هه‌ست
به نامۆییه‌ک نه‌کات به‌رانبه‌ری و خۆی له‌و ژینگه‌یه‌دا ببینێته‌وه.
به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ده‌بوو زۆرێک له‌و زڕه‌فه‌رهه‌نگه‌ی ئه‌مڕۆ کورد
بره‌وی پێده‌دات، به نامۆی زانیبا و هه‌روا له‌خۆڕا وه‌رینه‌گرتایه و
خۆی نه‌خزاندایه‌ته نێویه‌وه. ڕووناکبیرانی کورد، ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی
وڵاتگه‌لێکی وه‌ک تورکیا و ئه‌لبانیایان، له‌به‌رچاو گرتبا و به
چاوێکی ڕوونتر و ڕه‌خنه‌گرانه‌تر، ته‌ماشایه‌کی ئێستای کوردستانیان
کردبا، که کورد خۆی ناناسێته‌وه و که کورد زڕه‌فه‌رهه‌نگ ده‌کاته
سه‌رمه‌شق و که کورد به بێفه‌رهه‌نگی و توێکڵی بێفه‌رهه‌نگی ئه‌وروپاوه
سه‌رسامه، هه‌رچی زووتره وه‌خۆ ده‌که‌وتن و وه‌ک په‌رۆشێکی کوتوپڕ و
هه‌نووکه‌یی ته‌ماشایان ده‌کرد و ده‌که‌و‌تنه کار، بۆ وه‌لانان و
پاڵاوتن و سڕینه‌وه و تووڕهه‌ڵدانی ئه‌وه‌ی زۆڵه‌ک و ناپێویسته.
لاساییکردنه‌وه‌ی ئه‌وروپا، تورکیای بۆ ئاقارێک برد، دوور له ژینگه
ئیسلامییه‌که‌ی خۆی. موحه‌ممه‌د نووره‌ددین ده‌ڵێ:"بێگومان دانانی
سێکولاریزم، وه‌ک یه‌کێک له بنه‌ماکانی سیستمی سیاسی و قانوونی له
تورکیا، کاریگه‌رییه‌کی نه‌ئێنی کردووه‌ته سه‌ر پێوه‌نده‌کانی تورکیا
- ئیسلامه‌وه و ئه‌و دابڕان و گۆشه‌گیرییه‌یشی، که ئه‌تاتورک و
جێگره‌کانی دوای خۆی هه‌ڵیانبژارد، قووڵتر کرده‌وه" . تورکیا به‌و هه‌موو
خۆدوورخستنه‌وه و خۆدوورگرتنه‌ی له ئیسلام و به‌و هه‌موو هه‌ڵپه و
خۆهه‌ڵواسین و ڕه‌دووکه‌وتوویی و مه‌راییه‌ی بۆ ئه‌وروپا ده‌یکات،
هێشتاکه ئه‌وروپا به وڵاتێکی ئیسلامی ده‌یژمێرێ و هه‌رگیز حیسابی ئه‌وروپایی
بۆ ناکات. موحه‌ممه‌د نووره‌ددین ده‌ڵێ:" تورکیای کۆماریی، به‌رۆگرێکی
سروشتیی دوائیمپراتۆریای ئیسلامی و به‌هێزترینیانه و مێژووی ئه‌م
کۆماره‌ش به مێژووی ئیمپراتۆریاکه‌وه کامڵ ده‌بێت و ملانێی ڕۆژاوایش
له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا هیچ جیا نییه له‌و ملانێیه‌ی که له‌گه‌ڵ
ئیسلامدا هه‌یه‌تی. ڕۆژاوا له مامه‌ڵه‌کردنیدا له‌گه‌ڵ تورکیای
کۆمارییشدا هێشتا به‌و چاوه ده‌نۆڕێته تورکیا و له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه
و له‌و قووڵاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات. دیارترین نموونه‌یشی
هه‌ڵوێستێتی له چوونه‌نێوی تورکیا (موسوڵمان)ه‌وه بۆ نێو ئه‌وروپای (مه‌سیحی)"
.
هه‌ر جڤاکێک له‌و گۆڕه‌ی، که پاشخان و بنه‌ما هزری و مێژوویی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی
خۆی زانی، ئه‌وده‌می ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌بنه بناخه و زه‌وینه‌یه‌ک و له
سه‌ریان ڕاده‌وه‌ستێ و بینایان له سه‌ر ده‌کات و زۆر به هاسانی ده‌توانێت،
شێوازی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌وتار، جۆری دیکه‌ی ژیان، دید و باوه‌ڕی
نوێ و... وه‌رگرێ و بهێنێته نێو ئه‌وه‌ی خۆیه‌وه و تێکه‌ڵیان بێت،
چونکه له مێژوودا دیارده‌ی نه‌گۆڕ و جێگرتوو نییه و هه‌موو شتێک به‌رگۆڕانه.
هادی ئه‌لعه‌له‌وی(هادي العلوي) ده‌ڵێ:"ئه‌وه‌ی ئێمه سکاڵای لێده‌که‌ین
و گله‌یی و گازنده‌ی لێده‌که‌ین، زانستی ڕۆژاوایی نییه، مه‌به‌ستم
ئاینشتاین و فرۆید نییه، به‌ڵکه ئایدیۆلۆژیای ڕۆژاواییه. مه‌به‌ستم
مارگرێت تاچچه‌ر و فرانسوا میتران و بیڵ کلنتن و سه‌لمان ڕوشدییه. ئه‌وه‌یشی
مه‌به‌ستمانه ئه‌مڕۆ هزری ڕۆژهه‌ڵاتیی ناته‌با نییه له‌گه‌ڵ وشکه
ڕاستییه زانستییه‌کان به‌ڵکه هزری ڕۆژهه‌ڵاتیی گونجاو و تێکه‌ڵاوه
له‌گه‌ڵ زانسته سروشتییه‌کان و که‌له‌پووری هزریی ڕۆژهه‌ڵاتی، که چۆن
جێگه‌ی غه‌زالی و خواره‌زمی تێدا بووه‌وه هه‌روایش جێگه‌ی کۆنفۆشیۆس و
تسای لۆنی تێدا ده‌بێته‌وه" . فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تی کورد و زۆریک له
ڕووناکبیر و سیاسه‌تکارانی کورد، ئه‌مڕۆ له‌ژێر کاریگه‌ریی دید و
جیهانبینیی تاتچچه‌ر و میتران و کلنتن و جۆرج بووش و تۆنی بله‌یر و سه‌لمان
ڕوشدیدان و ته‌نێ ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگی ئه‌وانیان
پێ په‌سه‌نده و ته‌نێ ئه‌وان ده‌بینن و خه‌ڵکانی وه‌ک ئه‌وانه‌ش به
سه‌رمه‌شق و ڕێنوێن ده‌زانن، که ئه‌وه بۆ خۆی دوورکه‌تنه‌وه‌یه له
بازنه میژوویی و ژینگه سروشتییه‌که‌ی کورد و ئه‌وه ئه‌و دژوارییه‌یه
که ئیدی نه‌ته‌وه‌یه‌ک تێی ده‌که‌وێ و ئایدیۆلۆژیایه‌کی نامۆ به خۆی
و ژینگه و فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆی ده‌کاته نموونه و له‌بری باوه‌شکردنه‌وه
بۆ زانستی ڕۆژاوه، باوه‌ش و چاوو و گوێ و دڵ و ده‌روون، بۆ
ئایدیۆلۆژیای ڕۆژاوا ده‌کاته‌وه.
که‌ی ئاگایی و هۆشی کورد، له‌و ڕاستییه گه‌یشت و هه‌ستی به‌و ده‌رده
دابڕانه کرد و سه‌ره‌داوه‌که‌ی دۆزییه‌وه، ئه‌وده‌می مرۆڤی کورد وه‌ک
جڤاک و هۆشی جڤاکی، ده‌که‌وێته سه‌ر هێڵی ڕاست و، دروست ده‌هزرێ و ده‌زانێ،
له چ چه‌واشه‌کاری و سه‌رلێشێوانێکدا ده‌ژی و ئه‌وده‌می وه‌دووی به‌رنامه‌ڕێژی
و نه‌خشه‌داڕشتنی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێ و، بۆ ئه‌وه‌ی کۆکاری و هه‌ره‌وه‌زی و
سیاسه‌تکاری و فه‌رهه‌نگکاری، داهێنانێکی ڕاسته‌قینه و کاراییه‌ک به
خۆیانه‌وه ببینن، شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی، که ته‌واوی کۆمه‌ڵگه به هه‌موو
چین و توێژ و خه‌ڵک و جیاوازییه‌کانییه‌وه بگرێته‌وه، ده‌بێته
پێویستیترین کارێک، که ده‌بێ ڕووبدات و ئه‌نجام بدرێت و بکرێت، ده‌نا
هه‌ر ده‌بێ ته‌نبه‌ڵ ئاسا، وه‌ک چۆن تا ئێستا وا بووه، هه‌میشه و به‌رده‌وام
ڕووداوه‌کان چه‌ند باره بکاته‌وه. جۆرج سانتایانا(1863-1952)
فیلۆسۆفی سپانیایی، ده‌ڵێ:"ئه‌و ته‌نبه‌ڵانه‌ی وانه‌کانی مێژوو فێر
نابن، به‌وه حوکم دراون چه‌ند باره‌ی بکه‌نه‌وه".
نه‌ته‌وه‌ی ڕاده‌ستبوو و چۆکداداو و ملکه‌چ و کۆیله‌سرشت، ناتوانێت
مێژووی خۆی بنوسێته‌وه. نه‌ته‌وه‌ی سست و کاڵفام و ته‌نبه‌ڵ و بووده‌ڵه،
مێژوو و فه‌رهه‌نگی خۆی، بزر و وێران ده‌کات و ده‌سڕێته‌وه و خۆی بێفه‌رهه‌نگ
ده‌کات و لێی هه‌ڵدێت، نه‌ته‌وه‌ی مه‌زنیش، به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو
ڕووداو و نه‌هامه‌تی و وێرانکارییه‌ک، پتر مێژوو و فه‌رهه‌نگی خۆی ده‌پارێزێت
و باوه‌شیان پێدا ده‌کات. نووسه‌ری ئه‌ڵمانی، یوهان ڤۆڵگان ڤۆن گۆته(1749-1832)،
له‌مه‌ڕ ئێرانه‌وه ده‌ڵێ:"جێگه‌ی ڕامان و سه‌رسامی و په‌نده، وڵاتێک
به حوکمی مێژوو چه‌ندین جار و له چه‌ندین سه‌ده‌دا، وه‌به‌ر هێرش و
وێرانکاری و گۆڕان که‌وتبێت، بتوانێت نه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندییه دێرینه‌کانی
خۆی تا ئه‌م ئه‌ندازه‌یه بپارێزێت".
که کورد ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی گرته‌وه به‌ر، ڕێگه‌ی وه‌ئاگاهاتنه‌وه و
خۆدۆزینه‌وه و هۆش و هه‌ستکردن به دابڕان، ئیدی زۆر به ئاسانی نه‌ک
هه‌ر خۆی، به‌ڵکه خه‌ڵکیش گه‌واهی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ده‌ن، که ئه‌و نه‌ک
هه‌ر دامه‌زرێنه‌ری ئێرانه، به‌ڵکه دامه‌زرێنه‌ری خۆرهه‌ڵاتی ناوین و
جیهانێکی مه‌زنتر و به‌رینتریشه.
پڕانی جڤاکی کوردستانی و خه‌ڵکی کورد، که پتر له هه‌زار و چوارسه‌د
ساڵێکه موسوڵمانن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا،
هیچ کاتێک بۆ نه‌ته‌وه ناکورده‌کانی نێو کوردستان و ئایینه
نائیسلامییه‌کانی نێو کوردستان، ژینگه‌یه‌کی توێنه‌ره‌وه نه‌بووه، که
بتوانێت به ئاسانی خه‌ڵکانی نێو خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی بهێنێته سه‌ر
ئایینی ئیسلام و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان بگۆڕێت و بیانکات به کورد.
له‌و ده‌مه‌وه‌ی کورد له سه‌ر ئه‌و خاکه‌ی خۆی(کوردستان) ژیاوه، هه‌زاران
فه‌ڵه شانبه‌شانی ئه‌وان له سه‌ر هه‌مان خاک ژیاون و ڕۆڵه‌ی ئه‌و
کوردستانه بوون و هه‌ن، لێ هه‌رگیز ئه‌وان نه به خواستی خۆیان بوونه‌ته
کورد و نه بوونه‌ته موسوڵمان و نه کوردیش ویستوویه‌تی ئایین و نه‌ته‌وه‌ی
ئه‌وانه به تۆبزی بگۆڕێت. کوردی ئێزدی و یارسان، که سه‌ر به دوو
ئایینی سه‌ربه‌خۆن و موسوڵمان نین، هه‌رگیز له لایه‌ن کوردی موسوڵمانه‌وه
ناچار نه‌کراون، ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌کانی خۆیان بن و بینه سه‌ر
ئایینی زۆرینه‌ی کورد(ئیسلام). زۆرینه‌ی کورد، که موسوڵمانی سوننه‌ن،
هه‌رگیز کوردی موسوڵمانی سه‌ر به ئایینزای شیعه‌ی کوردستانیان، ناچار
نه‌کردووه، که ده‌ستبه‌رداری شیعه‌یه‌تی خۆیان بن و ببنه سوننه.
لێ له نێو عه‌ره‌بدا، خه‌ڵکانی وه‌ک قوسته‌نتین زوره‌یق، جۆرج ئه‌نتۆنیۆس،
میشێل عه‌فله‌ق، شبلی ئه‌لعه‌یسه‌می، ئیلیاس فه‌ره‌ح و جۆرج حه‌به‌ش هه‌ڵکه‌وتوون،
که به ئایین عیسایی بوون، نه‌ک هه‌ر عه‌ره‌ب بوون، به‌ڵکه له دامه‌زرێنه‌ران
و بنه‌مادانه‌رانی هزری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب بوون و به کرده‌وه‌ش هه‌وڵیان
بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی خاک و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب داوه. هزرمه‌ندانی مه‌زنی
وه‌ک ئیدوارد سه‌عید و جۆرج ته‌رابیشی، که هه‌ردوویان فه‌ڵه‌ن، لێ عه‌ره‌بن،
له نێو عه‌ره‌بدا هه‌ڵکه‌وتوون. ئیدوارد سه‌عید، هه‌میشه خۆی به به‌شێک
له فه‌رهه‌نگی ئیسلامه‌تی ده‌زانی و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، که بڕوای به
تێکه‌ڵبوون و جیهانیه‌تیی و یه‌کیه‌تیی فه‌رهه‌نگ هه‌بوو، خۆی به به‌رهه‌می
ئه‌و ژینگه و فه‌رهه‌نگه ئیسلامییه داده‌نا. ئیدوارد سه‌عید، که بۆ
خۆی عه‌ره‌ب و فلستینی بوو و هه‌موو ژیان و هزری خۆی خستبووه خزمه‌تی
کێشه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌یه‌وه، فه‌رهه‌نگه ڕۆژاواییه‌که‌ی،
بووبووه هۆی جه‌ختکردنه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه عه‌ره‌بییه‌که‌ی . ئه‌وی (ڕۆژهه‌ڵاتناسی)
و (فه‌رهه‌نگ و ئیمپریالیزم) ی ئیدوارد سه‌عید بخوێنێته‌وه، که ئه‌و
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پابه‌ندی هیچ خاک و نه‌ته‌وه و ئایدیۆلۆژیایه‌ک
نییه و ناسنامه‌یه‌کی جیهانیی هه‌یه، فلستینییه‌تی، عه‌ره‌بیه‌تی،
ئیدوارد سه‌عیدی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، ته‌نانه‌ت داکۆکییه‌ک، ئیدوارد سه‌عید،
له ئیسلام و فه‌رهه‌نگی ئیسلامی ده‌کات، هیچ موسوڵمانێک نایکات.
ئیدوارد سه‌عید، عیساییه‌کی عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریکاییه‌کی فلستینی بوو و
به ئینگلیزی ده‌ینووسی، به‌ڵام عه‌ره‌ب بوو و سه‌ر به ژینگه و فه‌رهه‌نگێکی
ئیسلامی بوو. ئیدوارد سه‌عید و گه‌لێکی دیکه‌ش له‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و بیر
ده‌که‌نه‌وه، باش له‌وه گه‌یشتوون، که بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی هه‌رده‌م
هێزی خۆی له ئایینی ئیسلامه‌وه وه‌رگرتووه و به ئایینی ئیسلامه‌وه
گرێ‌دراو بووه، وه‌ک سروشتیش پارچه‌یه‌کی ئه‌و ئایینه بووه و هه‌رگیز
ناتوانرێ خۆ له‌وه ببوێردرێت و ئه‌وه پشتگوێ بخرێت، که ئیسلام
شانازی عه‌ره‌ب و بنه‌مای هێز و بوونیانه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وانی
ناموسوڵمان، هه‌رگیز ئه‌و هاوکێشه‌یه‌یان بۆ نه‌بووه‌ته کێشه و خۆیان
به به‌شێک له‌و بیرکردنه‌وه‌یه زانیوه.
مونیر شه‌فیق(منیر شفیق)، نووسه‌رێکی عیسایی مارکسیست بوو، بێجگه له‌وه‌ی
عه‌ره‌به، بوو به موسوڵمانیش.
جووله‌که‌ی سه‌ر خاکی فلستین، پێش دامه‌زاراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل،
عه‌ره‌ب بوون و شانبه‌شانی عه‌ره‌بی موسوڵمانی فلستینی پێکه‌وه
ژیابوون.
عیساییه‌کانی سووریا، لوبنان، عیراق، مسر، فلستین و...هه‌موو عه‌ره‌بن
و خۆ به عه‌ره‌ب ده‌زانن و داکۆکی له هه‌موو شتێکی عه‌ره‌ب ده‌که‌ن.
جورجی زه‌یدان(جرجي زیدان) 1861- 1914، له دایکبووی به‌یرووته و وه‌ک
ئایین عیسایی بوو و به نووسه‌رێکی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب ده‌ژمێردرێت. ته‌واوی
نووسینه‌کانی له باره‌ی مێژووه‌وه‌یه و ڕۆمانه‌کانی هه‌موو له
مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلام ده‌دوێن و بۆ خۆی زیندووکه‌ره‌وه و
زیندووڕاگرێکی مێژووی ئیسلامه.
له هه‌موو عیساییانی کوردستان، ئه‌گه‌ر سێوه و باکووری و فره‌نسۆ هه‌ریرییه‌کی
تێدا بووبێت، کورد به زۆری داده‌نێت!
پاییزی 1998، له فرۆشگه‌یه‌کی گچکه‌ی دۆستێکدا، له شاری ستۆکهۆڵم، حه‌فته‌ی
چه‌ند سه‌عاتێک کارم ده‌کرد. نیوه‌ڕۆیه‌کی بۆ فراڤین خواردن، چوومه
پیتزاخانه‌یه‌کی نزیک فرۆشگه‌که. خاوه‌نه‌که‌ی پیاوێکی سریانی یا
ئاشووری لوبنان یا سووریا و ئه‌و ناوه بوو. پیاوێکی دیکه‌ی ناسیاو و
هاووڵات یا هاوشاریشی له‌وێ بوو. که زانییان کوردم و خه‌ڵکی باشووری
کوردستانم، که‌وتنه پرسیار کردن لێم. گوتیان: ئێوه، واته: کوردی
کوردستانی عیراق، ئێستا حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌ڤه‌ری ئازادی
خۆتان هه‌یه، ئیدی چیتان ده‌وێ! ئه‌دی ئێوه چی و چی بۆ ئێمه ده‌که‌ن؟
گوتم: "من نه حوکوومه‌تم و نه ده‌سه‌ڵاتدارم و نه نوێنه‌ری کوردیشم،
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست من بێت و ئه‌گه‌ر مه‌رجه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک
ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی خۆی ساز بکات،
ئیدی عه‌ره‌ب، فارس، تورک، کورد، به‌لووچ، په‌شتۆ، سریان ، کلدان،
ئاشووری، ئه‌رمه‌ن و...هه‌ریه‌که‌و ده‌وڵه‌تی ئازادی خۆی هه‌بێت، دواتر
هه‌موو ئه‌وانه له ژێر چه‌تری یه‌ک ده‌وڵه‌تی کۆنفیدرالیی مه‌زندا،
که ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بگرێته‌وه خڕ ده‌که‌مه‌وه، ده‌نا من بۆ
خۆم ڕێزه‌یه‌ک بڕوام به ده‌وڵه‌ت نییه و ئاواتیشم ئه‌وه‌یه ڕۆژیک له
ڕۆژان جیهانیکی بێ ده‌وڵه‌ت دروست بێت و چ سنوورێک نه‌مێنیت و خه‌ڵک بێ
کێشه و به ئاسانی بتوانن له‌مسه‌ری دنیاوه بۆ ئه‌وسه‌ری دنیا به‌بێ
پاسپۆرت و پسووله و بازگه، هاتوچۆ بکه‌ن و نه پۆلیسێک هه‌بێت و نه
ده‌سه‌ڵاتدارێک فشه‌یان به‌سه‌ردا بکات".
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک شێوه و نموونه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی و قه‌واره،
له ئه‌وروپاوه ده‌ستیپێکرد و ئه‌وروپاییان دایانهێنا و بۆ خۆیان له‌سه‌ر
ئه‌و بنه‌مایه ئه‌وروپایان به‌سه‌ر وڵاتگه‌لێکی نه‌ته‌وه‌ییدا دابه‌ش
کرد، ئینگلستان(وڵاتی ئینگلیز)، فرانسا(وڵاتی فرانسییان)، ئه‌ڵمانیا(وڵاتی
ئه‌ڵمانییان)، فینلاند(وڵاتی فینان)، دانمارک(وڵاتی دانه‌کان)،
سپانیا(وڵاتی سپانییه‌کان)، سوێد(وڵاتی سوێدییه‌کان)، یۆنان(وڵاتی
یۆنانه‌کان)، ئه‌لبانیا(وڵاتی ئه‌لبانه‌کان)، بوڵگاریا(وڵاتی بوڵگاره‌کان)،
...ته‌نانه‌ت چیک، سلۆڤاک، سه‌رب، کروات، لیتوان، ئۆکراینا، تاجیک،
ئۆزبه‌ک، کازاخ و ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی دیکه، له ئه‌نجامی ڕووخانی یه‌کیه‌تیی
سۆڤیێت و یۆگۆسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیادا، هه‌ریه‌که‌و وڵاتێکی بۆ خۆی
چێکرد و ئاڵایه‌کی قوتکرده‌وه و ناوی ده‌وڵه‌تی له‌خۆ نا. ئه‌وروپاییان
له ئه‌نجامی نه‌گونجان و چاوچنۆکی و پێکه‌وه هه‌ڵنه‌کردن و نه‌توانینی
پێکه‌وه ژیان، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان داهێنا و ماڵجیاییان ده‌ستپێکرد
و هه‌موو جیهانیشیان تووشی ئه‌و ده‌رده کرد. په‌یدابوونی ده‌وڵه‌تی
جووله‌که‌ی ئیسرائیلیش هه‌ر به‌شێک بوو له ته‌نگه‌جیقڵدانیی ئه‌وروپاییان
و نه‌خشه‌یه‌ک بوو بۆ دوورخستنه‌وه‌ی جووله‌که له ئه‌وروپا و
چاندنیان له‌سه‌ر خاکی فلستین و نێوه‌ندی جیهانی ئیسلامدا، به ناوی ده‌وڵه‌تی
ئیسرائیله‌وه. ئه‌و ده‌رده کوشنده‌یه‌ی که هه‌ر نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌تی
خۆی هه‌بێت، مرۆڤ ده‌خاته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه و هزری ئه‌وه‌ی، که ئه‌گه‌ر
ده‌وڵه‌ت خراپه ئه‌دی بۆ ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وانه هه‌یانه و ده‌ستبه‌رداری
نابن و ئه‌گه‌ر چاکیشه ئه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ئێمه‌ش، واته کورد، نه‌یبێ!
نموونه‌ی ده‌وڵه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتدا، هه‌رگیز ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه،
ئیمپراتۆریا بووه و هه‌میشه جێگه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی تێدا بووه‌ته‌وه،
ئیدی له‌سه‌ر بنگه و بناخه‌ی ئایینی، ئایینزایی یا هه‌ر جۆرێکی دیکه
دامه‌زرابێت. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عه‌ره‌بی ڕاشدین، ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی،
ده‌وڵه‌تی عه‌بباسی، ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئیمپراتۆریای ئێران و...نموونه‌گه‌لێکی
ده‌وڵه‌تی نانه‌ته‌وه‌یین. له سه‌رده‌می نوێشدا ده‌وڵه‌تی سۆڤیێت،
نموونه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی نانه‌ته‌وه‌یی بوو. ده‌وڵه‌تی عوسمانی له لایه‌ن
ئه‌وروپاوه و ده‌وڵه‌تی سۆڤیێت له لایه‌ن ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و
رۆژاواوه ڕووخێنران و ده‌یان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی شوێنی ئه‌وانه‌یان
گرته‌وه.
پرسی دابڕان له لای کورد، مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره ده‌بات بپرسێت:
ئایا بێ ده‌وڵه‌تیی، کوردی تووشی دابڕان کردووه یا ئه‌گه‌ر کورد بووبه
خودانی ده‌وڵه‌تی خۆی ئیدی دانابڕێت و ده‌که‌وێته سه‌ر ڕاسته‌ڕێ و
دێته‌وه ناو مێژووی خۆی؟
مامۆستا هه‌ژار(هه‌ژاری موکریانی) بۆ جاری دووه‌م له به‌غدا مامۆستا
گۆرانی شاعیر ده‌بینی و گۆران مامۆستا موحه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریمی له‌گه‌ڵ
ده‌بێ و ئه‌و کاته گۆران تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووه و بۆ چاره‌سه‌ر
بۆ مۆسکۆ ده‌ڕوات، هه‌ژار ده‌ڵێ:"عه‌رزم کرد: ئێمه تا کورد - به‌گشتی
– وه‌قه‌در نه‌که‌وێ، ناتوانین گوڵ بکه‌ین. جووله‌که‌م به میسال
هێناوه که قه‌دری سه‌گیان نه‌بوو، بوونه ده‌وڵه‌ت، پاپی کاثۆلیکانیش
موخلیسییانه و له‌عنه‌ت نامه‌ی نوێژیان بۆ ده‌رداوێژێ" .
مامۆستا مه‌سعوود موحه‌ممه‌د ده‌ڵێ:"گه‌لی بێ حکومه‌ت هه‌تیوێکی بێ ده‌مه‌ته‌قه‌یه...میلله‌تێك
کیانی سیاسی نه‌بێت جارێ له پزدانی مێژوو به مه‌لۆتکه به‌رنه‌بۆته‌وه،
به‌وه‌له‌د نه‌هاتووه، مێژوو به‌ده‌ره...ئه‌م بێ بابی و بێ دایکییه
و بێ خاوه‌نییه شه‌پڕه‌ی له وجودی کورد داوه" . ئه‌گه‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی کوردی، نه‌ته‌وه‌ی کوردی هێشتا له پزدانی مێژوو به‌رنه‌دابێته‌وه
و نه‌زابێ و کورد میژوو به‌ده‌ر بێت، وه‌ک مامۆستا مه‌سعوود موحه‌ممه‌د
بۆی ده‌چێت، که‌واته بوونی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردی، کورد له
پزدانی مێژوو ده‌داته ده‌ر و له‌دایک ده‌بێ و مێژووبه‌ده‌ر نابێ و
دێته ناو مێژووه‌وه. به‌ڵام خۆ تورک به نزیکبوونه‌وه له بیری نه‌ته‌وه‌یی،
له ئیسلام دابڕان و دابڕان له ئیسلام و فه‌رهه‌نگی ئیسلام و عه‌ره‌ب،
بناخه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی تورکی بوو و تۆرانیزمی هێنایه ئاراوه. عه‌ره‌بیش
ئیسلامی وه‌ک به‌رده‌باز به‌کاربرد بۆ بیری نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. فارسیش هه‌ر له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییانه‌وه به
گرتنه‌به‌ری ئایینزای شیعه وه‌ک ڕێباز و نه‌خشه و سیاسه‌ت و هزری ده‌وڵه‌ت،
ئیسلامی خسته خزمه‌ت فارسایه‌تییه‌وه. تورک، بوونه خودان ده‌وڵه‌ت،
لێ له مێژوو ده‌رکه‌وتن و له فه‌رهه‌نگ دابڕان و له بازنه سروشتییه‌که‌ی
خۆیان چوونه ده‌رێ و خۆیان بزر کردووه، هه‌رچی عه‌ره‌ب و فارسه‌که‌یه
له‌نێو بازنه‌که‌دا ماونه‌وه و له مێژوو ده‌رنه‌که‌وتوون و بزر نه‌بوون.
که‌وابوو باسکردن له دابڕانی کورد له مێژوو و فه‌رهه‌نگ و جیۆگرافیای
خۆی وه‌ک قه‌یران و کێشه‌یه‌ک و گه‌ڕان وه‌دووی سه‌ره‌داوێکدا بۆ چاره‌سه‌رکردن
و ده‌ر‌بازبوون لێی، مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره ده‌بات، بگاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی،
که کورد به هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌وه، نه‌یتوانیوه
خاوه‌نی خۆی بێت، ئه‌وه‌ش کارێکی وای کردووه، که نه‌توانێت ئازادانه
مێژوو و فه‌رهه‌نگ و جیوگرافیای خۆی دیاریکات و هه‌موو به‌شه‌کانیان
پێکه‌وه گرێدات و ده‌و‌روبه‌ری خۆی بخوێنێته‌وه و پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ
هاوسێ و هاوماڵه‌کانیدا هاوتا ببینێت و دواتریش که‌سیه‌تی سه‌ربه‌خۆی
خۆی بدۆزیته‌وه و دروست بکات. که ئازادانه ئه‌وانه‌ی پێ کرا، ئه‌وده‌می
دابڕانه‌که ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌شمێنیت، که‌م و کاڵ و ته‌نک ده‌بێته‌وه.
_____________________________
[1]هه‌ژار،
چێشتی مجێو‌ر، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی میهره‌گان، چاپی
دووه‌م 2007، ل 216، 243، 254.
[2]
العظم، صادق جلال، حوار بلا ضفاف، اجرﯼ
الحوارصقر ابو فخر، الموًسسة
العربیة للدراسات والنشر- بیروت، الطبعة الاوﻠﻰ 1998، ص 31.
[3]العلوي،
حسن، عمر والتشیع ثنائیة القطیعة والمشارکة، دارالزوراء، لندن، الطبحة
الاولی 2007،
ص 292.
[4]عزالدین،
د. یوسف، الرصافي یروي سیرة حیاته، دارالمدی للثقافة والنشر، الطبعة
الثانیة 2008، ص 16 – 17.
[5]
مه‌حمه‌د(موحه‌ممه‌د)
زیا گوێکئالپ(Mehmed
Ziya Gökalp،
23/3/1876- 25/10/1924)،
له‌دایکبووی دیاربه‌کره و له ئیسته‌نبوول کۆچی‌دوایی کردووه. شاعیر و
نووسه‌ر و کۆمه‌ڵناس بوو. دژی عوسمانیزم و ئیسلامیزم بوو و
دامه‌زرێنه‌ری بیری نه‌ته‌وه‌یی تورکی و تۆرانیزم و که‌مالیزم و
پانتورکیزم بوو و له‌گه‌ڵ تورکاندنی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی نێو
ئیمپراتۆریای عوسمانی‌دا بوو. گوێکئالپ، نووسه‌ری چه‌ندین کتێب و
نووسینه. یه‌کێک له گوته به‌ناوبانگه‌کانی له‌باره‌ی کورده‌وه
ئه‌وه‌یه، که ده‌ڵێ:"شتێکی وا به ناوی گه‌لی کورد نییه".
بیروباوه‌ڕی گوێکئالپ،
سروشبه‌خشی موسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک و پێڕه‌وانی وی بوو.
[6]
نورالدین، محمد، ترکیا في الزمن المتحول، قلق الهویة وصراع الخیارات،
ریاض الریس للکتب والنشر لندن- بیروت، الطبعة الأولی، کانون الثاني
1997، ص 97.
[7]سه‌رچاوه‌ی
پێشوو.
[2]سه‌رچاوه‌ی
پێشوو.
[9]عزالدین..،
الرصافي..، ص 18.
[10]شریعتي،
الدکتورعلي، العودة اﻠﻰ الذات، ترجمة د. ابراهیم الدسوقي شتا، الزهراﺀ
للاعلام العربي، الطبعة الاوﻟﻰ 1986، القاهرة،ص181.
[11]سعید،
ادوارد، نهایة عملیة السلام اوسلو وما بعدها، دارالاداب- بیروت،
الطبعة الاوﻟﻰ 2002، ص 361
[12]
العروي، عبدالله، العرب والفکر التأریخي، الطبعة الثانیة،
المرکزالثقافي العربي، الدارالبیضاء- المغرب، ص 92- 93. ساڵی
بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه نادیاره.
[13]
نورالدین،
محمد، ترکیا في الزمن المتحول، قلق الهویة وصراع الخیارات، ریاض الریس
للکتب والنشر لندن- بیروت، الطبعة الأولی، کانون الثاني 1997، ص 30.
مووسا عه‌نته‌ر، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و سیاسه‌تکار بووه. له ساڵی
1918، له گوندی ئیستلیلێی نزیك نوسه‌یبین له باکووری کوردستان،
له‌دایكبووه. له نێوان ساڵانی 1918 - 1992 ژیاوه. له پێناوی
به‌رگریکردن له پرسی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌که‌ی، دووچاری چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی
زۆر بووه و به‌شێکی ته‌مه‌نی له زیندانه‌کانی
تورکیادا به‌سه‌ر بردووه.
سه‌رله ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه 20/9/1992 له گه‌ڕه‌كی
سه‌یرانته‌په له شاری دیاربه‌كر درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و
رۆژی دواتر شه‌هید بوو. مووسا عه‌نته‌ر سه‌رپه‌رشتی ده‌ركردنی ده‌یان
گۆڤار و رۆژنامه‌ی كوردیی كردووه و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی به‌نرخه
ده‌رباره‌ی مێژوو و ئه‌ده‌ب‌و فۆلكلۆری كوردی.
[14]سه‌رچاوه‌ی
پێشوو، ل 29.
[15]سه‌رچاوه‌ی
پێشوو، ل 63- 64.
[16]العلوي،
هادي، کتاب التاو، دارالمدی للثقافة والنشر، الطبعة الثانیة 2007، ص7
.
[17]سعید،
ادوارد، خارج المکان(مذکرات)، ترجمة فواز طرابلسي، دارالآداب، الطبعة
الأولی، بیروت 2000، ص 10.
[18]هه‌ژار،
چێشتی مجێو‌ر، ناوه‌ندی چاپ و
بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی میهره‌گان، چاپی دووه‌م 2007، ل
257.
[19]له
نامه‌یه‌کی مه‌سعوود موحه‌ممه‌ده‌وه بۆ ئاسۆس شه‌فیق، بنۆڕه: نامه:
له
مامۆستاوه بۆ وریا ماملێسی و ئاسۆس شه‌فیق 1994 – 1998، ماڵپه‌ڕی:
.
www.mamosta.net
فێبریوه‌ری
2010
|