په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠٢٠

دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لێلوون" لە رۆژئاوای کوردستان دیارکران.

 

مەنسوور جیهانی


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لێلوون" لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستنیشانکران.

لە لایەن بەرپرسانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لێلوون" لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە دەستنیشانکران، کە بریتین لە: "عەلی ئەحمەد بەدرخان". سەرۆکی لێژنەی دادوەران، دەرھێنەری کورد و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی میسر، "توورەج ئەسڵانی". دەرھێنەر، سیناریۆنووس و بەڕێوەبەریی وێنەگرتن لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، "بەڕۆژ ئاکرەیی". نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ، فۆتۆگرافەر و ئەکتەر لە ھەرێمی کوردستان، "حوسێن حەسەن". دەرھێنەر و ئەکتەر لە ھەرێمی کوردستان، "بەندێتا ئاڕجێنتیری". دەرھێنەری بەڵگەفیلم و ڕخنەگری سینەمایی لە وڵاتی ئیتالیا، "ئاپۆ و. بازیدی". دەرھێنەر و سیناریۆنووسی باکووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەمەریکا و ھەروەھا خاتوو "ئێریک گۆنزالێس فلۆرێس". توێژەر و لێکۆڵەریی سینەمایی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی مەکزیک.

لەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لێلوون" ٥٨ فیلم لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕووداوە ھونەرییە، وەکوو ھێمای ٥٨ ڕۆژ خۆاڕگریی قارەمانانەی خەڵکی عەفرین لە بەرانبەر ھێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە شێوەی گشتی نمایش دەکرێن.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لێلوون" بە یارمەتی "کۆمۆنی سینەمایی ئاڤرین" کە ڕێکخراوەیەکی ھونەریی سەر بە ھونەرمەندانی عەفرینە، ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیھانی ئاشتی بەڕێوەدەچێت و مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە ھونەرییە، "ئاڵووگۆڕیی فەرھەنگی و داکۆکیکردن لە بایخە ھونەرییەکانە لە ھەر ساتێک و کاتێک و باروودۆخێکدا". ھەوڵی لەو چەشنە لە کاتی ئاوارەیی و لە ژێر مەترسی بەردەوامی شەڕ، ھێمایەکە لە پێگەی بڵندی ئامانجە ھونەرییەکان کە ھونەرمەندە تێکۆشەرەکان ھەیانە.

یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لێلوون" بە دروشمی "تەنیا بە گوڵێک نابێتە گوڵستان" و بە بەشداریی ٥٨ بەرھەم لە دەرھێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئیتالیا، ئەمەریکا، پۆڵەندا، دانیماڕک، ئێران، ئوستوڕاڵیا، عێراق، ھەنگاریا، ئیسپانیا، میسر، ئەفغانستان، شیلی، سووریا، ماڵت، لوبنان، ھیندستان، یونان، تورکیا، ئەردەن، ئازەربایجان، تونس، مەغریب، ھۆنگ کۆنگ، ئیرلەندا، ڤینزۆئێلا و ھەرێمی کوردستان لە سێ بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیند و نیوە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان" و ھەروەھا بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠ لە ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٠ ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیھانی ئاشتی لە کەمپی ئاوارەکانی عەفرینی داگیرکراو ھەڵکەوتوو لە ناوچەی شەھبا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی پتر:

http://lelun.net/festival-jury

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک