په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١\٢٠١٣

دادگەی خێڵ!

کازم قادر        


پرسیارێک کە هەمیشە سەری من دەخوات و دەیکەم،یان با بڵێم لە خۆمی دەکەم و لێرەشدا ڕووبەڕووی کۆمەڵی دەکەمەوە ئەوەیە:ئایە مرۆڤی کوردزمان بنەماڵەی بارزانیی و پارتی ناسییوە؟یانیش دەتوانین ئەو خێڵە ترسناکە بناسیین و میکانیزمی ئەو ناسیینە چییە؟بەچیی،لەکوێوە دەتوانین تێبگەین و بزانین کە مرۆڤی کورد وەک بەرخ لەبەردەم چەقۆی ئەو خێڵەدا بەرقەرارەو هەرکاتێک بخوازن لە بۆنەێکی کێوییانەی خێڵایەتییدا سەریان دەبڕن!


کێشەی(کوردبوون)و ستەمێکی سیاسیی و ڕەگەزیی و مێژوویی کە بەسەر مرۆڤی کورددا سەپێنراوە،ئیتر ئەم سەردەمە،تەنها پەیوەندیی بە‌هێزو دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستانەوە نییە،تەنها ئیسلامییە ئەتاتورکیی و ئاخوندە ڕیش خوێناوییەکانی ئێران و بەعسییە ژەهر ڕێژەکان نین،بەڵکو لەهەموو ئەو هێزە تاریکانە تاریکترو ترسناکتر،ئەوە کە کێشەو مرۆڤی کوردی لەلاێک لەدەرەوەی مێژوودا ڕاگرتووەو لاێکیش لەبەردەم چەقۆو دادگەی خێڵەکەیدا ڕاگرتووە،پارتی و بنەماڵەی بارزانییە.

 

کێشیەی کوردبوون لەسەر دەستی بارزانییەکان،کێشەێک نییە لەناو مێژوودا،بکر نییە،بەڵکو بابەتێکی کارلەسەرکراوە. بەواتاێکیتر، کێشەی کوردبوون بەهٶی باڵادەستیی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی پارتی و بەهۆی بە مەقاشبوونی بنەماڵەی بارزانیی بۆ هێزە داگیرکارەکانی کوردستان،لە یارییچەێک زیاتر نییە بەدەست هێزە داگیرکارو ئەکتیڤەکانی ناو مێژووەوە.کێشەی میلیی کورد ئەگەرچی لەهیچ سەردەمێکدا وەک هێزێکی کاریگەرو لەسەر ڕەگ و ڕیشاڵ وەستاو لەناو مێژوودا نەبووە،بەڵام هیچ کاتێکیش وەک ئەمڕٶ لەدەرەوەی مێژوو پاسیڤ و گوێ لە مشت لەناو مێژوودا نەبووە.ئەوە کە پارتی حکومەتی هەیە،هێزی سەربازیی و گۆپاڵ بەدەست و شەق وەشێنی تۆقێنەری هەیە،دادگەو دادوەری بێسەرو گوێ و کەڕوکوێری هەیە،ئەوە کە مەسعود و کوڕو برازاکانی وەک کۆیلە لە دامێنی ئاغاکانیاندا کڕنوش دەبەن،بازرگان و قاچاخچیی نەوت و سامانی کۆمەڵگەن،هیچ لەو پاسیڤ بوون و لەدەرەوەی مێژوو بوونە ناگۆڕێت.هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە مرۆڤی کوردزمان هەم ژیانیان و سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتییان لەبەردەم دەسەڵات و دادگەی ئەو خێڵەدا،لەبەردەم مەرگ و تاڵانکردندایەو هەم وەک کۆێک کاڵاێکی بێنرخی سات و سەودای خێڵی بارزانییەکانە لە بازاڕی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانییدا.


مرۆڤ چ وەک تاک و چ وەک ڕێکخراو و کۆێکی کۆمەڵایەتیی،لە ململانێ لە گەڵ هێزە واقیعییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو مێژوودا،ئەگەر بە مانیڤێستی سەرتاپاگیری کۆمەڵایەتییانەی خۆیەوە نەیتوانی بچێتە جەنگی ئەوانیترەوەو سەرسەختانە بەدوای سەلماندنی بوونی خۆیەوە نەبوو،ئەگەر ئاڵای جەنگی بوون و سەربەخۆیی و ئازادیی خۆی هەڵنەکرد،ئەوا هەرچی و هەر هاوارو ک بکات ،هەر نماییش و هەر ماکیاژێکی ساختەکارانە بکات،ناتوانێت بیسلمێنێت کە بابەت و بکەرێکی ئەکتیڤی ناو مێژووە. لەناومێژوودابوون، واتە چالاکیی و ڕۆڵگێڕان،سەربەخۆبوون و هەڵبژاردنی تەنانەت ئازادانەی مەرگ لەو پێناوەدا،ئەوە کە هاوار بکەی من ئەوەم دەوێت و ئەویتر نا.بەڵام کێشەی کوردبوون لەسەر دەستی خێڵی بارزان،نەک ئەو هاوارو مانیڤێستی بوونەی نییە بەڵکو لەسەر دەستی ئەو بنەماڵەیە خەسێنراوەو هەر بەوجۆرەش کەوتۆتە دەرەوەی مێژووەوە.بەکورتی ئەگەر خەسڵەتەکانی لەناو مێژوودا بوون، چالاکیی مرۆیی و ئازادیی و تێکۆشان و کارو ڕۆڵی سەربەخۆیانە بێت،واتە ئەوە کە خۆت بتەوێت چۆن ڕۆڵ دەگێریت و چ ڕۆڵێک دەگێڕیت،ئەوا بێگومان کێشەی کوردبوون هەم کێشەێکە لەدەرەوەی مێژوو و هەمیش کۆیلەێکە بە تەوق و زنجیرەکانێوە.


بابەتی دەوڵەتداریی کوردستانیش کە زۆرجار چ لەلاێن بارزانییەکانەوەو چش دەرەوەی ئەوان باسی لێوەدەکرێت،من وەک تراژییدیاو گەمژەیی کایەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەیبینم نەک ویستێکی بەهێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی.پرۆژەی دەوڵەت دروستکردن(لێرەدا لەوەدەگەڕێین کە دەوڵەت_هەر دەوڵتێک_ئامرازێکی چینایەتیی و ڕێکخەرو پارێزەری چینێکی کۆمەڵایەتییە،هەروەها باز بەسەر ئەوەشدا دەدەین کە دەکرێت دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و هارودڕندەش دروست بکرێت)واتە بەچاوپۆشیین لەوە کە دەوڵەت چ ئامانج و خەسڵەتێکی چینایەتیی هەیە،لاێنی کەم پرۆژەی دەوڵەت دروست کردن،پێش هەر شتێک،واتە تەنانەت بەرلەوەی پرۆژەی دامەزراندنی ئابوریی و ژێرخانێکی بەهێزو پشتیوانیی دەرەکییش بێت،بابەتێکی ویژدانیی و مەعنەویی کۆمەڵایەتییە،کۆدەنگیی و هاوسۆزییەکی هەمەلاێنەی کۆمەڵایەتییە لەدەوری ئەو ئاسۆو ئامانجە سیاسیی و ئابورییە کە دەوڵەتداریی خەونی پێوە دبینێت،سڕینەوەی ئینتیما ناوچەیی و شارچێتیی و خێڵەکییەکانە.خەونی دەوڵەتداریی حیکایەت و ژاوەژاوی ناو دوێخان و ژێر دەواریی خێڵان نییە،وەک ئەوەی کە سەرۆک خێڵی بارزانییەکان نازونوزی پێوە دەکات.پارتی و بنەماڵەی بارزانیی پەتاو ژەهری لەتلەتبوون و چاندنی ڕق و قینی ڕەگەزیی و ناوچەیی و شێوەزاری بادینی و سۆرانیین،نەک پردی پێکەوەبەستن و هاوسۆزیی و هاوخەمیی.پێویستە خەڵکی کوردستان پێش ئەوەی بیر لە بابەتی دەوڵەتداریی لە سایەی خێڵدا بکاتەوە،دەبێت کێشەی خۆیان لەگەڵ خودی ئەو خێڵەدا یەکلایی بکەنەوە.


پارتی و بنەماڵەی بارزانی،تراژییدیای خەڵکی کوردستانن،تراژییدیا وەک وشەێک نا کە دەکرێت هەموو کەسێک فڕێی بدات،بەڵکو وەک بەڵاو نەخشەی مەرگێکی مادیی و دەست لێدراو،مەرگێک لێرەو لەناو مێژووماندایە.مەرگێک بەیانییەک لەخەو هەڵدەستین و وەک سەردەشت عوسمان باندێکی بنەماڵە دەمانڕفێنێت،دەممان پڕ لە گولە دەکات،دواییش کلک و گوێی دادگەو دادوەرانی خێڵەکەی ڕادەکێشێت و دەڵێت:ئەوە نەخشەو پرۆسەو ئەنجامی دادبازییەکە.


تێرۆرو دادگەیی دۆسیەی سەردەشت عوسمان کە ئەم ڕۆژانە جارێکیتر دادگەی بنەماڵە هێنایانە گۆڕێ،لەناو ئەو فەزا ڕەش و ترسناک و مەنتالێتێت خێڵەکییەدا ڕوویداوەو بەڕێوە دەچێت.کردنی سەردەشت بە تێرۆریست لەلاێن بنەماڵەی بارزانییەوە بابەتێکی چاوەڕوان نەکراو نییەو نەبوو.تیرۆری سەردەشت دڵۆپێک ژانی سەختی ناو جەنگەڵەو پرۆسەی دادگەبازییەکەشی،ئەو سوکایەتیی و لۆژیکی تۆڵەسەندنەوەیەیە کە مۆراڵ و مەنتالیتێتی هیچ خێڵێک ناتوانێت لێیدەرباز بێت.بنەماڵەی بارزانیی ئەگەر کۆی ئەو سامانەی بە دزیی و تاڵانیی کۆیان کردۆتەوە ببەخشن،ناتوانن ڕۆخساری ئازادیی و خوێناویی سەردەشت ناشیرین بکەن.سەردەشت دەژێ و ئێوەش لە دوا پرۆسەی پێچانەوەی دەوارەکانتاندان.


٩\١\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک